دواین هەواڵ

​ ڤاگنەر ، جەنگ و مۆسیقا

‌هونەر تۆفیق

24/08/2023

ۆمپانیای میلیشیا لایەنگرەکانی ڕوسیا ناوی ڤاگنەریان لەخۆیان ناوە . میلیشیا لایەنگرەکانی ئەمریکاش لە ئۆکرانیا ناویان مۆزارتە .
هەردوو ناوەکە بەناوی دوو مۆسیقی ناوداری جیهانی بەڕەچەڵەک ئەڵمانین .

هیچ مۆسیقیەک هێندەی ڕێچارد ڤاگنەر ١٨١٣-١٨٨٣ پرسی بابەتە مۆسیقیەکانی نەکراوەتە پرسێکی سیاسی و لەناو فیکری سیاسیدا بەو ئاستەی ڤاگنەر مشتومڕی بەدوای خۆیدا نەهێناوە .

لە سەردەمی کۆمۆنەی دووەم و جەنگی فەرەنسی – ئەڵمانیدا ١٨٧٦ فەرەنسیەکان ببوونە دوو بەشەوە . نێوەندە ڕۆشنبیرییەکانی فەرەنسا ، ئۆپێرا و مۆسیقاکانی ڤاگنەریان بەلاوە هونەرێکی باڵابوو . نێوەندە سیاسی و سەربازیەکانیش دژ بە ڤاگنەر و مۆسیقاکەی بوون ، لەبەر ئەوەی لە کاتی شکستی کۆمۆنەدا ، ڤاگنەر وتارێک بڵاودەکاتەوە بەناوی کەوتنی پاریسەوە ، فەرەنسیەکان بە سوکایەتیکردن لێکیدەدەنەوە .

ڤاگنەر لەناو ئەڵمانەکاندا بە ڕۆحی جەرمەنی و هەستی ڕاستەقینەی ئەڵمانیا  دەناسێنن . نیتچیەی فەیلەسوف لە سەرەتای ناسینیەوە ڤاگنەر وەک بوونێکی تایبەت لە خواوەندەوە وێنا دەکات . دەیکاتە پێغەمبەری خۆی . لەدوا تەمەنیدا دژ بەو هاوڕێ و پێغەمبەرەی دەوەستێتەوە . زۆرترین هێرش دەکاتە سەر کەسایەتی و هونەرە مۆسیقیەکەی . لەبەر ئەوەی ڤاگنەر بە گەڕاوە بۆ ئایین و تەسلیمبوو بە خواوەندی لا دەردەکەوێت .

هیتلەر یەکێک بوو لە شەیداکانی مۆسیقای ڤاگنەر . نێوەندێکی گەورەی لە بایەر بۆ ڤاگنەریەکان کردبوویەوە . خۆشی وەک ئەندامێک لە گروپی ڤاگنەریەکان بەشانازیەوە دانابوو . لەکاتی ڕێکەوتنی ئەڵمان و سۆڤیەتیەکاندا ، بۆ دڵنەوایی هیتلەر ، ستالین لە شانۆی بۆلشۆی ١٩٣٨ گەورەترین نمایشی ئۆپێرا و مۆسیقاکانی ڤاگنەر دەکاتەوە . هیتلەری شەیدای ڤاگنەر فەرمانی کردبوو مۆسیقای هەموو فلیمەکانی جەنگ و سەرکەوتنەکانی سوپای ئەڵمانیا دەبێت لە مۆسیقاکانی ڤاگنەر بێت . هەمان مۆسیقاشی لە حەمامەکانی مەرگی جولەکەکاندا لێدەدا کە غازی خنکێنەری بۆیان دەکردەوە . بۆیە هەتا ئێستاش لەناو جولەکەکاندا مۆسیقای ڤاگنەر وەکو عورف بەقەدەغەکراو دادەنرێت . لەدواساتەکانی ژیانیشیدا بەدەم خۆکوژیەکەیەوە مۆسیقای ڤاگنەر لێدەدات ، هەروەک چۆن سۆڤیەتیەکان لەکاتی ماڵئاوایی لەجەنازەکەی لینیندا مۆسیقای ڤاگنەریان لێدابوو .

هەر دەکەسە دامەزرێنەر و سەرکردەکەی میلیشیای ڤاگنەر کە پوتین بە خیانەتکار ناوی هێنان و لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنی پێشووتردا کە لەپوتین دەپرسن ناتوانیت لەچ کردەیەک ببوریت ؟ دەڵێت تەنیا لە خیانەت نابوورم ، لەو خیانەتەی ڤاگنەریەکان نەبوورد ، لەکاتی گوێگرتن لە ئاهەنگی مۆسیقادا لە کۆرسک ، هەموو سەرکردە ڤاگنەریەکانی بەئاسمانەوە سوتاند . سوتاندنیان لە کاتی گوێگرتن لە مۆسیقادا پەیام بوو بۆ هەموو نەیارە دەرەکی و نێوخۆییەکانی ڕوسیا .

ڕوسەکان پەندێکیان هەیە ( ئەگەر نەتتوانی ورچەکە بکوژیت ، برینداری مەکە ) پوتین لە پەیامەکەیدا سوتاندنی ڤاگنەریەکانی بە کوشتنی ڕاستەقینەی ورچەکە دانا ، چونکە بریندارکردنی ئەگەری چاکبوونەوە و پەلاماردانەوەی هەیە . بەڵام ئەو شوێنی مەزار و گۆڕیشی بۆ نەهێشتنەوە تاوەکو لە داهاتوودا ڤاگنەریەکان بچن چەپکەگوڵێک لەسەر گۆڕەکانیان دابنێن . لەمەودوا جۆر و تەکنیکی جەنگەکەشی بەو شێوەیە بەڕێوەدەبات ، کە سەرکردەکانی ئۆکرانیاش تا ئێستا پارێزراوبوون ، هیچیان لە سەرکردەکانی ڤاگنەر زیاترنیە کە سزای خیانەتیان بدات .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP