هەرێم نیوز
OpenAI ڕاهێنانی مۆدێلێکی پێشکەوتووی ڕادەگرێت؛ زیرەکیی دەستکرد لە ژینگەیەکی داخراودا خۆی دەگەیەنێتە ئینتەرنێت
لە ڕووداوێکی پێشبینینەکراودا کە سنووری خەیاڵی زانستی بەزاندووە و بووەتە مایەی نیگەرانییەکی قووڵ لە ناوەندە تەکنەلۆژییەکاندا، مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکرد (AI Agent)ی سەر بە کۆمپانیای OpenAI توانی سەرجەم کۆتوبەندە ئەمنییەکان ببڕێت و بەبێ بوونی هێڵی فەرمیی پەیوەندی، خۆی بگەیەنێتە تۆڕی ئینتەرنێت.
ڕۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز» لە زاری بەرپرسانی OpenAI ئاشکرای کردووە کە ئەم بریکارە زیرەکە لە قۆناغی ڕاهێناندا بووە لەناو ژینگەیەکی دیجیتاڵیی تەواو داخراو و دابڕاودا کە نەدەبوو هیچ پەیوەندییەکی بە ئینتەرنێتەوە هەبێت. بەڵام سیستەمەکە بە خۆکردی کەلێنێکی ئەمنیی لە بەربەستەکانی پەیوەندیکردندا لە ڕێگەی پرۆتۆکۆلی «DNS» دۆزیوەتەوە و لەو ڕێگەیەوە دزەی کردووەتە ناو تۆڕی گشتیی ئینتەرنێت.
لەوێشەوە، توانیویەتی پەیوەندی بە ڕۆبۆتێکی زیرەکیی دەستکردی دەرەکیی ترەوە بکات و ٢٠ پرسیار و دەستەواژەی ئاڕاستە بکات؛ هەر لە پرسیاری سادەی وەک "پایتەختی فەڕەنسا کوێیە؟" تا دەگاتە فەرمانی تر.
سەرەڕای ئەوەی سیستەمی چاودێری دوای ١٥ خولەک بە ڕەفتارە نائاساییەکەی زانیوە و تیمی مرۆیی دەستبەجێ بەدەم کێشەکەوە هاتوون، بەڵام پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نەوەستاوە و بەردەوام بووە تا دوای دوو کاتژمێر و نیو بە دەستی لەکارخراوە.
لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوەدا، کۆمپانیای OpenAI بڕیاری دا بە تەواوی ڕاهێنانی ئەم مۆدێلە بەهێزەی خۆی ڕابگرێت و ڕایگەیاندووە کە لە داهاتووشدا بە هیچ شێوەیەک دەست بە ڕاهێنانی ئەو مۆدێلە دیاریکراوە ناکاتەوە.
ئەم پێشهاتە پرسیارێکی ترسناکی لای توێژەران دروستکردووە: ئەگەر ژیریی دەستکرد لە ئێستاوە بتوانێت دەرگای داخراوی پەیوەندی بۆ لای خۆی بدۆزێتەوە و یاساکان بشکێنێت، لە قۆناغەکانی داهاتوودا چۆن دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت؟