دواین هەواڵ

ئەمریکا، ئاگرو عیرفانیەت

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

3 رۆژ پێش ئێستا

لە سەردەمی مەلەکشا، ئەوکاتەی سۆفیستی خەیاڵ و مەستیار، عومەری خەیام لە سەمەرقەندو بوخاراو ئەسفەهان و خۆراسان شیعری بۆ ژن و مەی و سوڵتان و ڕێبازی عیش و تەسەوف و ئەستێران و کاکێشان دەنوسی، دونیا لێوانلێو بوو لە جەهل و نیفاق و سەماو شەراب هەمانکات پڕبوو لە مرۆڤی عابیدو خواناس و کتێبگەلی ئیشراق و ئەسرار، ئەفکارو فەلسەفەو تەفسیرو کەلام و کەس بیری لای ئاگرو وەیشومەو کارەساتی خوایی نەبوو.
ئێوارەیەکی سارد، دونیا تاریک، باران خانوە بە خشت دروسکراوەکانی بەڵخ و سەمەرقەندو بوخارای تەڕکردبوو مزگەوت و کتێبخانەی عاریفان و زاهیدانیش بەدوکەڵی دارو ئاگر ڕەش هەڵگەڕابوو، تاقەکانی هەریەک مێژووی تەنهایی گەڕیدەو موریدو دەروێشێکی دەگێڕایەوە، لەیەکێک لەو شارانەی خۆراسان و ئەو زەمانە، هەواڵیان هێنا بۆ عارفێکی بەرماڵدروی فەرشچن و وتیان ڕیزێک دوکان گڕی گرتوە لە گوزەری کۆیلەفرۆشان «سوق النخاسين» بەڵام خەمت نەبێ ئەوەی تۆ نەسوتاوەو سەلامەتە، عارفەکە خێرا ووتی (الحمدلله)

دواتر عاریفەکە یەک حەوتوو خەوی لێنەکەوت و بیری کەوتەوە سوپاسی خوا لەکاتێکی سەختی ئاوا کە خەڵکی تر ماڵوێران بوون و دوکانیان سوتاوە کاری نەکردەیەو ئەوپەڕی ئەنانیەت و بێ ئیتقان و ناکامڵە بۆ کەسی کامڵی خواناس، ڕاستە وشەکە زیکرو سوپاسگوزارییە بۆ خوا، بەڵام سوکناییەکی شەڕەنگێزانەیەو پڕیەتی لە ئەنانیەت، دیققەت و بەسیرەت و هەستکردن بەئازاری ئەوانی تری تێدا نیە، بۆیە عاریفەکە دەستیکرد بە تەوبەو ئیستیغفارو گریان و نەزری کرد لەسەر خۆی ئەبێ هەتا مردن (أستغفرلله) بکات لەبری یەک (الحمدلله) کەلەجێی خۆیدا بەکاری نەهێناو دژی خەڵک و خوا کەوتەوە.

تۆ ئەمریکات خۆشناوێ دیاردەیەکی دەرونناسی و سۆسیۆلۆژیی کۆنی جیهانی ئیسلامیەو ڕیشەی هەیەو وادەزانی خوای گەورە ئەو جیهادە قەلبیەی دەوێ دەی وانیە، ئەوە هەڵەیەو مێشکت دیاری کردوە، نابێ ئەو ڕقە بگوازیتەوە بۆ کارەساتەکانیان و حەز بەمەرگیان بکەیت لەکاتێکدا ئەوانیش مرۆڤن و برای تۆن، لەزەینی خۆتدا ئەو ڕقە هەڵمەگرەو بیری لێمەکەرەوە.

بەپێچەوانەشەوە، دژی ئیسلامی سیاسیت مەیخەرە مێشکتەوە کە مەعبەدخانەو مزگەوت و سەدەقاتیش ئیدی خراپەو دژی زانایانی ئیسلام و شەریعەتەکەی بوەستیتەوە چونکە زەینت وێران دەبێ بەو هەموو دژیەکانە، بۆچی دەبێ تۆ ڕقت لە فارس و تورک و عەرەب بێ لەبەرئەوەی سیستمەکانیان کوردیان تیکە تیکە کردوە، ئاخر خۆ ئەوە زمان و فەرهەنگ و موزیک و سەماو عیشق و خۆشەویستی گەلان نیە ئەوەی خوڵقاندوە کورد پەرت بێ نیزامەکانە، تۆ دژی نیزامەکە بوەستە نەک نەژادو شارستانێتیەکە، ئەوە خراپەکاری و دژیەکی و ئاڵۆزیە زەینی و ئیمانیەکانەو مرۆڤ دەهاڕێ، بۆیە لەزەینی خۆتدا ئەوە حەل نەکەیت کە عادیل و ئیسڵاحخوازو ئاشتیخوازبیت وەک پەیامبەران تۆ لەوێرانەیەکی زەینی و فەوزەویی و نیفاقدا دەژیت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP