بێ ئاوی و قەیرانی ژینگەیی لە ساڵی تازەدا بۆ ئێران و گەورەشارەکانی ناوەراستی ئەو وڵاتە گەورەترین ئاستەنگ و کێشەی کارەسات خولقێنی بەدواوە دەبێت.
دیارە کەم بارانی و سیاساڵی ئەو کێشەیەی لە ئیمساڵدا زەق کردەوە بەڵام ئەگەر پرسی ئاو و ئاوەرۆی وڵاتی ئێران و شێوازی بەرێوەبەرێتی تاران تاووتوێ بکرێ لاوازی و ناسەردەمیانەبوون و هەروەها رەچاونەکردنی لایەنە ژینگەیەکان دەرئەکەوێ. پیشەسازی بەرفراوان و وەرزێری نەریتی دوو کەرتی سەرەکی بە فیرۆدانی ئاو و پۆخڵ کردنی سروشت و ژینگەی ئەو وڵاتەن.
دوو زنجیرە چیای زاگرۆس و ئەلبوورز هۆکار و سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی پارێزگا ناوەندییەکانی ئەو وڵاتەن بەڵام کاریگەری گۆرانکاری کەشوهەوای جیهانی لە سەر کەم بوونەوەی وەشتووار و هەر وەها سیاسەتی ئاوی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت تورکیا بە هۆی گەڵاڵەی Dap پێنج پارێزگای باکووری ئێرانی تووشی قەیرانی قەرەبوو نەکراو لە داهاتووی نزیکدا کردۆتەوە. کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی سیاسی خۆی کەمترین ئاوری لە پرسی ئاوە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکان داوەتەوە هەر بۆیە ئیستە نەک هیچ کارتێکی گوشاری بۆ تورکیا بە دەستەوە نیە تەنانەت سەبارەت بە ئەفغانستانیش بە هۆی گرتنەوەی ئاوی هیرمەند هیچ دژکردەوەیەکی بۆ ئەنجام نەدرا.
ئێران وڵاتێکی پانوبەرینە و گەیاندنی ئاو بە شێوازی یەکدەست و هەمیشەیی لەو بارودۆخەدا بۆ هەموو ناوچەکان ئەستەمە. حەشیمەتی ئێران بە کۆچبەرە نایاساییەکانی ئەفغانستانەوە شایەد نزیک بە سەد ملیۆن کەس ببێ و لە هەموو شتێک ناخۆشتر و ناحەزتر ئەوەیە کە زانیاری گشتی سەبارەت بە پاراستن و دەسپێوەگرتنی ئاو لە هەموو کەرتەکان بە تایبەت بەشی ماڵاندا زۆر لاوازە و بنەماڵەکان و خەڵکی بە گشتی هیچ دەستوور و سەرچەشنێک بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان رەچاو ناکەن.
ئەگەر کەم ئاوی دیاردەیەکی چەندین ساڵەیە بەڵام هەواڵەکانی ناوخۆی ئێران سەبارەت بە خاڵیبوونی بەنداوەکان و جیرەبەندی ئاوی گەورەشارەکان وەک تاران ، ئیسفەهان و،،،، زەنگێکی مەترسییە چوونکا کاتێک کە قەیرانی بێ ئاوی لە ناوچەیەکەدا روودەدات لە توانایی و ئیرادەی دەوڵەتدا نیە بە پەلە پرسی بێ ئاوی چارەسەر بکات هەر بۆیە دەرئەنجامەکەی کۆچ و کۆچبەرییە بۆ ناوچە خۆش ئاو و هەواکان. a
کۆتا باس: قەیرانی بێ ئاوی لە ناوچە پێدەشت و بیابانەکانی ئێراندا گەورەترین خەسار و ئاستەنگی رووبەرووی ناوچە خۆش ئاو و هەواکان دەکاتەوە و بە هۆی کەڵکی زیاوە وەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکان، زەختێکی زۆر دەکەوێتە سەر ئەو ناوچانە و هەموو ژێرخانە کشتوکاڵی و سرووشتییەکان تێکدەچێت و لە باری کۆمەڵایەتییەوە هەم چڕی حەشیمەت لە ئاستی رووبەری خاکدا زیاد ئەکات و هەم دیمۆگرافی ناوچەکە دەگۆرێت. یەکێکی دیکە لە دواهاتەکانی کەم ئاوی سەرهەڵدانی ئاڵۆزی و شۆرشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە کە پێدەچێ شەری نێوان شارەکان و پارێزگاکان لە ناوخۆدا و تەنانەت شەری نێودەوڵەتی لێ بکەوێتەوە.