دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 پێش 2 هەفتە

ژیاننامەی زاکیر نایک

ژیاننامەی زاکیر نایک

زاکیر نایک وتاربێژێکی گشتی هیندییە لەسەر بابەتی ئیسلامی و ئایینی بەراوردکاری. دامەزرێنەر و سەرۆکی دەزگای توێژینەوەی ئیسلامییە. هەندێ جار بە یەکێک لە بانگخوازانی تەلەفزێۆن دادەنرێت بەهۆی کارەکانی لە کەناڵی ئاشتی. بەرلەوەی ببێت بە وتاربێژێکی گشتی، وەک پزیشکی تەندروستی ڕاهێنانی کردووە. وەشانی نامیلکەیی وتارەکانی لەسەر ئیسلام و ئایینی بەراوردکاری بڵاوکردۆتەوە. هەرچەندە بە ئاشکرا تائیفەگەری ڕەتکردۆتەوە لە ئیسلامدا، بەڵام وەک پێشەنگێکی ئایدۆلۆژیای سەلەفی سەیر دەکرێت.

زاکیر نایک لە شاری مومبای لە ویلایەتی ماهاراسترا لە هیندستان لەدایکبووە. لە قوتابخانەی ئامادەیی سانت پیتەر لە شاری مومبای خوێندوویەتی. دواتر لە کۆلێژی کیشینچاند چێلارام ناوی خۆی تۆمارکردووە، پێش ئەوەی بخوێنێت لە کۆلێژی پزیشکی نیشتمانی تۆپیوالا و نەخۆشخانەی نایر و دواتر لە زانکۆی مومبای پزیشکی، لەوێ بەکالۆریۆسی لە پزیشکی و نەشتەرگەری (MBBS) بەدەستهێناوە. هاوسەرەکەی، فەرهات نایک، لە بەشی ژنان لە ڕێکخراوی (RIF) کاردەکات.

لە ساڵی (١٩٩١) دەستی کرد بە کارکردن لە بواری بانگەوازکردن و دامەزراوەی (RIF) دامەزراند. نایک دەڵێت ئیلهامەکەی لە بانگخوازی ئیسلامی ئەحمەد دیدات وەرگرتووە، کە لە ١٩٨٧ چاوی پێکەوتووە.

نایک هەندێک جار بە (دیدات پڵەس) ناو دەبرێت، کە لەلایەن دیدات خۆیەوە پێی بەخشراوە.

نایک دەڵێت کە ئامانجی ’’تەرکیز خستنەسەر ئەو گەنجە موسوڵمانە خوێندەوارانەیە کە شەرمەزارن بەرامبەر ئایینەکەی خۆیان وە خەریکن هەست بەوە ئەکەن کە ئایینەکەیان بەسەرچووە.

ئەو بە ئەرکی هەر موسڵمانێکی دەزانێت کە ئەو تێڕوانینە هەڵانە لاببات کە هەستیان پێدەکرێت سەبارەت بە ئیسلام و بەرپەرچدی ئەو شتانە بداتەوە کە بە لایەنگری دژە ئیسلامی میدیاکانی ڕۆژئاوا دەیان بینێت لە دوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ لە ئەمریکا. نایک ڕایگەیاندووە کە "سەرەڕای هەڵمەتە توندەکانی دژە ئیسلام، ٣٤ هەزار ئەمریکی لە ئەیلوولی ٢٠٠١ تا تەمموزی ٢٠٠٢ هاتوونەتە سەر ئایینی ئیسلام". ئەو دەڵێت ئیسلام ئایینی عەقڵ و لۆژیکە، هەروەها قورئان 1000 ئایەتی تێدایە کە پەیوەندیدارە بە زانستەوە، کە بە وتەی خۆی ژمارەی موسڵمانانی ڕۆژئاوا ڕوون دەکاتەوە. بەشێک لە بابەتەکانی لە گۆڤارەکاندا بڵاودەکرێنەوە وەک دەنگی ئیسلامی.

نایک دامەزرێنەری قوتابخانەی نێودەوڵەتی ئیسلامییە لە شاری مۆمبای. و ڕێکخراوی یارمەتییە ئیسلامییە یەکگرتووەکان، کە یارمەتی دارایی بۆ گەنجانی هەژار و بێبەشی موسڵمان دابین دەکات.

نایک لە سەرانسەری جیهاندا چەندین چاوپێکەوتن و وتاری ئەنجامداوە. مرۆڤناس تۆماس بلۆم هانسن نووسیویەتی کە شێوازی لەبەرکردنی ئەدەبی قورئان و فەرموودە لەلایەن نایکەوە بە زمانە جیاوازەکان، و چالاکیی بڵاوکردنەوەی ئایینی پەیوەندیدار بەوەوە، وایکردووە لە بازنەکانی موسڵماناندا لە ڕادەبەدەر بەناوبانگ بێت. زۆرێک لە چاوپێکەوتنەکانی تۆمار دەکرێن و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیای ڤیدیۆ و دیڤیدی و ئۆنلاین بڵاودەکرێنەوە. بەزۆری قسەکانی بە زمانی ئینگلیزی تۆمار دەکرێن و لە کۆتایی هەفتەدا لە چەند تۆڕێکی تەلەفزیۆنی لە گەڕەکە موسڵمانەکانی شاری مومبای پەخش دەکرێن، هەروەها لە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاشتی کە هاوبەشی بەرهەمهێنانی دەکات. ئەو بابەتانەی کە لەبارەیەوە قسە دەکات پێکدێن لە: "ئیسلام و زانستی مۆدێرن"، "ئیسلام و مەسیحیەت"، و "ئیسلام و عەلمانیەت".

یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی نایک کە زۆرترین ئاماژەی پێکرا لەگەڵ ویلیام کامپبێل بوو لە شیکاگۆ لە نیسانی ٢٠٠٠، لەسەر بابەتی "قورئان و کتێبی پیرۆز: لە ژێر ڕۆشنایی زانستدا". لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦.

نایک گفتوگۆیەکی نێوان ئایینەکانی لەگەڵ سری سری ڕاڤی شانکار لە شاری بەنگالۆر ئەنجامدا سەبارەت بە چەمکی خودا لە ئیسلام و هیندۆسیدا. لە شوباتی ٢٠١١ نایک قسەی بۆ یەکێتی ئۆکسفۆرد کرد لە ڕێگەی لینکی ڤیدیۆییەوە لە هیندستانەوە. ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ەوە نایک سەرکردایەتی کۆنفرانسی ئاشتی دەکات کە ماوەی ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت لە گۆڕەپانی سۆمایا لە شاری سیۆن لە شاری مومبای. وتار لەسەر ئیسلام پێشکەش کراوە لە لایەن نایک و بیست کەسی دیکەی قسەکەرانی ئیسلامییەوە.

نایک باس لەوە دەکات کە تیۆرییە زانستییەکان بە قورئان پێشبینی کراون. بۆ نموونە دەڵێت هەندێک ئایەتی قورئان بە وردی باسی گەشەکردنی کۆرپەلەیی دەکەن.

پێزانین

خەڵاتی کەسایەتی ئیسلامی ساڵی ٢٠١٣ لە خەڵاتی قورئانی پیرۆزی نێودەوڵەتی دوبەی خەڵاتەکەی پێ بەخشرا لەلایەن حەمدان بن ڕەشید ئەلمەکتوم، حاکمی دوبەی و وەزیری دارایی و پیشەسازی شانشینی یەکگرتووی عەرەبی.

لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣، بەشی گەشەپێدانی ئیسلامی مالیزیا خەڵاتی کەسایەتیی مەعل هیجرەی بە نایک بەخشی. لە مەراسیمێکدا لە سەنتەری کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پوتراجایا، خەڵاتەکە لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتی یانگ دی پێرتوان ئاگۆنگ مالیزیا پێشکەشکرا.

لە ٢ی شوباتی ٢٠١٥ خەڵاتی نێودەوڵەتی مەلیک فەیسەڵ بۆ خزمەتکردن لە بەشی ئیسلامدا پێبەخشرا.

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن: فیتری فەوزییە
وەرگێڕان: کەڤی نشآت
٢٠/٣/٢٠٢٤



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP