دواین هەواڵ

دێرەزور تا کەرکوک

‌هونەر تۆفیق

04/09/2023

بەجیاوازی شوێن و جیوگرافیاکەیانەوە ، تەقینەوەی ناکۆکی لەنێوان کورد و عەرەبەکاندا لە دێرەزور و کەرکوک لەیەک تەوقیت و لەسەر یەک کێشەی لێکچوو ، دیقەتی زیاتری دەوێت لەوەی بەهەستی نەتەوەییەوە بخوێنرێتەوە.

سەرەتا دۆخی هەردووشارەکە لە جەنگی دژ بە داعشەوە بێ شیرازەیە . حوکمی دەوڵەتی مەرکەزی تیایاندا لاوازە . هێزە دەرەکیەکان ( ئێران ، ئەمریکا ، تورکیا ) لەڕێگەی هاوپەیمانە نێوخۆییەکانیانەوە نفوز و پێگەی خۆیان هەیە . هەردوو شارەکە دوو شاری نەوتین . کوردەکان لەهاوپەیمانیەتی ئەمریکیەکاندا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە پاراستنیان لە هێڕشەکانی داعش و ئازادکردنیاندا . لە دەوری هەردوو شارەکە هۆزی عەرەبی سونی نیشتەجێن . ئەو هۆزانە هاوپەیمانی کوردەکان بوون . بەڵام ئێستا تەقینەوەکە لەنێوان ئەو دوو هاوپەیمانەدا ڕوویداوە .

ئەو جەنگەی لە ئۆکرانیاندا بەردەوامە تەنیا جەنگی ڕوس و ناتۆ نیە . بەڵکە جەنگێکی جیهانی یە . پریشکی بەر ئاسیا و ئەفریقیا و ئەوروپا کەوتووە . ئاڵۆزیەکانی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەدەرنیە لە کاریگەری ئەو جەنگە جیهانیە بەسەریانەوە .

وەک ئەوەی ئەمریکیەکان بە بەرژەوەندی تاکلایەنەوە لە عێراق و سوریادا هاوپەیمانەکانیان دەست نیشان کردووە . هاوپەیمانەکانیشیان لەهەردوو وڵاتدا لەغەفڵەتی پشت بەستوویان بە ئەمریکا دەرکی ئەو کارەساتانە ناکەن بەهۆی ئەمریکیەکانەوە لەناویاندا دەگوزەرێت .

پێکهاتەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراو و سوریادا مۆزائیکێکی نەگونجاو و نا تەنسیقە . لەگەڵ یەپەگەدا لە سوریادا هاوپەیمانە ، لەهەمان کاتدا یەپەگە و تورکیای هاوپەیمانی ئەمریکا دوژمنی یەکترن . ئەمریکا یەپەگە ( مەزڵوم عەبدی) ناچاردەکات ، لەگەڵ هۆزە عەرەبە سونیەکانی سوریادا هاوپەیمان بێت ، بەڵام پەیوەندی دید و ئەو  فەلسەفە سیاسیەی لەپشتی مەزڵوم عەبدیەوەیە ، تەواو جیاوازە لەگەڵ هاوپەیمانی لەگەڵ عەقڵیەتی خێڵ و فیودالیزمی عەشاری هۆزە عەرەبیەکاندا . بۆیە ئەو پێوەلکانە هیچ گرەنتیەکی نەبوو تاسەربێت . لەشوێنێکدا دەبوو لەگەڵ ئەبوخەولەکاندا لێکببنەوە . هۆزەکانیش بە ئاسانی بدەنەوە پاڵ بەرەی دیمەشق و تاران و ڕوسیا . ئەو چەکانەی لەئەمریکیەکانیان لەڕێگەی قەسەدە وەرگرتووە لەدژی خۆیان بەکاری بهێننەوە . بەدڵنیایی ئەو لێکبوونەوەیە زیاتر لە دێرەزور تەشەنەکە دەکات ، هەڵدەکشێ بەرەو مینبەج و جەرابلوس . هۆزە عەرەبەکان ئاساییە بەلایانەوە جگە لە دیمەشق و هاوپەیمانی تاران و مۆسکۆ ، لەگەڵ
تورکەکانیشدا ڕێکبکەون لەدژی قەسەدە .

لە هاوشێوەکەی دێرەزوردا کە کەرکوکە ، کوردەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ، پەناگا و هاوپەیمانی هۆز و عەرەبە سونەکان بووە . چەند سەرۆک هۆزێکیش پشتیوانیان بۆ ڕیفراندۆمەکەی بارزانی ڕاگەیاند . لەگەڵ تورکمانە سونەکان و تورکیادا بەرەیەکی هاوپەیمانی ئەمریکان .

لەمەشیاندا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی مۆزائیکێکن هەمیشە ئەگەری بەریەککەوتنیان زیاتربووە لە هەڵکردن و پێکەوە گونجانیان بەتایبەتی لەکەرکوکدا . هەریەکەیان بەرژەوەندی تایبەت بەخۆیان لەپێشترە. لەبەر پاراستنی سومعەی هاوپەیمانیەکە و فشارەکانی بەزۆر پێوەلکانی ئەمریکا و تورکیا نەبوایە جیاوازی نێوانیان ئاسمان ڕێسمانە .

تەوقیتی لەبەر یەک هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوپەیمانیانە و تەقینەوەیان کتوپڕنیە ئەگەر جەنگە جیهانیەکەی ئۆکرانیا لەبەرچاوبگرین .
ئەمریکا بەهێنانی هێز و هەوڵدان بۆ داخستنی دەروازەی تەنەف و دابڕانی ئێران لە سوریا ، پێ ی وابوو دەتوانێت دەستپێشەخەر بێت . بەڵام بێئاگابوو لەوەی جۆری ئەو هاوپەیمانیانەی لەناوچەکەدا دروستی کردوون ، فشۆڵە و شایەنی ئەوەیە بە مەرحەبایەکی ڕوس و ئێرانیەکان لەبەریەک هەڵوەشێتەوە . وەک ئەوەی ئەبوخەولە لە دێرەزور و نازم شەمەری لە کەرکوک کردیان . لەئەگەری تەشەنەکردنی ئەو تەقینەوەیەدا لەدوای کوردەکان ( قەسەدە لەسوریا) و ( پارتی لە عێراق) ئەمریکا زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت .

لەهەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانەکانیدا و دانەپاڵ ئێرانی و ڕوسەکان ، ئیتر ئەو ناوچانە لە کورد و ئینجا ئەمریکیەکانیش دەبێتە دۆزەخ .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP