دواین هەواڵ

چیتر دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

‌سلێمان مستەفا حەسەن

23/12/2023

لە ئەدەبیاتی هەڵبژاردندا، وتەیەکی باو و بەناوبانگ و گرنگ هەیە، چیتر دوای سەرکەوتنت لە هەڵبژاردنەکاندا،ئەوەش بەو مانایە دێت کە حزبەکان لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردن دەست بە ئامادەکاری بکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوویان، هەم جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و هەم دەرس و پەندەکانی هەڵبژاردن بە ئاراستەی سودلێوەرگرتنیان و خۆئامادەکردنێش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتنی بەرژەوەندی گشتی ئەژمار دەکرێت، تەوای دەنگدەران بۆیان هەیە مافی خۆیان بەکاربهێنن بە ئاراستەی گۆرانکاری لە حوکمرانی بۆ ماوەی چوارساڵی حکومەتی لۆکاڵی، جا دەرنجامەکەی هەرچۆنێبت، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە جیاوازە لەو پرسیارەی سەروەمان، بۆیە پرسیارەکە بەم شێوەی خوارە دەکەین، چیتر دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەتایبەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک،گەرچی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەگشتی دڵ خۆشکەر نەبوون تا ڕادەیەک، سەرەڕای ئەوەی دووەمین هەڵبژاردنەبۆ ئەنجومەنی پارێزگایە لە کەرکوک ئەنجامدەدرێت دوای پرۆسەی ئازادی عێراق،

بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار، حکومەت و پەرلەمانی لۆکاڵین و دەسەلاتی بەرفراوانیان هەیە بۆبەریوەبردنی کاروباری پارێزگاکەیان، سەرەڕای هەموو بەربەستەکان  ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن پێگەی مێژووی و نەگۆری کوردی بۆ دۆست و نەیاران بەیان کرد، ئەگەر دیقەت بدینە ئەنجامەکان بە ڕێژەی دەنگ و کورسی، ئەنجامەکانی بەرایی بەم شێوەی خوارەون، کورد [7] کورسی،و [238388] دەنگی بەدەست هێناوە ،لەگەڵ ئەوەی رێژەی بەشداری لەئاستی پێویستدا نەبوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆری دەنگەکانێش پوچەڵ کرانەوە لە ئەنجامی دیزاینی کارتی دەنگدان و کەمووکوری لە ئامێری ناسینەوەی دەنگدەران، عەرەب [6] کورسی بەدەستهێناوە، تورکمان [2] کورسی بەدەستهێناوە، کلدان سریان ئاشوری [1] کورسی، گەرئەنجامەکانیش بەدڵی ئێمە نەبێت لەسەدا سەد ، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردن خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنە ، لەم هەڵبژاردنەش کورد تەوقی ئەو ترس و گەمارۆو سیاسەتی شۆڤێنی شکاند، کورد بە گڕوتینی ساڵی 2004 بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی کرد، لەگەڵ ئەوی هەڵەی حزبە کوردیەکان وبەشێک لە سەرکردەکانیان ئەوەندە زۆرن لە ژمار نایەن و نکۆڵیان لێناکرێت، بەڵام ناکرێت هەر لەو بازنەیە بخولێنەوە  بەڵکوو دەبێت، بیر لەو ڕێگا کرداریانە بکەینەوە کە ئەم هەڵە بکەینە دەرفەت بۆ دەستکەوت و ئاسۆیەکی نوێ. 

بۆیە گەر بپرسین ئێستا چی بەکەین:

جێگەی خۆیەتی واز لە شیکاری پرۆسەی هەڵبژاردن و بەخشینەوەی تۆمەت و کەم تەرخەمیکان بێنین، چونکە لای هەمون ئاشکرایە پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن شتێکەو پرۆسەی حوکمیش شتێکی ترە، لەم بوارەشدا وتەیەکی بەناوبانگ و کرداری هەیە دەلێت (هەڵمەتی هەڵبژاردن  بە ڕۆمانسیەتی شعر بەرێوەدەچێت ،بەڵام کە هەڵدەبژێردرێن ناچار دەبێن بە واقعیەتی پەخشان حوکم بکەین)، چونکە گەر هەڵمەتی هەڵبژاردن تێکهەڵ بە پرۆسەی حوکمکردن بکرێت ئەنجامەکان دڵخۆشکەرە نابن و گرژی و ناعقلانی باڵکێش دەبن بەسەر پرسە ڕاستەقینەکاندا، بۆیە  دەبێت ئامادەکاریمان هەبێت و ئەنجامەکان بە چاو سەرکەوتنی گەورە وەربگرین، و روئیاو بەرنامە و پلانی یەکگرتوی کوردانەمان هەبێت، و مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکرێت ودەست بەکاربین و بڕیاری یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ئەولەویەتی کارەکانماندابێت،و ئامادەبین بۆ دانوستاندن لەگەڵ نەتەوەی عەرەب و تورکمان، ئامادەکارو ئامادەبین بۆ ڕێکخستنەوە و کارکردن لەسەر مەلەفی کارگێری و یاسایی و ئاسایش و ئاوەدانی ، بەم شێوەی خوارەوە: 

یەکەم: لەسەر ئاستی نێوماڵی کورد : پێویستەحزبە کوردیەکان بەگشتی و یەکێتیی و پارتی بەتایبەتی لاپەرەیەکی نوێ هەڵدنەوە، سیاسەتی کوردایەتی نەرم و ئاشتبونەوە پەیرەوبکەن و واز لەدەسکەوتی حزبی بێن و دەست بکەن بەدابەشکردنی دەورو ئامادەکاری بۆ هەر سیناریۆیەک بکەن، و دەوری بەرپرسیاریەتی لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەن و خەلکی کەرکوک بەگشتی و کورد ئاشت بکەنەوە، هەروەها لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم (ئەرکی سەرەکی ڕووبەڕووی دەستەی ناوچە کوردستانیەکان)و فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و گروپی حکومی کورد لە بەغدا هەماهەنگبن و لەنێوخۆشیان میساقی شەرەف ئیمزا بکەن، پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان ببێتە پرسێکی سەرەکی و پرسێکی نیشتیمانی.

دووەم: لەسەر ئاستی کەرکوک: دروستکردنەوەی پردی متمانەو پێکەوە ژیان لەگەڵ تەوای پێکهاتەکان بە تایبەتی تورکمان و عەرەب، بە ئاراستەی پێکەوە ژیانی هەمیشەیی و کۆتایی هێنان بە ناکۆکیەکان و بڕینی دەستی نەیاران و کورد خۆی دەرس و پەند لە رابردوو وەربگرێت، و بەنەفەسی هەڵمەتی هەڵبژاردن کار نەکەین، بەڵکو بە نەفەسی حوکمڕانی دروست و واقعبینانە کار بکەین.

سێیەم: لەسەر ئاستی کارگێری و یاسایی و ئاوەدانی  دانان بە پێکەو ژیان وبەشداری هەموان، کە کوردو عەرەب و تورکمان و مەسیحیەکان مافی بەشداریان هەیە لە بەرێوەبردنی حکومەتی ناوخۆی بەڕێژەیەکی گونجاو کە حکومەتێکی خزمەتگوزار بێنتە کایە و دەستی ئاوەدانی بگاتە کەرکوک و پشکی شێر بەر بکەوێت لەبنیاتنانەوە و ڕەخساندنی هەلی کار

چوارەم: لەڕوی یاسایشەوە هەوڵبدرێت بنەمای ماددەی [140]ی دەستوور بە ئاراستەی بەهێزکردنی پێکەوە ژیان بخرێتە بواری جێبەجێکردن، و پرۆژەی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو [ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش] ئامادە بکرێن و هەموو ئەو کارە نایاسایانەش هەڵبوەشێنرێنەوە کە دوای ڕیفراندۆم و 16 ئۆکتۆبەر کراون. 

پێنجەم: لەسەر پرسی ئاسایش و ئاوەدانی و کۆمەڵایەتی لیستی کوردستانی دەستپێخەرو سازو ئامادەبێت.

شەشەم: ئەرکی هەنوکەیی بەپێی ماددەی (7) لەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکان ژمارە (21) ساڵی 2008ی هەموار کراودا، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاروجێگرکەیەتی، دوای (15) رۆژ لەپەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، ئەنجومەنیش دوای (30) رۆژ لە ئەنجامدانی یەکەم کۆبونەوەی، پارێزگارو جێگرانی هەلدەبژێرێت بەدەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی. 

ئەگەر لێرەدا پرسیارێکی گرنگ بکەین، ئایە جگە لەم بژاردەیە، بژاردەی ترمان هەیە، ئەم جارەش هەستی نیشتیمانی زاڵ بوو بەسەر ڕق و تورەیی و نیگەرانیەکانی تاک بەتاکی کورد، بۆیە پێمان وایە تەنها پێویستیمان بە رێکاری جێبەجێکردن و خشتەی کردارەکان هەیە، گەر ئەم دەرفەتەش لەدەست بدەن بەدەردی دەردان و پەشیمانی و زەلیلی سەر دەنێنەوە، با ئەم دەرفەتە بکەین بە نەخشەڕێگای سەرکەوتن و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی چەوت و تەسکی حزبایەتی، هاونیشتیمانیان بەئەرکی کوردانەوی خۆیان ڕابوون و بە پەنجەمۆر خۆیان پێگەو دەسەڵاتیان گەڕاندوە، ماویەتی سەرکردایەتی کورد ئەم شۆڕشی پەنجە مۆرە بکاتە هەلی هێزو سەکەوتن و دووبارە نەکردنەوەی سیاسەتی پێشوو، پرسی ناوچە جێناکۆکەکان پرسێکی نیشتیمانیە و پرسی هەموانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP