دواین هەواڵ

چاوێک لەسەر ئەوەی کە بەسەر ( چاودێر)دا هات!

‌شیروان تاڵیب

پێش 2 هەفتە

بەدیوە باوەکەدا، ئەوەی یەکێتی لەگەڵ مەلابەختیاردا کردی، تەواوە! دەی لەم هەرێمەدا، بۆ کێشەی خاوەندارێتیی ماڵ و موڵک، ئەوەندەی پەنا بۆ قووەتی چەک ئەبردێ، کوا کێ ڕوو لە قەزا و قانوون ئەکا، مەگەر یەکێک لاحول ولا قوە بێ، ئێ ئەوەی بەسەر مەلابەختیاریدا دا، هیچیان نیە و ئەسڵەن بەڕادەیەک هەردووکیانی هەیە، لێی زیادە!

بەدیوە حیزبییەکەیدا، دیسان هەر تەواوە، ئا یەکێکم نیشان بدەن لە ناو حیزبەوە و بە ماڵ و پارەی حیزبەوە، بەهەر چوارلادا تەققە لە حیزبەکەی خۆی بکا و حیزبیش لێی بێدەنگ بێ؟ ئەکید بێ دەنگ نابێ!

بۆی هەیە حیزب هەبێ، تەحەموولی ڕای جیاواز لە ئەندامی خۆی بکا، فیکری جیاوازی لێ قبووڵ بکا، ئێهـ جاروبار، چاو لە ئەدائی جیاوازیشی بپۆشێ، بەڵام هیچ حیزبێک، چەند خوار بڕوا و چەند خێچیش بێ، دواجار ڕێ بە هیچ ئەندامێکی خۆی نادا، لە سەنگەری جیاجیاوە سەنگەری لێ بگرێ، شتی وا لە کاری حیزبایەتیی کوردیدا نیە و ئەسڵەن حیزب هەیە ( پەک ە کە بەنموونە)، شتی وای تێدا بکرێ، کوشتن و تەسفییەی بەدوادا دێ!
ئەمێنێتەوە دیوە ئەخلاقییەکەی،،

ئەشهەدو لەمەیاندا، ئەوەی یەکێتیی ( نوێ) بەرامبەر بە تێکۆشەرێکی خۆی کردی، بەڕادەیەک عەیبە بوو، مەگەر هەر یەکێتییە ( کۆن)ەکە لە هەشتاکاندا، بەرامبەر بە تێکۆشەرەکانی خۆی و هی کوردیشی کردبێ!

ئەزانم حەماس هەندێکی جووڵاندووە و حیزبایەتیش بەشی خۆی، دەستی لە کەیسەکە خستووە، بەڵام لە هەرێمێکدا کە لە هێزی مەنتیق خاڵییە و لە مەنتیقی هێزدا غەرق بووە، ئیشی وا، نەک عەجیب و غەریب نیە، بگرە چەندبارەبوونەوەیشی لە هەر جێیەک، هەر زۆر تەبیعییە!

ئەشزانم ئەوەی کراوە، خنکاندنی ئازادی ە، بەڵام لە هەرێمێکدا کە لەجێی موئەسەساتی دەوڵەتی، مەقەڕات قەرار بدەن، ئیتر (ئازادی) لە باشترین حاڵەتدا، جگە لە ناوی گەڕەک، هیچی تر نیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP