ئۆپۆزسیۆن بوون پۆزو کەشخەیی نیە، هێزو یەکگوتاریی و لێبڕان و خەباتی ڕاستەقینەیە بۆ گۆڕانکاریی، بتەوێ ملیوانی کراسەکەت چرچ و چڵکن نەبێ و بەرژەوەندی و پەیوەندیە ژێربەژێرەکانت بەردەوام بێ و موچەکەت نەبڕێ و هێشتا کەشخەیی و مانەوە بۆ ژیانێکی ئارام و وەرگرتنی ئیمتیازت لە خەیاڵدا بێ و سەفەرو چێژت وەک خۆی بێ ئاخر گۆڕانکاری چۆن دەکرێ بەم تایپ و فیگەرە کەشخە.
سڵۆگانی نهێنی و بەرنامەی بەشێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی وەرگرتنی دەسەڵات و کاردانەوەی شەقامە، دەی تۆ دەتەوێ لە دەسەڵات بچی، وەک ئەوبی و قازانج بکەیت و ئەقتابی نەوت و بیزنس و سەفەقات بی، بچیتە جێگاو عەرشی ئەو نەک جیاوازبی، دەی ئاوا چۆن ڕیفۆرم دەکرێت.
کێشەکە عەقڵیەت و مێنتاڵیتی ئەو نوخبە سادەیە کەوادەزانێ بە تیکتۆک و دووسەردانی قونسوڵخانەیەک و دیبەیتێک و هەندێک ئەدڤانس و ئاکتی ڕێکخراوەکانی دەوری نەتەوەیەکگرتوەکان و تیۆری پەمەیی و بە دروشمی پاراستنی دیموکراسیەت و پرەنسیپەکانی مەدەنیەت ئەتوانن یەکێتی و پارتی بڕوخێنن، ئەوە پەمەیی بوونی خەون و خەیاڵدانێکی پوچ و عەقیمە، تێنەگەشتنە لە فاکت و موعادەلات و گرێبەستەکان.
چێ جیڤارا هەمیشە دەیوت بە هاوڕێکانی و بە ڤیدڵ کاسترۆی سەرۆکی ئەبەدیی، کە شۆڕش بەخەڵکی تێرو پۆشتە و کەشخە ناکرێ، بە خەڵکی برسی دەکرێ بەڵام دەبێ برسیەکان سەرکردەو کاریزماکەیان لەخۆیان برسیترو ژاکاوتربێ، کوا لێرە لەو جۆرە کاراکتەرە، لێرە کاریزماکە خۆی سەنتەرە، خۆی کەشخەیە، خۆی بکەرە، خۆی بیزنسمانە، خۆی خاوەن سوڵتەیە؟
ئینجا هەر لەبەر ئەوەی لەبەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆن و کاراکتەرە دروستکراوەکانیان قسەناکەم و نەبوومەتە بەشێک لەو وەهمگەراو ڕەشاییە ئایدۆلۆژیەی کە خوڵقاندویانە، ئیتر لەبەرژەوەندی دەسەڵات قسەدەکەم، دەی ئەوە کەی مەنتیق و بیرکردنەوەی مرۆڤی هۆشیارە، من حەقیقەتم وتوە یەک پۆستم نییە خزمەت بێ بەو دەسەڵاتەو بە نیفاق و تەڵقین و سەرکزی و مێگەلانە بژیم.
حیزبە بچووکەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن وەک هەموو جارەکانی تر لەبری پڕۆژەی جددی، دوای شانۆی هەڵبژاردن وەزارەتێک و چەن مدیرعامێک وەردەگرن و تەنها چوار عایلەی حیزبی پێ دەوڵەمەند دەکەن، هەر بەو نەریتە خزمەت بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە دەکەن و هەندێک کەسیش کە تۆمەت دەنوسنەوە یەک وشەی لەبارەوە ناڵێن، باشە حیزب و کاراکتەری ئۆپۆزسیۆن هەیە دەسەڵاتی تاقی نەکردبێتەوە؟ بۆیە باوەڕم بەو میکانیزمە نیە کە ئێوە خۆتان پێ تەڵقین کردوە بۆ گۆڕانکاریی و خۆتان و کوڕەکانتان و سەروەتەکانتان بەواقیعی لەدەرەوەی وڵاتەو داوای گۆڕانکاری و دەنگدانیش لەو خەڵکە ڕەش و ڕووتە دەکەن.