دواین هەواڵ

هەڵهاتنی بەندكراوانی زیندانییەكانی ڕۆژئاڤا و پاسادانی ڕاستییەك

‌هاورێ ئەحمەد

25/01/2022

نزیكەی مانگێکە هێرشێکى چڕ بۆ سەر بەندینخانەى حەسەکە لە ڕۆژئاڤاى کوردستان هەیە، کە شوێنى زیندانیکردنى پێنج هەزار چەکدارى داعشە، ئەو زیندانە هاوڵاتى نزیکەى سی دەوڵەتی تێدایە، سزادراون لە دادگاکانى ڕۆژئاڤادا دادگایی کراون و لەو زیندانەدا سزاکەیان بەسەردەبەن. 

هیچ یەکێک لەو دەوڵەتانەى وا هاوڵاتییەکانى ئەندامى داعشن و لەو زیندانەدا بەندکرابوون، ئامادەنەبوون و ئامادەش نین هاوڵاتییەکانى خۆیان بۆ وڵاتى خۆیان بگوازنەوە و لەوێ دادگایی و سزا و بەندیان بکەن.

ڕۆژئاڤا بەرپرسیارانە، وەک دەوڵەتێکى خاوەن ئەزموونى سەدان ساڵ، شانى داوەتە بەر ئەو بەرپرسیاریەتییە، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنى شەڕ دژ بە داعش یاساى نێودەوڵەتی مرۆیی لە ساڵى ٢٠١٦ دەرکرد، ستاندارێک بۆ مامەڵە لەگەڵ جەنگ و دیلى جەنگدا، ئەو بنەمایانە هەمان ئەو بنەمایانەن وا لە پەیماننامەکانى جنێڤ و هەردوو پرۆتۆکۆڵە زیادکراوەکانیدا هەن. یاساکەى ڕۆژئاڤا پڕە لە پرەنسیپى پڕ بەها و ستانداردى نێودەوڵەتیی. بەشێک لەوانە؛ هەموو دیلێکى جەنگ پێویستە ژیان و شکۆى پارێزراو بێت، دیلەکانى جەنگ نابێ بکوژرێن و پێویستە لە دادگایەکى دادپەروەردا دادگایی بکرێن و مافى هەبوونى پارێزەریشیان هەیە. بەکارنەهێنانى ئامڕازە جەنگییە قەدەغەکراوان چ ئەگەر هێزى بەرانبەر (داعش)یش بەکاریان بهێنێت. زۆر ستانداردى ترى تایبەت بە یاساى نێودەوڵەتی مرۆیی لە یاساکەى ڕۆژئاڤادا هەن.

كاتێك یاساى ڕووبەڕوبونەوەى تێرۆرى دەرکرد، هەرچەندە هێزێکى نا-دەوڵەتییە و ناچاریش نییە، بەڵام وەک دەوڵەتێک پابەندێتى خۆى بە سەرجەم بنەما گەردوونیەکانەوە ڕاگەیاند، لەوانە؛ سزاى لە سێدارەدان لە یاساکانیدا نییە، هەروەک ئەوەى لە پرۆتۆکۆڵى دووەمى پەیماننامەى مافە مەدەنی و سیاسیەکاندا هەیە، هەرچەندە نە دەوڵەتە و نە ئەندامى پەیماننامەکەشە.

ڕۆژئاڤا ئامادە نییە چەکدارە بەدیلگیراوەکانى ئەو وڵاتانە بگێرێتەوە بۆ وڵاتەکانیان (چ ئەگەر وڵاتەکەش داواى بکات) ئەگەر بێت و ئەو وڵاتە سزاى لە سێدارەدان لە یاساکانیدا هەبن، ئەمەش مەگەر تەنها ئەو وڵاتانەى ئەندامى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپان وەها بنەمایەک ڕەچاوبکەن.

ڕۆژئاڤا، لە چەندین بەرەوە لە جەنگدایە، شەڕێکى نابەرانبەر، زیاتر لە دە هەزار چەکدارى داعشیش لە ناو ماڵیدا و لە بەندینخانەکانیدایە، وەلێ ئامادە نییە یەک کەسیان لە سێدارە بدات، ئەم جارەش کە بەشێکیان لێ هەڵهات، ئامادە نەبوو هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچەیەى وا هەڵهاتووان خەڵکە سڤیلەکەى وەک پشتێنەى مرۆیی بەکارهێنا، چونکە بەپێى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیی ئەمە تاوانى جەنگە (هەرچەندە ئەندامى دادگاکەش نییە، چونکە دەوڵەت نییە).

ئەمانە پاسادانى ئەو ڕاستییەیە کە ڕۆژئاڤا پابەندى کۆمەڵێک بنەماى گەردوونى و مرۆڤاتیی و شۆرشگێرانەیە، ڕۆژئاڤا دەزانێ ئەو بەهایانە مرۆڤدۆستەكانی دنیا چەندین سەدەیە خەباتی بۆ دەكەن و بە زۆر بەسەر دەوڵەتاندا سەپاندویانە، بۆیە ئامادە نییە بە هیچ نرخێک سازشى لەسەر بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP