دواین هەواڵ

بە گەڕانەوەى سەدر بۆ کایەى پرۆسەى سیاسیی عێراق، چی لە هاوکێشەکان دەگۆڕێت؟

‌د. سەردار قادر

پێش 3 هەفتە

وێناى بارودۆخی ئێستای عێراق

سەقامگیری لە مێژووى سیاسیی عێراق، هیچ کات بەردەوام و هاوتەریب نەبووە لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، تەواوى گرفتەکەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەى کە دەسەڵات بەڕێوە دەبەن؛ هەرگیز پرۆژەیەکی نیشتمانى- دیموکراسییان نەبووە و، پابەند نەبوون بە دەستوورەوە. ئەگەر تۆزقاڵێک وەخۆیان کەوتبن و هێزیان لێ پەیدا بووبێ، پەلامارى دەوروبەرەکەى خۆیان داوە؛ لە پێش هەموویانەوە، ئەوانەى کە لەگەڵ خۆیان هاوڕا نەبوون. ئەو وێنەیە بۆ ئێستاى عێراقیش هەر دروستە؛ وڵاتێک بەبێ قەیرانی بەردەوام، ناتوانێ بژى، گەرچی لەسەر ئاستى گوتارى سیاسی، هەمووان بانگەشەى نیشتمانپەروەرى، دادپەروەرى و برایەتى دەکەن، بەڵام بۆ تۆزقاڵێکیش ناتوانن بەو پڕەنسیپانەوە پابەند بن. ئیدی لەو وەتەرەوە وڵاتەکە و دەسەڵاتە سیاسی و بکەرەکانى هەڵبسەنگێنە. کەسیش نییە گەرەنتیی قۆناغێکی دیی دواى ئێستا بکا، بەڵکوو بەردەوام یان خولانەوەیە لەناو بازنەیەکی بەتاڵ، یان مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە.

عێراق لە ساڵی 2024 لە ژانی وەرچەرخانێکی سەرەکیدایە، بەڵام هەندێ هۆکار ڕای گرتووە. قەیرانەکان هەمان ئەوانەى پێشوون و بەمیرات ماونەتەوە و هی تازەیشی لەسەر کەڵەکە بوون. ئەو قەیرانانەى کە دەسەڵاتى سیاسیی ئێستاى عێراقى سەرقاڵ کردوون:

چۆنێتیى مانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانانە. کورد و سوننە و سەرۆکوەزیرانى عێراق و تەنانەت هەندێ لە ڕەوتە شیعییەکانیش نایانەوێ بچنە دەرەوە، چونکە واقعێکی تری دژوارتر لەوەى ئێستا بۆ وڵات دێتە ئاراوە. ئەوەیش دۆسیەیەکی سەرەکیی سەردانەکەى سوودانییە بۆ ئەمریکا.

بارودۆخی ئابووریى وڵات تا دێت بەرەو خراپتر دەچێ. حکوومەتى فیدراڵ تا هەنووکە نەیتوانیوە بێجگە لە دابینکردنى مووچە، ئەو بوودجەیەى لە وڵات پەسەند کراوە لە واقعدا جێبەجێی بکات؛ پرۆژەکان وەستاون؛ حکوومەت خۆى خستۆتە ژێر بارگرانییەکى بێشومار و ئەوەندەیش پارەى نەختینەى لەبەردەست نییە؛ بانکی ناوەندیى عێراق بەردەوام دراوى نوێ چاپ دەکات و پێداویستییەکانى پێ دابین دەکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە پرۆژە ستراتیژییەکانى تەواو بکات. وڵاتى عێراق خاوەنى نزیکەى 112 ترلیۆن دینارە، بەڵام تەنیا نزیکەى 15 ترلیۆن دیناری لە بانکەکانى خۆیدایە؛ واتە وڵاتەکە هەر ساتێک بێت مەترسیی مایەپووچبوونى لەسەرە. هەر بۆیە چەندان جار مانگانە چەند ڕۆژێک لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق مووچە بەو هۆکارەوە دوا دەکەوێ؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە قەیرانى دۆلار مەترسییەکى جددیی ئەو وڵاتەیە و هەڵوێستى عێراقی لە بەرامبەر ئەمریکا تەواو لاواز کردووە و کاریگەریى لەسەر پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى سیاسی هەیە.

گرژى لە پەیوەندییەکانى نێوان حکوومەتى فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کەمێک بەرەو خاوبوونەوە دەچێت، بەڵام گەرەنتیى کەمە، چونکە ئەوەى کە ئێستا هەیە و حکوومەتى فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی دەکات، پێچەوانەى ئەجێندا دەرەکییەکەیە؛ پێ ناچێ دواى سێ مانگى تر بەردەوام بێت.

تا ئێستایش تیرۆر هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر ئەم وڵاتە. ئەگەر هێزەکانى هاوپەیمانان نەبن، عێراق تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى لە دژیان نییە. ڕاپۆرتەکانى ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتییش هەر شەش مانگ جارێک ئەو ڕاستییە دووپات دەکەنەوە.

پشێوى و شڵەژاوى و ناسەقامگیری و جەنگ لە ناوچەکە؛ کە هەر ساتێک بێت، دوور نییە عێراق ببێتە لایەن لە هەر جەنگێکی ناوچەیی ئەگەر هەڵبگیرسێ.

نفووزى ئێرانی بەسەر عێراقەوە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ وڵاتەکە بەرەو پشێوى و ململانێ و لێکترازانى زیاترى ناوخۆیی دەبات و هیچ متمانەیەک بە پرۆسەى سیاسیی وڵات نەماوە. ئەو ڕۆڵەیش ڕەوتە وەلائییەکانى سەر بەو وڵاتە لە عێراق دەیگێڕن و دەستیان بەسەر تەواوى جومگەکانى پرۆسەى بڕیاردروستکردنى عێراقدا گرتووە؛ کە ئەمەیش نیگەرانیى هاوپەیمانان و وڵاتانى ناوچەکە و کورد و سوننە و هەندێ لە ڕەوتە شیعییەکانى عێراقی لێ کەوتۆتەوە.
هەڕەشەى ژینگە؛ کە ئەمەیش عێراق دووچارى چەندان قەیرانى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و… دەکاتەوە.

تەواوى ئەو هۆکارانەى سەرەوە، خەریکە زەمینەیەک بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمان دێننە ئاراوە کە لە سەرەتاى 2025 ئەنجام بدرێ.

بەڵام لەو بارەیەوە پرسیارێکى جەوهەرى قوت دەبێتەوە: ئەگەر وڵات بەو شێوەیەیە، ئەدی چی ڕای گرتووە؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێ ئاماژە بە چەند هۆکارێک بدەین، لەوانەیش: ململانێی ئەمریکا و ئێران لەم قۆناغەدا جۆرێک لە خاوبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە؛ هیچ کامیان ویستى ڕووبەڕووبوونەوەى سوپایییان دەرهەق بەویدی نییە. لە لایەکی تریشەوە بەهۆى هاتنەکایەى هەندێ ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا، ململانێ ناوخۆیییەکە کەمێک خاو بۆتەوە، بەتایبەت دواى چارەسەرى کاتى بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم. هەروەها یەکێ لە خاڵەکانى تر ئەوەیە کە خودى چوارچێوەى هەماهەنگی تا ئێستایش هەر بە هاوتەریبی لەنێو خۆیدا ماوەتەوە؛ لەسەر ئاستى پەرلەمان، حکوومەت، ئەنجومەنى پارێزگاکان، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، چونکە چوارچێوەى هەماهەنگی مەبەستییەتى ئەو لە دەسەڵات بمێنێتەوە. لەو پێناوەیشدا بۆ مانەوەى خۆی، هەندێ سازش لەگەڵ ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەکات؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە تا ئێستا گەڕانەوەى ڕەوتى سەدر نەبۆتە بڕیارێکی جددی و هەڕەشە بۆ سەریان.

بەرزیی نرخی نەوتیش یەکێکى ترە لە خاڵە بەهێزەکانى مانەوەى حکوومەتى عێراق، کە لەوێوە دەتوانێ مووچە دابین بکات و کورتهێنانەکانیشی پڕ بکاتەوە. خۆ ئەگەر نرخی نەوت لە خوار حەفتا دۆلار بوایە کارەسات لە وڵات دەقەوما. دواتریش مانەوە و بوونى سوودانى لە دەسەڵات یەکێکى ترە لە بنەماکانى مانەوەى عێراق کە توانیویەتى جۆرێک لە هاوسەنگی بپارێزێ و لەسەر ئاستى جەماوەر خۆى بسەلمێنێ.

کەواتە ئایا سەدر کەى دەگەڕێتەوە ناو پرۆسەى سیاسی؟

گەڕانەوەى سەدر تەنیا بابەتێکی پەیوەست بە کاتە و بەس. ئەو دەگەڕێتەوە ناو پرۆسەى سیاسی لەم حاڵەتانەى خوارەوە: دروستبوونى قەیران و پشێوى، زۆربوونى ناڕەزایەتییەکانى ناو پێکهاتەکانى وڵات، بەتایبەت کە ئێستا نیگەرانییەکانى کورد و سوننە و هەندێ لایەنى شیعی پەرەى سەندووە؛ یان ئەگەر کورد و سوننە داواى لێ بکەن، کە ئەوەیش لەسەر کورد و سوننە زۆر دەشکێتەوە: ئەو وەک ڕۆڵی فریادڕەس بەدەر دەکەوێتەوە، دووبەرەکى و لێکترازانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگی، هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، سەرهەڵدانەوەى خۆپیشاندانەکان وەک ئەوەى ساڵی 2019، لێکنزیکبوونەوەى سوودانی و سەدر، تێکچوونى پەیوەندیی نێوان چوارچێوەى هەماهەنگی و سوودانى، بەتایبەت لەگەڵ مالیکی- چونکە نەبوونی پەیوەندیی دروست لەلایەن بەغداوە لەگەڵ سوننە و کورد زیاتر باکگراوندەکەى لەلایەن مالیکییە و هەر ئەویش هۆکار بووە، دواتر، نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى ساڵی 2025.

دەرفەتى لێکنزیکبوونەوەى سەدر و مالیکی لە دژى سوودانى

ئەو دەرفەتە چانسی کەمە؛ هەرچەندە بۆتە خولیاى مالیکی، بەپێچەوانەى قۆناغی پێشوو. ئەو هۆکارانەیش کە دەبنە ڕێگر، پێ دەچێ چەند جۆرێک بن، وەک: گرفتى بەمەرجەعییەتبوونى سەدر بۆ مالیکی، کە ئەمە بۆ مالیکی جێی قبووڵ نییە و سەدریش بە مافی خۆى دەزانێ. تا ئێستا پەیوەندیی سەدر لەگەڵ سوودانی باشە و، سوودانی لە ماوەى حوکمڕانییەکەى کارێکی واى نەکرد سەدر نیگەران بکات. لەو بارەیەوە مێژوویەکی پڕ لە ململانێ و ناکۆکی لە نێوان سەدر و مالیکیدا هەیە. سەدر مالیکی بە “شێرپەنجەى سیاسیی عێراق” دەزانێ!

 سوودانى لە ماوەى حوکمڕانییەکەیدا تا ڕاددەیەکی باش هاوسەنگیی پاراستووە. سوودانى تا ڕاددەیەک لەلایەن ئەمریکا و ناوچەکەوە کەسایەتییەکى سیاسیی قبووڵکراوە. سەدر هیچ پێویستیى بە مالیکی نییە، چونکە خۆى ڕەوتێکی تەواوە و لەگەڵ هەر لێکنزیکبوونەوەکی جددیی نێوان سەدر و مالیکی، زەرەرمەندى یەکەم سەدرە و قوتاربوونى مالیکییە لە پاشەکشەى سیاسی.

مالیکی لە سوودانى نیگەرانە؟ بەڵێ نیگەرانە، ئەو نیگەرانییەیش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک:

سوودانى پێشتر لەناو ڕەوتى دەوڵەتى یاسادا بوو، بەڵام لە ساڵی 2019 لێی جیا بووەوە و توانیی چەند کورسییەکى پەرلەمان بەدەست بێنێ. ئەو لە پۆستەکانى تریدا وەک پارێزگار و ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا و ئەندامی پەرلەمانى عێراق و وەک وەزیریش، سەرکەوتوو بوو. ئێستا مالیکی نیگەرانى سەرکەوتنەکانى ئەوە؛ وا ئەژمارى دەکات کە لەسەر حیسابی ڕەوتى دەوڵەتى یاسایە و هەر سەرکەوتنێک لە پشکی ئەو کەم دەکاتەوە.

ئەوان بە هەمان شێوازى هێنانى “کازمى”، “سوودانی”شیان پاڵاوت بۆ سەرۆکوەزیران، چونکە هیچ بونیادێکی سیاسیی نەبوو لە پەرلەمان و وەک دەرچەیەک وابوو بۆ قەیرانی ناو ماڵی شیعە، بەوەى کە لەسەر هیچ کام لە لایەنەکان ئەژمار نەکرا. بەڵام ئێستا بەهۆى هاوسەنگی و ئەرێنییەکانییەوە ڕەهەندێکی جەماوەریى بۆ خۆى دروست کردووە کە دەبێتە پاشخانێکی باش بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى داهاتوو.

سوودانى ئارەزووى دەرچوونى هێزەکانى ئەمریکاى نییە؛ ئەو چەند لێدوانانەیش کە پێشتر لەو بارەیەوە ڕای گەیاندووە، بۆ ڕازیکردنى چوارچێوەى هەماهەنگی بووە.

سوودانى لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ سوننە و کورد، ویستێکی ئەرێنیی هەیە.

سوودانى ویستێکی سیاسیی هەیە کە ئەگەر بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى داهاتوو بکات، ئەوا بەتەنیا نایکات، بەڵکوو هاوپەیمانێتییەک پێک دەهێنێ لەگەڵ ئەوانەى کە پێشتر لە چوارچێوەى هەماهەنگی دەرچوون و لەگەڵ هەندێ لایەنى تریش کە نیگەرانن لە هەماهەنگی. لەو بارەیەوە مالیکی وا دەیبینێ کە ئەو بەئامانج دەگیرێ.

هاتنەناوەوەى سوودانى، لەسەر حیسابی مالیکی دەبێت و هەماهەنگى پەرت دەکات و بەرەى سەدریش بەهێز دەبێ.

ئەگەر بەو شێوازەى سەرەوە بوو، چوارچێوەى هەماهەنگی ئەم جارەیان خۆى بۆ کۆ ناکرێتەوە و مالیکی بەتەنیا دەمێنێتەوە.

پەرتبوونى ماڵی شیعە بوێرى لاى سوننە زیاتر دەکات و لە قۆناغی نوێدا دێتە پاڵ پارتى.

لە کاتى هاتنەناوەوەى سوودانى بۆ هەڵبژاردن، تەواوى قەیران و بەرپرسیارێتیی نەرێنیی عێراق دەداتە پاڵ چوارچێوەى هەماهەنگی، لە هەموویشیان زیاتر مالیکی، چونکە ئەو، هەر سێ وەزارەتى هەستیارى نەوت و دارایی و پلاندانانى لایە و بکەرێکی ئەکتیڤیشە لەناو پەرلەمان و، ئەجێنداى نیشتمانییشی لاوازە.

مالیکی لەوە نیگەرانە، کە سوودانى دەتوانێ هاوپەیمانێتییەک لە چەند هێزێکی سەرەکی دروست بکات و نزیکەى 60 کورسیی پەرلەمان بەدەست بێنێ، ئەو هێزانەیش: پارێزگارى بەسرە و کەربەلا و واست و “عەمار حەکیم” و “حەیدەر عەبادی”ن. ئەوەى کە دەمێنێتەوە لە چوارچێوەى هەماهەنگى، تەنیا میلیشیاکان دەبن، ئەوانیش ئابڕووى سیاسییان لاى جەماوەر لە دابەزیندایە و پەیوەندیشیان لەگەڵ مالیکی ئاسایی نییە. هەر بۆیە لەو حاڵەتەدا مالیکی وا دەبینێ کە خۆى بەتەنیا دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زۆرترین گوشارى لایەنى شیعەکان و سوننە و کوردی لەسەر دەبێت؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە خەونى گەڕانەوەى وەک سەرۆکوەزیران لەبار دەچێ. هەر بۆیە مالیکی تەواوى هەوڵی خۆى دەدا تا سوودانى لیست یان هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى داهاتوو پێک نەهێنێ.

ئایا هەر بەڕاست، سوودانى ئەو پێگەیەى هەیە تا مالیکی لێی نیگەران بێت؟

بەڵێ، چونکە سوودانی چەند ڕەهەندێکی بەهێزی هەیە: تا ڕاددەیەک لەسەر ئاستى حکوومەت سەرکەوتوو بوو، هاوسەنگیی لە نێوان لایەنەکاندا پاراست، بوونى پەیوەندییەکى باش لەگەڵ ئەمریکا و کورد و سوننە، بوونى پەیوەندیی باش لەگەڵ سەدر، بوونى پەیوەندیی باش لەگەڵ ئەو لیستانەى کە لەژێر نفووزى چوارچێوەى هەماهەنگی دەرچوون و سەرکەوتنیان بەدەست هێنا وەک لە بەسرە و واسط و کەربەلا، لە عەمار حەکیم و عەبادى تەواو نزیکە، کارلێکی باشی هەیە لەگەڵ جووڵانەوەى تشرین کە بەرەیەکی دژ بە چوارچێوەى هەماهەنگییە، نیگەرانیى جەماوەر لە چوارچێوەى هەماهەنگی و وێناکردنیان بەوەى کە چەند لایەنێکی دژوارن و کارەساتبارن بۆ عێراق و، تەواو بە ئەجێنداى دەرەکی کار دەکەن.

کەواتە داهاتووى سیاسیی سوودانى لەناو پرۆسەى سیاسیی عێراقدا لە دوو حاڵەت تێ ناپەڕێ: یان لەناو بازنەى چوارچێوەى هەماهەنگی دەمێنێتەوە و بۆ جاری دووەم پەیمانى سەرۆکوەزیرانى پێ دەدەنەوە، یان ئەوەتا وەک بکەرێکی سیاسیی ڕکابەر بەشداریى هەڵبژاردنى داهاتوو دەکات. بەڵام ئایا بۆ جارى دووەم دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟ ئەوەیان کەمێک لێڵە، چونکە بڕیارى کۆتایی دەکەوێتە لاى سەدر بە پلەى یەکەم کە تا چەند پشتیوانیی لێ دەکات. بەڵام ئەگەر لایەنەکانى ترى ناو ئەجێندا نیشتمانییەکە لەسەرى کۆک بن، پێ ناچێ سەدریش لەو بارەیەوە نیگەران بێت.

سیناریۆکانى داهاتووى چوارچێوەى هەماهەنگی

لە سێ سیناریۆدا دەتوانین پوختى بکەینەوە:

پەرتبوونى چوارچێوەى هەماهەنگی و کەمبوونەوەى نفووزى سیاسییان

ئەوەیش بە دوو هۆکارى سەرەکی دەبێت: گۆڕین و گەڕانەوەى سیستەمى هەڵبژاردن بۆ 83 بازنەکەى پێشوو؛ بەمەیش هەماهەنگی کەمبەها دەبێت و نفووزى ئێرانیش کەمتر و هەستى حزبایەتى و مەزهەبگەراییی توندڕەو بەرتەسکتر دەبێتەوە و ڕۆڵی میلیشیاکانیش لەقاڵب دەدرێ و حوکمڕانییش لە مەزهەبگەرایی دوور دەخرێتەوە و دواتر جەخت لەسەر کەسایەتیى سیاسی و تەکنۆکرات دەکرێتەوە، دادگەى فیدراڵییش ناتوانێ وەک ئێستا شووڵی لێ هەڵکێشێ. هۆکارى دووەمیش پێکهێنانی هاوپەیمانێتییە لەلایەن سوودانییەوە؛ بەوەى کە هەندێ لە بکەرە سیاسییەکانى ناو هەماهەنگی دەربێنێ و بیانهێنێتە لاى خۆى. ئەودەمیش مالیکی لە هەماهەنگی دەچێتە دەرەوە، چونکە تەنیا سیمایەکی میلیشیاییی دەبێ و لە بەردەم حکوومەت و ڕای گشتى و نێودەوڵەتى ئاسانتر لەقاڵب دەدرێ و لە پرۆسەى بڕیاردروستکردندا ڕۆڵی سەرەکیی نامێنێ. گەڕانەوەى سەدر و لێکنزیکبوونەوەى کورد و سوننە ئەو کارە ئاسانتر دەکات.

مانەوەى چوارچێوەى هەماهەنگی

لەو حاڵەتەدا دەبێ سیستەمى هەڵبژاردن وەک خۆى بمێنێتەوە، پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ڕەوتە وەلائییەکان تێگەیشتن بەخۆیەوە دەبینێ؛ بەوەى کە دژى مانەوەى ئەمریکا ناوەستن و هێرشیشی ناکەنە سەر و هەندێ سازشی تریش وەک ئیمتیازات بۆ وەبەرهێنانى ئەمریکی لە عێراق دەکەن، هەروەها هەوڵی ئەوەیش دەدەن کە سوودانى بۆ گەڕێکی تر لە سەرۆکوەزیرانى بمێنێتەوە تا لیست و هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردن پێک نەهێنێ، میلیشیاکانیش بەپتەویى خۆیان دەمێننەوە. بەڵام بارودۆخى عێراق تا بێ بەرەو توندوتیژیى ناوخۆیی دەچێ و گەرەنتیى هێرشنەکردنە سەر هێزى هاوپەیمانان ناکرێ و ململانێی نێوان هەرێم و بەغداش بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار سەر دەکێشێ و دادگەى فیدراڵییش لە ئێستا خراپتر حوکمى عێراق دەکات و پەراوێزێک نامێنێتەوە بۆ ڕێککەوتن و تێگەیشتنى سیاسی.

سیناریۆى سێیەم، خۆى لە گواستنەوەى هێزی شیعی لە عێراقدا دەبینێتەوە؛ لە چوارچێوەى هەماهەنگیی ئێستاوە بۆ هاوپەیمانێتییەکى دى کە زیاتر ئەجێنداى نیشتمانیى دەبێ و لایەنەکانیشی میلیشیا تێیاندا ئەکتیڤ نین. ئەو هاوپەیمانێتییەیش: سوودانی، سەدر، عەمار حەکیم، حەیدەر عەبادى دەبن لەسەر ئاستى شیعە. بەو پێیە مالیکی و ڕەوتە وەلائییەکانى سەر بە ئێرانی تێدا نابێت؛ لەسەر ئاستى نیشتمانییش پێ دەچێ کورسییەکانى نەخشەى سیاسیی لێکنزیکبوونەوەکە بەم شێوەیە بێت: ڕەوتى سەدر 70، سوودانی و هاوپەیمانێتییەکەى 60، عەمار حەکیم 15، عەبادی 10، سوننە 50، پارتى دیموکراتى کوردستان 25؛ بەمەیش کۆى کورسییەکانیان دەگاتە زیاتر لە 230. لەو حاڵەتەدا بۆ پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەت، هیچ پێویستییەکیان بە میلیشیاکان و مالیکی نابێت.

لەم حاڵەتەدا: ئەجێندایەکی نیشتمانیى عێراقی دەبێتە خاڵی هاوبەش، کاریگەریى میلیشیاکان کەم دەبێتەوە، حکوومەتێکی تەوافوقی دێتەوە ئاراوە، پەیوەندییەکى ئاسایی لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکە و هاوپەیمانان دروست دەبێت، تەریکبوونى نفووزى ڕووسیا و چین و ئێران، گۆڕینی سیستەمى هەڵبژاردن بۆ 83 بازنە، کەمبوونەوەى کاریگەریى دادگەى فیدراڵی بەسەر پرۆسەى سیاسییەوە، قۆرخنەکردنى پەرلەمان لەلایەن هێزێکی مەزهەبگەراوە.
بەڵام بڕبڕەى پشتى ئەو سیناریۆیە، لە گۆڕینی سیستەمى هەڵبژاردنەوە دەست پێ دەکات بۆ 83 بازنە بە هەمان شێوەى ساڵی 2021.

کاریگەریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى داهاتووى عێراق لەسەر ناوماڵی شیعە

سەرەداوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە: ناوماڵی شیعە پەرت دەکات، نەخشەى سیاسیی هاوپەیمانێتییە شیعییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، مەزهەبگەرایی سووکتر دەبێت (کەمتر لەوەى ئێستا)، هەژموونى ئێران کەمتر، دەرچوونى دەسەڵات لەدەست چوارچێوەى هەماهەنگی، دروستبوونى گەورەترین فراکسیۆنی نیشتمانی لەناو پەرلەمان-بەوەى کە بەپێچەوانەى جارانی پێشوو لەسەر بنەماى مەزهەبییەت نابێت-، پەرلەمان لە هەندێ پرۆژەیاسادا گۆڕانکاریى بەسەردا دێت وەک بوودجە و دادگەى فیدراڵی و نەوت و غاز و ئەنجومەنى هەرێمەکان و هتد.

بەڵام هەندێ ئاڵنگارى هەر دەمێنن، وەک: مەترسیی عێراق لە شەڕی ناوخۆ، بەوەى ئایا میلیشیاکان تەسلیم بە بەرەنجامەکان دەبن؟ ڕۆڵی نێگەتیڤی ئێران چۆن دەبێت؟ ئەجێنداى سەدر چییە؟ ئایا سیستەمى هەڵبژاردن دەگۆڕدرێ؟ کێ دەیگۆڕێ؟ چونکە ئەوانەى کە ئێستا لە پەرلەمانن دژى دەوەستن، مەگەر گوشارێکی جەماوەریى زۆر بکرێتە سەر پەرلەمان تا یاساى هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە. لەو حاڵەتەیشدا گەرەنتی نییە کە ئایا بێ پشێوى ئەو پرۆسەیە دەچێتە سەر یان نە.

سەدر و بازنەیەکى فراوانتر لە پەیوەندیی سیاسی

حکوومەتى داهاتوو و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان پێویستى بە تەواوی ئەو لایەنە نیشتمانییانە هەیە کە ئاماژەمان پێ دان. بەوەیش پرۆسەى سیاسى لە چەقبەستوویی قوتار دەبێ و بازنەى پەیوەندییە نیشتمانییەکانیش فراوانتر؛ نە کورد و سوننە و سەدر دەتوانن گەورەترین فراکسیۆن و حکوومەت پێک بهێنن و، نە سەدر و سوودانی و عەمار حەکیم و عەبادییش دەتوانن ئەو کارە بکەن، بەڵکوو سەرلەنوێ حاڵەتێکی تەوافوقی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە و هاوسەنگییش تا ڕاددەیەک بەرقەرار دەبێ.

  1. ئایا هەڵوێستى لایەنەکان بەرامبەر بە سەدر چۆن دەبێ؟

هەڵوێستەکان ئەرێنین، بەوەى کە: هیچ کام لە لایەنەکان خۆیان بە ڕکابەرى ئەو نازانن، لایەنە شیعییەکانى ناو هەماهەنگی زیاتر لە پشکی هەماهەنگی دەبەن نەک ئەو، پرۆسەى سیاسی بەبێ ئەو سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێ، کورد خۆشحاڵ دەبێ چونکە کەمترین سوود کە چنگی بکەوێ کەمبوونەوەى گوشارەکانى لایەنە شیعییەکانى ترە دژى هەرێم، بەتایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان، چونکە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان هەر لەو بەرەیەدا دەمێنێتەوە کە لایەنگری ئێرانن؛ لە بەرەنجامیشدا لایەنەکان بەئەرێنی سەرنجی هاتنەوەى سەدر دەدەن، چونکە ئاڕاستەیەکی پێچەوانەیە بۆ هەژموونى ئێران لە وڵاتدا.

بەڵام پێویستە ئەوەیشمان لەیاد نەچێت کە گەڕانەوەى سەدر لە پرتاوێکدا نییە و خۆیشی ناخزێنێتە ناو گفتوگۆى سیاسی، بەڵکوو لە ڕێگەى ڕەوتەکەیەوە وەک پشتیوانی جەماوەر دەگەڕێتەوە؛ لەوانەیشە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێکدا بکات. زیاتر جەختى لەسەر ئەوە دەبێ کە پێویستە سەرکەوتنێکی مسۆگەر بۆ خۆى یەکلا بکاتەوە و لە 70 کورسی نابێ کەمتر بێنێ، چونکە تا ئێستایش سەرکەوتنەکەى ساڵی 2021 بە مافێکی زەوتکراوی خۆى دەزانێ.

ئاسۆکانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق

لە سێ باردا ئاماژەى هەڵبژاردنى پێشوەختە بەدەردەکەون: بارودۆخەکە تێک بچێ و پشێوى و ئاژاوە بکەوێتەوە و هاوکێشەکانى ناوچەکە بەرەو هەڵکشانی خراپ بچن یان عێراق دووچارى مایەپووچی ببێ و ئەمریکا گوشارەکانى بۆ سەر حکوومەتى عێراقی زیاتر بکا، لە کاتێکدا کە لەگەڵی نەگاتە ئاکام. دووەم خاڵ ئەوەیە کە لێکترازان لەناو بونیادی هاوپەیمانیى دەسەڵات بکەوێتەوە و چوارچێوەى هەماهەنگی دووچارى پەرتبوون ببێ. سێیەم، سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و داواکارى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە و پشتیوانیکردنیان لەلایەن ڕەوتى سەدرەوە، چونکە چوارچێوەى هەماهەنگی تەواوى پەیمانەکانى بۆ گەلی عێراق و کورد و سوننە نەبردە سەر، بەڵکوو ڕۆژ لە دواى ڕۆژ قەیرانەکان زیاتر پەرە دەسێنن و حکوومەتى عێراقیش تواناى چارەسەرکردنیانی زۆر کەمە.

بەڵام هەڵبژاردنى پێشوەختە بە کام یاساى هەڵبژاردن؟

گومان لەوەدا نییە کە دەبێ یاساى هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و سیستەمى هەڵبژاردن تێیدا بگۆڕدرێ، چونکە ئەوەى کە هەیە لە بەرژوەندیى هەژموونى ئێران و چوارچێوەى هەماهەنگییە و هێز لاى چەند ڕەوتێکى وەلائی و میلیشیا چەق بۆتەوە و تەعبیر لە ویست و ڕای گشتیى گەلی عێراق ناکات. هەر بۆیە چارەسەرى کێشەکان لەوێوە ئەستەم دەبێت.

کورد دەبێ چی بکات؟

دەبێ خۆى بۆ پێشهاتەکان ئامادە بکات و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد لە جاران زیاتر دەخوازێ.

ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکی پەرلەمانى و ئەنجومەنى پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان؛ ئەو هەڵبژارنەى کە پرۆسەکە تێیدا شەفاف و دیموکراسی بێت و لەلایەن ئەجێنداى دەرەکییەوە ئاڕاستە نەکرابێ.
جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی.

ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت گرفتى مووچەى فەرمانبەران و شایستە دەستوورییەکان بەپێی یاساى بوودجە.

دەبێ سەرۆکایەتیى هەرێم ڕۆڵی نیشتمانى و مەرجەعی سیاسیی هەرێم ببینێ و جەخت لەسەر ڕێککەوتنى دۆکیۆمێنتارى بکاتەوە نەک تەنیا سەردانى دیپلۆماسی.

دژایەتیکردنى گەندەڵی بە هەموو شێوازەکانییەوە و لەسەر هەموو ئاستەکان، چونکە گەندەڵی خۆرەى دەسەڵاتە.

هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنى ئێستا بۆ فرەبازنەییی 83 بازنە، یان عێراق ببێتە یەک بازنە، چونکە تەنیا ئەو دوو شێوازە لە بەرژەوەندیی کوردە.

هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەندێ لایەنى میانڕەوى ناو هەماهەنگی و سەدر و سوننە.

پاڵپشتیکردنى سوودانى بۆ هاتنەناو پرۆسەى سیاسی بە لیستى سەربەخۆى خۆى، یان پێکهێنانى هاوپەیمانى.

دەبێ پەیوەندییە دیپلۆماسییە هاوسەنگەکانى هەرێم و سەرۆکایەتى بەردەوام بن؛ لەوەیش زیاتر، پێویستە لایەنە کوردییەکانى هەرێم پشتگوێ نەخرێن.

پاراستن و لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیى دەوڵەتانى دراوسێ، بەتایبەت ئێران وتورکیا.

هێنانەناوەوەى یۆنامى و دەوڵەتانى هاوپەیمانان بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان لەگەڵ بەغدا.

پێویستە پێداچوونەوەیەکی ورد و دروست بە پرۆسەکەدا بکرێتەوە و لە هەڵەکانى پێشوو پەند وەربگیرێ.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP