دواین هەواڵ

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

‌د. سەردار قادر

14 کاتژمێر پێش ئێستا

گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟

دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم دواى دابڕانی بۆ ماوەى چوار ساڵ، جارێکی تر لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە گەڕایەوە کۆشکی سپی، بەڵام ئەم جارەیان هەر لەسەرەتاوە بەبەهێزی گەڕایەوە. لەسەروو هەموویانەوە ئەجیندایەکی 922 لاپەڕەیی وەک دیدگاى چۆنیەتیى حوکمکردن بۆ چوار ساڵی داهاتووی لەبەردەستە لە کتێبێکدا بە ناوى پڕۆژەى 2025 ڕێگەپێدانی سەرکردایەتى، کە لەلایەن 34 نووسەرەوە لە بوارە پەیوەندیدارە جیاجیاکانى حوکمڕانیی ئەمریکا دانراوە، کە دەبێ ئەمریکاى ئایندە چۆن بێ؟

 ئەو بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 سەرکەوتووتر بوو. خولی یەکەمى سەرۆکایەتییەکەى (2017 – 2020) لە کۆى 538 دەنگى ویلایەتەکان توانیی 306 بەدەست بێنێ، بەرامبەر بە 232 دەنگ بۆ هیلاری کلینتۆن؛ لەسەر ئاستى دەنگی هاووڵاتیانیش توانیی نزیکەى 63 ملیۆن دەنگ بەدەست بێنێ، بەرامبەر بە 66 ملیۆن دەنگى هاووڵاتیان بۆ هیلارى کلینتۆن. ترەمپ لەو هەڵبژاردنەدا بە دەنگى ویلایەتەکان بردییەوە، هیلارییش بە دەنگى هاووڵاتیان لە نزیکەى 3 ملیۆن دەنگ لەپێش ترەمپەوە بوو؛ بەڵام لە هەڵبژاردنى 2024 توانیى لە کۆى 538 دەنگى ویلایەتەکان، 312 دەنگ بەدەست بێنێ، بەرامبەر بە 226 دەنگ. لەسەر ئاستى هاووڵاتیانیش ئەم جارە ترەمپ توانیی زیاتر لە 73 ملیۆن دەنگ بەدەست بێنێ، بەرامبەر بە زیاتر لە 70 ملیۆن دەنگى هاووڵاتى بۆ هاریس.
لەو بارەیەوە پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا لەسەر ئاستى پرۆسەى بەرەنجامى هەڵبژاردن لە نێوەندى هەردوو ڕەهەندی دەنگى ویلایەتەکان (538) و دەنگى هاووڵاتیان، ئاماژەکە چیمان پێ دەڵێ؟ ترەمپ لەو بارەیەوە لەسەر هەردوو ئاستى دەنگى ویلایەتەکان و دانیشتووان پێگەى لە جارى پێشوووى سەرۆکایەتى بەهێزترە: لەسەر ئاستى ویلایەتەکان توانیی 6 دەنگ زیاتر لە هەڵبژاردنى پێشووو بەدەست بێنێ، دەنگەکانیشی لەسەر ئاستى دانیشتووان، زیاترە لە 10 ملیۆن لەوەى پێشوووتر؛ کەواتە جارى پێشووو وتیان: ترەمپ بە دەنگى ویلایەتەکان بردییەوە، بەڵام هاووڵاتیان زیاتر هیلارییان لا پەسەندتر بوو، بەڵام ئەم جارە لەسەر هەردوو ئاستەکە ترەمپ بردییەوە.

هەر لەو ڕوانگەیەوە، دەکرێ پرسیارێکی تر بکەین: ئایا بە گەڕانەوەى ترەمپ هیچ لە سیاسەتەکانى، گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؟ ئەگەر گۆڕانکارى هەیە، ئاماژەکانى چین؟

لەو بارەیەوە دەتوانین جەخت لەسەر چەند ڕەهەندێک بۆ سەلماندنى ئەو گریمانەیە بکەین، لەوانەیش:
لە سەردەمى ئەودا هیچ هاوکێشەیەکی جەنگ لەسەر ئاستى ئۆکراینا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نەبوو.
قەیرانە ئابوورییەکان، بەدەر لە کاتى کۆرۆنا، ئەوەندەى ئێستا کاریگەر نەبوون.
هێرشەکانى سەر ئیسرائیل بەو شێوەیەى ئێستا ئەوەندە کاریگەر و زۆر نەبوون.
هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرەو هەڵکشان نەدەچوون، هەروەک ئەوەى کە ئێستا هەیە.
چین و ڕووسیا و ئێران ئەوەندە کاریگەرییان نەبوو لەسەر ناوچەکە و، پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان زۆر دیاریکراو بوون.
کاریگەریى پێگەى ئەمریکا بەرەو لاوازى دەچوو؛ تەنانەت هەندێ جار باس لە کشانەوەى هێزەکانیش دەکرا.

سیاسەتى ئەمریکا لە سەردەمى بایدن تەواوکەرى بەرنامە و ئەجێنداى ترەمپ نەبوو، بەڵکوو لە زۆر بواردا جودا و پێچەوانە بوون؛ هەر بۆیە ئەوەندەى کە بایدن لە هەوڵی ڕاستکردنەوەى ڕەوتى سیاسەتەکانى ترەمپدا بوو، ئەوەندە ئەڵقەیەکی تەواوکار نەبوو. لەبەر ئەوە جۆرێک لە خولانەوە لەناو یەک بازنەدا لە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا هەبوو و هیچ بەرەنجامێکی ئەوتۆیشی لێ نەکەوتەوە؛ تا ئەو ئاستەى کە خودی هاوپەیمانانى ئەمریکایشی دووچارى نائومێدی کرد.

هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە سەردەمى بایدن ڕوویان لە زیادبوون کرد؛ تا ئەو ئاستەى کاریگەرییان لەسەر هەیبەتى هەژموونى ئەمریکا لە ناوچەکە کرد. هەر بەوەیشەوە نەوەستان بەڵکوو پەلامارى هاوپەیمانە ستراتیژییەکەیشیان دا کە “ئیسرائیل”ە. ئێستا ڕۆژانە بە سەدان مووشەک و درۆن ئاڕاستەى ئیسرائیل دەکرێن؛ کە ئەمەیش بۆ ئەمریکا هەر لە سەردەمى “نیکسۆن”ەوە بە هێڵی سوور دانراوە.

ئایا ترەمپ چۆن دەتوانێ ئەو بارودۆخە لاسەنگە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕاست بکاتەوە؟

لەو بارەیەوە دەتوانین ئاماژە بە چەند ڕەهەندێک بدەین، لەوانەیش:

لە ستراتیژییەتى جێبەجێکردنى پرۆژەى 2025 لەلایەن کۆنسێرڤاتیڤەکانەوە، چوار بەڵێن بە هاووڵاتیانی ئەمریکا دراوە: یەکەم، گەڕانەوە و پاراستنى خێزانی ئەمریکییە و، دەبێ ئەو پێگەیەى بۆ بگەڕێتەوە، کە سروشت پێی داوە و، تەواوى بیر و ئەجێنداى فیمینیستەکان ڕەت دەکەنەوە، چونکە بە لاى ئەوانەوە دیموکراتەکان خێزانی ئەمریکییان بەرەو هەڵدێر بردووە. دووەم، سەرلەنوێ بنیاتناوەى حکوومەتى ئەمریکا و پشتئەستورکردنەوەى بە گەلی ئەمریکا؛ لەو بارەیەوە چەندان دامەزراوە لا دەبەن و چەندى دیکەیش بنیات دەنێن و بیرۆکراتییەت (ڕۆتینیات)یش ناھێڵن. سێیەم، بەرگریکردن لەسەروەریی گەل و سنوورەکانى؛ دروشمی ئەو گۆڕەپانەیش یەکەم جار بەرژەوەندیى ئەمریکایە. ئەمەیش پێویستیى بەوە هەیە کە دەبێ سەرلەنوێ ئەمریکا کۆنترۆڵی دونیا بکاتەوە و بەسەر سەرچاوەکانى وزەدا زاڵ ببێ و هاوپەیمانێتیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقا و لاتین دروست بکاتەوە؛ هەروەها لە ستراتیژییەتەکەدا هاتووە کە دەبێ ئەمریکا سەرلەنوێ هاوسەنگى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بگەڕێنێتەوە. هەر بۆیە دەبێ جارێکی تر سەرکردایەتیى ئەمریکا بۆ دونیا بگەڕێنرێتەوە. چوارەم، گەرەنتیى مافی هاووڵاتیان و چێژوەرگرتنیان لە ئازادی؛ ئەمەیش تەواوى بوارەکان دەگرێتەوە: ئابوورى، زانست، فێربوون و پەروەردە، کار و هتد.

کەواتە خاڵی سێیەم ئەو بەڵێنە ستراتیژییەیە کە کۆنسێرڤاتیستە نوێیەکان بە هاووڵاتیانی ئەمریکایان داوە و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش تەوەرەى سەرەکییەتى.

گێڕانەوەى هاوسەنگیی هێز بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

گەرەنتیکردنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، پاراستنى لە مەترسی و هێرشەکان.

کۆتاییهێنان بە هاوکێشەکانى جەنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر بنەماى بەرژەوەندى و دیدگەى ستراتیژیى ئیسرائیل.

ئەوپەڕى گوشارخستنە سەر ئێران و کەمکردنەوەى هەژموونى لە ناوچەکە. بۆ ئەو مەبەستەیش لەم قۆناغەدا تیۆریى جەنگکردن لەگەڵ هەشتپێ پەیڕەو دەکەن؛ بەوەى کە لە دوو هەڵمەت تێپەڕ ناکات: یان دەبێ بە یەک لێدان سەرى هەشتپێیەکە پان بکرێتەوە و لەناو ببردرێ، یان دەبێ پێیەکانى ببڕدرێن و هەشتپێیەکە لەهێز بخرێ. ئەودەمیش سەرى هەشتپێیەکە بێبەها دەمێنێتەوە و کاتێکی زۆرى دەوێ تا پێیەکانى وەک جارانى لێ دێنەوە. کەواتە سیناریۆى یەکەم لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە دژ بە ئێران پەیڕەو ناکرێ و، ڕووخاندنى سیستەمەکە لە لاى ئەوان بژاردەى یەکەم نییە. ئەوەى ماوەتەوە ڕاى دووەمە؛ دەبێ ئێران لە گرووپە وەلائییەکانى بخرێت، ئەویش تەواو لاوازکردنیان، کە نەبنە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەو پرۆسەیەیش بە “حەماس” دەستی پێ کرد و “لوبنان”یش خەریکە تەواو دەبێت و ئێستایش سەرەى سووریا و عێراق و یەمەنە. لە بەرامبەریشدا مانەوەى ڕژێمی حوکمڕان لە ئێران وەک گەرەنتییەک بۆ کۆمارى ئیسلامی دەخرێتە ڕوو؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە هەوڵەکانى ئەمریکا و ئەوروپا بەردەوام دەبن لە نەهێشتن بۆ دەستگەیشتنە چەکی ناوکى لەلایەن کۆمارى ئیسلامییەوە.

لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بەرەوپێشچوون هەبوو لە پرۆسەى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى دەوڵەتانى ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل، لەسەر ئاستى هەردوو کیشوەرى ئاسیا و ئەفریقا، بەتایبەت ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەى کە دراوسێی ئیسرائیلن. ئەوە بوو، چوار دەوڵەت پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە. هەر بۆیە ئەو پرۆسەیە بۆ باڵادەستیى ئیسرائیل لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت. بۆ پەیڕەوکردن و بەجێگەیاندنى ئەو ستراتیژییەتەیش “ستیڤن ویتکۆف”ى کردۆتە نێردەى تایبەتى خۆى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە دڵسۆزێکی ترەمپ و سەرمایەدارێکی ناودار و دۆستێکی دڵسۆزی ئیسرائیلیشە، چونکە هەر خۆى لە بنەڕەتدا جوولەکەیە.

جەخت لەسەر ڕێکكەوتن و هاوپەیمانێتیی نوێ بۆ مسۆگەرکردنى هەژموون و سەرکردایەتى و بەرژەوەندییەکانى دەکاتەوە.

دابەزاندنى نرخی نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا.

بوونى ستافێکی یاریدەدەر لەسەر ئاستى حکوومەتەکەى ترەمپ، کە لەگەڵ ئەجێنداى ئەو دەگونجێن و لەلایەن زۆرێک لەوانەوە تەنانەت پرۆژەى 2025 نووسراوەتەوە. کەواتە لەسەر ئاستى ئەجێندا و ستافی یاریدەدەر هەماهەنگی هەیە.

سیستەمى سیاسیی ئەمریکا لەم قۆناغەدا و تەنانەت تا دوو ساڵی تر، یەکانگیریی تەواوى هەیە؛ بەوەى کۆمارییەکان بەسەر تەواوى سیستەمەکەدا زاڵن: حکوومەتى فیدراڵ، ئەنجومەنى پیران، ئەنجومەنى نوێنەران.

هەماهەنگیکردنى تەواو لەگەڵ بکەرە سەرەکییەکانى ناوچەکە، وەک: میسر، عەرەبستانى سعوودی و تورکیا.

سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە “گرێبەستى سەدە” لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان.

لەو نێوەندەدا دوو دەوڵەت ئاستەنگن لە بەردەم ستراتیژییەتى ئەمریکا و هەژموونى ئیسرائیل: ئێران و عێراق. ئاخۆ دەبێت ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتەدا بکات، کە هەردووکیان جۆرێک لە هەماهەنگییان لەگەڵ چین و ڕووسیادا هەیە؟ بەتایبەت ئێران کە دەوڵەتێکی کاریگەرە و هەژموونى بەسەر نیمچەدوورگەى عەرەبیدا هەیە و مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا هێناوەتە ئاراوە.

مامەڵە لەگەڵ ئێران هەستیارە

هەستیارییەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە لە لایەک هەژموونى هەیە و لە لایەکی تریشەوە ڕووخانى ڕژێمەکە ئاسان نییە و کاردانەوەى خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت؛ هەر بۆیە کار لەسەر ئەوە دەکەن بەرامبەر ئێران کە هەژموونى کەم بکەنەوە و هاوسەنگی بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بگێڕنەوە و چیدی تواناى مەترسیی بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا نەبێت. ئێستا ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر لە 1500 جۆرى سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندووە؛ واش چاوەڕوان دەکرێت کە ترەمپ زۆر لە بایدن توندتر بێ لە دژى ئێران؛ کاریش لەسەر ئەوە دەکات کە چالاکییەکانى گرووپە وەلائییەکانى سەر بە ئێران تەواو کەم بکرێنەوە و جێی بایەخ نەبن، ئەویش لە ڕێگەى گەمارۆدانیان و وەشاندنى لێدانى جەرگبڕ لێیان، تا تواناى هەستانەوەیان نەبێت. ئێرانیش ئەو توندییەى جارانى بەرەو خاوبوونەوە بردووە، هەر بۆیە لەو بارەیەوە سەرۆک پزیشکیان ڕای گەیاند: “پێویستە لەگەڵ دۆستەکانمان بەبەخشندەیییەوە مامەڵە بکەین و لەگەڵ دوژمنەکانیشمان ئارام بین.” بڕگەى دووەمى لێدوانەکەى، مەبەستى ئەمریکا بوو. لە لایەکی تریشەوە ترەمپ پێ دەچێ کەمێک زیاتر لە بایدن دەستى ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران واڵاتر بکات.

بەڵام پێ دەچێت ترەمپ بەرامبەر ئێران ئەم سیاسەتانە بگرێتە بەر:

زیاتر جەخت لەسەر گوشار و تەنگپێهەڵچنین دەکاتەوە؛ بەوەى لەو بارەیەوە کەمترین پانتایی بۆ دیپلۆماسییەت هەیە.

ئەوپەڕی گوشارخستنە سەر ئێران، تا سازش بکا و دەست هەڵبگرێ لە چەندان پێگە و ناوچەى هەژموونى خۆى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، وەک لە فەلەستین، لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن و کەنداوى عەرەبی. ئەو مامەڵەیەش بەرانبەر بە مانەوەى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی ئێستایە لەسەر تەختى دەسەڵات، کە هیچ مەترسییەکی ئەوتۆى بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل نابێ، بەڵکوو لە پەیوەندیشدا دەبێت لەگەڵیاندا.

بەمەرجكردنی هاوكارینەكردنی ئێران بۆ گرووپە وەلائییەکان.

کەمکردنەوەى دەرچەکانى عێراق بۆ بارسووککردنى گەمارۆکان؛ عێراق لە سەردەمى دیموکراتەکان زیاتر هاوکار بوو بۆ ئێران وەک لە سەردەمى ترەمپ خۆى.

هەوڵدان بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران لەسەر چەکى ناوەکی؛ ئەوەیش بۆ ئێران بژاردەیەکی گونجاو و باشە بۆ ئەم قۆناغە، پێ دەچێ مەرجەکانى، لەوەى جاران قورستر و مەحاڵتر بن بۆ سەر ئێران؛ بەڵام ئێران لە پێناو مانەوەى ڕژێمی حوکمەکەى، دوور نییە ئاسانکارى بکات و لە ئاکامدا ڕازی بێت، چونکە سیاسەتى ئـێران ئەوەندەى پراگماتیستە، ئەوەندە باوەڕ و عەقیدەیی نییە.

لە پەرچەکردارى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر بەتوندى و بێبەزەیییانە وەڵام بدرێتەوە، تا ئێران چیدی بوێریی هەنگاوى زیاتر نەکات.

کپکردن و لەباربردنى هەر هەوڵێک لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن بەتوندى، کە ببنە پاڵپشت و هەڵمەتى پرۆکسی بۆ ئێران دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا؛ نەک هەر لەسەر ئاستى گرووپەکان، بەڵکوو تەنانەت لەسەر حکوومەتەکانیش.

هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەى هەژموونى ئێران بەسەر عێراقەوە؛ بەو مانایەى کە عێراق لە خولگە (مەدار)ی سیاسەتى شوێنکەوتەیی بۆ ئێران، وەرچەرخێ و بەرەو کەنداو و خولگەی ستراتیژییەتى ئەمریکا بەتەواوى هەنگاو بنێ. ئەو هەنگاوەیش کە وەدەرنانى ئێرانى لە عێراق لێ بکەوێتەوە، واتە تەواو لاوازبوونى هەژموونى ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ چونکە عێراق واتە بڕبڕەى پشتى ستراتیژییەتى ئێران لە ناوچەکە لە هەموو ڕوویەکەوە.

کەواتە عێراق لە دووڕیانێکی وەرچەرخانى خۆیەکلاکەرەوەدایە: یان ئێران یان ئەمریکا

ئەمە کرۆکی قۆناغی نوێی سیاسەتى حوکمڕانییە لە عێراق. ئەو قۆناغەیش دەبێ لە ساڵی 2025 حکوومەتى عێراقی خۆى یەکلایی بکاتەوە. ئەوەیش دەبێ لە هەڵبژاردنى ئۆکتۆبەرى ساڵی 2025 تەواو یەکلایی ببێتەوە؛ بەوەى گرووپە وەلائییەکانى سەر بە ئێران، دەبێ کەمترین بەشدارى و کاریگەرییان لەسەر حکوومەتى نوێی عێراق هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەیش هەنگاوەکان لەلایەن سوودانییەوە هەر لە ئێستاوە دەستی پێ کردووە بۆ کەمکردنەوەى هەژموونى ئێران لە عێراق، ئەویش بە چەند قۆناغێک دەبێت:
هەوڵدان بۆ تێوەنەگلانی عێراق لەو هاوکێشانەى جەنگ کە ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان و سووریا و یەمەن هەیە و بەناڕاستەوخۆیش لەگەڵ ئێران، لە هەوڵدایە عێراق نەکرێتە گۆڕەپانى یەکلاییکردنەوەى هاوکێشە و ململانێکانى دەوڵەتانى ناوچەکە، بەتایبەت ئێران و ئیسرائیل و تورکیا. ڕاوێژکارى ئاسایشی نەتەوەییی عێراقیش لە سەروبەندی سەردانەکەى بۆ تورکیا و ئێران جەختى لەسەر هەمان بابەت کردەوە.

لەقاڵبدانى گرووپە وەلائییەکانى سەر بە ئێران. لەو ڕووەوە سوودانى تەواو لە گوشارەکانی ئەمریکا لە دژی ئەو گرووپانە سوودمەند بووە؛ گرووپی موقاوەمەى عێراقی نەبێت، ئەوانى تر هێرشەکانیان لە دژى ئەمریکا و ئیسرائیل ڕاگرتووە، ئەویش لە پێناو مانەوەى خۆیان لەسەر ئاستى پرۆسەى سیاسی و حکوومەت.

داماڵین لە چەک و سنووردارکردنى چالاکی و پێگە و هێنانەوەیان بۆ ژێر کۆنترۆڵی حکوومەت. لەو بارەیەیشەوە بانگەشەکەى مەرجی شیعەکانى عێراق، عەلی سیستانی، لە قازانجی ئەو بوو، کە بەڕاشکاوى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، دەبێت حکوومەتى عێراقی خۆى لە تێوەگلان لە جەنگ بپارێزێت و چەکیش دەبێت تەنیا بەدەستى حکوومەتەوە بێت.

هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى گرفتى بوودجە و مووچە لەگەڵ هەرێمى کوردستان؛ چونکە عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان هیچ سەقامگیرییەک بەخۆیەوە نابینێت. ئەمەیش لە بەرژەوەندیی سوودانی نییە، بەتایبەت کە وەک هاوپەیمان مامەڵە لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان دەکات؛ بەتایبەتتر بۆ قۆناغی داهاتوو کە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە ساڵی 2025 ئەوەندەى نەماوە.

قۆناغێکی زێڕینە بۆ سوودانی؛ بەوەى پێش وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عیراق، بەرەیەکی سیاسی بۆ خۆى ئامادە بکات و بەو تەماحەى کە زۆرینەى پەرلەمان بەدوور لە هەژموونى ئێران پێک بهێنێ، یان کەمترین کاریگەریى ئێرانی لەسەر بێت، چونکە ئەو هەوڵەى سوودانی لە کاتێکدایە کە گرووپە وەلائییەکان کەمترین جووڵەى سیاسییان لەسەر ناوچەکە و عێراق هەیە و، لەژێر گوشارێکی زۆرى ئەمریکادان، کە تواناى هەڕەشەیان ئەوەندە نییە لە حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان.

هەر لە ئێستاوە حکوومەتى عێراقی و سەرۆکایەتیى دەوڵەت، لە هەوڵی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ ئەمریکا بەرەو باشتر و گەشەسەندووتر. ئەو گوتارە سیاسییەیش لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى عەبدوللەتیف ڕەشید و سوودانی بەڕاشکاوى دەرکەوت.

بەڵام کارەکە لێردا تەواو نابێت

چەند گرفتێک هەیە؛ بەوەى عێراق بیسەلمێنێ کە بەنیازە خۆى لە هەژموونى ئێران قوتار بکات، یان کەمترین هەژموونى بمێنێ، یان کاریگەرییەکى ئەوتۆى بەسەر دروستکردنى بڕیارى سیاسیی عێراقەوە نەبێ، بەتایبەت لەسەر ئاستى دادگەى باڵا و حکوومەت و پەرلەمان، کە ئێستا هەرسێکیان بە ئاماژەى ئێران جووڵە دەکەن، گرفتی وەک:

برەودان بە پەیوەندی لەگەڵ تاوانبار

 دواى ئەوەى بە فەرمانى ترەمپ لە مانگى کانوونى دووەمى ساڵی 2020، سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوى ئەبو موهەندیس و سەرکردەى هێزەکانى سوپای قودسى ئێران قاسم سولەیمانى، کوژران؛ پاش ئەو ڕووداوە، دەسەڵاتى دادوەریى عێراقی بەپێی ماددەى 406 لە یاساى سزادانى عێراقی، ترەمپی بە “تاوانبار” ئەژمار کرد و فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکرد. ئەو بڕیارى دادگەیەیش لەلایەن خودی سەرۆکی دەسەڵاتى دادوەرییەوە خوێنرایەوە و گرنگییەکى بێشومارى پێ درا. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا حکوومەتى عێراقی چۆن ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات؟ ئەو بڕیارى دەستگیرکردنە لەلایەن دەسەڵاتى دادوەرییەوە دەرکراوە و قابیلی ڕەتکردنەوە نییە و حکوومەتی عێراقیش تواناى جێبەجێکردنى نییە، تەنیا ئەوەندە نەبێ کە لەبەر بەرژوەندیى باڵاى عێراق، دەبێت لە دوو هەڵوێست، دەسەڵاتى دادوەرى یەکێکیان هەڵبژێرێ: سزاکە سڕ بکات تا کاتى تەواوبوونى ماوەى سەرۆکایەتیى ترەمپ. ئەمەیش ئاسان نییە، چونکە لە یاساى سزادانى عێراقی هیچ دەسەڵاتێک مافی هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەى نییە، بێجگە لە دەسەڵاتى دادوەرى یان دامەزراوەیەکی سەروو خۆى نەبێت، ئەویش بەپێی ماددەى 94 لە یاساى بنەماکانى دادگەییکردنى سزای عێراق ژمارە 23 ساڵی 1971.

لەوەیش زیاتر ئەوەیە کە عێراق ببێتە ئەندام لە ڕێککەوتننامەى ڕۆماى تایبەت بە دادگەى سزادانى نێودەوڵەتیى ساڵی 1998. ئەوجا بەپێی ماددەى 6 لەو ڕێکكەوتننامەیە عێراق دەتوانێ داواى ڕێوشوێنی یاسایی لە دادگە بکا دەرهەق بە ترەمپ، چونکە ئەو کاتە سەرۆکەکان هیچ پارێزبەندییەکیان لە بەردەم دادگە نێودەوڵەتییەکە نامێنێ؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە خودی ئەوانەى کوژراون، لە لیستی تیرۆرى ئەمریکادان.

کەواتە ئەوەندە نەبێ کە حکوومەتى عێراقى و دەسەڵاتى دادوەرییەکەى دووچارى هەڵوێستى ناتەبایی دەبێت. لەوە زیاتر هیچیان پێ ناکرێ و ناتوانن؛ ئەگەر ترەمپیش بە سەردانى فەرمی بێتە عێراق، نەک هەر ناتوانن بیگرن بەڵکوو دەبێت فەرشی سووریشی بۆ ڕابخەن و زۆریش مەمنوون بن کە کاردانەوەى نەبێت. هەر بۆیە بڕیارى دەستگیرکردنەکە لەلایەن زۆرێک لە گەلی عێراقییەوە بەگاڵتەجاڕی ناوزەد کراوە و کەسیان باوەڕیان بەوە نییە کە جێبەجێ بکرێت.

تواناى هەژموونى حکوومەت بەسەر میلیشیاکانەوە، ئاکامى بەدەردەخا

یەکێک لەو بابەتە هەستیارانەى کە حکوومەتى عێراقی پێوەى دەناڵێنێ، میلیشیا وەلائییەکانى سەر بە ئێرانە؛ ئەوان پرۆسەى دروستکردنى بڕیار لە عێراق ئاراستە دەکەن. سەرۆکوەزیران کاریگەرییەكەی لەوپەڕی لاوازیدایە؛ ئەمان ڕەهەندی سەرەکیی کۆتاییهێنانى جەنگن لەلایەن ترەمپەوە، کە دەبێت پەڕوباڵیان بکرێ و لە چالاکی و مەترسی بۆ سەر بەرژوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل دوور بخرێنەوە. هەر بۆیە ئەوانە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە خراونەتە ئەجێندا سەربازییەکەیان؛ بەوەى کە دەبێ لێیان بدرێ. لەو بارەیشەوە چەندان جار حکوومەتى عێراقییان لێ ئاگادار کراوەتەوە، چونکە ئەو گرووپانە بەشێکن لە هۆکارى گرژی و هەڵکشانی هاوکێشەکان بەرەو جەنگ و تێوەگلاندنى عێراق لە جەنگ.

ئێستا میلیشیا وەلائییەکان تەواو بێدەنگن و، لە هەوڵی سازشدان لەگەڵ ئەمریکا؛ تەنیا میلیشیاى موقاوەمەى ئیسلامی نەبێت کە یەکەم هێرشی لە 17/10/2023 کردە سەر سەربازگەى هەریر لە هەرێمی کوردستان کە هێزى ئەمریکاى لێیە. ئەوان سیاسەتى تێوەگلاندنى عێراقیان لە جەنگ هەیە بە پاڵنەرى ئێران، هەر بۆیە بەپێی سەرچاوەکانى زانیارى، لە ماوەى 230 ڕۆژى ڕابردوودا زیاتر لە 265 هێرشیان کردۆتە سەر ئیسرائیل. کەواتە قوتاربوونى حکوومەتى عێراقی لە هەژموونى ئێران وا ئاسان نییە. بۆ لاوازکردنى ئەو هەژموونەیش، دەبێ ئەو گرووپانە لەلایەن ئەمریکا و ئسرائیلەوە لێیان بدرێ.

پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا

 ئەمریکا مەبەستیەتى لەم قۆناغە هەستیارەى ئێستای ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پەیوەندییەکانى هەرێمی کوردستان و بەغدا سەقامگیر بێت. ئەو ئاسانکار و هاوکار دەبێ بۆ هەبوونى ئەو جۆرە پەیوەندییە و چارەسەرکردنى گرفتەکان لە ڕوانگەیەکی دەستوورییەوە. ئەگەر هەژموونى میلیشیاکان بەسەر حکوومەتى عێراقییەوە لاواز بکرێ، ئەو پەیوەندییە ئەرێنییە و چارەسەرى گرفتەکان دەرفەتیان زیاتر دەبێ؛ سوودانییش ئەو مەبەستەى هەیە. پێکهێنانى حکوومەتى هەرێمیش لە کەمترین کاتدا، ئەو هەنگاوە بەرەوپێشەوە دەبات، بەڵام پێ دەچێ لەلایەن ئێرانەوە ئەو هەنگاوە گرفتى بۆ دروست بکرێت و پرۆسەکەیش خاو بکرێتەوە؛ بەوەى ڕێوشوێنەکانى پەسەندکردنى کۆتاییی بەرەنجامەکانى هەڵبژاردن، بەسستى بگیرێنە بەر و پەلەیان لێ نەکرێت. ئەوەتا بەبێ بوونى گرفتى گەورە کە نزیکەى مانگێک بەسەر هەڵبژاردن تێ پەڕیوە، بەڵام تا ئێستا پەسەندی کۆتاییی بەرنجامەکان نەکراوە. لە لایەکی تریشەوە بۆ گرفتخستنە بەردەم پێکهێنانى حکوومەتى هەرێمی کوردستان و سوودنەبینینی سوودانی لە پرۆسەکە و هێشتنەوەى هاوکێشەکان بەهەڵپەسێردراوى، ئەوا هەڵوێستى یەکێـتیى نیشتمانى توندتر و مەحاڵ دەکەن، تا دانوستانەکان هەستیار و گران ببن و نزیک هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراقی ببنەوە، تا ئەو نزیکبوونەوە و سەقامگیرییە لە پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا ڕوو نەدات؛ لەو نێوەیشدا نانەوەى گرفتى زۆر لە نێوان هەردوو لایان، وەک دواخستنى مووچە؛ گەرچی هەر لە سەردەمى ترەمپدا بوو چەندان شارى کوردیی وەک عەفرین و کەرکووک و شەنگال و… لەلایەن دوژمنانى کوردەوە سەرلەنوێ داگیر کرانەوە و ترەمپیش هیچ هەڵوێستێکی نەنواند.

کشاندنەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق

 بۆ ئەم بابەتە لە نێوان بەغدا و واشنتۆن چەندان کۆبوونەوە کراوە و، لێکتێگەیشتن لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام گەرەنتییەکانى بەغدا بۆ واشنتۆن جێی متمانە نین؛ هەر بۆیە هەوڵەکان سستن؛ هەرچەندە پەرلەمانى عێراقیش لەو بارەیەوە یاساى دەرکردووە. ئەمەیش گرفتێکی ترە کە دامەزراوەى پەرلەمان بۆ حکوومەتى هێناوەتە ئاراوە. بەڵام دواى جەنگى لوبنان و غەززە، حکوومەتى عێراقی و میلیشیاکان بابەتەکەیان بەساردى وەرگرتووە و، نایورووژێنن، چونکە گوشارى زۆریان لەسەرە لەلایەن ئەمریکاوە.

حکوومەتى عێراقیش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەى کە بەبێ پشتیوانیى ئەمریکا لە هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست یان بەلاوازی دەمێنێـتەوە یان لێی دەدرێ. هەمان بۆچون لەلایەن دەستەبژێری عێراقییەوە، بە سوننە و شیعە و کوردەوە هەیە، بەتایبەت شیعەکان؛ چونکە بەدەر لەو پشتیوانییە، عێراق دەبێتە پارێزگایەک لە ئێران و هەرچی نەهامەتى و گرفتەکانى ئەو وڵاتەیشە عێراق تووشیان دەبێ.

ئێستا ئەمریکا سێ بنکەى سەربازیی سەرەکیی لە عێراق هەیە: عەین ئەسەد لە ئەنبار، هەریر لە هەرێمی کوردستان، ڤیکتۆریا لە تەنیشت فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا؛ ژمارەیان نزیکەى 2500 سەربازە. لەوانەیە جۆرێک لە تێگەیشتن بۆ بابەتى کشانەوە هەبێت، بەڵام نابێتە ئەوەى کە عێراق خاڵی بێت لە هێز و کاریگەریى ئەمریکا، چونکە هەموو کشانەوەیەک، لە بەرامبەریدا سیستەمێک لە ڕێوشوێنی یاسایی و ڕێکخستنى کارەکانى نێوانیان و چۆنێتیی مانەوەى ئەمریکا بە کاریگەرى لە عێراق مسۆگەر دەکات. بەو پێیەیش دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکاش لەو وڵاتە، عێراق ناتوانێ لە خولگەى ستراتیژییەتى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست قوتارى ببێ؛ بەوەى عێراق بە شێوەیەک بە ئەمریکاوە گرێ دراوە، کە ناتوانێ ئەو کارە بکات. لە لایەکی تریشەوە کشانەوە، تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ چەند بابەتێکى ستراتیژیى ئەمریکا: زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانى وزە، ئاڕاستەکردنى هاوکێشەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ بەوەى تەواوى دەوڵەتانى ناوچەکە بڕیارى ئاشتى و جەنگیان لەدەست ئەمریکادایە، بۆ پاراستنى ئیسرائیل. هەر بۆیە سوودانییش لەو بارەیەوە لەبەر خاترى میلیشیاکان، نەک یەکلاییکردنەوەى دۆسییەکە، کات دەقۆزێتەوە.

پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئێران

 ئەمە ئەو دووڕیانەیە کە دەبێ حکوومەتى عێراقی خۆى یەکلایی بکاتەوە، ئەویش لەسەر بنەماى سێ ڕەهەند: چوونەناو خولگەى ستراتیژییەتى ئەمریکا و دوورکەوتنەوە لە چین و ڕووسیا و ئێران و، لە جیاتی ئێران پەیوەندییەکانى عێراق بە دەوڵەتانى کەنداوەوە ببەسترێتەوە، دواتریش نابێ هیچ مەترسییەکى بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل هەبێت و ڕێگری بکات لە تەواوى هەوڵی میلیشیاکان لەو بارەیەوە. دابڕینی عێراق لە هەژموونى ئێران، خەسارەتە لە تەواوى گرووپە وەلائییەکانى سەر بە ئێران، چونکە هەموویان لەلایەن عێراقەوە لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەندن. دەرچونى عێراق لەژێر هەژموونى ئێران، واتە گەڕانەوەى ئێران بۆ ناو قاوغە ڕاستەقینەکەى خۆى و گۆشەگیرکردنى.

پەیوەندییە ئابوورییەکانى عێراق

 ئەمە بابەتێکی ترى ئاڵۆزە بۆ عێراق، چونکە زۆربەى کایەکانى ئەم وڵاتە لە خزمەت بەرەى موقاوەمە و ئێرانە. گرووپەکانى ئەو بەرەیە لەسەر عێراق بوونەتە مشەخۆر و زۆرێک لە داراییی وڵات بۆ ئەوان دەچێت. تەنانەت لەوەیش زیاتر، بۆتە کەناڵێکی هاوکارى بۆ پڕکردنەوەى کەموکورتییەکانى ئێران کە بەهۆى گەمارۆوە دووچارى بووە. بۆ ئەو مەبەستە، دەبێ حکوومەتى عێراق چەند هەنگاوێک هەڵێنێ تا لەگەڵ ئەجێنداکەى ترەمپ دەرهەق بە عێراق هاوتەریب ببێ، لەوانەیش:
کەمکردنەوەى پشتبەستنەکانى عێراق بە گازی ئێرانى و سوودبینین لە گازی هەرێم، کەمکردنەوەى دیاردەى سپیکردنەوەى دۆلار و ڕێگرتن لە ئاودیوکردنى بۆ ئێران، بەستنەوەى سیستەمى ئابووریى عێراق بە دەوڵەتانى کەنداوەوە، زەمینەسازیی باش بۆ وەبەرهێنەرانى ئەمریکا، جێبەجێکردنى ئەو مەرجانەى کە ئەمریکا لە بوارى سیستەمى بانکییەوە بۆ عێراقی داناوە (چونکە تا ئێستا نزیکەى 32 بانک لە لیستى سزادانى ئەمریکادان کە نابێ دۆلاریان پێ بدرێ)، کەمکردنەوەى پەیوەندییە ئابوورییە ستراتیژییەکانى لەگەڵ ڕووسیا و چین، هەناردنەکردنەوەى نەوتی هەرێمی کوردستان- کە لە لایەک هەندێ گرفتى دارایی بۆ عێراق باش دەکات و پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان ڕێک دەخاتەوە و پێگەی هەرێمیش لەسەر ئاستى عێراق و نێودەوڵەتى بەهێزتر دەبێتەوە، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتییش هەناردەکردنەوەکە کاریگەریى لەسەر نرخی نەوت و دابەزاندنى دەبێت.

گێڕانەوەى هاوسەنگیی هێز بۆ عێراق

 لە سەردەمى بایدن ئەو هاوسەنگییە تەواو تێک چوو و، لاسەنگ بوو بە لاى بەغدا؛ زیاتر بەرەو مەرکەزییەت ڕۆیشت و تەواو پڕەنسیپەکانى فیدراڵییەتیان پشتگوێ خست- تەنانەت فیدراڵییەت وەک هۆکارى پەرتبوون و دابەشکاریى عێراق ئەژمار کرا-، هەوڵی گۆڕینی دەستوور درا، هەوڵ درا شایستە دەستوورییەکان لە هەرێمی کوردستان زەوت بکرێت، بەغدا بووە هۆکارى تێکچوونى شیرازەى هەرێمی کوردستان، بوودجە و مووچە بەپێی ڕێککەوتنەکان نەنێردرا، سوننەکان زیاتر پەراوێز خران، داواکانیان جێبەجێ نەکرا، هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنى هەرێمێکی سوننە لەلایەن ئێران و میلیشیاکانەوە لەبار بردران. هەر بۆیە ئەمە بە گرفتێک لە بەردەم ترەمپ دادەنرێ، کە پێویستە ئەو هاوسەنگییەی كە لە نێوان سوننە و شیعە و کوردا هەبوو، کە هۆکارى سەقامگیری بوو، بیگەڕێنێتەوە و عێراق بەرەو مەرکەزییەت نەبردرێتەوە. ئایا ترەمپ ئەوە دەکات؟


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP