دواین هەواڵ

کەى جەنگى ئەمریکا و ئێران دەقەومێ؟

‌د. سەردار قادر

03/02/2024

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەردەوام دەکرێ، بەردەوام شرۆڤەى جۆراوجۆر دەبینرێ، مانشێتەکان بەو گوتە و پرسیارە دەڕازێنرێنەوە و دەکرێن، هەندێکیان بۆ مارکێتینگى سایت و میدیا و هەندێکی تریشیان بەجددى بە دواى وەڵامەکەیدا وێڵن و، دەگەڕێن تا بگەنە ئاکامێک؛ ئاخر ناکرێت دوو دەوڵەت بەردەوام هەڕەشە لە یەکتر بکەن و هەندێ جاریش هێز بەرانبەر یەکدی بەکار بهێنن، بوترێ هیچیان نایانەوێ بچنە ناو جەنگەوە و، تەنیا ئەوەندەیە کە بە هەندێ گرووپ و ڕێکخراوى چەکدار داخی خۆیان بەرانبەر یەکدی خاڵی دەکەنەوە. هەندێکی تریش واى بۆ دەچن کە ڕاستە ئەو دوو هێزە دژى یەکدین، بەڵام دەرەنجام لە ستراتیژییەتى خۆیاندا وەک دوو دوژمنى هاوپەیمان دەردەکەون. هەندێکی دیش زۆر ڕاشکاوانە باس لەوە دەکەن، کە مەبەستى ئەمریکا ڕادەستکردنى ناوچەکەیە بە ئێران و ڕووسیا و چین؛ بۆ ئەو مەبەستەیش لەو ڕێگەیەوە دەیەوێ ئێران زیاتر بەهێز بکات و هەژموونى بەسەر تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بکێشێ. کۆرکەر کە باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە ئەفغانستان هەمیشە دەیوتەوە: هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەستى بۆ نەبراوە، کە پێشتر هەماهەنگى لەگەڵ ئێران نەکرابێ. لەو بارەیەیشەوە لەلایەن لێکۆڵەر و بەرپرسانی ئەمریکییەوە ڕەخنە و گازەندە لە سیاسەتى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆر خراوەتە ڕوو؛ تەنانەت هەندێکیان گەیشتوونەتە ئەو بەرەنجامەى کە ئەگەر ئەمریکا بەو دۆخەوە بەردەوام بێت، ئەوا لە سەرکردایەتیى جیهان دەکەوێت و چین و ڕووسیا شوێنى دەگرنەوە، بەتایبەت لە شوێنە ستراتیژییەکانى دونیا.

ئێران بۆچی داشی سوارە؟ دڵی بە چی خۆشە؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ وەڵام بدرێتەوە؛ چەپۆکوەشاندن، بۆردوومان، چاوسوورکردنەوە، کوشتن، وێرانکارى، هەڕەشە، هەموویان هیچ بەرەوهەڵکشانێک نابینن، ئایا نهێنییەکە لە کۆێیە و چییە؟ ئایا ئەمریکا لە جەنگ دەترسێ و ناتوانێ ڕووبەڕووى ئێران ببێتەوە؟ یان ئێران هەندێ هەڕەشە دەکات و لەلایەن گرووپە وەلائییەکانییەوە چەند هێرشێک دەکات و زوو فریاى ئەوە دەکەوێ دۆخەکە هەڵنەکشێ و گوتارێکی میانڕەوانە دەخاتە ڕوو؛ لە لایەک بۆ ئەوەى خۆى لە جەنگ بپارێزێ و لە لایەکی تریشەوە دەرچەیەک بۆ ئەمریکا دروست دەکات تا دەرفەتێکی هەبێ بە عارەقەى ناوچەوان لە پەرچەکردارێکی توند لە دژى ئێران و گرووپە وەلائییەکان خاو بکاتەوە؛ لەو حاڵەتەیشدا ئێران براوەیە و ئەمریکاش هەڵوێستى نەرم دەنوێنێ. کەواتە ئێرانیش تەنیا سیاسەتى شەکەتکردنى ئەمریکاى هەیە و هیچ مەبەستێکی جەنگى لە دوا نییە. بەڵام وەڵامی پرسیارەکە هەر ماوە: بۆچی ئێران لە قەومانى جەنگ ناترسێ و زۆر بێباکانە مامەڵە دەکات؟ بۆ ئەو وەڵامە، پێویستە ئاماژە بە چەند ڕەهەندێک بکەین، لەوانەیش:

سیستەمى حوکمڕانی لە ئێران تەواو لەو ڕاستییە حاڵی بووە، کە تا ئێستا ئەمریکا هیچ ئەلتەرناتیڤێکی بۆ حوکمڕانیی ئێران دواى “خامەنەیی” پێ نییە، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش لاى ئەمریکا نەگەیشتۆتە ئاستێکی پێگەیشتوو کە ئەمریکا بتوانێ پشتی پێ ببەستێ، خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانیش لاى ئەمریکا تەنیا بۆ گوشار و خەریککردنى ڕژێمی کۆمارى ئیسلامییە و مەبەست لێی ڕووخانى ئەو ڕژێمە نییە. هەر بۆیە ئەمریکییەکان زۆر ڕاشکاوانە ئەو پەیامەیان بە جەماوەرى ڕاپەڕیوی ئێران گەیاندووە، کە هیچ نییەتێک لاى ئەمریکا نییە سەبارەت بە ڕووخاندنى دەسەڵاتى سیاسیی ئێران. هەر بۆیە خۆپێشاندانەکان بێ پشتیوانیى نێودەوڵەتى مانەوە و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ کاریگەرى و ژمارەیان کەم بووەوە و دواتر لەلایەن دەسەڵاتەوە دامرکێندرانەوە. با تەنیا ئەوەندە بڵێین کە ئایا لە هیچ حاڵەتێکدا گۆڕانکارى لە دەسەڵاتى سیاسیی ئێراندا ناکرێ؟ ئەگەر وەک گۆڕانکاریى ڕیشەیی لە تەواوى سیستەمەکە سەیر بکرێ، نەخێر هێچ پێشنیار یان پلانێک لە ئارادا نییە؛ چونکە ئەزموونى عێراق ئەو پەندەى بە ئەمریکا دا، کە گرفت ڕووخان یان لابردنى ڕژێمەکە نییە، بەڵکوو بەڕێوەبردنى قەیرانەکەیە لە دواى ڕووخانى دەسەڵاتە سیاسییەکە. ئەوەیش لاى ئەمریکییەکان سەلماوە کە پێکهاتە و دۆخی ئێران زۆر لەوەى عێراق دژوارترە و کۆنترۆڵکردنى کارێکی ئەستەم و مەحاڵە. ئەی گۆڕانکارییەکە ئەگەر ببێ، لە کام ئاستەدا دەبێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە ئەمەیە: لاوازکردنى ئێران و نانەوەى ئاشوب و گۆڕینی ئەوانەى کە ئێستا لە دەسەڵاتن بە چەند کەسێکی دی، کە دواتر لەگەڵ ئەمریکا دۆست بن و بایەخ بە سیستەمى دیموکراتى بدەن بۆ ئێران. ئەودەمیش ئەوەندەى کە پێکهاتەکانى ئێران بەخۆیانەوە خەریک دەبن، ئەوەندە ئەجێنداى دەرەکییان نامێنێ. کەواتە ئێرانییەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەى کە ئەمریکییەکان تا ئێستا نە مەبەستى ڕووخانى دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانیان هەیە و نە ئەلتێرناتیڤیشیان بۆ ئەوان هەیە؛ تەنیا گوشارە و بەس.

ئەمریکا لە سێ ئەزموونى سیاسی- جەنگیی خۆیدا (ڤێتنام، ئەفغانستان، عێراق)، ئەوەندە پەندى وەرگرتووە کە گەر بچێتە ناو جەنگی درێژخانەوە، بەسەلامەتى و سەرکەوتوویی لێی دەرناچێ. هەر بۆیە ئێرانییەکان لەوە دڵنیان کە ئەمریکا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەى کە ئەگەر لەگەڵ ئێران بجەنگێ، ئەوا دەبێتە جەنگێکی سەرتاسەرى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، کۆنترۆڵکردنى ئەستەمە و بەرەنجامەکانیش دیار نین.

ئێرانییەکان لەوە دڵنیان کە ئەمریکا هەم لەسەر ئاستى ناوخۆ و هەم لەسەر ئاستى هاوپەیمانەکانى، تا ئێستا ئامادەباشیی بۆ ئەو جەنگە نییە و خۆى لێ دەدزێتەوە و خۆى بەدوور دەگرێ، چونکە جەنگێکی پڕتێچوو دەبێ، لەسەر هەر سێ ئاستى: هاوپەیمانیى سیاسی، گیانی، ماددی. ئەو بارودۆخەیش هەر لە بەرژەوەندیى ئێرانە بۆ زیاتر هەژموون و تۆکمەکردنى خوى لە ناوچەکەدا؛ ئەوەى کە خۆیشی نەیتوانی، لە ڕێگەى گرووپە وەلائییەکانییەوە دەیکا.

ئێرانییەکان بەوە کەیفخۆشن، کە ئەمریکا تا ئێستا نەیتوانیوە بەرەکی سیاسیی نێودەوڵەتى لە دژی ئێران بۆ جەنگ ئامادە بکات لەسەر هەرسێ ئاستى ئەوروپا و ناوچەکە و ئەنجومەنى ئاسایش. بە شێوەیەک نەک لەسەر ئاستى ناوچەکە پشتیوانی لەو ڕایە ناکرێ، بەڵکوو هەوڵی پشتکردنە ئەمریکاش ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لەلایەن دەوڵەتانى ناوچەکەوە ڕوولە زیادبوونە. تەنانەت ئەمریکا تواناى سەپاندنى مەرجە ستراتیژییەکانى بەسەر هاوپەیمانییە دێرین و کلاسیکییەکانیشى نەماوە. لەسەر ئاستى ئەوروپاش، دەوڵەتانى ئەو کیشوەرە هێشتا نەگەیشتوونەتە بەرەنجامێک لە جەنگى ئۆکرانیا و ڕووسیا، تا خۆیان بدەنە بەر جەنگێکی تر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە مەودا و تێچوو و لایەنەکانى فراوانترن. کەواتە ئێران لەوەیشدا لە دەستەوەستانى ئەمریکا باش حاڵی بووە، کە مامەڵەى ئەمریکا لە سنوور و ئاستى هەڕەشە و هەندێ لێدان لە بارەگاى گرووپە وەلائییەکانى، زیاتر تێ ناپەڕێ و بەرەنجام هەر ئەو بەهەژموونتر و تۆکمەتر دەبێ.

ئەوەندەى کە ئێران لەسەر ئاستی ئاسۆیی تواناى جووڵەى دیپلۆماسی و سەربازی هەیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوەندە ئەمریکا تواناى جووڵەى ئازادی نییە. هەرچەندە ئەمریکا هێزی زۆرە لە ناوچەکە، بەڵام تەنیا لە دەریا و لە هەندێ شوێنی عیراق و سووریا تواناى جووڵەى هەیە؛ هێزەکانى ترى لە کەنداو، پەیوەستن بە سیاسەتى ئەو دەوڵەتانەوە کە نایانەوێ بکەونە حاڵەتى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران. بەمەش ئەمریکا ناتوانێ تەنانەت هێزەکانى خۆیشی لەو دەوڵەتانەوە بەکار بێنێ. کەواتە ئەمریکا لە چوارچێوەیەکى تەسکتردایە لە بەرانبەر ئێران لە بوارى بەکارهێنانى هێز و جووڵەى دیپلۆماسی، چونکە ئەوەى کە ئێران خۆى پێی نەکرێ، بە گرووپە وەلائییەکانى دەیکات؛ تەنانەت لە تەواوى دەوڵەتانى ناوچەکە و، خۆیشی بە بەرپرسیار نازانێ، بۆ نموونە ئەوەى ئوردن، سعوودیا و هتد. پانتایییەکەیش فراوانە لە ئاسیاى ناوەڕاستەوە تا دەگاتە دەریاى ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ دەریاى سوور و عەدەن و بابولمەندەب، تا دەگاتە دەریاى عومان و کەنداو.

ئێرانییەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەى کە ئەمریکا لەم ئانوساتەدا تواناى بەڕێوەبردنى جەنگێکی ترى سەرتاسەریى نییە، هەر بۆیە خۆى لێ بەدوور دەگرێ و نایەوێ تێوە بگلێ. لەوەیش زیاتر، لەوە دەترسێ کە لە بەرەنجامدا تەنیا خۆی و بریتانیا لە جەنگەکەدا بمێننەوە؛ ئەوکاتیش دەبێ تەنیا لە دەریاوە شەڕ بکەن و هیچ وشکانییەکیان بەدەستەوە نابێ. بەڵام ئەو وشکانییەى کە ئێران بەدەستییەوەیە و تەڕاتێنی تێدا دەکات، زۆر فراوانە و بژاردەى زۆرترى لەبەردەمدایە. ئەوەیش وای کردووە کە ئێرانییەکان خۆیان وا دەبینن کە داشیان سوارە و ئەمریکا تەنیا هەڕەشە دەکات و تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى نییە و تواناى بەڕێوەبردنى جەنگی لەگەڵ ئێران تەواو لاوازە.

کەواتە ئێرانییەکان قەناعەتیان وایە کە جەنگى نێوان ئەوان و ئەمریکا جارێ وادەکەى ماویەتى؛ نە ئەوان جەنگیان دەوێ نە ئەمریکا، تەنیا زیاتربوونى ئاشوبە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە ئەویش لە بەرژەوەندیى هەردووکیاندایە. لەو نێوەندەیشدا تا قەومانى جەنگ دەتوانن چەند کارێکى ستراتیژیی باش بۆ خۆیان و گرووپە وەلائییەکانیان بکەن.

ئەی ئێران مەبەستی چییە؟

ئێرانییەکان لە “بەڕێوەبردنى کات” لە سەردەمى قەیراندا گەلێک وریان؛ گەمە بە کات دەکەن لەگەڵ بەرانبەر، بۆ پێگەیشتن و دروستبوونى هاوکێشەى نوێ لە بەرژەوەندیى خۆیان. دەیانەوێ لە نزیکەوە لەگەڵ دوژمن و ڕکابەرەکانیان مامەڵە بکەن. ئەوان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەى کە خۆبەدوورگرتن لە گوشارەکانى ئەمریکا لە بەرژەوەندیى ئەوان نییە. ئەوان دەتوانن بەرانبەر ئەمریکا چەند کارێک بکەن، لەوانە:

شەکەتکردنى ئەمریکا بە هێرشەکانى وەلائییەکانى سەر بە خۆى، بێ ئەوەى هیچ لەسەر خۆى بکەوێ، یان ئەمریکا بوێریى ئەوەى هەبێ لێیان بدات. هەر بۆیە ئەوەى کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گوزەر دەکا، ئەوەى لێ کەوتۆتەوە کە ئەمریکا لە بەردەم سێ سیناریۆدایە لە ناوچەکە بەرانبەر ئێران: یان بەریەککەوتنى ڕاستەوخۆ (کە ئەو بژاردەیەى ناوێ)، یان بەردەوامبوونى ئاشوب و ناسەقامگیری و جەنگی پرۆکسی، بەو شێوازەى کە ئێستا هەیە (ئەمەیش هەر لە بەرژەوەندیى ئێرانە)، یان ئەوەتا چۆڵکردنى ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە (کە ئەوەیش بژاردەیەکی ئاسان نییە و لێکەوتەى زۆرى دەبێت). کەواتە بە هەر سێ سیناریۆکە ئێران توانیویەتى ئەمریکا لە ڕێگەى پرۆکسییەکانى خۆیەوە شەکەت بکات.

ئێران بارودۆخێکی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هێناوەتە ئاراوە کە دووفاقییە؛ لەلایەک ئاشوب دەنێتەوە، لەلایەکی تریش جووڵە بەرەوپێشەوە دەکات، تا زیاتر خۆى قایم بکات و هەژموونى زۆر بێ. ئەگەر سەرنج بدەین، دواى ئەو هەموو گەمارۆ و گوشارانەى وڵاتانى ڕۆژاوا و ناوچەکە لەسەر ئێران، کەچی هەر بەرەوپێش دەچێ لەسەر ئاستى ناوچەکە و هەژموونى ئەمساڵی لە پار زێترە. کەواتە سیاسەتى ئاشوبنانەوە و جووڵەى خۆیی بەرەوپێشەوە پیادە دەکات.

ئێران توانیویەتى کە ئەمریکا بەخۆیەوە خەریک بکات، بەجۆرێک لەسەر ئاستى جەنگى ئۆکراینا و جەنگی پرۆکسییەکانى دژ بە ئەو لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بە جۆرێک کە وڵاتانى ڕۆژاوا کەمتر لە جاران باس لە دروستکردنى چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەکەن، هەر بۆیە ئەو خەریککردنەى ئێران بۆ ئەمریکا وای کردووە کات و بوار بۆخۆى بڕەخسێنێ لە بوارى دەرفەتى دروستکردنى چەکی ئەتۆمی و بالیستی و درۆندا، بە جۆرێک ئەوەندەى کە خەیاڵی وڵاتانى ڕۆژاوا لاى درۆن و موشەکە بالیستییەکانى ئێرانە، کەمتر باس لە چەکە ئەتۆمییەکە دەکەن.

ئەوپەڕی گوشارخستنەسەر ئەمریکا بۆ ئەوەى ئەمریکا مل بدا بە ڕێگەچارەى ئاشتی و سیاسی، گرفتەکانى لەگەڵ ئێران چارەسەر بکات، دواى هەڕەشەکانى وەڵامدانەوەى ئەمریکا بۆ هێرشەکەى، گرووپە وەلائییەکانى سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لەسەر سنوورى ئوردن، لەو بارەیەوە وەزیرى دەرەوەى ئێران وەڵامی هەڕەشەکانى ئەمریکاى دایەوە کە: پێویستە ئەمریکا واز لە زمانى هەڕەشە بێنێ، چونکە هیچ ئاکامێکی نەداوە بەدەستەوە بۆ ئەمریکا، با گرفتەکانمان بە ڕێگەچارەى سیاسی یەکلایی بکەینەوە.

ئەو سیاسەتەى کە ئێران هەیەتی لە بەرانبەر ئەمریکا لە ڕێگەى خۆی و گرووپە وەلائییەکانییەوە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەوەى کە توانیویەتى جۆرێک لە سەرشێوان و ئیستینزاف بۆ ئەمریکا بنێتەوە، بەوەى کە ئەمریکا زۆر خەریک کراوە بەو دۆخەوە و تواناى بەڕێوەبردنى چەند بەرەیەکی قەیرانی لە هەمان کاتدا نەماوە؛ وەک ئۆکراینا و غەززە و نیمچەدورگەى عەرەبی، هەر بۆ ئەو مەبەستە پشتیوانیی چین و ڕووسیاى بۆ خۆى بەدەست هێناوە و لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى پشتیوانى و کارئاسانی بۆ ئێران دەکەن، چونکە ئەو دۆخەى کە ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سەرکردایەتی دەکات، بۆتە مایەى کەمکردنەوەى گوشارەکانى ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سەر چین و ڕووسیا.

ئەمریکا نازانێ لەگەڵ کێ شەڕ بکات. بۆ بەرپەرچدانەوەى درۆنێکی ئێرانی، کە لەوانەیە تێچوویەکی کەمی هەبێ، دەبێ سەدان ئەوەندەى تێچووى ئەو درۆنە، لە خستنەخوارەوەیدا خەرج بکات. جەنگی پرۆکسیی ئێران دژ بە ئەمریکا بەرهەمێکی ئەرێنیی داوە بە ئێران و، ئەمریکاشی هەراسان کردووە؛ لە لایەک ئەمریکا ناتوانێ یاساى نێودەوڵەتى بەسەر ئێراندا جێبەجێ بکات و لە لایەکی تریشەوە ئەو گرووپانە چەند بە تیرۆریست ناوزەد بکات، ناتوانێ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى شەڕیان لە دژ بەرپا بکات، چونکە ئەزموونەکە لەوەى ئەفغانستانى ساڵی 2001 جیاوازە؛ ئەوەى کە ئێستا لە وڵاتانى ڕۆژهەڵات حوکم دەکەن، لە ڕوانگەى یاساى نێودەوڵەتییەوە دەسەڵاتى شەرعین. کەواتە ئەمریکا لەو ڕووەیشەوە دەستى بەستراوە؛ تەنیا ئەوەى پێ بڕاوە، لێدانی هەندێ بارەگا و گەمارۆى ئابووریى چەند کەسایەتى و کۆمپانیایەکە، هەندێ جاریش ئەو کەسایەتییانە هیچ کاریگەر نین و کۆمپانیاکانى سزادراو لەلایەن ئەمریکاوە زۆر جاران وەهمی دەردەچن. بەڵام دەرکردنى سزاکان زۆربەى کات بۆ ڕازیکردنى ڕای گشتیى ناوخۆى ئەمریکایە؛ بەوەى حکوومەتى ئەمریکا هەڵوێستى وەرگرتووە.

ئێران بەهۆى ئەو هەموو گەمارۆ و گوشارانەوە کەوتۆتە ژێر سەقفێکی قورس و شەکەتبووەوە؛ بۆ دۆزینەوەى دەرچەیەک، تین دەداتە خۆى بۆ سووککردن یان شەقکردنى ئەو سەقفە. لەو لایەنەیشەوە ساڵی 2023 لە ڕێگەى وڵاتى چینەوە توانیى هەندێ دەرچەى ناوچەیی لەگەڵ هەندێ وڵات بۆ خۆى بکاتەوە. کەواتە وڵاتانى ناوچەکە تا ڕاددەیەک بە سیاسەتەکانى ئەمریکاوە دژ بە ئێران پابەند نەبوون.

ئێرانییەکان زۆر مەبەستیانە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردندا سەرکەوتوو نەبن، چونکە ئەوەى کە لەوانەیە لە کۆمارییەکان بێتەوە، ترامپ،ە. ترامپیش دەتوانرێ وەک بزنسمانێک مامەڵەى لەگەڵ بکرێت؛ باشترین نموونە کوشتنى قاسم سولەیمانى لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام دۆخەکە بەرەو خراپتر نەچوو.

شەقکردنى یەکڕیزیی جیهانى عەرەبی دژ بە ئێران، بەوەى کە لە هەوڵدایە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەندێ وڵاتى عەرەبی ئاسایی بکاتەوە و لە دۆستایەتیى ئیسرائیل دووریان بخاتەوە، وەک سعوودیا بۆ نموونە.

هەر لەوێوە ئێران پەیامێک بۆ دەوڵەتانى ناوچەکە و خودی دەوڵەتانى دۆستى دەنێرێ، بەوەى ئەگەر جەنگ بقەومێ، ئێوەیش دەکەونە بەر ڕەحمەتى مووشەکەکانمان و گرووپە پرۆکسییەکانمان. ئەمەیش بۆ تەواوى دەوڵەتانى نیمچەدوورگەى عەرەبی دروستە.

ئەی ئەمریکا چیی مەبەستە؟

ئەمریکا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و، ستراتیژییەتێکی ڕوونى نییە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. نە ئەوەیە ئەکتیڤ بێ، نە ئەوەیە بەرەو کشانەوە بچێ. پێ دەچێ تواناکانیشی لە سەرکردایەتیى جیهان پێویستى بە پێداچوونەوە هەبێ؛ ئەمەیش گلەییی چەندان ناوەندى توێژینەوە و سیاسەتى ئەمریکییەکان خۆیانە. بەڵام سەبارەت بەوەى کە ئایا چیی مەبەستە لەو جووڵانەى بەرانبەر بە ئێران:
دەرخستنى مەترسیی ئێران بەسەر دەوڵەتانى ناوچەکەوە و وڵاتانى ئەوروپا. ئەمەیش بیانوویەک دەدا بەو دەوڵەتانە کە بەردەوام پێویستییان بە هێزى پارێزەری ئەمریکا بێ. لە لایەکی تریشەوە ئەو سیاسەتە دەبێتە هۆکار بۆ مانەوەى هێزەکانیان لە ناوچەکە لەسەر داواى دەوڵەتانى ناوچەکە خۆیان.

هێشتنەوەى ناوچەکە و ئێران لە دۆخی ناسەقامگیریدا. گەرچی ئێران لەگەڵ ئەو دۆخە خۆی گونجاندووە، بەڵام دەوڵەتانى ناوچەکە ترسیان هەیە. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا ئەو دۆخە لە بەرژەوەندیى هەردوو لادایە: ئێران و ئەمریکا.

جۆرێکە لە خۆگونجاندن لەگەڵ ڕووداوەکان تا هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا تێ دەپەڕن. هەر بۆیە لەوێوە ئێران گوشار دەکات و ئەوانیش بەرپەرچدانەوەیان توندتر دەبێت. بۆیە لە ئاییندەدا توندییەکان بەرەو هەڵکشانێکی زۆر خراپ دەچن، بەڵام هیچ کامیان جەنگیان ناوێت.

کەمکردنەوەى مەترسییەکان لەسەر هێز و بەرژوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل. بۆ ئەو مەبەستەیش بەردەوام لە هەوڵی خاپوورکردنى ژێرخانى هێزە پرۆکسییەکانى ئێران و هێزەکانى کۆمارى ئیسلامییە لە سووریا.

بەردەوامبوون لە لێدانی گرووپە پرۆکسییەکان تا ئەوپەڕى گوشار؛ بۆ ئەوەى واز لە جووڵەى بۆردوومانکردنى هێزەکانى ئەمریکا بهێنن و ببنە هۆکارى وێرانکارى و خاپوور بۆ وڵاتەکانیان؛ جووڵەکانیان لەلایەن ڕای گشتیى وڵاتانى عێراق و لوبنان و یەمەن و سووریا بێئاکام ببینرێن، تا ئەو گرووپانە بە هۆکارى مەینەتییەکانیان وێنا بکەن.

دروستبوونى جەنگێکی پرۆکسى لە نێوان ئیران و یەکێک لە دەوڵەتانى ناوچەکە. ئێران لەو بوارەدا باش خوێندنەوەى بۆ دۆخەکە کردووە. تاکە دەرچە بۆ جەنگی پرۆکسی لەسەر ئاستى دەوڵەت دژ بە ئێران، تەنیا: پاکستان یان ئەفغانستان ماوە، بەڵام ئەگەرە زۆرەکە بۆ ئەفغانستانە. چوونەدەرەوەى ئەمریکا لەو وڵاتە و تەسلیمکردنى دەسەڵات بە تاڵیبان، لاى ئێران وەک بۆمبێکی نەتەقیو وایە، کە دەبێ بە دەوڵەتێکدا بتەقێتەوە. لەو بارەیەوە ئێرانییەکان تەواو خۆیان دەپارێزن.

ئایا خۆئامادەکردن بۆ جەنگ لە ئارادایە، لەگەڵ ئەوەیشدا کە هیچ کامیان نیازی جەنگیان نییە؟

وەڵامی ئەو پرسیارە “بەڵێ”یە. لە دوایین لێدوانیدا بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، لەسەر ڕەوشی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕای گەیاند: دۆخی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆر لە ساڵی 1973 مەترسیدارترە؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە بەردەوام هێز و تەقەمەنى و فڕۆکەى F35 و پێداویستیى جەنگ لەلایەن ئەمریکا و هەندێ وڵاتانى ئەوروپییەوە دێتە ناوچەکە. کەواتە بونیادی جەنگ هەیە، ئامادەکارییشی بۆ دەکرێ؛ بەڵام کەى و لە کوێوە دەست پێ دەکات؟ جارێ دیار نییە.

کەواتە کەى جەنگ دەقەومێ؟

بۆ وەڵامى ئەو پرسیارە، پێویستە سێ ڕەهەند ڕۆشن ببنەوە و زیاتر ببنە دیفاکتۆ، ئەودەم دەقەومێ، ئەوانیش:

تەواوبوون و یەکلابوونەوەى جەنگى غەززە، بە هۆکارى سەربازی یان سیاسی؛ بەو شێوازەى کە هیچ مەترسییەکى بۆ سەر ئاسایش و دەوڵەتى ئیسرائیل نەبێ. ئەوەیش کاتی دەوێ. هەر بۆیە ئێران گوشارەکانى لەو بارەیەوە چڕ کردۆتەوە، تا بۆى ڕوون ببێتەوە کە ئایا نیازێک بۆ جەنگ لەلایەن دەوڵەتانى ئەوروپی و ئەمریکاوە دژ بە کۆمارى ئیسلامی هەیە یان نا؟ ئەگەر هەیە، لە بەرژەوەندیى ئێرانە ڕووداوەکان پێش بخات، بە جۆرێک ئێستا جەنگ ئەگەر ڕوو بدا، لە بەرژەوەندیى ئێرانە نەک ئەمریکا، چونکە بە هیچ جۆرێک ناتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێ و جەنگی ئۆکرانیاش یەکلایی نەبۆتەوە و غەززەش هیچ ئەنجامێکی بەدەستەوە نەداوە بۆ هیچ کام لە لایەنەکانى جەنگ.

تا ئێستا ئەمریکا نەیتوانیوە بەرەیەکی هاوپەیمانی دژ بە ئێران دروست بکات، هەرچەندە خۆیشی بە شێوازێکی جددى ئەو هەوڵەى نەداوە؛ چونکە هیچ نیازێک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ جەنگ لە ئارادا نییە. هەر کاتێک ئەمریکا کەوتە ئەو هەوڵە، ئەودەم جەنگ دەبێتە دیفاکتۆ و، ناتۆ دێتە ناو هاوکێشەکەوە.

تا ئێستا ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپی هیچ نیازێکیان بۆ گۆڕینی سیستەمى سیاسی لە ئێران نییە و هیچ ئەلتەرناتیڤێکیان نەدۆزیوەتەوە وەک شوێنگرەوە. هەر بۆیە لە نێوان دوو گۆڕاودا وەک شوێنگرەوە، مقۆ هەڵدەگرێ: ئایا هیچ کات مەبەستیانە گۆڕانکاریى ڕیشەیی لە سیستەمى حوکمڕانیی ئێراندا بکەن؟ ڕووداوەکان ئەوەیان سەلماند کە نیازێکى لەو شێوەیە لەلایەن وڵاتانى ناتۆوە نییە.

گۆڕاوی دووەم، ئایا مەبەستیان نییە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیستەمى حوکمڕانیی ئێراندا بکەن، ئەگەر بۆیان بلوێ؟ بێ گومان هەیانە، ئەویش گۆڕانکارییەکی نیوەچڵە و لە خودی ڕەحمى کۆمارى ئیسلامییەوە دەردەچێ؛ بەوەى جۆرى سیستەمى حوکمڕانییەکە دەمێنێ، بەڵام ئەکتەر و کەسایەتییەکان دەگۆڕێن و نەهجێکی کراوە و دیموکراسی پەیڕەو دەکەن. کەواتە لەسەر وادەى دەستپێکردنەکە دوو ستراتیژییەتى جیاواز هەیە بۆ جەنگ لە نێوان ناتۆ و ئێران، بەڵام جەنگ هەر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕوو دەدات، حەز بکەین یان نا.

هەر کاتێک دەوڵەتى ئیسرائیل چووە جەنگەوە لەگەڵ دەوڵەتێکی هاوپەیمانى ئێران یان خودى دەوڵەتى ئێران، لەو کاتەدا ئەمریکا و ناتۆ بە ناچارى دەبنە لایەن و پشتیوانى ئیسرائیل، چونکە شەڕکردن دژى ئیسرائیل لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە بەپێی هاوپەیمانیى ستراتیژیى نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە ساڵی 1983دا مۆر کراوە، ئەو مەبەستە دەدا بەدەستەوە؛ واتە وەک ئەوە وایە دژ بە ئەمریکا بێت. ئیسرائیل نیازی تێوەگلاندنى ئەمریکا و ناتۆى لە جەنگ دژى ئێران هەیە، بەڵام تا ئێستا مل نەدراوە بۆ ئەو بژاردەیە لەلایەن ئەمریکا و ناتۆ.

ئەگەر جەنگ قەوما، لە کوێوە دەست پێ دەکات؟

لەو بارەیەوە جیاوازى لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، کە لە کام گۆڕەپاندا بەیەکدا بدەن، ئەویش لەسەر بنەماى سێ سیناریۆ:

ئایا جەنگ لەگەڵ ئێران ڕاستەوخۆ دەقەومێ؟ وەڵامەکە تا ئەم ساتە “نەخێر”ە، نەک ئێران مەبەستى نییە، بەڵکوو ئەمریکا و ناتۆ ئامادەى ئەو جەنگە نین. ئەزموونى عیراق و ئەفغانستان پەندی زۆر دەدەن، بەوەى کە بردنەوەى جەنگ لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە ئاسانە، بەڵام بەڕێوەبردنى قەیران لە دواى جەنگ ئاسان نییە. کەواتە ئەم سیناریۆیە لاى هیچ کامیان لەم ساتەوەختەدا بیری لێ ناکرێتەوە.
ئایا جەنگ لە عێراقەوە دەست پێ دەکات؟ وەڵامەکە بۆ ئێران “بەڵێ”یە، بەوەى ئەگەر جەنگ لەگەڵ ئەمریکا ڕوو بدا، لە عێراقەوە دەست پێ بکات؛ چونکە بەئاسانی دەستی پێی ڕادەگات و لە مەوداى نفووز و هەژموونى نزیکی خۆیدایە و دەتوانێ لەلایەن گرووپە وەلائییەکانەوە ئەمریکا لە عێراق هەراسان بکات. ئەو سیناریۆیە لاى ئێرانییەکان پەسەندە بەڵام لاى ئەمریکییەکان نا، چونکە ئەمریکا لە عێراق لە مەوداى هێزەکانییەوە دوورە و تواناى جووڵەى ئاسان نییە؛ تەنیا دەبێ پشت بە هێزى ئاسمانی و دەریایی و بۆردوومانکردن لە دوورەوە، ببەستێ.

ئایا جەنگ لە سووریا و لوبنان و یەمەنەوە دەست پێ دەکات؟ ئەم سیناریۆیە لاى ئەمریکا و ئیسرائیل پەسەندە هەر کاتێک کە نیازی جەنگ هەبوو؛ چونکە ئەگەر بقەومێ، گومان لەوەدا نییە کە ئیسرائیلیش دەبێتە لایەن. ئەودەم حزبوڵڵا لە لوبنان زەفەر دێنێ و ئیسرائیل هەراسان دەکات. هەر بۆیە لە هەنگاوی یەکەم، دەبێ مەترسییەکانى سەر ئیسرائیل نەمێنن؛ ئەودەم جەنگ لەگەڵ سەرى مارەکە دەست پێ بکات. ئەو زۆنە بەپێچەوانەى عێراقەوە، ئەمریکا و ناتۆ و ئیسرائیل بەئاسانی دەستیان پێی ڕادەگا و سەبارەت بە ئێرانیش دوورەدەست؛ چونکە ئەگەر جەنگ قەوما، یەکەم جار لەگەڵ هێزە پرۆکسییەکانى ئێران دەبێ، واتە لە لوبنان و سووریا و یەمەن. بەڵام ئەوەندەى ئێران بە جەنگ لە دژى حزبوڵڵا هەراسان دەبێ، ئەوەندە بە جەنگ لە دژى حووسییەکان هەراسان نییە. کەواتە سیناریۆى سێیەم لەلایەن ئەمریکا و ناتۆ و ئیسرائیلەوە پەسەندە، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە نا.

کە جەنگ قەوما، چ کارەساتێک دەکەوێتەوە؟

لەسەر ئاستى جیهان دەبێتە قەیرانێکی نێودەوڵەتی و، دونیا دووچارى شەکەتبوون دەکات و ئاسەوارەکەى هەمووى دەگرێتەوە.

لەسەر ئاستى لایەنەکانى جەنگ: بۆ نموونە تەنیا لە نیمچەدوورگەى عەرەبی و ئاسیاى ناوەڕاست، ئەم دەوڵەتانە تێ دەکەون: ئێران، ئەفغانستان، پاکستان، تورکیا، عێراق، سووریا، لوبنان، ئیسرائیل، ئوردن، سعوودیا، یەمەن، عوممان، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن، کوێت؛ ئەمە بێجگە لە وڵاتانى ترى عەرەبیی باکوورى کیشوەرى ئەفریقا و وڵاتانى سەر بە هاوپەیمانیى ناتۆ لە ئەوروپا و هاتنەناوەوەى چین و ڕووسیا.

خەڵکێکی زۆر دەکوژرێ و کارەسات و خاپوور ڕوو دەدات و قەیرانی ئابوورییش دێتە ئاراوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP