دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/05/2024

شاخەوان عەبدوڵا: لە ئەمڕۆوە عەرەبی هاوردە خێوەتەکانیان دەپێچنەوە و دەڕۆن

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە جووتیارانی كورد دەست بە دروێنەی بەرهەمەكانیان دەكەن و خێوەتی عەرەبان هەڵدەگیرێت.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی 5ـی 2024 ،  شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای رێگرییەكانی ئەمدواییەی سوپا لە جووتیارانی كورد بۆ دروونەوەی بەرهەمەكانیان لەگەڵ ئەنجامی سكاڵای عەرەبی هاوردە، لەگەڵ سەرۆك وەزیران و فەرماندەی ئۆپراسیونەكان لە بەغدا قسەمان كرد و لە رۆژی چوارشەم فەرمان بە ئۆپراسیونەكانی كەركووك كرا، رێگرییەكان هەڵگرن و جووتیاران دروونەوەی بەرهەماكانیان دەست پێ بكەن.

باسی لەوەش كردووە، بەداخەوە بەهەر هۆكارێك بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە كەركووك و ئەمڕۆ جارێكی تر، لەڕێی بەغداوە نووسراوەكەمان گەیاندە كەركووك، فەرماندەی ئۆپراسیونەكانی كەركووك نووسراوەكەیان وەرگرت و لە ئەمڕۆوە دەست بەهەڵگرتنی خێوەتەكان دەكەن و جووتیارەكان دەست بەدروونەوەی بەرهەمەكانیان دەكەن.

روونی كردووەتەوە، رۆژی پێنجشەمی رابردوو پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، پشت بەخودا لە یەكەم دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەو كێشانە بەشێوەی یەكجاری كۆتایی پێ بێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی 20 رۆژە عەرەبە هاوردەكان لە سنووری گوندەكانی بیبانی و شارەدێی سەرگەڕان، گەڕێكی تری گێچەڵیان بە هاوكاری سوپای عێراق، دژی جووتیارە كوردەكان دەست پێ كردبوو بۆ ئەوەی دروێنەی گەنمەكانیان نەكەن، یان ئەوانەی كردبوویان بازگەی سوپای رێی نەدەدا بیگوازنەوە سایلۆ.

ئەم ستەمەی عەرەب و سوپا لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە بە چڕی سەری هەڵداوە و ساڵانە لە كاتی پێگەینی بەرهەم، دەكەونە هێرش و پەلاماردانی جووتیارانی كورد و ئەوانیش جوامێرانە ڕاویان دەنێن و خاكی كوردستان دەپارێزن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP