دواین هەواڵ

ڕەمزو کاراکتەری ئۆپۆزسیۆن

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

08/07/2024

ئێوە سەرنج بدەن، هەندێک ڕەمزو کاراکتەری ئۆپۆزسیۆن ئەم دۆخەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی بەریتانیاو شکستی پارتی پارێزگاران و سەرکەوتنی پارتی کرێکارانی دەوێت، یانی وای پێخۆشە لە کوردستانیش سەرۆکەکان دوای هەڵبژاردن بە پاسکیل بڕۆنەوە بۆ مارێ، ئەوە بە کرۆکی گۆڕانکاریی و دیموکراسی دەزانن و کەیفیان پێ دێ.

بەڵام خۆی داناوە پەنجاساڵی تریش سەرۆکی هاوپەیمانی و بەرەو جوڵانەوەکەی بێت کە هێشتا سەرەمێکوتەی چەمە، یان هەندێکی تریان سەرۆکی حیزبەکەیان بۆ تاهەتایە سەرۆکی حیزبەو لاناچێ، ئەمیری حیزب و سکرتێری حیزبەو بەیعەتیشی نییە، خۆی و کوڕی و کچی، ئەندامی باڵان، حیزب وەک کارخانەی بازرگانی و سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونی خێرای بنەماڵەیی بەکار دێنێ، ئینجا دەشیەوێت دیموکراسی ئەوروپایی بەقیست بهێنێ بۆ کوردستان، دەی ئەوە خەیاڵپڵاویی نەبێ چییە.

ئێ تۆ، دەستاودەستی نێوخۆی ئۆرگانی حیزبیت نییەو نایکەی، دیکتاتۆریەتی حیزبی و بەربەریزمی ئایدۆلۆژیی پەتی خێڵ و شوانکارەیی پەیڕەودەکەیت، ئۆلیگاریشی دارایی بنەماڵەیی و ئەنارکیەتی خۆت لە لوتکەو دەورانی خۆیدایە، چۆن بانگەشەی گۆڕانکاری ڕیشەیی وڵات دەکەی و خۆت هاوتا ئەکەی بەو وڵاتە دیموکراسیانە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، هەی قائیمەی گروپی کۆمپانیاکان و ئەجێندا دەرەکیەکان و قائیمەی خەیاڵی پەمەیی !؟
ئاسۆ عەبدوللەتیف



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP