دواین هەواڵ

ماف و ئازادییەکانی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ

‌هاورێ ئەحمەد

28/03/2021

خەسڵەتی مافەکانی مرۆڤ وەهایە کە کۆمەڵە نۆرم و بنەما و بەهایەکن، هەموویان تێکەڵی یەک و پەیوەست پێکەوە و شیاوی دابەشکردن نین و پێکەوە مانادارن. مافەکانی مرۆڤ بەبێ هیچ جیاوازییەکی ڕەچەڵەکی، دینی، نەژادی، ڕەگەزی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ هەموو مرۆڤیکە، بەشێکیان تەنانەت لە پێش لە دایکبوونەوە و لە منداڵدانی دایکەوە درووست دەبێت و بەشێکیشیان هەتا دوای مردنیش درێژ دەبێتەوە.“هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک دەبێت و یەکسانن لە شکۆ و مافدا” ئەمە رستەی یەکەمی ماددەی یەکەمی جارنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە، سەرجەمی جارنامە و پەیماننامەکانی تر جەختکردنەوەیە لەم رستەیە و وردکردنەوە و گونجاندنیەتی بۆ ژیانی رۆژانە،

مێژووی دوو هەزار ساڵی مرۆڤایەتی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە مرۆڤەکان ئازاد نەبوون و یەکسانیش نەبوون لە شکۆ و مافدا، هەر ئەوەشە هۆکاری دەرچواندنی ئەو رستەیە. جیاوازییە فەرهەنگی و بەدەنی و سەرجەمی جیاوازییەکانی تر بەشێکە لە سرووشتی ئینسان، هەر بۆیە هەوڵی بە یەکسانکردنی “ماف” و “شکۆ”ی ئینسان داینامیکی و مانایەک دەدات بە بوون، سەرەرای جیاوازییەکان وەلێ هەمووان یەکسانن، یەکسان لە چی؟ لە کۆمەڵێک ماف و ئازادی. بەرانبەر کێ؟ هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانەی کە هەڕەشەن بۆ ئازادی و مافەکانمان.مافەکانمان بە پێی پێدراوە کارەکتەرییەکان و شوناسە ڕەگەزییەکان و سرووشتی بوونیادی و ڕەوشە کۆمەڵایەتییەکانمان دەگۆرێت، وەلێ هەموویان لە پێناو بەرگریکردنی مرۆڤە لە هەڵاوێردن و توندووتیژی و بێبەشکردن.

ئیلینا ڕۆزڤێلد هاوسەری فرانکلین ڕۆزفێلدی سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵانی کۆتایی چلەکان و دوای دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک یەکەم سەرۆکی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکی سەرپەشتیکردنی نووسینەوەی جارنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی پێدەسپێدرێت، لە وتارێکیدا دەڵێت "ئێمە دوای سێ ساڵ گفتووگۆ لە پێناو نووسینەوەی ئەم جاڕنامەیدا، شتێکی نوێمان بۆ مرۆڤایەتی زیاد نەکرد، جگە لە جەختکردنەوە لەو بەهایانەی کە مرۆڤ خۆی هەر خاوەنییەتی". مافەکانی مرۆڤ شتێکی نوێ نییە، هەموو شارستانییەتییەکان و ئاینە زەمینی و ئاسمانییەکان بەشێک لە مافەکانی مرۆڤی تێدایە. لەگەڵ ڕەوتی کاتیشدا کۆمەڵێک ماف و ئازادی تر وەک شتگەلی نوێ دەرکەوتن، وەلێ ئەوانیش وەچە نوێییەکانی باوانەکەن، باوانێک کە مرۆڤ و شایستەییەکانییەتی.خوودی مافەکانی مرۆڤ و وەرگێرانی بۆ سەر ژیانی ڕۆژانە و ڕێگاکانی فەراهەمکردنی، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بەشێکە لە ئەرکەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاخر ئەو ڕێکخراوە خۆی لە دایکبووی دەرئەنجامەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و جەنگی سامناک و جەورووستەمی دەوڵەت دژی مرۆڤە.

لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم و قوربانیبوونی سەدان ملیۆن مرۆڤ، مرۆڤایەتی بە دوای رێگاچارەیەکدا دەگەڕا لە پێناو دووبارەنەبوونەوەی ئەو ماڵوێرانی و مرۆڤوێرانییەی کە چەشتبووی. دەوڵەت وەک دێوەزمەیەکی نوێ و دەزگاکانی حکومڕانی و حکومسەپاندن وەک تارماییەکی هەمیشەیی، هەمووانی نارچارکرد بیرێک لە داهاتووی مرۆڤ بکەنەوە.وردکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ بۆ چەندین پەیماننامە و جاڕنامە، چەندین پێشنیار و ڕێبەری، روونکردنەوە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و فەراهەمکردن، ئەم وتارە ئەرکی نییە لەسەر هەموویان بوەستێ، لە راستیشدا کاری نەکردەیە یەک کەس بتوانێ لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی مافەکانی مرۆڤ بە شارەزایی تەواوە بدوێ. ئەوەی ئەم وتارە مەبەستییەتی ماف و ئازادییەکانی ئەوانەی کە بەرگریکار و مەشخەڵهەگری مافەکانی مرۆڤن شەنوکەو بکات و بە خوێنەر و مافدۆستانی کوردی ئاشنا بکات. ئەوان چ وەک مرۆڤ خاوەنی سەرجەم مافەکانن و چ وەک بەرگریکارێک خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی ترن.

بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ هەمیشە ئامانجی دەسگاگەلە سەرکووتکەرەکانن، ئەمەش وایکردووە نەتەوەیەکگرتووەکان بە گرنگییەوە لێیانبڕوانێت و جارنامەیەکی تایبەتیان بۆ دەربکات. جارنامەکە لە ساڵی ١٩٩٩ لەژێر ناوی "جارنامەی ماف و بەرپرسیارییەتییەکانی ئەو کەس و گرووپانەی کۆمەڵگە کە کار بۆ بەرەوپێشبردن و چەسپاندنی بنەما گەردوونییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان دەکەن" لە لایەن ئەنجوومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەرکرا، جارنامەکە ناسراوە بە جارنامەی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ (Declaration on Human Rights Defenders). دواتر ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاردەری تایبەتمەند (Special Rapporteur)ی بۆ درووستکرد و ئێستا وەک بەشێک لە ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەشێک لە ئۆفیسی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کارەکانیان ڕادەپەرێنن.مرۆڤ وەک خاوەنی ماف پێویستی بەوانی ترە بۆ پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی مافەکانی، مافەکانی هەرچی بن و هەرچۆنێک بن هێشتا زۆرینەی مرۆڤ هێندەی پێویست ئاشنای جۆرایەتی و چەندایەتی مافەکانی نییە، بێئاگایە لە شێوازەکانی فەراهەمکردن و سرووشتی مافەکانی، یان پێویستی بە کەسانی ترە بۆ ئەوەی مافەکانی بچەسپێ و بێتەدی.

لێرەوە کۆمەڵە مرۆڤێکی تر دەبن بە سەرمەشقی پاراستن و رێنیشاندەری ئەوانی تر. بۆ نموونە مافی وەرگرتنی زانیاری ڕاست، ئەم مافە بۆ هەموو مرۆڤێکە، بەڵام پێویستی بە کەسانی ترە بۆ ئەوەی بە دوای زانیارییەکاندا بچن و بنکۆڵکاری ڕاستی ڕووداوەکان بکەن و دواتر هەموو کۆمەڵگەی لێ ئاگاداربکەنەوە. مافی بوونی زانیاری لەسەر مافەکانمان یەکێکی ترە لە مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش پێویستی بە شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ هەیە کە ئەو مافانەمان بۆ روونبکەنەوە و ڕێگاکانی فەراهەمکردن و چێژلێبینینیمان پێ ئاشنابکەن. لێرەوە کۆمەڵە مرۆڤێکی چاکەخواز و مافخواز دەبن بە ڕێبەری ئێمەی مرۆڤ و نەیاری سیستەم و دەزگاگەلی سەرکووتکاری مافەکانی مرۆڤ.بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ ئەو کەسانەن کارێک دەکەن بۆ چەسپاندنی مافی ئەوانی تر و هەوڵدەدەن لانی کەمی بنەما سەرەکییەکانی مافەکان و ئازادییە بنچینیەکان لە چەشنی مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوانی تر فەراهەم ببێت، یان هەرکەسیک لە پێناو نەهێشتی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە چەشنی کوشتنی بە کۆمەڵ، ئەشکەنجە، وونکردنی زۆرەملێ، بەندکردنی هەڕەمەکی، هەڵاوێردن، خەتەنە، جیاکاریی و بلەپڵندی هەندێک بەسەر هەندێکی تردا یان بەرگریکردن لە گۆڕانکاری ژینگە کارێک دەکەن یان پێشێلکارییەکان ئاشکرا دەکەن.

بەرگریکاران دەکرێت ئەوانە بن لە پێناو ژیانێکی باشتر، شکۆی مرۆڤ، دەستڕاگەشتنی هەمووان بە خواردن و ئاوی خواردنەوە، خوێندن و تەندروستی، ماڵوحاڵێکی باشتر، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی ڕەگەزی، مافی خەڵکانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێرینە، یان مافەکانی منداڵان و بە ساڵاچوان و کەمەنەتەوەکان دەنگهەڵدەبڕن و نادادییەکان قبووڵناکەن. دەکرێت بەرگریکاران لە هەمان ڕەگەز و شوناس و نەژادی بەرگریلێکراوان بن، دەشکرێت جیاتر لەوان لە چەشنی بەرگریکردن لە مافی پەنابەری و کۆمەڵە ڕەسەنەکان و هەڵهاتووە سیاسییەکان.بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت لە کاتی ئاشتی و جەنگدا، لە گوند و شاردا، لە وڵاتێکی دیمووکرات یان نا دیمۆکراتدا، ڕەوایەتی دینی و کولتووری هەبێت یان نەیبێت، سەر بە زۆرینە یان کەمینە بێت، مافی خۆیانە بەبێ هیچ ترس و دڵەراوکێیەک، بە بێ ترس لە سزادانی سیاسی و یاسایی، بە بێ ترس لە لەکەی کۆمەڵایەتی (Social Stigmatization) بەرگری لە بنەما گەردوونییەکانی مافەکانی مرۆڤ بکەن و پێویستە دەوڵەت و دەزگاکانی حکومڕانی و حکومسەپاندن ڕەچاوی تایبەتمەندییان بکات و ژیانیان مسۆکەر بکات.

دەکرێت بەرگریکاران ئەندامی کۆمەڵە و سەندیکاکان بن دەشکرێت ئەندامیان نەبن، دەکرێت پێکەوە و چەند کەسێک خاوەنی ناوەند و رێکخراوی کارکردن بن دەشکرێت بەدەر لە چوارچێوەی کاری پێکەوەیی بە تەنها بەرگریکار بن، دەکرێت سەر بە رێکخراوێکی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی بن دەشکرێت سەر بەوان نەبن، بەڵام ناکرێت ئەندامبوون و ئەندام نەبوونیان لە شوێن و دەزگا و رێکخراویی فەڕمیدا وەک پێشمەرجی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ بژمێردرێت.بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ بۆیان هەیە هەموو رێگاکانی کارکردنی مەدەنیانە بگرنەبەر لە چەشنی کۆکردنەوەی زانیاری، بنکۆڵکاری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها گرتنەبەری میکانیزمی گونجا و بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و داکۆکیکردن و لۆبیکردن بۆ مافەکانی قووربانییان و زیانلێکەوتووان. بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ مافیانە هەوڵبدەن لە ڕێی کەمپەینەوە ئاریشە و کێشەکانی پەیوەست بەم بوارە بە دەزگا و دامەزراوە نێوخۆی و نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنن، لە پێناو دادپەروەریی زیاتریشدا لۆبی بکەن و پشتگیریی زیاتریان بۆ پەیدا بکەن. هەر سزادانێکی شارستانی و سزایی بۆ بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دەچێتەچوارچێوەی خەفەکردنی ئازادییەکانی ڕادەربڕین و پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤەوە.

بەرگرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت بە شێوەی کاتی بۆ بابەتێکی تایبەت یان بە شێوەی هەمیشەیی و بۆ چەندین بابەت و ئاریشە دژی دەسەڵاتی خۆسەپێن بن، لە پێناو دادگەری تێبکۆشن، بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و حکومرانییەکانی باش کاربکەن، بۆ سەربەخۆی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەری هەوڵبدەن. بەرگریکاران مافیانە هێزی فشار بۆ سەر دەوڵەت و حکومەت دروستبکەن لە پێناو دەسەڵاتێکی مەدەنی و بەرقەرارکردنی سەروەری یاسا هەموو ڕێگایەکی مەدەنی بگرنەبەر.جارنامەکە بە شێوەیەکی گشتی باسی ماف و بەرپرسیارییەتییەکانی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکات و دەوڵەت و حکومەتەکان ئەرکداردەکات ژیان و کەرامەت و ئاسایشیان بپارێزێت. بۆ ئەوەی کەسێک وەک بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ کار بکات، پەیماننامەکە هیچ پێوەرێکی کۆنکرێتی دانەناوە، بەڵام لە ناواخندا دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بەرگریکاران پێویستە بڕوای تەواویان بە سەرجەم مافەکانی مرۆڤ هەبێت و دژی هەندێ ماف و ئازادی نەبن، بۆ نموونە پشتی مافەکانی پیاوان بگرن و دژی مافەکانی ژنان بن، یان پشتگیری مافە دینییەکان بۆ گرووپێکی تایبەت بکەن و دژی مافە دینییەکانی ئەوانی تر بن، یان بۆ هەندێک لە مافە جێندەرییەکان هەوڵبدەن و خەڵکی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزینە لێ بەدەرکەن.

گرنگ نییە کۆمەڵگە و دەوڵەت چۆن ناویان دەهێنێت و بە چی شێوەیەک پێناسەیان دەکات ئەوەی گرنگە ئەوەیە بەرگریکاران بە پێی بنەما گەردوونییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەیەکان بۆ ژیانێکی باشتر خەباتدەکەن، ئەوان شەرعییەت لە پەیماننامە و جاڕنامەکانەوە وەردەگرن نەوەک لە دابونەریتی کۆمەڵگە و دەسەڵاتەکانی دەوڵەتەوە.بە درێژایی مێژوو، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دووچاری گەلێک ئاستەنگی و دژواری و پێشێلکاری بووونەتەوە، هەندێک لەو کێشانە دەکرێت لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە کۆمەڵگە بەربەستیان بۆ درووستبکات، بۆ نموونە بەرگریکاران ڕەنگە لە هەندێ ناوچە و وڵاتدا تووشی لەکەی کۆمەڵایەتی ببن، بە تایبەت بۆ داواکردنی ئەو مافانەی کە دژی نەریتی باو و دینی باڵادەستی کۆمەڵگەن، یان ناوناتۆرە دروستکردن بۆ چالاکوانەکانی مافەکانی ئافرەتان و مافی خەڵکانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێرینە. یان دەکرێت لە رێگەی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و چینی حکوومڕانەوە تووشی هەرەشەی جدی ببن، لەوانە سەرنگوومکردنیان، کوشتنی ئاشکرا، ئەشکەنجەدانیان، ڕووبەرووکردنەوەی یاسا و سەپاندنی سزا بە بیانووی ئاسایشی نیشتیمانی و ئارامی کۆمەڵایەتییەوە. یان بە بیانووی تێکدانی ئادابە گشتییەکانەوە.

بەرگریکاران دەکرێت لە رێگەی قەوارە و گرووپە تایبەتەکانەوە ڕووبەری گێچەڵ و هەڕەشە و ناوزڕاندن ببنەوە، بۆ نموونە لە لایەن حیزبە سیاسییە چەکدارەکانەوە، یان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت. هەرچۆنێک بێت، ئاست و شێوەی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ گیان و ژیان و ماڵی بەرگریکاران فرەچەشن و هەمەجۆرن، هەندێکیان تەنها خۆیان و بەشێکیان هەڕەشەکە خانەوادە و کەسوکاریشیان دەگرێتەوە.سەرجەم مافەکانی ناو جاڕنامەکە لە ناو پەیماننامە مولزەکانی تردا هەیە، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ پێویستە سەرجەم مافەکانیان وەک مرۆڤ و وەک بەرگریکار بپارێزرێت.

لە هەمانکاتدا جاڕنامەکە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی بۆ دەوڵەت و حکومەت درووستدەکات. لە سەرەتادا داوا دەکات دەوڵەت و حکومەتەکان سەرجەم مافەکانی مرۆڤ بپارێزن و هەوڵی بەرەوپێشبردنی بدەن. پێویستە دەوڵەت خۆی پێشێلی مافەکانی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ نەکات و هەر پێشێلکارییەک لە مافی ئەواندا حکومەت ئەرکداردەکات ڕۆڵ بگێڕن لە گێرانەوەی ماف بۆیان و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوییان. لە هەمانکاتدا داوادەکات حکوومەتەکان لەناو پلانی حکومڕانی خۆیاندا گۆڕەپانی کارکردنی چالاکوان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ فراوانتر بکات و ئازادییەکانیان سنووردارنەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP