دواین هەواڵ

کاریگەریى جەنگى حەماس و ئیسرائیل لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانى بەغدا

‌د. سەردار قادر

07/11/2023

(ئیسرائیل دەرفەتى قۆستۆتەوە و میلیشیا وەلائییەکانیش ڕووداوەکان بەخێرایی پێش دەخەن)

وەبەرهێنان لە هاوکێشەیەکی سیاسیدا

ڕووبەرى جوگرافیی کەرتى غەززە 365کم چوارگۆشەیە، کە دەکاتە 1.33%ى هەموو ڕووبەرى دەوڵەتى ئیسرائیل کە 22145 کم چوارگۆشەیە، درێژییەکەى 41کم و پانییەکەى 6- 12 کم، سنوورى لەگەڵ دوو وڵات هەیە: ئیسرائیل و میسر؛ لەگەڵ ئیسرائیل درێژیى سنوورەکەى بریتییه‌ له‌ 51کم، لەگەڵ میسریش 11کم، ژمارەى دانیشتووانى زیاترە لە 2.23 ملیۆن کەس. لەو ژمارەیە 1.4 ملیۆن لە دانیشتووانەکەى ئاوارەى ناوچەکانى ترى ئیسرائیلن، کە پەنایان بۆ کەرتى غەززە هێناوە؛ نزیکەى 40%ی دانیشتووانى، تەمەنیان لە خوار 15 ساڵیدایە.  کەشوهەوایەکی شێدار و گەرمی هەیە، زۆرترین ڕێژەى باران لە نێوان مانگى نۆڤه‌مبەر و فێبرایەردا لێی دەبارێ؛ لە باکوورەکەى دەگاتە نزیکەى 400 ملم و لە باشوورەکەیشی نزیکەى 255 ملم. کەرتى غەززە تا ساڵی 1918 لەژێر دەسەڵاتى عوسمانییەکاندا بوو، دواتر بریتانییەکان لە 1918 تا 1948، دواى ئەوانیش تەسلیم بە میسیرییەکان کرا تا ساڵی 1967؛ لە شەڕى 1967، ئیسرائیل، لەگەڵ نیمچەدوورگەى سینا دەستى بەسەردا گرت. بەپێی ڕێککەوتننامەى نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان لە ئۆسلۆ لە ساڵی 1993 ناسراو بە ئۆسلۆ یەک، ئیسرائیل جۆرێک لە خودموختاریى دایە کەرتى غەززە و کەرتى ڕۆژاوا. هەر لە ساڵی 2005ه‌وە ئیسرائیل بەتەواوى لە کەرتى غەززە نەما و تەسلیمی فەڵەستینییەکانى کرد.

کەرتى غەززە هەمیشە مایەى سەرئێشە و ماندووێتی بووە بۆ ئیسرائیل. هەر لە ساڵی 1987ه‌وە چەندان ڕاپەڕین و خۆپیشاندان لە دژى ئیسرائیل کران. لە 15/8/2005 تا 12/9/2005 بە فەرمانى سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتى ئیسرائیل، ئاریێل شارۆن، تەواوى هێزەکانى ئیسرائیل لە کەرتى غەززە کشانەوە و 21 ئۆردوگاى جوولەکەنشین و بارەگا سەربازییەکانیشی لەوێ نەهێشت. لە 25/1/2006 فەڵەستینییەکان هەڵبژاردنى پەرلەمانییان ئەنجام دا؛ لە ئاکامدا حەماس لە کۆى 132 کورسی، 74 کورسیی بەدەست هێنا. لەسەر دەسەڵات و ئەجێنداکەى ڕێک نەکەوتن؛ ئەوە بوو لە ساڵی 2007 حەماس دەستی بەسەر کەرتى غەززەدا گرت و لەو کاتەوە حوکمڕانیی تێدا دەکات. هەر لەو کاتەیشەوە کەرتى غەززە لەژێر گەمارۆى وشکانى، دەریایی و ئاسمانیی ئیسرائیلدایە. کەرتى غەززە بە مەودا و هێڵی ئاسمانی، نزیکەى 72 کم لە پایتەختى ئیسرائیلەوە دوورە.

حەماس بەرەبەیانی 7/10/2023 ڕۆژى شەممە (کە پشووە لە ئیسرائیل)، زیاتر لە 3000 مووشەکی بە ئیسرائیلەوە نا، 2500 چەکدارى فەڵەستینییش لە کەرتى غەززەوە بە ئۆتۆمبێل چوونە ناو ئیسرائیلەوە و چەندان شوێنیان گرت؛ لە ئاکامیشدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران. جه‌نگه‌کە نزیک بۆتەوە لە مانگێک و بەردەوام بەرەو هەڵکشان دەچێ، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا بزووتنەوەى حەماس پشتیان بە چی قایم بوو، تا جەنگێکی مەیدانی لەسەر ئاستى چەند بەرەیەکی جەنگ، نەک شەڕی پارتیزانی ئەنجام بدەن؟ چونکە ئەوان باش دەیانزانی کە کاردانەوەى ئیسرائیل چۆن دەبێ! جگه‌ لەوەیش، دەیانزانی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی هیچ یارمەتییەکیان نادەن. تەنیا ئەوەندە نەبێ کە دەیانزانى تەواوى دەوڵەتانى ڕۆژاوا بە هەموو شێوه‌یه‌ك هاوکارى، پشتیوانی و یارمەتیی ئیسرائیل دەدەن.

هەر بۆیە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ، بزووتنەوەى حەماس کردەوە سەربازییەکەى لە دوو حاڵەت تێ ناپەڕێ: یان پێیان کردووە و لە ڕووى سیاسییەوە هەڵخەڵەتێنراوە- باشترین بکەرى سیاسییش بۆ ئەو بابەتە پێ دەچێ ئێران بووبێ، چونکە ئەو جه‌نگە لە توانا و قەبارەى حەماسدا نییە-، یان ئەوەیە لەلایەن خودی ئیسرائیلەوە په‌ڵكێش كرابێ و ڕاكێشرابێ تا ئەو کارە بکات، بۆ ئەوەى دواتر ئەوەى کە خۆیان دەیانەوێ لە هاوکێشە سیاسییەکان و سەربازییەکان لە دەرەوە و ناوەوەى ئیسرائیلدا وەبەرهێنانى تێدا بکەن. ئەوەى ڕووی داوە تەنیا مەبەست لێی حەماس نییە و پریشکەکەى بەرەو لوبنان و عێراق و یەمەن و سووریاش دەڕوا، چونکە ئیسرائیل ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە بۆ:

لەناوبردنى تەواوى ژێرخانی سەربازی و سیاسی و ئابوورى و جوگرافیی بزووتنەوەى حەماس لەناو خاکی ئیسرائیل.

دەرفەتێکە بۆ گوشارخستنە سەر فەڵەستینییەکان تا بە بیرۆکەى دوودەوڵەتى ڕازی بن، بەو شێوەیەى کە ئیسرائیل دەیەوێ.

دەرفەتێکە بۆ لەناوبردنى هەرچی دەکرێ لە ژێرخانی سەربازی و سیاسی و ئابوورى و جوگرافیی “حزبوڵڵاى لوبنانی”ى سەر بە ئێران.

لێدانێکی خێرا و جەرگبڕ لە هەندێ شوێنی ستراتیژى لەناو ئێران، به‌تایبەت بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى.

گواستنەوەى فەڵەستینییەکان بەرەو باشوور، به‌تایبەت بۆ بیابانی نەقەب. ئەو پرۆسەیەیش بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکانى بریتانیا پێش زیاتر لە پەنجا ساڵ بڕیارى لەسەر دراوە؛ هەرچەندە پێشتر هەوڵی گواستنەوەیان دەدرا بۆ عەریشی میسر. بەپێی بەڵگەنامەکانى بریتانیا، حوسنى موبارەکی سەرۆککۆماری پێشووتری میسر، بەوە ڕازی بووە، بەرانبەر ڕێککەوتنێکی سەرتاسەریى چارەسەرکردنى ناکۆکییە ستراتیژییەکانى نێوانیان و یەکلاکردنەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل و بەستنى ڕێککەوتننامە. هەر بۆیە هێزەکانى ئیسرائیل لە باکووری غەززەوە هێرش دەکەن نەک لە باشوور، ئەویش بۆ ئەوەى دانیشتووانەکەى غەززە بەرەو باشوور بخزێن و غەززە چۆڵ بکەن؛ تەنانەت ئاسانکارییشیان بۆ دەکرێ و لە باشوور هاوکارییش دەست دەکەوێ، بەڵام لەگەڵ ڕۆیشتنیان جارێکی دی ناهێڵدرێ بگەڕێنەوە غەززە.

میلیشیا وەلائییەکان کەى پریشکەکانى جه‌نگ دەگەیه‌ننە بەغدا؟

هەر لە سەرەتاى کەوتنەوەى جه‌نگەکە، میلیشیا وەلائییەکان لەگەڵیدا کارلێکیان کرد؛ دیار بوو پێشوەختە دەرکیان بە هه‌ڵگیرسانی ئەو جه‌نگە کردووە، ئەگەر خۆیان هۆکار نەبووبن. بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەسەلمێنن، کە لەو بابەتە تێوە گلاون؛ مەبەستیشیانە بەزوویی بەرەو هەڵکشان بچێ و تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بگرێتەوە. بەڵام ئیسرائیل و وڵاتانى ڕۆژاوا- کە پشتیوانى سەرسەختى ئیسرائیلن- ئەو پەلەیان نییە. میلیشیاکان مەبەستیانە ئەو گوشارە سەربازییەى کە لە داهاتوودا دەکەوێتە سەر ئێران، بەسەر تەواوى نیمچەدوورگەى عەرەبیدا دابەشی بکەن، ئەویش لە پێناو مانەوەى ئێران بەبەهێزی. هەر بۆیە لە تەواوی ناوچەکە ئیسرائیل و هێزەکانى ئەمریکا بە ئامانج دەگیرێن و بەنیازیشن تەواوى دەوڵەتانى ناوچەکە تێوە بگلێنن. پریشکەکەش گەیشتۆتە عێراق؛ عێراقيش بۆ ئەو مەبەستە خۆى ئامادە کردووە و هەندێ بەڵگەنامەى دزەپێکراوی ڕۆژى 3/11/2023ى ئەمیندارى گشتیى نهێنییەکانى وەزارەتى بەرگریى عێراق بە ژمارە ق 3/61/29480 کە لە 28/10/2023دا دەرچووە، بڵاو بوونەوە، کە باس لەوە دەکەن حکوومەتى عێراقی وەک ڕێوشوێنى پێشوەختەى جەنگ لە خۆئامادەکردندایە. هەندێ بۆچونى تریش واى بۆ دەچن، کە دزەپێکردنى ئەو بەڵگەنامەیەى وەزارەتى بەرگریى عێراق لە پێناو بەرەوهەڵکشانی زیاترى بە ئەنقەست لەلایەن میلیشیا وەلائییەکانەوە دزەى پێ کراوە، ئامانجیشیان هەرچی دەکرێ دوورخستنەوەى مەترسییەکانە لەسەر ئێران.

سەرۆکوەزیران سوودانى لە هەڵوێستێکی دژواردایە

تا هەنووکە هەڵوێستى سوودانى لەمەڕ جه‌نگی غەززە لە سێ ڕەهەند تێ نەپەڕیوە: ئيدانەکردنى جه‌نگەکە، تۆمەتبارکردنى ئیسرائیل، ئامادەییی حکوومەتەکەى بە ناردنى کۆمەکى بۆ خەڵکی غەززە. هەڵوێستەکەى حکوومەتى عێراقی لە کۆمەڵەى گشتیى گەلان، جۆرێک لە دڵەڕاوکێی تێدا بوو؛ یەکەم جار عێراق دەنگى بە بڕیارەکە نەدا، بەوەى پڕۆژەبڕیارەکە هەندێ تەوەرەى تێدایە کە لەگەڵ هەندێ یاساى وڵاتەکەى یەک ناگرنەوە، بەڵام دواتر لەژێر گوشارى میلیشیاکان و بۆ ڕازیکردنیان هەڵوێستى خۆى گۆڕی بۆ ڕازیبوون؛ بەڵام دواى دوو کاتژمێر لە دەنگدان لەسەر بڕیارەکە، بەوەى هەڵەیەکی هونەری بووە، نەک پڕه‌نسیپ. لەو سه‌روبه‌نده‌وه‌‌ حکوومەتى عێراق مەبەستى بوو لە نێوان ئێران و ئەمریکا نێوەندێک بگرێت. هەر وایشی کرد؛ تەنانەت ئێرانییەکان هیچ کۆمێنتێکیان لەسەر هەڵوێستەکەى عێراق نەبوو، گەرچی خۆیان لە دەنگدەرانى بڕیارەکە بوون؛ هەرچەندە دەنگنەدانى عێراق بە بڕیارەکە، تەواو پێچەوانە بوو لەگەڵ هەڵوێستى سوودانى لە کۆنگرەى قاهیرە.

سودانى مەبەستیەتى حکوومەتەکەى بەردەوام بێت و لە جەنگەوە تێوە نەگلێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەیش بەڵێنیی بە ئەمریکا دابوو لەسەرەتاى پێکهێنانى حکوومەت، نەهێڵێ میلیشیاکان هێرش بکەنە سەر پێگەکانى ئەمریکا. هەر بۆیە هەڵوێستى حکوومەت و سەرۆکوەزیرانەکەى بەرانبەر جەنگ لە غەززە هەماهەنگن و هیچ ناکۆکییەک لە نێوانیاندا لە ئێستادا نییە؛ بەو شێوەیەیش دەمێنێتەوە تا پریشکەکە نزیک دەبێتەوە، چونکە ئەودەم ڕاى ئێران گوزارشت لە حکوومەت دەكا نەک سوودانى. لە لایەکی تریشەوە سوودانى مەبەستى نییە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا دووچارى گرژى و ناسەقامگیری ببێتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەیش ڕۆژى 25/11/2023 باڵیۆزی ئەمریکا، ئیلیانا ڕۆمانسکی، سەرلەنوێ بانگهێشتى حکوومەتى عێراقی کردەوە بۆ شەراکەتى ستراتیژى. ئەوەیش تەواو دژه‌ لەگەڵ میلیشیا وەلائییەکان.

کەواتە ئێستا لە عێراق لەمەڕ بارودۆخەکە چەندان هەڵوێست هەن:

سوننەکان ئیدانەى جه‌نگى ئیسرائیل دژ بە فەڵەستینییەکان دەکەن، بەڵام بانگەشەى هەڵکوتانە سەر پێگەکانى ئەمریکایان نییە.

کورد ئیدانەى جه‌نگەکەى کردووە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێ چارەسەرى گرفتەکە بەپێی یاساى نێودەوڵەتى بکرێ و، لە جه‌نگەکەیشدا یاساى نێودەوڵەتیى مرۆیی لەبەرچاو بگیرێ؛ پێویستیشە نەک هەر هێرش نەکرێتە سەر پێگەکانى ئەمریکا، بەڵکوو دەبێ عێراق نەکرێتە گۆڕەپانی جەنگ بۆ یەکلاییکردنەوەى هاوکێشەکان.

شیعەکان لەم ساتەدا یەکهەڵوێست نین: میلیشیا وەلائییەکان زۆربەیان بانگەشەى هێرش بۆ سەر ئەمریکا دەکەن و کردووشیانە، هەندێکی تر لە وەلائییەکان وای دەبینن کە ئەو هەڵوێستە بەزوو دەزانن و کاتى نەهاتووە تەنها هەڕەشە دەکەن، چوارچێوەى هەماهەنگی لە حکوومەتدا هیچ هەڵوێستێکی دژ بە ئەمریکا ڕانەگەیاندووە و، بە ڕاشکاوییش ئەو هەڵوێستە ئاڵۆزە بە کاولکەر بۆ عیراق لێك دەدەنەوە، بەڵام ڕەوتى سەدر داواى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا لە حکوومەت و پەرلەمان دەکات، لە حاڵەتى نەبوونى وەڵامیش هەڕەشە دەکات؛ بەڵام بانگەشەی هێرشکردنە سەر پێگە و نێردە دیپلۆماسییەکان ڕەت دەکاتەوە؛ ئەوانەیشی دەستیان بۆ ئەو کارە بردووە یان بەنیازن، بە میلیشیا دزێوەکان ناویان دەبات.

بەڵام ئەوەى کە گرنگە لەو بوارە، ئەوەیە کە:

تا ئێستا هاوکێشەکە ئەوەندە هەڵنەکشاوە، تا حکوومەتى عێراقى هەڵوێستى یەکلاکەرەوەى خۆى ده‌رببڕێ، تەنیا هاوهه‌نگابوونه‌ و هیچی تر.

تا ئێستا ئێران بەکردەیی نەهاتۆتە ناو بابەتەکەوە و نەبۆتە لایەنی جه‌نگەکە. بە هاتنەناوەوەى ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، حکوومەتى عێراقی هەڵوێستى دیار و یەکلاکەرەوەى دەبێ، چونکە زۆرینەى حکوومەت لە چوارچێوەى هەماهەنگی، وەلائیی ئێرانن.

کەواتە نە حکوومەتى عێراقی و نە وەلائییەکانى سەر بە ئێرانیش لە چوونە ناو جه‌نگ جددی نین، تەنیا ئەوەندە نەبێ له‌گه‌ڵ بارودۆخەکە دەڕۆن و مەبەستیانە لەم قۆناغەى ئێستادا مەترسی لەسەر ئێران دوور بخەنەوە؛ بەڵام ئەگەر لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دژ بە حزبوڵڵا پەرەی پێ درا، ئەودەم زیاتر جددییەت وەردەگرن. لە لایەکی تریشەوە ڕۆشنە کە هەڵوێستى سوودانى بە هەڵوێستى میلیشیاکان گەمارۆ دراوە، نەک ئیرادەى سوودانى و حکوومەتەکە.

هەڕەشەکانى سەدر دژوار و جددی نین

هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی هەڵوێستەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل دەرهەق بە خەڵکی فەڵەستین و وەک پشتیوانییەک بۆ حەماس، ڕێبەرى ڕەوتى سەدر ڕۆژى هەینى (27/10/2023) داواى لە حکوومەت و پەرلەمان کرد ڕێوشوێنی داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا بگرنە بەر، دەنا کاردانەوەى دەبێت و خۆى قۆڵی لێ هه‌ڵده‌ماڵێ! بەڵام هەر زوو لەلایەن حکوومەت و خودی چوارچێوەى هەماهەنگییەوە وەڵامی نێگەتیڤانەى درایەوە؛ وەڵامی حکوومەت ئەوە بوو: حکوومەت داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکاتەوە؛ بەئاکامگەیاندنى ئەو كاره‌ وڵات بەرەو کاولی دەبات. هەرچی چوارچێوەى هەماهەنگییشە لە وەڵامدا پێیان وت: چوارچێوە پەیمانێکی بە ئەمریکا داوە کە هێرش نەکەنە سەر هێزەکانیان، پەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئەمریکا بە ڕێککەوتنە؛ ئێمەیش بەوەوە پابەندین. پێویستە عێراق بەرژەوەندیى خۆى پێش هەمووان بخات. هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چوارچێوەى هەماهەنگی جیاوازن بە بەراورد لەگەڵ سەدر؛ ئەم حکوومەتە هی چوارچێوەى هەماهەنگییە نەک سەدر. ئەگەر ئارەزووى داخستنى باڵیۆزخانەکەیش دەکەی، فەرموو پێشمان کەوە.

ئەگەر سەدر ڕژد نییە، ئەی مەبەستى چییە؟

نواندنى هەڵوێستى پێویست لە بەردەم ڕای گشتیى عێراقی و جیهانى ئیسلامی، بەوەى کە هەر ئەوان بوون داواى داخستنى باڵیۆزخانه‌یان کرد؛ هەر ئەوان بوون داواى مانگرتن و خۆپیشاندانیان کرد لە سەرتاسەرى جیهانى ئیسلامی؛ هەر ئەوان بوون داوایان لە دەوڵەتانى دراوسێی ئیسرائیل کرد بۆ گەیاندنى یارمەتی بە خەڵکی غەززە، كه‌ سنوورەکانیان بەڕووى لایەنگرانیدا بکەنەوە، تا بڵێن هەر ئێمە بووین پرۆژەیاساى قەدەغەکردنى پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل دەرکرد.

بۆ ته‌ریقكردنه‌وه‌ی چوارچێوەى هەماهەنگی لە بەردەم ڕای گشتى و کەوتنە هەڵەوە.

دروستکردنى جۆرێک لە پشێوی و ئاژاوه‌ لەسەر ئاستى حکوومەت و پەرلەمان، به‌تایبەت ئەگەر بارودۆخەکە بەرەو هەڵکشان بچێ؛ چونکە ئەو هەڵوێستە لەو کاتەدا پەرلەمان و حکوومەت دووچارى پەرتبوون دەکات،

لە کاتى هەر جووڵەیەکى چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ کاردانەوە دژ بە ئەمریکا، تەواوى بەرژەوەندییەکان و حکوومەتەکەى دەکەوێتە مەترسییەوە؛ ئەوکاتیش باس لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى پێشوەختە دەکرێ کە لە بەرژەوەندیى سەدر دەکەوێـتەوە.

کەوتنەوەى ئاژاوه‌ لەم ساتەدا، بە مانای دواخستنى هەڵبژاردنى پارێزگاکان دێـت؛ دواخستنى هەڵبژاردنیش واتە دروستبوونى چەندان قەیران لە عێراق و ناو حکوومەت و تەنانەت ناو خودى چوارچێوەى هەماهەنگی.

هەڵوێستەکەى سەدر بۆ داخستنى باڵیۆزخانە، گەرچی هه‌ر خۆی لە بەرژەوەندیى ئێرانە، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە تەواوى بەرژەوەندییەکانى ئێران لە عێراق و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
بێ گومان نە حکوومەت و نە چوارچێوەى هەماهەنگی وەڵامی ئەرێنییان بۆ سەدر پێ نییە، ئەى کەواتە سەدر لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەیان چی دەکات؟ پێ ناچێ سەدر هیچ کاردانەوەیەکی کرداریی هه‌بێت جگە لە خۆپیشاندان و نوێژى هەینى و هەندێ گوتارى زبر و هەڵکشاو لەم قۆناغەدا، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی هاوکێشەکان هەڵوێستەکانى زبرتر دەبن؛ دووریش نییە سەرایا سەلامى باڵی چەکدارى بە بیانووی پێویستیى قۆناغەکە بژیێنێتەوە. لە لایەکی تریشەوە هەڵوێستى سەدر تەواوکەرى هەڵوێستى هەماهەنگیی ئێران دەبێ، ئەگەر هات و قەوارەى شیعە لە عێراق و ناوچەکە کەوتە مەترسییەکی جددییەوە. هەر بۆیە نە ئەمریکا و نە کورد و نە سوننە و نە دەوڵەتانی ناوچەکەیش گرەو لەسەر هەڵوێستی سەدر ناکەن و پشتى پێ نابەستن، تەنیا بۆ هاتنەسەر شەقام و هەڵکشانی هاوکێشەکان نەبێ.

ئەی چوارچێوەى هەماهەنگى بەتەماى چییە؟

چوارچێوەى هەماهەنگی لە هەڵوێستێکی زۆر دژواردایە؛ لە قۆناغێکی ڕاگوزەردایە و، زۆر بەهەستیارییەوە ڕەفتار دەکات، ئەگەرنا ڕەوتەکە و حکوومەتەکەی و بەرژەوەندییەکانى ئێرانیش دەخاتە مەترسییەوە. تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی کرداریى زبرى بەرامبەر ئەمریکا ڕانەگەیاندووە. دەیەوێ کات بقۆزێتەوە تا زیاتر هاوکێشەکان پێ بگەن. لە لایەکی تریشەوە تا ئێستا ئێران لەوە زیاترى لێیان داوا نەکردووە، هەر بۆیە لەو ڕووەوە زۆر ئاسوودەن. هەڵوێستەکانیان لەگەڵ حکوومەت هەماهەنگن. سوودانییش لەو بارەیەوە هیچ نیگەرانییەکى دەرنەبڕیوە، چونکە باشترین بیانوو ئەوەیە کە تا ئێستا پێویستیى لەوە زیاترى نییە بۆ هەڵوێستوه‌رگرتن. سوودانییش نایەوێ نە حکوومەتەکەى دووچارى قەیران بێت و نە بەرژەوەندییەکانى ئێران و ئەمریکاش بکەونە مەترسییەوە.

بەڵام ئەوەى جێی دژوارییە ئەوەیە کە، زۆربەى میلیشیا چەکدارە وەلائییەکان هی چوارچێوەى هەماهەنگین و بەشدارن لەسەر ئاستى حکوومەت و پەرلەمان و دامەزراوە هەواڵگرى و گشتییەکانى وڵات. هەندێک لەوان هەر لە یەکەم ڕۆژەوە جاڕی شەڕیان دژ بە ئەمریکا دا و هەر لە مانگى تشرینی یەکەم، زیاتر لە 29 جار لە عێراق و سووریا هێرشیان کردۆتە سەر پێگەکانى ئەمریکا و، بانگەشە و هەڕەشەى زیاتریش دەکەن لە مانگى یازدەدا. حکوومەتەکەى سوودانی بە هەڵوێستى هەماهەنگی و میلیشیاتەکانیان دەورە دراوە؛ تەنانەت ئەو هەڵوێستە لەرزۆکەى عێراق لە کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لەژێر کاریگەریى میلیشیا و بۆ ڕازیکردنیان بوو. کەواتە ئێستا حکوومەتەکەى سوودانی لە هەڵوێستێکی شه‌رمه‌زاركراودایه‌، کە جگە لە هەڵوێستە گشتییەکان هیچی ترى پێ ناکرێ. ئەوەى کە جێی وەبیرهێنانەوەیشە ئەوەیە کە کورد و سوننە کاریگەرییەکى ئەوتۆیان لەسەر هەڵوێستى حکوومەت نابێ لە قۆناغەکانى داهاتوودا و، هەر زوو حکوومەت خۆى بۆ بەرەى ئێران یەکلایی دەکاتەوە و، دەبێته‌ لایەنێک لە لایەنەکانى جه‌نگ دژ بە ئەمریکا.

ئەوەى کە ئێستا دەگوزەرێ و حکوومەتى ته‌ریق كردۆته‌وه‌، هێرشەکانى میلیشیاکانە بۆ سەر پێگەکانى ئەمریکا، بەتایبەت کە ئێستا ئەمریکا ڕای گەیاندووە بەوەى لە ساتى هەر هێرشێک بۆ سەر بارەگاکانمان زۆر بەتوندى وەڵاممان دەبێ. ئەمەیش هاوکێشەکان بەرەو هەڵکشان دەبات و هەڵوێستى حکوومەت زۆر ئاڵۆز دەکات. لە لایەکی ترەوە هەندێ بەرەى میلیشیایی، کە خۆیشیان بەشدارن لە حکوومەت، سیاسەتیان ناكۆك و پێچەوانەیە لەگەڵ حکوومەت و، تەنانەت هەندێ لایەنى شیعیی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی (وەک عەسائیبی ئەهلی هەق)، نەک هه‌ر دژى ئەمریکا کار دەکەن وەک میلیشیا، بەڵکوو ڕۆژى 29/10/2023 لەگەڵ نوێنەرى حەماس لە بەغدا کۆ بوونه‌تەوە و بەڵێنى هەموو هاوکارییەکی پێ داون. گەرچی نوێنەرى حەماس لەگەڵ هەماهەنگى کۆ بۆتەوە، بەڵام سەردانى سەدری نەکرد. دوور نییە هەندێ شانەی کەتائیبی قەسام لە عێراق و سووریا و یەمەن دروست بکەن، وەک چۆن لە لوبنان دروستیان کردووە. هەر بۆیە ئاڵۆزی لە هەڵوێستى هەماهەنگییشدا دروست بووە، بەوەى کە باڵیۆزخانەى ئەمریکا داناخەن و لە ڕێکكەوتنیان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامن و دەیانەوێ عێراق لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بێ، بەڵام میلیشیاکانیان هێرش دەکەنە سەر ئەمریکا و بەردەوام هەڕەشەى لێ دەکەن.

چارەنووسی وەلائییەکان و سەدر لە پاش جەنگ چی دەبێ؟

ئەوە جۆرى جەنگەکە و ئاکامەکه‌ى، بەرەنجامەکە دەگۆڕێ: ئەگەر ئێران بەبێ زەرەر لە جه‌نگەکە چووە دەرەوە و وەک بکەرێکی بەهێز مایەوە، ئەوا چوارچێوەى هەماهەنگی مەرجەکانى خۆى بەسەر هەموو لایەنەکاندا دەسەپێنێ، بە کوردیشەوە. ئەمەیش کارێکی ئاسان نییە ئەگەر ویستى ئەمریکا و ئیسرائیلی لەسەر نەبێ بۆ ئێران. ئەگەر وابوو، ئەوا جۆرێک لە هەماهەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە سەبارەت بە هاوکێشە نوێیەکانى ناوچەکە؛ بەپێچەوانەوە ئەگەر ئێران لەم گۆڕانکارییانەدا دووچارى شکست هات، ئەوا هەماهەنگییش دووچار دەبێ و هەڵوێستیان لە عێراق لاواز دەبێ. ئەودەم سوننە و کورد سوود دەبینن، حکوومەتێکی ڕاگوزەریش پێک دەهێندرێ و بانگەشەى هەڵبژاردنێکی پێشوەختەى پەرلەمان دەکەن؛ بەڵام سەدر دەبێتە پێشەنگى ڕەوتە شیعییەکان و هەموویان لاى خۆى کۆ دەکاتەوە و لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دەورەیان دەدا. ئەو دەم لە جیات لەناوچوون، ئێران بە ڕێبەریى سەدر بۆ ڕەوتە شیعییەکان لە عێراق ڕازی دەبێت، تا ئەو ساتەى تواناى هەستانەوەیان دەبێ. هەر بۆیە ئەگەر حزبوڵڵا و ئێران و ڕووسیا بە زەرەرێکی کەمەوە لەم جەنگە چوونە دەرەوە، ئەوا سەرکەوتوون و ئەمریکاش دووچارى شکست هاتووە و هەژانێک لە پەیوەندییەکان و هەژموونى ئەمریکا لە ناوچەکە و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە و، هاوپەیمانەکانیش دووچارى نیگەرانیی تەواو دەکات و دەروازەیەک بۆ پشتکردنە ئەمریکا دەکرێتەوە.
سیناریۆکان لە ئەگەرى ڕوودان یان ڕوونەدانى جەنگ لەنێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە هەرێم و پەیوەندییەکانى لەگەڵ بەغدا چی دەبن؟

لە ساتى ڕوونەدانى جه‌نگ:

پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا لەسەر هەمان شێوازى ئاڵۆزی و گرژیی چەندساڵەى پێشوو بەردەوام دەبێ.

پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق ئاسایی دەبنەوە؛ ئەمەیش ئەوە دەردەخا کە پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ئێرانیش ڕوو لە ئاساییبوونەوە دەکەن. لەو حاڵەتەیشدا کورد دەتوانێ وەک ناوبژیوان سوود لە ئەمریکا وەربگرێ.

کەیسە جێناكۆكه‌كانی نێوان هەرێم و بەغدا بەخاوی دەڕۆنه‌ پێش و حکوومەتى عێراق لەو بارەیەوە کات دەقۆزێتەوە.

بەغدا زیاتر دەست لە کاروبارى هەرێم وەردەدات و هیچ بەهایەک بۆ فیدراڵییەت و دەستوور دانانێ و زیاتر برەو بە ناکۆکی و ناڕەزایەتییەکانى هەرێم دەدات.

دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی، زیاتر دێتە ناوەوە و لە بەرژەوەندیى لایەنێکى هەرێم بڕیارەکانى دەردەکات. هەرچی زیاتر و زووترە مەبەستیەتی لە دەسەڵاتەکانى هەرێم کەم بکاتەوە.

کاریگەریى نێگەتیڤى لەسەر هەرێم دەبێ، وەک بکەرێکی نادەوڵەتى لە ناوچەکە و لە ناوخۆى عێراق.

هەرێمی کوردستان و کەیسە جێناكۆكه‌كانی لەگەڵ بەغدا، دەبنە کاڵاى گەرموگوڕى پروپاگەندەکانى هەڵمەتەکانى پارێزگاکانى عێراق.

کاریگەریى سیناریۆى ڕوودانى جه‌نگ لەسەر  پەیوەندییەکانى بەغدا و هەرێم:

پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتانى کەنداو و ناوچەکە دووچارى قەیران دەبێ؛ ئەوکات هەرێمی کوردستان بۆ ئەو تۆڕە لە پەیوەندی، دەبێتە شوێنگرەوە.

هەر یەکەیان دەبنە لایەنێک لە لایەنە سەرەکییەکانى جه‌نگ: بەغدا لە بەرەى ئێران و هەرێمیش لە بەرەى تورکیا و ئەمریکا دەبێت؛ بەدووریش نازاندرێ کە لەوانەیە هەر بەتەواوى دابڕان ڕوو بدا.
ئەگەر کورد، به‌تایبەت پارتى دیموکراتی كوردستان لەناو حکوومەتى بەغدا بمێنێتەوە، دووچارى گوشار و ئاڵۆزی دەبێت لە هەڵوێستەکانى لەسەر هەردوو ئاستى حکوومەت و پەرلەمان، چونکە هەندێ هەڵوێست و پرۆژەیاسا دێنە ئاراوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاریان نییە و دەنگیان پێ نادا. لەو حاڵەتەیشدا کاریگەریی نێگەتیڤى لە پەیوەندییەکانى دەکات لەگەڵ میلیشیا وەلائییەکاندا.
له‌ دووتوێی خاڵی یەکەمەوە، پێ دەچێ پشتیوانییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم زیاتر بن، بە هەمان شێوەى سەردەمى داعش.

هەرێم لە بەردەم هەڕەشەیەکی مەترسیدارى کاریگەری ئاڵۆزی میلیشیا وەلائیییه‌كان و خودى ئێراندا دەبێ، چونکە هەرێم بەکردارى دەبێتە مەیدانی تەماسى ئێران و ئەمریکا.

بۆ پاراستنى هەرێم، هێزە هاوپەیمانەکان دەبێ کەڤەرى زۆنی پاراستنى ئاسمانى بۆ هەرێم زیاتر بکەن و، درۆن و هەندێ لە چەکی دژەمووشەک و بەرگریى ئاسمانی و وشکانى بە هەرێم بدەن.

دوور نییە لە بێچارەیی و فراوانکردنى قووڵاییی ستراتیژیى خۆى و هاوپەیمانان، هەرێم بە بڕیارێکی تاکلایەنانە و پشتیوانیى نێودەوڵەتى بچێتەوە ناوچە جێناکۆکەکان، به‌تایبەت کەرکووک.

هەناردنەکردنەوەى نەوتى هەرێم. ئەگەر عێراقیش ڕازی نەبێت، پێ دەچێ بە پشتیوانیى نێودەوڵەتى و تورکیا، بە بڕیارى تاکلایەنانە هەرێم ئەو کارە بکات.

سنوورى تەماسى ئێران و ئەمریکا زۆر نزیک دەبێتەوە؛ بە شێوەیەک دێتە کۆیە و پردێ.

هەوڵی زیاتر ده‌درێ بۆ تێکدانى سەقامگیریی هەرێم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP