سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ جەنابی سوودانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و تەقەلاكانی میوانەكەی لە دێڕێكدا كورتكردەوە و گوتی: نێچیرڤان بارزانی لە هەموو ئەو دۆسیە گرنگانەدا ئامادەیە كە پەیوەندییان بە ژیان و بژێویی هاووڵاتییانەوە هەیە.
رەنگە هەر ئەو راستییە كە جەنابی سوودانی وەك شاهیدێكی بە ویژدان باسی لێوەكرد، هۆكاری سەرەكی بێت كە: تەنانەت لەو كاتانەشدا كە بارگرژیی نێوان هەولێر و بەغدا دەگەیشتە ئەوپەڕی و لای ئەوانەوە دەنگی شۆڤێنیی دژە كورد، بێ شەرمانە بەرز دەبووەوە و لای خۆشمانەوە جڵەو بۆ كوڕوكاڵی خوێنگەرمی كەم ئەزموون شل دەكرا عێراق بدەنە بەر تانە و تەشەر و بەغدا (كە نیوەی كاربەدەستەكانی كوردن) ناو بنێن پایتەختی ئیحتلال. تەنانەت ئەو كاتانەش كە جەسارەت دەكرا هەموو رووكردنە بەغدایەك بە جۆرێك لە عێراقچێتی و موونەرمیی نەتەوەیی هەژمار بكرێ، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی هەر نەیدەهێشت كارەكە لە گرێژنە دەرچێ و رایەڵەكان بپچڕێن. ئەو لە چركەساتە زۆر گرژەكانیشدا هەر باوەڕی وابوو كە سیاسەت گەر پەرۆشی بێت بۆ ماف و ژیان و بژێوی و بەرژەوەندیی خەڵك، دەبێ پڕ بێت لە نەفەسی گفتوگۆخوازی و حەوسەڵەی دانوستاندنی ماندوونەناسی نەرمی نوێنی بیهن فرەوان، نەفەسێك تێبگات كە ئیدارەی ژیانی میللەتێكی زەحمەتدیدە لە هاوكێشە ئاڵۆز و بێ رەحم و بەیەكداچووەكانی سیاسەتدا، ئەوپەڕی حیكمەت، میانەڕەوی، دەست خستنە دەستی هەمووان، نزیككردنەوەی دوورییەكان، رەواندنەوەی رق و گومان، هەڵچنینی متمانە و دۆزینەوەی ئەو پانتاییە هاوبەشانەی دەوێت كە ماف و بەرژەوەندی و ویستی هەمووانی تێدا جێ ببێتەوە.
لە هەموو قۆناخەكانی پەیوەندیی گرژی نێوان بەغدا و هەولێردا، نێچیرڤان بارزانی هەرگیز لەو حەقیقەتە غافڵ نەدەبوو كە ئێمە و بەغدا جوگرافیایەكی پێكەوەلكاو و چارەنووسێكی پێكەوەگرێدراو شەریكایەتییەكی شەتەكدراو، مەحكومی كردووین بە پێكەوە هەڵكردن و تەحەمول كردنی یەكدی. بۆیەش بۆ علاجی ناكۆكییەكانمان، جگە لە گفتوگۆ، لەبەردەم هیچ لایەكماندا دەرەتانی دیكە نییە. نە ئەوان رێگەیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ مەركەزیەت و خۆسەپێنی و نكۆڵی لە وجود و مافی كورد، نە لەبەردەم كوردیشدا جگە لە رێگەچارەی لێكگەیشتن لەگەڵ بەغدا، هیچ رێگەیەكی دیكە كراوەیە. ئاخر نە رێگە بە ئێمە درا (بە رەواترین بەهانە و هەنجەتیشەوە) ئەم شەراكەتی جوگرافیایە هەڵوەشێنینەوە، نە بۆ ئەوانیش ئاسانە و ئەو زەمەنە ماوە كە بتوانن تەواوی جوگرافیاكە لەسەر خۆیان تاپۆ بكەن و ئێمە نادیدە بگرن. كەواتە هەتاوەکو چاو بڕبكات هەردوولامان مەحكوم و ناچارین بە پێكەوەهەڵكردن و تەحەمولكردنی یەكدی، بەڵام ئەم ناچارییە حوكمی كۆتایی نییە ئەگەر عەقڵانیەت و واقیعبینیی سیاسی و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی میللـەتانی عێراق، هاندەر و هەڵسوڕێنەری نوخبەی سیاسیی هەردوولا بێت، گۆڕینی ئەو (تەحەمولی یەكدیكردن و پێكەوەهەڵكردنی ناچارییە) بە (پێكەوەژیانی بە ویست و خواست) و گواستنەوەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لە ململانێوە بۆ پشتیوانیی یەكدی و لە دڕدۆنگییەوە بۆ شەریكایەتیی راستەقینە، مەحاڵ نییە.
بە واقیعبینی و تێگەیشتنی قووڵ لە دەوڵەتی شەریكایەتی، بەغدا قووڵایی ستراتیجی كوردستانە، كاربەدەستانی كورد دەبێ لە سەروەری و هێز و توانای ئەو قووڵاییە ستراتیجییە كەڵكی سیاسی وەربگرن و كارێك بكەن هاووڵاتییانی كوردستانیش، لە هەموو ئەو ماف و شایستانە سوودمەند بن كە هاووڵاتییانی دیكەی دەوڵەتەكە هەیانە. ئەم روانگە واقیعبینە دەبێ بەرەو دەستپێوەگرتن و خۆبەخاوەنكردنی زیاتری عێراق و خەمخۆریی زیاتر لە راستەڕێبوونەوەی و داڕشتنی روانگەی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی هانمان بدات و بەرژەوەندیی گەلەكەشمان هەر لەوەدایە. جا چەندی ئێمەی كورد بە بڕواوە ئەو راستییەی سەرەوەمان قبووڵ بێت، ئەوەندە بە دەنگێكی دلێر دەتوانین بە نوخبە و شەقامی شەریكە عەرەبەكەشمان بڵێین: ئێوەش دەبێ دەست لەو باوەڕە نەزۆكە هەڵگرن، كە پێیوایە لەقاڵبدانی كوردستان و گوشار بۆ سەر هاووڵاتییانی و دژایەتیی فیدراڵیزم لە خزمەت یەكپارچەیی عێراقدایە!
لە راستیدا چەندی یەكدی بێنین و ببەین، لە كۆتاییدا چارەیەك نییە جگە لە گەیشتنی هەردوولامان بەو باوەڕەی: نە ئەوان بە ئیفلیجكردنی گەشەی كوردستان، گەشە دەكەن و بەهێزدەبن، نە ئێمەش لەژێر ئاستەنگ و ئابڵوقەی ئەواندا دەتوانین درێژە بە گەشەی خۆمان بدەین. نە ئەوان تا ئەبەد دەبێ دیلی ئەو ترسە وەهمییە بن كە فیدراڵیزم هەڕەشەیە لەسەر عێراق و دابەشی دەكات، نە ئێمەش دەبێ ئەو هەستەیان بدەینێ كە وەك قۆناخ و بەردەبازێك بەرەو ئامانجێكی دیكە لە فیدراڵیزم دەڕوانین.
هەمیشە یەك لە ئامانجەكانی هەر سەردانێكی سەرۆكی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا رەواندنەوەی ئەو هەستە تاڵ و نادروستەیە كە كورد گوایە تەنیا بە دوای بودجە و بەركەوت و بەرژەوەندیی خۆیەوەیەتی و هیچ باكی بە عێراق و گرفتارییەكانی عێراق نییە. لەو پێودانگەوە سەردانی ئەمجارەش هاوكات هەم بۆ سۆراخی كاروباری هەرێمە و هەم بۆ خۆ بەساحێب كردن لە كاروباری عێراقیش. هەم بۆ دڵنیابوون و پشتڕاستكردنەوەی بەردەوامبوونی مووچە و چارەی نەوتی وەستێندراوی هەرێمە و سوودانی گوتەنی: بەدوای دۆسییەكانی بژێوی و گوزەرانی خەڵكەوەیە، هەم بۆ هاودەنگییە لەگەڵ سیاسەتكارانی عێراق بۆ پشتیوانیی سەرۆكوەزیران بەر لە سەردانەكەی بۆ واشنتۆن كە وەك رووداوێكی گرنگ، بۆ هەموو لایەكمان لە عێراقدا جێی بایەخە.