دواین هەواڵ

ئەودیوی تەلبەندی سنوورەكانی بیلاڕووس

‌هاورێ ئەحمەد

09/11/2021

كورد وەك هەمیشە میلەتێكە بۆ بەرژوەندی ئەوانی تر بەكاردەهێنرێت، لە ناوخۆدا تێك شكێنراو، خوود نەفرەتی كراو، دواتر دەكرێ بە قەرەقۆزی سیاسەت.
حیزبە كوردییەكانی بەو ڕۆژگارە تیڤیی و سیاسەتەكانی ئەوانی تر ئاراستەی دەكەن، شانازیی (نەوەك ئابرووچوونی) ئەوە بێت كە كام وڵاتی نەیارت پشتی كام كاك فڵان دەگرێ، بە ئاسانی دەگاتە سەر سنوورە تەلبەندەكانی بیلاڕووسیش.

جاران ترەمپ لەو سەری ڕۆژئاواوە و ئێستا ئەلێكساندەر لۆكاشینكۆ لەوسەری ڕۆژهەڵاتەوە و لە بیلاڕووس دیجوڵێنێ، پێشتر دژی ئێراق و دواتر درووستكەری ئێراقی عەزیم، جارجارێك دژی داعش و پاشان بێدەنگ. گەیمینە ئیرە!

كاتێك ئێراق لەگەڵ ئێران لە شەڕدا بوو، ئەوكاتەی ئێراق گازبارانی كوردی كرد، سەرچۆپیكێشی دۆزی كورد ئێران بوو، وێنەی میحنەتییەكانی كوردی كرد بە چاوی دنیادا، وەلێ كاتێ حەشد تا ماڵی ئێمەش هات، كشومات و بێدەنگ!

توركیای پڕ كێشە لەگەڵ ئەورپا، پەنابەرە كوردە ئێراقی سورییەكانی بۆ ترساندنی ئەوروپا بەكارهێنا، دواتر كەوتە دانوسان، جگە لەوەی ملیارەها دۆلاری لێ كشانەوە، ئیدی ئەوروپا بەرانبەر ئەو هەموو كارەساتەی توركیا لە ناوخۆدا خوڵقاندی، بێ دەنگكرا.

بیلاڕووس، وڵاتێكی نەبیسترا و نەناسراو بۆ كورد، دوو ساڵ پێش ئێستا بە ئامانجگیراو و ئابڵووقەدراو لە لایەن یەكێتی ئەوروپاوە. لە پر تەلبەندەكانی دەبن بە دیواری حەوشەی ماڵەكانمان.

زۆر بە زووی قونسوڵخانە دەكرێتەوە و كۆمپانیایەك كاری ڕایی كردنی ڤێزا دەكات، سنوورەكان دەكرێتەوە و ئیدی دەیان هەزار كورد (ئەفغانی و میسری و پاكستانی و یەمەنی نا، بەڵكوو كورد) لووتیان دەكێشێت بە تەلەكانی نێوان بیلاڕووس و ئەوروپادا.

زۆر بە زووی قونسوڵخانە و كۆمپانیاكە نامێنێت و دادەخرێت، هێندە بەسە بیسەلمێنیت دەتوانی كێشە بۆ ئاسایشی ئەورووپا درووست بكەیت، ئەردۆگان پێیدا ڕۆشت و سەركەوتوو بوو!

ئاگات لێ بێت ئاسایشی خۆت بەو پەنابەرانە كوردانە مەخە مەترسیەوە! كە ژمارەیان زۆر بوو، ئیتر خۆت بڕیار بدە چیتر بەسە هێندە.

خۆی لەسەر سنوور بە ڤیدۆ پەنابەرە كوردەكان وێنە دەگرێ، پیشانی دنیای دەدات، ئەها ئەوروپای خاوەن لاڤی دیموكراسی چۆن دژی بنەماكانی خۆیەتی!

دواتر مامەڵە بكە، شتێك لە ئەو و دوو لە تۆ، پەنابەری كورد بەرانبەر كەمكردنەوەی سزای ئابووری ئەوروپا دژی بیلاڕووس، ئیتر ناهێڵێ چیتر كورد بێن، ئەردۆگان سەركەوتوو بوو، ئیتر بۆ لۆكاشینكۆ دیكتاتۆر نەتوانێ كورد بەكار بهێنێ.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP