دۆلار گرانتر دەبێت؟
دۆلار، حکومەتەکەی سوودانی دەڕوخێنێت؟
دۆخەکە بەرەو شڵەژانی زیاتر هەنگاو دەنێت؟
لەچەند ڕۆژی ڕابردوو هەموان شایەتی گرانبوونی نرخی دۆلار بووین لە بازاڕی رەشدا... لەو شیکردنەوە کورتەدا من شارەزایی ئابوریم نییە تا بێم شیکردنەوەی دۆخی ئابوری بکەم، بەڵام بەو هۆیەی ڕووداوە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر ڕوداوە ئابورییەکانیش هەیە. دەتوانین بە شیکردنەوەی دۆخی سیاسیی، بەرچاومان ڕوون بێت لەبارەی چارەنوسی نرخی دۆلار.
ڕونە ئەوەی بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی دۆلار، کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلارە لە لایەن بانکی مەرکەزییەوە... ئەوەی بووەتە هۆی ئەوەی کە بانکی مەرکەزی عێڕاق دۆلار کەم بخاتە بازاڕ، ڕێ و شوێنەکانی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکایە... کە بەرپرسە لە جوڵەی دۆلار لە تەواوی جیهاندا.
ئەوەی وایکردووە، دۆلار کەمبخرێتە بازاڕەکانی دراو، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو دۆلارەی دەخرێتە بازاڕەکانی دراو لە عێڕاق، ڕاستەوخۆ پشکی شێری دەبرێتە ئێران. کە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بەلای ئەمریکاوە مایەی قبوڵکردن نییەو پێدەچێت ئەوەی چەندین ساڵە قبوڵیکردبێت لە بردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران لەمەودوا ئەمە قبوڵ نەکات.
ئەمریکا دەزانێت بەم هەنگاوەی هێندەی دیکە پایەکانی دەسەڵاتی خامنایی لە ئێران دەڕوخێنێت...
ئەمەی ئێستا ڕوودەدات، لە ڕۆژانی داهاتوو کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر ڕاپەڕاندنی کارەکانی کابینەکەی سوودانی، چونکە کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلار بە واتای کەمبوونەوەی پارەی نەختینە بەدەست حکومەتەکەی سوودانییەوە.
سودانی لە ڕۆژانی داهاتوو بەهۆی کەمکردنەوەی فرۆشتنی دۆلار هیچ پارەیەکی ئەوتۆی لەبەر دەست نابێت کە خەرجییەکانی خۆی پێ دابین بکات. تەنانەت ئەگەر دۆخەکە درێژە بکێشێت، کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر دابەشکردنی مووچەش لە لایەن حکومەتی عێڕاقەوە.
ئەمەی ڕوودەدات لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە قازانجی سەدرەو لە ئەگەری بەردەوامی ئەو دۆخە، ڕۆژانی داهاتوو بەتاکید بینەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان دەبینەوە لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق.
ڕوخاندنی کابینەی ئەمجارەی حکومەت بۆ ئەمریکا، ڕوخانی ڕاگرێکی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. چونکە هەر حکومەتێک لە دوای حکومەتەکەی سودانی پێکبێت بە تاکید ناتوانێت هاوشێوەی حکومەتەکەی سوودانی دەستەمۆی سیاسەتەکانی ئێران بێت....
ئەوەی وادەکات ئەو خۆپیشاندانانەی لە ڕۆژانی داهاتوو لە عێڕاق ڕوو دەدەن ببێتە هۆی ڕووخانی حکومەتەکەی سوودانی، بەردەوامی سیاسەتەکانی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاو کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلارە لە لایەن بانکی مەرکەزییەوە. ئەوەی پێشی وابێت لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی جەماوەر دەتوانن دۆلاری زیاتر بخەنەڕوو، ئەوا بە تاکید لە نەبوونی زانیارییەوەیە چونکە خستنەڕووی زیاتری دۆلار شتێک نییە لە دەسەڵاتی، دەسەڵاتدارانی عێڕاق بێت، بەڵکو ئەم بابەتە پەیوەندی بە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاوە هەیە.
کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە چی دەبێت؟
*بۆ ماوەیەک بازاڕەکانی تەواوی عێڕاق بە تەواوی دەشێوێت و هیچ گرەنتییەک نییە کە ١٠٠ دۆلار ٢٠٠ هەزار دینار تێنەپەڕێنێت.
*خستنەڕووی دۆلار، لە لایەن بانکی مەرکەزییەوە ڕەنگە نزیک ببێتەوە لە سفر دۆلار.
*شێوانی بازار، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێڕاق و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان مسۆگەرەو ئەو حکومەتە مەحکوم دەبێت بە ڕووخان. ئەمەش دوور نییە بەیەکدادانی چەکداری لێبکەوێتەوە.
*لە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی چەکداریشدا، هێزە سێبەرەکانی ئێران و هێزەکانی نزیک لە ئێران بە ئامانج دەگیرێن.
*کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە زیاتر لەسەر ناوچەی سلێمانی دەبێت و ئەگەری دروست بوونی خۆپیشاندان و ئاڵۆزی لەو سنورە ئەگەرێکی کراوەیە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە بەدەست دەیان کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان کارێکی ئەستەمە.