دواین هەواڵ

مەرسوومی پێنجەم، چاککردنەوەی ئیشێکی تێکدراو!

‌شیروان تاڵیب

پێش 2 هەفتە

کادری حیزب، ڕاستە لە هەر جێ و مەکانەتێک بێ، دواجار مەئموورە و ئەمری حیزب جێبەجێ ئەکا، بەڵام شتێک هەیە پێی ئەڵێن ئەدائی شەخسی و توانای زاتی، ئەمەیان، لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر، لە کادرێکەوە بۆ ئەوی تر ئەگۆڕێ و ئیتر لەگەڵیدا، شێوەی جێبەجێکردنی ئەمرەکەو، هەندێکجار، بۆی هەیە سەرلەبەری ئەمرەکەش بگۆڕێ!

بۆئەوەی بزانن باسی چی ئەکەم، لەم ڕووداوە وردبنەوە،،

ساڵی ١٩٩٤ لە شەڕی ناوخۆ، جەوهەر نامیق سەرۆکی پەڕلەمان و کۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆکوەزیران و دکتۆر ڕۆژ جێگر بوو، ئەمانە هەرسێکیان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکانی خۆیان بوون، قەراری مەرکەزیی حیزبەکانیشیان، شەڕکردن بوو، کەچی ئەوان، چونکە بەوەی کە بەدیهاتبوو ماندووبووبوون، چونکە خەمەکەیان تەنیا حیزبەکانی خۆیان نەبوو قەوارەکەش بوو، بەکورتییەکەی، چونکە هەرسێکیان ئەهلی ئیشەکەبوون، ئیتر حەماسی حیزبەکانی خۆیانیان بۆ شەڕ خاوکردەوە و کارێکی وەهایان کرد، شەڕ لە هەولێر، لانیکەم بەدرێژایی جەولەی یەکەم و تا نیوەی جەولەی دووەمیش هەڵنەگیرسێ، ئەیانووت: شەڕ بکەوێتە پایتەخت، جگە لە حەیا، قەوارەکەشمان لەدەست ئەچێ!

ئەمە، پێی ئەووترێ ئەدائی کادری حیزبی لە هەڵسوڕاندنی مەهامی ئیدارییدا، توانای سەرکردە نیشان ئەدا، لە هەڵسوڕاندنی گەمەی سیاسیدا، ئەمە لێزانیە، بەتواناییە، دووربینیە، بۆ حیزب دڵسۆزی و بۆ قەزییەکەش، خەمخۆرییە!

کادری لێهاتوو ئەوە نیە، بەس گۆڵ بۆ حیزبەکەی تۆمار بکا و لە قەزییە گەورەکە بگەڕێ گورگ بیخوا! ئەویان پێی ئەووترێ لێهاتوو، کە وەکچۆن ناهێڵێ حیزبەکەی بکەوێ، نەهێڵێ قەزییەکەش، کە حیزبەکەی لەپێناویدا هاتووە و پێشمەرگە گیانی خۆی و خەڵکیش ژیانی خۆیی پێ بەخشیووە، زیانی پێ بکەوێ! خۆ ئەگەر کادرێک، بەرپرسێک، مەئموورێک، لەیەککاتدا، هەم حیزبەکەی تووشی سەرئێشەو، هەم قەزییەکەیشی دووچاری کێشە کرد، ئیتر حیزب و حەکیمەکانی ناو حیزب، ئەبێ هەر خەریکی چاککردنەوەی شتی شکێنراو و ڕێکخستنەوەی ئیشی تێکدراو بن!

لەوەتای پەڕلەمانی کوردستان بە لیستی کراوە هەڵئەبژێردرێ، ئەدائی ئەندامانی و تەبیعەتی کارەکانی، تا دێ بەرەو خراپتر ئەچێ و ئیتر لەجێی ئەوەی لە ژێر قوببەکەیدا چارەی کێشە بکا، کێشە ئەکاتە قەیران و ئێ قەیرانیش ئەگەر بەری پێ نەگیرێ، بەرەو بەڵا سەرئەکێشێ!

ئیشی پەڕلەمان، دۆزینەوەی دەرچەی یاساییە بۆ ناکۆکییە سیاسییەکان، بەڵام کە لە غیابی کاراکتەری لێزان، بەتوانا، دووربیندا، خۆی ئەبێ بە بەشێک لە ناکۆکییە سیاسییەکان، ئیتر ئەوە ڕووئەدا کە لە خولی ئەمجارەدا، لەسەر هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن ڕوویدا و نەتیجەش، دەرگای خۆیی بە داخستن دا و دەرگای کێشە و سەرئێشەشی، بەسەر هەرێمەکەدا کردەوە!

کار بگاتە ئەوەی هەڵبژاردن لەم هەرێمە، کە بە مێرگی دیموکراتییەتی عێراق وەسف ئەکرا، دوو سێ ساڵ بێ نەکرێ و، قەوارەکە، کە لەسەر پشتی ئەیلوولی مەزن و شانی هێزە شۆشگێرەکانیەوە هاتۆتە وجوود، لە چاڵی فەراغ خزێنرا بێ و، قەزییەی نەتەوەیەک و ژیانی گەلێکیش، کە هەرچی حیزبە لەپێناویاندا دروست بوون، لەژێر ڕەحمەتی عامری و طەیفێکدا بێ، ئیتر هێنانەوەی هەر بیانوویەک بۆ ئەو کێشەیەی کە قەوارەکە تێیکەوتووە و گەڕان بەدوای هەر پاساوێک بۆ ئەو پاشەکشێیەی دووچاری قەزییەکە بووە، جگە لە ڕاکردن لە بەرپرسیارێتیی دروستکردنی بارێکی لار و جگە لە خۆدزینەوە لە ئیعترافکردن بە شکستهێنان لە ئیدارەدانی کێشە و قەیران، هیچی تر نیە!
ئەجیندا هەیە، ململانێکان توندن، ئەملاولاش دەستیان تێخستووە و تێخستبوو، هەموو ئەمانە ڕاستن و بەجێی خۆیان، بەڵام ئەوانەی لە پەڕلەمان ئیشەکەیان پێ سپێردرا تا گۆزەکە بەساغی بگەڕێننەوە، چونکە ئەهلی ئیشەکە نەبوون، دەسکی گۆزەکە لەدەستیاندا شکاو، ئیتر ئەبێ لە جێیەکی ترەوە دەستی بدرێتێ، تا هەر هیچ نەبێ، گۆزەکە نەشکێ و لەجێی خۆی دابنرێتەوە، ئەم ئەرکەش، ڕووبەڕووی سەرۆک و سەرۆکایەتیی هەرێم بووەتەوە!
دوو ساڵ لەمەوبەر، سەرۆکایەتیی هەرێم تا حەددی پاڕانەوە، داوای سازانی هەمووانی لەسەر هەڵبژاردن ئەکرد، بەڵام نەکرا!

لەو دوو ساڵەدا، سەرۆکی هەرێم، چوار مەرسوومی بۆ دیاری کردنی وادەی هەڵبژاردن دەرکرد و چونکە هێزە سەرەکییەکان نە ئەسازان و هەر ئەترازان، مەرسوومی تازە، ئەوەی پێشتری هەڵئەوەشاندەوە!
ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو دوو ساڵەدا بۆ سازان لەسەر هەڵبژاردن کردی، (موجامەلە)کردنی هیچ کەس و لایەنێک نەبوو، بەڵکوو بۆئەوەبوو، دەسکی گۆزەکە نەشکێ، بەڵام وەئەخیرەن هەر شکا!
ئەوەی ئێستاش بە نیازە بەدەرکردنی مەرسوومی پێنجەمی بیکا، (حیزبایەتی) نیە، کوردایەتییە، سەرخستنی ئیرادەی حیزبێک بەسەر ئەوی تردا نیە، سەربەرزی قەوارەکە و سەرخستنی قەزییەکەیە، کە ئەکاتە سەرکەوتنی هەمووان!

ئەوەی ئەو ئەیەوێ بیکا، ڕێکخستنەوەی ئیشێکی تێکدراوە، کە تا دێ، سیعری چاککردنەوەکەی گرانتر ئەبێ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP