دواین هەواڵ

دەربارەى 'بەزۆر سەرجێیکردنى هاوسەریی'

‌هاورێ ئەحمەد

22/09/2022

یاساى 'بەرەنگاربوونەوەى تووندوتیژیی خێزانى' یەکێکە لە یاسا باش و نێوییەکان لە کوردستاندا، باش و نوێیە چونکە یاساکە لەو عورفە لایداوە وا یاسادانەرى ئێراقى و کوردى حەفتا ساڵە پێوەى ئالودەبوون گوایە یاسا دەبێت زۆر ڕوون و ڕەق و پێناسەکراو بێت. یاسا نوێیەکان لە جیهاندا و بە تایبەت ئەوانەى پەیوەندارن بە ماف و ئازادییەکانەوە، کۆمەڵە یاسایەکن مامەڵە لەگەڵ پێدراو و نۆرم و بەها گەردوونیەکان دەکەن، کە یاسادانەر و دادوەر و پارێزەر ناچار دەکەن ئاگایان لە دواین پێشکەوتنە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و ڕەهەندە کۆمەڵایەتیی و دەروونى و فەلسەفییە پەیوەندیدارەکانى ترى یاسا هەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەى زیاتر و باشتر لێى تێبگەن و مامەڵەى پێ بکەن.

پرۆسەى یاسادانان لە وڵاتانى پێشکەوتوودا، لە دەست قەشە و مەلا و پیاوى بۆ خواسوڵحاو دەرهێنراوە و دراوەتە دەست گرووپى شارەزا و لێهاتوو و فرەبین. ئاین و کولتورى باوى کۆمەڵگە نەک تەنها ڕۆڵیان لە یاساداناندا نەماوە، بەڵکوو زۆربەى یاساکان بۆ بەربەستسازیی ئەوان دەئافڕێنرێن و مرۆ لە دەست هەژموونى چەقبەستوویی خۆڵێنیشتووییان ئازاد دەکەن. ئارگومێنتسازیی و دژییەتى و بەریەکەوتنى ئاراستە جیاوازەکانى کۆمەڵگە بۆ هەر یاسا و پرۆژەیاسایەک چاوەڕوان کراوە، لێ ئەوە بڕاوەتەوە کە ئارگومێنتسازیی و دژبوونى پرۆژەیاسا و یاساکان پێویستە لە پێناو ماف و ئازادى و بەهاى مرۆڤدا بێت، نەوەک بە پێچەوانە لە پێناو چەقبەستووى و وەستان و دژەکرانەوە و نکۆڵیکردنى مافى مرۆڤدا بێت.

ڕتووشکردنى نۆرمە خراپ و زیانبەخشەکانى کۆمەڵگە و ئاین لەژێر ناوى پاراستنى کولتور و نەریت و بەهاى (گوایە) بەرزى کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵگەى کوردییەوە، ئەو ئەسپى تەڕوادەیەیە، کە لە ناوەوە ژیانى هەموومان و ماف و ئازادییە بنچینەیی و سەرەتاییەکانمان دادەکرۆژێت و بانگەشەیەکى تەواو مووزەیەفە.

لە پرۆژەیاى هەموارکردنەوەى یاساى بەرەنگاربوونەوەى تووندوتیژیی خێزانى، بڕگەی 'بەزۆر سەرجێیی هاوسەرى'ى وەک تاوان لە پاڵ تاوانەکانى تردا دووبارە ناسێنراوە، هەرچەندە لە یاسا کۆنەکە هەمان بڕگە بوونى هەیە و لە ساڵى 2011یشەوە بەرکارە (ئەمەش زیاتر دەرخەرى موزەیەفبوونى ئەم ژاوەژاوەى ئێستایە).

لە ڕاستیدا ئەو بڕگەیە نەرمکراوەتەوە و خاترگیریی تێدایە، لە بنەڕەتدا ئەو تاوانە پێى دەوترێت؛ لاقەکردن یان دەستدرێژى سێکسى لەچوارچێوەى هاوسەرگیردا (Marital Rape)، لە هیچ وڵاتێک ئەم تاوانە (بەزۆر سەرجێى) ئاوها بە نەرمى و شەرمنیی باس نەکراوە، بەڵکوو بە زەقى و خەتى بڕشت ناوی هێنراوە. لە دنیادا زیاتر لە ١٥٠ دەوڵەت لە یاساکانیاندا، دەستدرێژى سێکسیان لە چوارچێوەى هاوسەرگیریدا یاساغ کردووە، زۆربەى ئەوانەى یاساغیان نەکردووە کە ژمارەیان نزیکەى ٤٠ دەوڵەتێکە، وڵاتە ئیسلامییەکانن.

یاساغکردنى ئەو شێوەیەى تاوان گرنگى خۆى هەیە، دەستدرێژى سێکسى لە چوارچێوەى هاوسەرگیریدا لێکەوتەى سایکۆلۆژى هەیە و گرێى دەروونى لێدەکەوێتەوە.

دەستدرێژى سێکسى لە چوارچێوەى هاوسەرگیرییدا ڕێکخستنێکى مرۆڤانە (نەوەک ئاژەڵیانە)ى پەیوەندى سێکسیی نێوان دوو مرۆڤە، کە لە بنەرەتدا پەیوەندییەکە گرێبەستێکى یاسایی پێکەوەیان دەبەستێت و بۆ ڕێگرییە لە هەیمەنەى پیاو بەرانبەر ژنان لەناو ئەو پەیوەندییە یاساییەى پێى دەوترێت هاوسەرگیریی.

دەستدرێژى سێکسى لەچوارچێوەى خێزاندا، یەکێکە لە شێوەکانى ئەشکەجەى جەستەیی و دەروونى، زۆرجار پیاوان وەک سزا دژى ژنان بەکارى دەهێنن. داتاکان ئەوە دەسەلمێنن کە زیاتر لە چارەکى ژنان لە جیهاندا، لانى کەم جارێک، ڕووبەڕووى ئەم دۆخە بوونەتەوە. لە راستیدا کێ ناڵێت تۆ زادەى دەستدرێژى سێکسى لەچوارچێوەى هاوسەرگیرییدا نیت؟!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP