لەسەردەمێکی تاریکی بەرخۆری و پیسخۆریەکی کوشندەو مەترسیەکی گەورەی سیستمی خۆراکیداین، ئەسڵەن دەتوانین ناوزەدی بکەین بەهەمەچەشن خۆریەکی مەترسیدار، خۆی ڕاستیەکەی مرۆڤی ئەم سەردەمە مرۆڤی خۆراک و چێژی دروستکراوە، مرۆڤی گەدەی پڕو هۆشی بەتاڵە، مرۆڤی خۆشبەختی ساختەو زەینی چۆڵە، مرۆڤی مۆدێرن برسێتی نایکوژێ، تێری دەیکوژێ، زەیتی خراپ و هەویرو شەکرو نیشاستەو تام و زەخرەفەو فاستفود و ئەلکهول و ڤایپ دەیکوژێ، مرۆڤ توشی جینۆسایدی پیسخۆریەکی کوشندەو ژەهراوی بووە تەنها بۆ بیزنسی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی، تێربوون و سکپڕیی کوشتویەتی، تەماحی چێژی زۆرو مەستی و شادی دروستکراوو غەریزەپەرستی هێناویەتی بەچۆکا.
راستیەکەی برسی بوون هونەرە نەک تێربوون کەبنەمای ڕاستەقینەی ئازارە، هونەر لە دەمجوڵاندا نیە، مرۆڤی باڵا، دەم عاتڵ دەکات بۆئەوەی هۆش ئیسراحەت بێ، دەمجوڵان و خواردن و چێژو تێربوون هونەر نیە مەسرەفگەراو گیرفانباشی و پارەزۆریە، بۆیە دنیای سەرمایەداریی هەمیشە فێری خواردن و چێژو مۆدێل و بەرخۆریەکی کوشندەت دەکاو بەخۆت نازانی لەناو داگیرکاریەکی غەریزیی و جینۆسایدێکی گەورەی خۆراکیدا گیرت خواردوە تابێ نەخۆشترو بیمارترو دەرونێکی شێواوترت هەیە.
زوهدو وەرع دوو لەهەرە سیفاتە جوانەکانی مرۆڤی ئیماندارە، خۆگرتنەوە لە خواردن و شیرینی و بەرخۆریی ئاژەڵیانە لە ئەسڵدا هونەرێکی بەرزی ڕیازەتی عاریفەکانەو دەبێت فێری بیت تائارام بیت، دەم نەجوڵاندندن هونەرە، ڕۆژووی دینی و زانستی کە مێشک دەخاتە حاڵەتی چالاکی و چەوری سوتاندن و #ئۆتۆفاجی و نوێبوونەوەی خانەکانەوە.
لە کۆندا عاریفەکان، مرۆڤی سەرخوان و وەجاخ و سفرە نەبوون، ئەهلی دڵ و سۆفیگەریی پاڵفتەو خەڵوەتنشین و چلەکێش بوون بەرەو ئیشراق و یەکجۆریی لەخواردن نەک فرەجۆریی، مۆم و ئاگریان هەمیشە بۆ ئاگردانی خواردن و چێژ بەکارنەهێناوە بەڵکو وەک ڕامان و ڕێبەری تەریقەت و کەشفی ئەسرارو ڕووناککردنەوەو مەتاعی ڕۆحی و بێنیازیی لە دونیا تەماشا کردوە، تۆزێک مرۆڤ بێمنەت بێ لە دونیاو لەخواردن باشە چونکە برسی بوون هونەرە بەرزەکەیە.