دواین هەواڵ

دادگای فیدراڵی و موچە. ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی

‌هاورێ تۆفیق

پێش 2 هەفتە

دادگای فیدراڵی دادگایەکی دەستوریی باڵایە ،کارەکانی لەرووی قانونیەوە ڕێکخراوە بەسێ بابەتی قانونی سەرەکی ئەوانیش( قانونی هەموارکراوی دادگای فیدراڵی، قانونی دادبینی مەدەنی، پەیرەوی ناوخۆ) کە ئەمانە سەرچاوەن بۆ چۆنێتی دادبینی و رەوشی دادوەریکردن و دەرکردنی فەرمانسالاریی و بریاری لێکدانەوەو هتد.

کاتێک دادگا بریارێک دەردەکات هیچ داودەزگاو کەسێکی سروشتی و مەعنەوی مافیان نیە داوای روونکردنەوە و تەفسیرکردن لە دادگا داوا بکەن. سەرۆک کۆمار، وەزیر، یان ئەندام پەرلەمان ،مافی داواکردنی روونکردنەوەی بریاری دادگایان نیە. بریاری دادگای فیدراڵی بۆ موچە دوورو درێژ و هەمەلایەنەو فراوان و گشتگیرە. وردەکاری جێبەجێکردنی بریارەکە لەدەسەڵات و پسپۆری حکومەتە کە خۆی ئەبینێتەوە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ. ئەتوانین بڵێین زۆربەی کێشەکان بەهۆی بریاری دادگاوە چارەسەر بوون . تەنها برگەی نشینکردنی موچە( تەوتین). ماوە. لە بریارەکەی دادگادا بانکی حکومەتی ناوەندی هەڵبژاردوە، بەڵام هەرێم پێداگیرە لەسەر سیستەمی ئەژماری من، ئەمە لە کاتێکدا لە ناواخن و تانوپۆی بریاری دادگا دەرگایەکی بچوکی تیادا کراوەتەوە کە پەیوەستە بە بانکی مەرکەزییەوە .چونکە ڕێنمایی نشینکردنی موچە (تەوتین) لە پسپۆری بانکی مەرکەزییە ،نەک وەزارەتی دارایی . ئەوەی ئامانجی ئەم کورتە روونکردنەوەیە. دادگا یەکجار قسەدەکات و کۆتاییە، بەڵام بە گوێرەی پەیرەی ناوخۆ پاشگەزبونەوە هەیە(العدول عن القرار). بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت داوایەک بکرێت کە یەکێتی بابەتی
تیابێت .

ئەمەیان ئەگەری دەرکردنی بریاری هەیە، چونکە نەریتی دادگای دەستوری لە عێراقدا لەسەر پێشینەی بریار ( السابقة القضائية) جێگیر نەبوە، بەڵکو بۆ هەر داوایەک بریاری خۆی دەردەکات کە دژ بە پێشینەی دادوەرییە. بۆ نمونە قانونی کۆکردنەوەی داهاتی شارەوانیەکان مادەیەکی تیابووکە تایبەتبوو بە قەدەغەکردنی بازرگانیکردن و هێنان و بردنی خواردنەوە کهولییەکان، لەدادگای فیدراڵی دادوا تۆمارکرا کە ئەو مادەیە دژ بە دەستورە ،بەڵام دادگای فیدراڵی داواکەی رەتکردەوەو مادەی قانونەکەی بەراستزانی، ئێستا جارێکی تر چەند ئەندام پەرلەمانێکی ئێزدیی و مەسیحی سکاڵایان کردوەو لە ناوەراستی مانگی ئادار دادگا دادبینی دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP