دواین هەواڵ

خورماخۆرەکانی ئێران!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندێک دەموچاو هەن کە وەک وەرگێڕی خەونە شێواوەکان دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها گەمە بە هەست و سۆزی نەتەوەیی دەکەن. خاتوونێک، کە بە قسەی خۆی، ڕۆژگارێک نان و پەتاتەی کوڵاو و پاکەتە خورمای ئێرانی خواردووە، ئەمڕۆ دەیەوێت مێژووی خوێناوی ئێرانمان بۆ سپی بکاتەوە. دەیەوێت پێمان بڵێت، ئەو ئێرانەی کە درۆن و مووشەکمان بەسەردا دەبارێنێت، هەمان ئەو ئێرانە نییە کە ڕۆژگارێک فریادڕەسی کورد بووە! چەندە دڵتەزێنە ئەم گێڕانەوە شێواوە، چەندە ناشرینە ئەم گەمە سیاسییە کە تێیدا مێژوو وەک کەرەستەیەکی هەرزان بەکاردەهێنرێت.

یەکێک لە ناشرینترین ئەو گەمانەی کە نوخبەی قەڵەمڕەوی بابان دەستیان داوەتێ، بەکارهێنانی کوردایەتییە وەک خەت رەجعە. ئەم نوخبەیە، کە لە بەرانبەر ئەحمەد شەرع و ئەردۆغاندا دەبنە کاژیکێکی سەرسەخت، لە بەرانبەر ئێراندا هەمان مێشکی پێشمەرگەیەکی موسڵمانیان هەیە. ئەمە چ جۆرە کوردایەتییەکە کە بە پێی بەرژەوەندییەکانیان ڕەنگ دەگۆڕێت؟ چەند مانگێک لەمەوبەر، مێشکمانیان کاسکردبوو، دەیانویست قەناعەت بە دونیا بهێنن کە ٢+٢ دەکاتە یەک! ئێستا هاتوون دەیانەوێت پێمان بڵێن، ئێران هەر ئەمەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو ئەو ئێرانەیە کە لە سیویەکی ئابدا دەرگای بۆ واڵاکردوون. مێژووی خوێناوی ئێران، فەتوای جیهاد دژی کورد، سێدارە و تیرۆرە بێشومارەکانی بیرچووەتەوە. ئەم نوخبەیە بەڕاستی بێئاگان لەوەی کە ئێران تەنها وڵاتە فەتوای جیهادی هەیە بەرانبەر کورد؟ ئاماری سێدارە و تیرۆرەکانی هێندە درێژە کە ئەستەمە بزانرێت چەندە!

ئەم خانمە، ساڵێکیان لە ئیتڵاعاتی شاری سنە دەستگیرکرا! بەڵێ! هەمان ئەوانە دەستگیریانکرد کە ئیستا بە فریادڕەس ناویاندەبات. هەر ئەودەم خەڵکی سنە هاتن بە دەمیەوە و ئازادیانکرد. ئاخر کەسێک نییە بڵێت، خانم! ئەو دەمەی لە سنە دەستگیرکرایت، هاوخوێنانی خۆت نەبوون هاتن سەنەدی ماڵەکانیان کردە ڕەهنی ئازادی تۆ؟

لەوەگەڕێ ئەم بەڕێزانە نازانن جەنگی جیهانی چییە، بۆیە پێیانوایە ئەمە جەنگی جیهانییە، بەڵام ئەم جۆرە نووسینانە، کە ئامانج لێی سپیکردنەوە و داتاشینی وەهمێکە لەبارەی ئێرانەوە، کارێکی تازە نییە. پێشتریش هەر لەم ڕۆژنامەیەدا شیعر و شانامە بۆ لەسێدارەدانی شێخ نمر ئەلنمر دەنووسرا، بەڵام بۆ شیرینی عەلەم هۆلی و فەرزادی کەمانگەریش یەک نوقە نابیستی! 
ڕاستییەکەی، ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی کە ئێران لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی لە باشووری کوردستان هەیبووە، دەرئەنجامی شەڕێکی گەورە بوو لەگەڵ عێراقدا. شەڕێک کە یەک ملیۆن قوربانی لێکەوتەوە و ئێران پاڵپشتی لە شۆڕشی باشووری کوردستان دەکرد، چونکە خواستی لاوازکردنی بەغدای هەبوو. بەڵام ئێستا کە بەغدا بۆ خۆی بووەتە بەشێک لە پڕۆژەی ئێران، ئەو داینەمیکە گۆڕدراوە. ئێستا بەغدا و تاران پێکەوە درۆن و مووشەک دەنێن بە هەرێمی کوردستانەوە. ئەم هاوکێشەیە هێندە قورس نییە بۆ تێگەیشتن، بەڵام بۆ ئەم نوخبەیە کە نان و پاکەتە خورمای ئێرانییان خواردووە، ئەستەمە لەوە تێبگەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP