دواین هەواڵ

تکایە سوکایەتی بە سلێمانی راگرن!

‌ڕابوون مەعروف

2 کاتژمێر پێش ئێستا

*چەند ساڵ لەمەوبەر، لە بۆنەیەکدا، لەگەڵ بەڕێز عبدالله ئاگرین (کە تا خوا حەز دەکات پیاوێکی بەڕێزە) وردە گفتوگۆمان دەکرد. وتم: کاك عبدالله، لە ناو پارتی، نەریتی رەخنە گرتن لە پارتی و سەرۆکایەتی پارتی نیە و رێگەی پێنادرێ. بەڕێز عبدالله ئاگرین وتی: نا، وا نیە! من لە کۆبونەوەی سەرکردایەتی پارتی، رەخنەی توندم لە کاك مسعود گرتوە.

وتم: چیت وت؟ وتی: بە جەنابی کاك مەسعودم وت، ‘بەڕێز جەنابی سەرۆك، من رەخنەم لە جەنابت هەیە، ئێوە نابێت بە ناوی پارتی قسە بکەن، بەڵکو دەبێت، بە ناوی هەمو کورد و هەر چوار پارچەی کوردستان قسە بکەن، چونکە جەنابت هەر سەرۆکی پارتی نیت، بەڵکو سەرۆکی هەمو کوردیت!’ وتم: جا کاك عبدالله، ئەوە کەی رەخنەیە؟ ئەوە مەتح و پیاهەڵدانە!! *دەوترێ، بە کاك نەوشیروان دەڵێن: ئێوە لە رەخنەگرتن و باسکردنی کەلێن و کەماسیی پارتی، بە بەراورد بە یەکێتی، زیادەڕەویی و موبالەغە دەکەن. کاك نەوشیروان دەڵێ: بەڵێ وایە! من دەبێت، نۆ رەخنە لە پارتی و مسعود بارزانی بگرم، بۆ ئەوەی یەك رەخنە لە مام جەلال بگرم. مەبەستی کاك نەوشیروان ئەوەیە، کە دۆخێك ساز بوە، کە دەرفەت نادات بە رەخنەی بابەتیی و بۆیە، بۆ ئەوەی لە سلێمانیی و زۆنی سەوز، رەخنەیەك لە مام جەلال و یەکێتی بگریت، دەبێت پێشتر بە رەخنە گرتن لە پارتی و بارزانی، زەمینەی بۆ حازر بکەیت. ئەمەش جۆرێکە لە ئیرهاب و مەحفبونەوەی دیبەیت و رەخنەی بابەتی و راستەقینە. بۆ دەبێت، بۆ ئەوەی رەخنەیەك لە یەکێتی بگریت یان سەرنجێك بڵێیت، لە پێشەوە، بێ بەهانە، بکەویتە کوتانەوەی پارتی؟!

*ئیسلامیەکان، کە هەمو ئایدیۆلۆجیا و فیکریی ‘سیاسیی’ ئەوان، لەسەر تیرۆر و سەرکوتی ئازادیی و مافە گەردونیەکانی مرۆڤ ساز بوە، لە ئاستی جیهانی، داهێنانێکی تازەیان لە شێوازیی تیرۆر و سەرکوت دۆزیوەتەوە: تۆ ئەگەر هەمو تەمەنت بۆ ئاین و ئیسلام و یان تەنانەت دامەزرێنەر و بەڕێوەبەریی دەیان سەنتەریی توێژینەوەی ئاینیی و فێرکردنیی قورئان و یان تەمەنت بۆ تێگەییشتن لە دین و تەدەبور لە قورئانیی پیرۆز تەرخان کردبێت، بەڵام سوکە رەخنەیەك لە ئیخوان موسلمین یان فڵانە حیزبی ئیسلامیی بگرە، حەشاماتی موشریك و بت-پەرست هەزار جار دەتکەن بە مولحید و گوایە تۆ رقت لە دینە و چونکە دژیی دینی، ئەو رەخنانە دەگریت. جا شیرك و بت-پەرستی لەوە رۆشنتر و ئاشکراتر هەیە؟ ئایا کەس هەیە نەزانێت، کە پەروەردگار و قورئانی پیرۆز نەك هەر موحتاجی بوختان و درۆ نین، بەڵکو هەڕەشەی توند لە درۆ کردن و درۆزن دەکەن؟ ئەی، حەشاماتی ئیسلامیەکان، ئەو هەمو بوختان و درۆیە بۆ دەکەن؟ بێگومان هەمان بەهانەی بت-پەرستەکانی قوڕەیش: چونکە بازاڕ و خوداوەندەکانیان (بت: حیزب) گورز دەخۆن و لاواز دەبن.

*رەنگە رادیکاڵترین و بابەتیترین و توندترین و تەنانەت ئازایانەترین رەخنە تا ئێستا لە جەلالیەت گیرابێت، رەخنە بە ناوبانگەکەی خودی مام جەلال بێت: مام جەلال لە چەند شوێن باسی ئەوە دەکات کە ئەو پەشیمانە لە جیابونەوە و جێهێشتنیی بارزانیی. ئایا بۆ مام جەلال، وەك بەهێزترین و کاریگەرترین سەرکردەی جەلالیەت، پەشیمانە لە جیابونەوە لە بارزانی/ مەلایی؟! چونکە مام جەلال وەك میحوەریترین سەرکردەی جەلالیەت، هەم دەزانێت پێشتر چی رویداوە و هەم دەزانێت ئایندە چی رودەدات؛ دەزانێت چی خوێنێك لەو ناکۆکی و ململانێیەدا رژاوە و چی قڵشت و کەلێنێك لە ناو ماڵی کورد و جوڵانەوەی رزگاریی کوردستان دروستبوە! بەڵام ئایا ئیزافە پۆزەتیڤەکەی جەلالیەت چی بوە بۆ سەر سیاسەت و جوڵانەوەی رزگاریی کوردستان، تا ئەو هەمو خوێنەی بۆ بڕێژرێت و ئەو هەمو کەلێن و قڵشتانەی بۆ بخرێتە ناو ماڵە لێکترازاوەکەی کوردەوە؟!

*بێگومان، جگە لە ئیسلامیەکان کە پرۆژەیەکی جیاوازن و لە دیدی منەوە بەشێك نین لە جوڵانەوەی رزگاریی کوردستان و هیچ دیدێکیان بۆ دۆزی کورد نیە، هەمو جوڵانەوە و گروپەکانیتر، لە گۆڕانەوە تا نەوەی نوێ و هەڵوێست، پڕیشك و لق و چڵ و پۆپیی جەلالیەتن. چونکە هیچ ئیزافەیەکیی سیاسیی و فیکریی و فەلسەفییان پێ نیە، یان دەبێت، لە دوا جاردا خۆیان بکەنەوە بە ناو ماڵە گەورەکەی جەلالیەتدا، یان دەبێت لە نوێژیی بەیانیەوە تا نوێژیی خەوتنان، بە رستە و وشەی جیاواز باسی ئەوە بکەن کە پارتی و یەکێتی دزیی دەکەن؛ تەواو! *هەمو رەخنەی گۆڕان، لە یەکێتی نیشتیمانیی لە دو خاڵ کورتکرابۆوە: مام جەلال و یەکێتی زۆر لە پارتی نزیک بونەتەوە، هەروەها مام جەلال یەکێتی کردوە بە حیزبی بنەماڵە! بەڵام لە ماوەیەکی کورتی پێوانەیی گۆڕان، لە هەردوك بابەتەکە، خۆی پێشیی یەکێتی دایەوە. گۆڕان بە جۆرێك لە پارتی نزیکبۆوە، تەنانەت جیاوازیی نەما لە نێوان وەزیرەکانی گۆڕان و پارتی. هەروەها، خێزانیی خاوەن ‘تاپۆ’ ی گۆڕان و گردەکە، ئەوەندە بە پەلە بون، بۆ داگیرکردنیی گۆڕان و هەمو مومتەلەکاتی گۆڕان، کە هەرچی بەها و ئاکاریی کۆمەڵایەتیی و کوردەواریی هەیە، خستیانە ژێر پێوە.

*پارتی دیموکرات، لە دروستبونیەوە تا دەبێت بە حیزبی بارزانییەکان و نەریتێکی تایبەتی حیزبیی خێزان جێگیر دەکەن، بەلای کەمەوە بیست ساڵ دەخایەنێت. یەکێتی نیشتیمانیی، لەگەڵ سەرهەڵدانیی خەونی بە بنەماڵەکردنیی حیزبەکە و تا کۆنترۆڵکردنیی تەواو، ململانێکان، نزیکەی ١٥ ساڵ بەردەوام دەبن. پرۆژەی بە بنەماڵەکردنی گۆڕان، لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، ئەوەندە ناشرین و قێزەون بو، کە گورزێکی ئەوتۆی لە سیاسەت و متمانە داوە؛ برینێکی وای دروست کردوە، کە بە چەندان ساڵ، ئەو برینە ساڕێژ نابێت. نەوەی نوێ؛ بە لەش و پەڕ و پۆڵەوە ئاماژەیی کەوتن و داڕزین و بۆگەنکردنی سیاسەت و تەنانەت ئەخلاقە لە وڵاتێکدا. کەسێك بە رۆژی روناك سیاسەت و خەون و ئامانجیی دەیان هەزار گەنج و لاوی خێر و خۆشیی نەدیو دەبات، بۆ پارە و کۆمپانیای خێزانێك دەیفرۆشێت بە سەجان و زیندەوانەکانی خۆی! بەڵام کۆمەڵێك دەمهەراش و گەجەر و گوجەر، مل رادەکێشن و نقە ناکەن! کەواتە دەبێت، ئەم پرسیارە هەمیشە لە دەفتەر و یادەوەریی هەر کەسایەتیی و سیاسییەکی جدی هەبێت: جەلالیەت بۆ؟ ئیزافەی جەلالیەت چی بو، بۆ سەر سیاسەت و بیناکردنیی ماڵیی کورد؟!

*تەواوی پرۆژەی سیاسیی و فیکریی و رۆژانامەوانیی، شەپۆلێکی فراوان لە ئۆپۆزیسیۆنیی ساختە و ‘رۆشنبیرانیی’ گومڕا و رۆژانامەنوسیی چەنەباز، لە زۆنی سەوز، بریتیە لە جوێندان بە پارتی و هیچیتر. لای ئەوان، دەسەڵات واتە پارتی، گەندەڵی واتە پارتی، ستەمی سیاسیی واتە پارتی. توندترین رەخنەی ئەو گروپانە، لە یەکێتی ئەوەیە، کە گوایە زۆر لە پارتی نزیك دەبێتەوە و دۆستایەتی پارتی دەکات. لە راستیدا، ئەوە رەخنە نیە، بەڵکو ئەوە مەتح و پیاهەڵدانە! چونکە ئەوان هیچ پرۆژەیەکیی راستەقینەی سیاسیی و رۆشنبیریی و رۆژنامەوانیی نین، ئیتر ئەگەر یەکێتی، بە ‘گون’ لاوانی سلێمانی هەڵواسێت، نابێت بە بابەت و رۆژەڤ.

بۆ ئەوان ئازایەتی ئەوەیە، رەخنە لە پارتی و ماڵی بارزانی بگریت، بەڵام دەباشان هەمو داهات و سامانیی زۆنی سەوز بەرێت، ناوێرن قسە بکەن. ئنجا قسەی چی بکەن؛ کە خۆیان چەورە و دەسندەخۆریی یەکێتین؟ بۆ ئەوان ئاساییە موچە و پارە لە یەکێتی وەربگریت، بەڵام ئەگەر پارە یان موچە لە پارتی وەرگریت، یان تەنانەت لە هەژاریی و بۆ ئەوەی خێزان و مناڵەکانت نەکەونە سەر جادە و بچیت لە دەزگا و دامەزراوەیەکی نزیك لە پارتی ئیش بکەیت، ئەمەیان خیانەت و گەندەڵیی و خۆفرۆشیییە. لە دوا هەنگاودا، رۆشنبیر و رۆژنامەوانە دەسندەخۆرەکانی جەلالیەت، داهێنانێکیان لە ئیرهابیی فیکرییدا کردوە: تۆ ئەگەر رەخنە لە یەکێتی بگریت و داوا بکەیت بە گون لاوان هەڵنەواسێت و گەنجان نەخەسێنێت: ئەوان دەیکەن بە قیژە و هاوار، گوایە کەسانێك سوکایەتی بە سلێمانی دەکەن! تۆ بڵێ، موعالەجە و تیمار، مافی گەردونی نەخۆشە و چۆن دەبێت، نەخۆش لەبەردەم نەخۆشخانە بمرێت و تیمار نەکرێت؟! یەکسەر هاوار دەکەن: تکایە سوکایەتی بە سلێمانیی راگرن!

*سەرەڕای گەشەی نایەکسان، لە نێوان زۆنی زەرد و زۆنی سەوز، بە گوێرەی دوا زانیارییەکان، هەمو پرۆژەکانی بیناکردن و ئاوەدانکردنەوە لە سلێمانیی و زۆنی سەوز، راگیراون، بەڵام دزیی و تاڵانیی و گەندەڵیی و سەرانە زیادیان کردوە! لە دیدیی منەوە، ئەوە گەورەترین سوکایەتیە بە سلێمانیی و زۆنی سەوز. بەڵام لە بەرامبەر ئەو هەواڵە گەورە و ترسناكەدا، وەك ئەوەی هیچ روینەدابێت، نە کەمپەینی رۆشنبیران؛ نە راپۆرتی رۆژنامەوانان؛ نە عەریزە و دادگایی فیدراڵیی ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، هەر هیچ، هیچ هیچ!

*لە مانگی رابردو، خەساندنی زیندانیی و راگرتنی تەواوی پرۆژەکانی بیناکردن، لە سلێمانی و زۆنی سەوز، دەکرا دەیان خۆپیشاندان و شکات و کەمپەین و راپۆرتی رۆژنامەوانیی و .. بۆ ساز بکرێت! بەڵام لە سەر زەویی، جگە لە چەند دەنگ و رەنگێکی کەم، کەس خۆی نەکرد بە خاوەن و کەس نقەی لێوە نەهات. جا تراژیدیاکە ئەوەیە، ئەوانەی قسەیان کرد، دڵسۆزترینیی کەسەکانی هەمو مێژوی سلێمانیی بون. بەڵام کۆمەڵێك دز و قۆڵبڕ و ساختەچی، کە لەسەر حیسابی داهات و سامانیی خەڵکی سلێمانیی و زۆنی سەوز دەوڵەمەند بون و وەك بەرازی مالۆس پاڵیان داوەتەوە و دەمڕێنن؛ جوێن بەو دەنگە دڵسۆزانە دەدەن و ژاوە ژاو دروست دەکەن: تکایە سوکایەتی بە سلێمانیی راگرن!

*من خۆم لەوانەم، کە تا ڕادەیەکی زۆر، تێگەییشتنم بۆ دۆخ و هەلومەرجی خەڵك و ئەوانیتر هەیە. لە کوردستان، پارتی و یەکێتی، دەستیان بەسەر سامان و داهاتی وڵاتەکەدا گرتوە. زۆرینەی هەرە زۆری خەڵك، نوسەران و هونەرمەندان و ئەکتیڤیستەکان، ئەگەر سازش لەسەر بیر و بۆچون و هەڵوێستەکانیان نەکەن، مەترسیی بۆ ژیانیان دروست دەبێت و خێزان و مناڵەکانیان دەکەونە بەر نەفرەت و مەترسیی هەژاریی و نەداریی و بێ خانە و لانەیی. بەڵام من ئەم تێگەییشتنەم، چۆن بۆ ‘رۆشنبیران’ و ئەکتیڤیستەکانیی سلێمانیی هەیە، بە هەمان شێوە تێگەییشتنم بۆ حاڵ و باریی رۆژنامەوان و ‘رۆشنبیران’ و ئەکتیڤیستەکانیی هەولێر و بادینان هەیە. لە سلێمانییەوە راپۆرت ئامادە بکەیت و وتار بنوسیت و شاتە شات بکەیت، دژی پارتی و ماڵی بارزانی، بەڵام ئەگەر یەکێتیی و دەباشان، هەمو سلێمانیی و زۆنی سەوز تاڵان بکەن، نەوێریت قسە بکەیت، بێگومان ئەوە نە ئازایەتییە و نە جوامێریی! #نەتەوە_نەك_خێڵ

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP