دواین هەواڵ

پرسیاری تاقیکردنەوەکانی فێرخواز دەبێ ئاوابێت

‌رەهێل دزەیی

پێش 2 هەفتە

ئاستی سستمی پەروەردە و فێرکردن هەر کۆمەڵگایەک کاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی ئەو کۆمەڵگایە لە هەموو بوارەکاندا.

ئەرکی فێرگا و مامۆستا تەنها ئەوەنییە فێرخوازەکان فێری خوێندن و نوسین و زانستەکان بکەن، بەڵکو ئەرکە گرنگ و هەستیار و بەرپرسیارەکە ئەوەیە چۆن مرۆڤێکی باوەڕبەخۆ و بەتوانا و خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز و هۆشمەند پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەن و لە ڕێگایەنەوە وڵات و کۆمەڵگا بەرەو ئاستێکی بەرز و داهێنان دەبەن.

مامۆستا ئەرکیەتی فێرخوازەکانی بە باشی بناسێت و ئاشنای ئاست و شێوازی فێربوونیان ببێت.

مرۆڤەکان جیاوازن لە هەموو ڕووێکەوە. مرۆڤ هەیە توانای زۆرە لە ڕووی جەستەی و فکری، بەڵام هاوڕێکەی ئەو ئاستەی نییە.

پەروەردە پێش فێرکردنە، کەواتە فێرکردن دەبێ پەروەردەییانە بێت.

باسمان کرد ئاستی فێرخوازەکان جیاوازە، بۆیە ئەوکاتەی مامۆستا پرسیاری بەهەمان ئاست بۆ هەموو فێرخوازەکانی پۆلەکەی دادەنێت، ئەوە وادەکات بۆ بەشێکیان ئاسان بێت و بۆ بەشێکی تر مامناوەند بێت و بۆ بەشێکی تریان زۆر قورس بێت.

ئەوانەی بۆیان ئاسانە، تاقیکردنەوەکە وادەکات زیاتر باوەریان بەخۆیان و تواناکانیان  بێت و هەوڵی زیاتر بدەن ئەنجامی بەرزتر بەدەستبێنن. ئەوانەی پرسیارەکان بۆیان قورسە، وادەکات باوەڕیان بە خۆیان و تواناکانیان لەرزۆک بێت و متمانە بەخۆیان نەکەن و هەردەم لە دڵەڕاوکی بن و بڵێن”من هیچ نازانم، هیچ فێرنابم، ناتوانم هیچ بکەم و نابم بە هیچ” ئەوەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر کەسایەتی و دواڕۆژیان.

پرسیاری تاقیکردنەوەکان دەبێ لە ئاستی فێرخواز نزمتربێت، بۆ ئەوەی هەستێکێ پێببەخشێت کە توانای باشی هەیە و متمانە بە خۆی دەبێت و هەوڵەکانی زیاد دەکات، ئەو هەستە وادەکات زیاتر کار لەسەر تواناکانی خۆی بکات و ئەنجامی بەرزتر بەدەستبێنێت و زیاتر فێربێت و کەسایەتیەکی بەهێز و باوەڕی زیاتر بە خۆی تواناکانی بۆ دروست دەبێت.

وەک باسمان کرد، مرۆڤەکان ئاست و شێوازی فێربوونیان جیاوازە، بۆیە لە پۆلێکدا گرنگە بە شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ فێرخوازەکان بکرێت، ئەگەر مەبەستمان بێت نەوەیەکی باوەڕبەخۆ و بە مەعرفەت و خاوەن پەروەردەیەکی باش و پڕ لە زانست پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەین.

مامۆستا لە کاتی دانانی پرسیار بۆ ئەوەی فێرخوازەکانی تاقی بکاتە و بزانێت ئاستی فێربوونی فێرخوازەکانی لە چ ئاستێکە و لە کوێ گرفتیان هەیە و چۆن چارەسەری بکات، گرنگە سێ جۆر پرسیار ئامادەبکات، فێرخوازەکان پۆلێن بکات بەسەر سێ ئاست، هەر فێرخواز لە ئاستی خۆی یان کەمتر لە ئاستی خۆی پرسیارەکانی بۆ دابنێت.

ئاستی فکریش وەک ئاستی جەستەیی وایە، مرۆڤێک ماسولکەکانی بەهێزن دەتوانێت ١٠٠ کلیۆ ئاسن بەرزبکاتەوە، بەڵام هاوڕێکەی لە هەمان تەمەنی ئەودایە، زۆر قورس و ئەستەمە ئەو بارە قورسە بەرزبکاتە، ئەو دەتوانێت ٢٠ کلیۆ بەرزبکاتەوە، بەڵام بە هەوڵدان دەتوانی زیادی بکات، ئەگەر شێوازی گونجاوی بگرێتەبەر، بەڵام ئەگەر زۆری لێبکرێت ١٠٠ کیلۆ بەرزبکاتەوە، ئەوە بەدڵنیایەوە هەرەسدێنێت و توشی ئازارێکی زۆر جەستەی و دەروونی دەبێت، لەوانەیە هەموو ژیانی پێیەوە بناڵێنێت.

لە کۆتاییدا سستەمی پەروەردە و فێرکردن ئامانجی سەرەکی پەروەردە کردنی نەوەیەک بە شێوازێکی دروست و فێرکردنی  بە زانستێک کە وڵات بەرەو پێش ببات و داهێنان بکەن لە بوارەجیاجیاکان بۆ خزمەت کردنی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی، نەک بە سزادانی فێرخوازەکان بە دانانی مەنهەجێکی زۆر قورس و بەرزتر لە ئاستی تەمەن و فکری فێرخوازەکان و بە شێوازێک پرسیاری تاقیکردنەوەکان ئامادە دەکرێت کە فێرخۆز والێدەکات باوەڕێ بەخۆی و تواناکانی نەمێنێت و ئاستی زانستی و کەسایەتی بەرەولاوازی بچێت، بەمەش کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بەرهەم دەهێندرێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP