دواین هەواڵ

سەردانی ئەم جارەی سەرۆک

‌ئاریان فەرەج

01/05/2024

دواجار هەوڵەكانی چەند ساڵی رابردووی سەرۆكی هەرێمی کوردستان، بۆ گەیشتنە لێكگەیشتنێكی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگانەی دەهاتنە پێشی و دەخرانە پێشی، بە ئاكام گەیشتن. سەفەری ئەم جارەی سەرۆك بۆ بەغدا لە هەر جار سەركەوتووتر بوو. بەغدا لەگەڵ باوەشی گەرم و كراوەیدا، لە هەر جار زیاتر بۆ بەپیرەوەهاتن و پەسندكردن و پەیڕەوكردنی روانگەی چارەسەرخوازانەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، ئامادەیی نیشاندا و ئەم ئامادەییەش لە لێدوانی سەركردە و كارەكتەرە سیاسییە كاریگەرەكانی بەغدادا بە روونی رەنگیدایەوە.

سەرئەنجام زەمینەی باوەڕهێنان بەو راستییە هاتە ئاراوە كە هەولێر و بەغدا چەند ساڵێكە لە ململانێی یەكتریدا، تەنیا توانا و كات بۆ بەدیهێنانی مەحاڵ بەفیڕۆدەدەن، دەنا نە بەغدا دەتوانێت هەرێمی کوردستان بگێڕێتەوە بۆ پێش دەستوور، نە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بەبێ پشتیوانیی بەغدا بەڕێوەبچێت، نە دەرفەت بۆ كورد هەیە لە دەرەوەی ئەو جوگرافیا سیاسییەدا هەبێت، نە زەمینەیەك بۆ هەراشبوونەوەی بیری شۆڤێنی و نكۆڵیكردن لە كورد و مافەكانی ماوە. نە لەقاڵبدانی كوردستان و ئابڵوقەدانی خەڵكەكەی، هەیبەت و هێز بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە و سوودێك بە خەڵكی عێراق دەگەیێنێت، نە كوردستانیش بێ منەت لە بەغدا و سەرەڕای ئاستەنگ و ئابڵوقەی ئەوان دەتوانێت درێژە بە گەشەی خۆی بدات. نە هیچ سوود و خێر و قازانجێكیش لەم ململانێ بێ جەدوایەدا بۆ هیچ لایەكیان هەبووە و هەیە. كەچی لە حاڵێكدا بە پێچەوانەی ئەم كوێرەڕێی یەكتربڕین و ململانێ عەبەسییەی بە هیچ جۆرێك گوزارشت لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق ناكات، رێگەیەكی دیكەی كراوەی پشتیوانكراوی نێودەوڵەتی لەبەردەم هەردوولادا هەیە كە چەند ساڵێكە سەرۆكی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات هەموو لایەك بیبینن و بیگرنەبەر: رێگەی دروستكردنەوەی متمانە و بەهێزكردنەوەی ئینتیما و پێكەوە ئاوەدانكردنەوەی دیوەخانی سیاسیی بەغدا، پێكەوەبوون و پێكەوە بڕیاردان لەئاست پرسە هاوبەشەكان، خۆبەخاوەنكردن لە پرس و كێشەی یەكتر، دەستگرتن بە بەرژەوەندی و سوودی پێكەوەگرێدراوی كۆی خەڵكی وڵاتەكە. رێگەی دابینكردنی سەقامگیری و یەكگرتوویی نیشتمانی، گێڕانەوەی ئیرادە و سەروەری و سەربەخۆیی بڕیار بۆ عێراق، گرتنەبەری رێگەی ئایندە، رێگەی پەرەپێدان و  پێشكەوتن و بنیاتنانی دواڕۆژ. 

لە راستی دا دوو لەو دەستكەوتانەی لەم سەردانەدا بەدیهاتن و دوو لەو كێشانەی چارەی بنەڕەتییان بۆ دۆزرایەوە، دەكرێت وەكو نموونە دەستنیشان بكەین بۆ ئەو لێكگەیشتن و پەرۆشییە هاوبەشەی كە لە بەغدا وا دێتەئاراوە و لەم سەردانەدا بەروونی بینران، ئەوانیش: پرسی مووچە و پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانن.

پرسی مووچە لەسەر بنەمایەكی پتەو  چارەسەركرا كە ئیدی دەبێ لە ئایندەی نزیك دا چیتر مووچە و هاتنی مووچە نەبنە مژدە و نەبنە سەردێڕی هەواڵ. نزیكبونەوەی دەستەبژێری سیاسیی بەغدا لە روانگەی چارەسەرخوازانەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و پەسندكردنی ئەو روانگەیە وەك چاكەخوازییەكی نیازپاكانە بۆ بەرژەوەندی و خێری تەواوی عێراقییەكان، سەنەدێكی جێگەی متمانەی كۆتاییهێنانە بە گرفتی مووچە و بژێویی خەڵكی كوردستان. جگە لەوەی گرفتەكە لەڕووی یاسایی و بە بڕیاری دادگای فیدڕالییش كۆنكرێتییانە چارەسەر كراوە، ئەو  بەڵێنەش بۆ سەرۆكی هەرێمی کوردستان دووپاتكرایەوە كە چیتر مووچەی خەڵك تێكەڵی هیچ ناكۆكییەكی سیاسی ناكرێت.

پرسی هەڵبژاردنی كوردستان و پەرۆشیی و خۆبەبەشدار زانینی دامەزراوە فیدرالییەکان و دەستەبژێری سیاسیی بەغدا لەوبارەیەوە، خەمخۆرییان بۆ ئەوەی كە بە " سازان و بەشداریی هەموو لایەنەكان و هەموو پێكهاتەكان و پاك و یەكسان و عادیلانە" بەڕێوەبچێت، ئاماژەیەكی دیكەی قوڵی ئەو لێكگەیشتنەیە كە هاتووەتە ئاراوە، لێكگەیشتنێك كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان بەشێوەیەكی سەركەوتووانە، بە سوود و  قازانجی سەقامگیریی كۆی عێراق دەبینێت.

تێگەیشتنی بەغدا لە هەوڵەكانی ئێستای سەرۆكی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن "بە بەشداریی هەمووان و بێ پەراوێزخستن و مافخورانی پێکهاتەکان" بەڕێوەبچێت. هاوكات تێگەیشتنیان لە هەوڵ و تەقەللاكانی ساڵانی رابردوویشی بۆ  ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و بێ دواكەوتن،  پشتگیرییە لە روانگەی نیشتمانی و كوردستانی و خەمخۆرانەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كە دوا ئامانجی لە سازدانی هەڵبژاردن، سەركەوتنی كوردستان و بەهێزبوونەوەو گەڕانەی شەرعیەت و گەلپەسەندییە بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی کوردستان.

ئەم جارە پرسی مووچە و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە لێک تێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدا چارەسەرکرا، ئەوە چارەسەرێکی پتەوە. پاراستنی ئەو لێک تێگەیشتنە چارەسەرەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP