لە کاتێکدا کرملین خەریکی خۆئامادەکردنی یادی ٧٨ ساڵە سەرکەوتنە لە جەنگی جیهانی دووەمدا ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیا . وەک کرملین بڵاویکردەوە ئامانج لە هێرشەکە کوشتنی پوتین بووە .
ئەمریکا لە زمانی لیندسی گراهامەوە ، هەر لەسەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە بانگەواز لە بروتس و شتاوفینبێرگ ێک دەکات پوتین بکوژن ( شتاوفینبێرگ ئەو ئەفسەرەبوو هەوڵی کوشتنی هیتلەری دا . بروتسیش ئەو هاوڕێ یەی یۆلیۆس قەیسەربوو کە بووە سەرمەشقی کوشتنەکەی قەیسەر )
بەدەر لە تێگەیشتنی باڵە شەڕانیەکەی ناو سیاسەتی ئەمریکی ، کوشتن یان مردنی پوتین ، تەنانەت هەوڵدان بۆ لەناوبردنی سەرلەبەری سیاسەتی جیهانی پێوە ئاوەژوو دەبێتەوە .
لە عەقیدەی سەربازی ڕوسیادا تەنیا لەدوو حاڵەتی یان دۆڕاندن یان سەروەری شکاندنی ڕوسیادا ڕێگەپێدراوە سوپا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت . هێرشکردنە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیاش دەکاتە شکاندنی سەروەری ڕوسیا .
لەئەگەری لەناوبردنی پوتینیشدا ، جگە لە تێکچوونی ئارامی تەواوی ئەوروپا و تەشەنکردنی جەنگ و کوشتار ، دوو جێگرەوەی ئامادەی پوتین کە مێدڤیدڤ و شوێگۆن ، زۆر زیاتر لە پوتین ڕادیکالتر و توندترن بەرامبەر بە خۆرئاوا . کەوایە مانەوەی پوتین لەبەرژەوەندی خۆرئاوایە تاوەکو هاتنە پێشەوەی هەرکام لەو جێگرەوانەبێت .
هێرشی ئەو دوو درۆنەی ئەم بەیانیەی سەر کرملین ، نەک نەیتوانی ببێتە بروتس و شتاوفینبێرگەکەی خواستی ئەمریکا ، دەبنە هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی جیهان و بەرزکردنەوەی ئاستی جەنگەکەی ئۆکرانیا لە نێوان ڕوسیا و ناتۆدا بۆ بە جیهانیکردنی تا ئاستێکی زۆر ترسناکتر لەوەی ئێستا دەگوزەرێت .