مام جەلال، دوای سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو لە ساڵی ٢٠٠٥، سەردانی م. سەڵاحەددین ئەمینداری یەکگرتوو دەکات. لەو سەردانەیدا تاڵەبانی بە بەرپرسانی یەکگرتوو دەڵێت ”تکایە هەڵەی ئێمە دووبارە مەکەنەوە، ئێمە لە هەولێر هەڵەیەکمان کرد، ئەبێت تا هەتایە باجەکەی بدەین، ئێوەش ئەگەر لە بادینان یەک بڕیاری هەڵە بدەن، بەسە بۆ ئەوەی لەو سنوورە کۆتاییتان بێت”.
تاڵەبانی، بە م. سەڵاح دەڵێت ”با ڕوون و ڕەوان قسە بکەم، بیستوومە بە نیازن وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر ئەو کارەی پارتی کردوویەتی بەرامبەرتان سەرجەم بارەگاکانتان لە بادینان دابخەن... تکایە ئەگەر نەک چەند کەسێکتان بکوژن بگرە سەد کەسیشتان لێبکوژن و هەموو بارەگاکانتان دووبارە بسوتێننەوە، نەکەن بارەگا بەیەکجاری دابخەن... بڕۆن لە پارکێک خێوەت هەڵبدەن و بیکەن بە بارەگا نەک بڵێن بارەگا دادەخەین”.
تاڵەبانی وتبووی ئەگەر بارەگاتان داخست، پارتی ڕێگە نادات جارێکی دیکە بارەگا بکەنەوە، بەمەش ئەو ڕێکخستنە تۆکمەیەی هەتانە وەک بەفری سەر شاخ دەتاوێتەوەو هەرگیز جەماوەر و ڕێکخستن بە خۆتانەوە نابیننەوە.
یەکگرتوو، بە قسەی تاڵەبانی کردو قازانجی کرد، چونکە یەکگرتوو بادینانی لێبکەوە چەند هەزار دەنگێک جیاوازی هەیە لەگەڵ کاکە حەمە...
دوای ئەو قسەیە، یەکێک لەبەرپرسانی یەکگرتووش پرسیاری ئەوە لە مام جەلال دەکات کە مەبەستی چیبووە لەوەی کە دەڵێت هەڵەی ئێمە دووبارە مەکەنەوە؟
مام جەلالیش بە نوکتەیەک وەڵامی ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو دەداتەوە دەڵێت ”پێش ٣١ی ئاب ئێمە هێندە خۆمان پێ بەهێز بوو، بە هیچ شێوەیەک پارتیمان قبوڵ نەبوو لە بری ئەوەی بەعەمەلی هاوبەشبوونی پارتی لە هەولێر قبوڵ بکەین، دەمانگوت دەبێت کاک مەسعود بە دووربین لە مەسیفەوە سەیری هەولێر بکات... وامانکرد پارتی کارێک بکات هاوبەشی بەعس بکات و لە هەولێر کۆتایمان پێ بێنێت و تەنانەت ئێستا بەقەد پۆلیسێکی پارتی لە هەولێر دەسەڵاتمان نییە”.
دوو مانگە قوباد تاڵەبانی بەشداری هیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکردووە، بەحیسابی خۆی ئەم هەڵوێستە وا دەکات مەسرور بارزانی حیسابی بۆ دەکات و کێشەکانی بۆ چارەسەر دەکات... بەڵام بینیمان لە ماوەی ئەو دوو مانگە مەسرور بارزانی نەک حیسابی بۆ قوباد تاڵەبانی نەکرد، بگرە بە پێچەوانەوە ئەوەی یەکێتی دەیویست بیکات بە وەکیل وەزیری ناوخۆ بەیەکجاری خانەنشینی کرد، وەزیری پێشمەرگەش کە قوباد تاڵەبانی دەیویست بیگۆڕێت، بێ حیسابکردن بۆ یەکێتی، سەربەست لەزگین مومارەسەی هەموو دەسەڵاتەکانی وەزیرە یەکێتییەکە دەکات.
لە کاردانەوەی ئەوەدا قوباد تاڵەبانی، وەزیر و بریکاری وەزیرەکانی خۆی ڕاسپاردووە کە بایکۆتی یەکجاری حکومەت بکەن... مێژوو بە جۆرێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە، چۆن تاڵەبانی باوک بە ئیعتیرافی خۆی کە ئەوان وایانکرد بەیەکجاری هەولێریان لە دەست بچێت!. ئێستاش تاڵەبانی کوڕ بەدەستی خۆی و بە هەنگاوەکانی خۆی وا دەکات یەکێتی بە یەکجاری ئەو کەمە دەسەڵاتەی هەشیانبوو نەیانمێنێت...
ئەوەی خزمەتی ئێوە دەکات ئەو سیاسەتە بوو کە تاڵەبانی بەتەنیا چوو بۆ سەری ڕەش و لەگەڵ بارزانی ڕێککەوت نەک ئەو سیاسەتەی دەیگوت دەبێت بارزانی بە دووربین سەیری هەولێر بکات.
ئەوەی ئێستا قوباد تاڵەبانی دەیکات ئیتیحارێکی سیاسییەو نیشانەی ئەوپەڕی بێهوابونییەتی لەوەی کە جارێکی دیکە مەسرور بارزانی حیسابی بۆ بکات!. ئەوەی مەسرور بارزانی دەیکات یەکلاکردنەوەی دۆخەکەیە... بە کوردییەکەی مەسرور بارزانی دەیەوێت بە یەکێتی بڵێت یا بەتەواوی بەشداربە لە حکومەت یا بەیەکجاری بڕۆ ببە بە ئۆپۆزیسیۆن نەک قاچێکتان لە حکومەت و قاچێکیشتان لە ئۆپۆزیسیۆن بێت...
قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، پێویستە بەهێمنی و لەسەر خۆی بیربکەنەوەو هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بڕیار و هەنگاوەکانی خۆیان بکەنەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بزانن هیچ بڕیارێک و کارێکتان هەیە خزمەتی هیچ کەسی کردبێت؟ کاکە لە خەڵک گەڕێن؟ چونکە ڕوونە خزمەتی خەڵک لەبەرنامەتان نییە، بەڵام هیچ لە هەنگاوەکانتان خزمەتی خۆتان و حیزبەکەشتان ناکات!
ئێوە پێویستە یەکێتییانە بیر بکەنەوە نەک وەک خەڵکی تر، ئێوە پێویستە خۆتان بڕیاردەری خۆتان بن نەک خەڵکی تر پلاندانەر و ڕێ نیشاندەرتان بێت!...
ئەگەر تەنازولیش بێت بیکەن و پەشیمان ببنەوە باشترە، چونکە بڕیاری بایکۆتی یەکجاری و تەنانەت نیو بایکۆتیش کۆتاییتان پێدێنێت. ئەو داتا نوسانەی ڕاپۆرتتان بۆ دەنێرن گوایە سلێمانی بە تەنیا بێت دۆخی باشە، ئەو کەسانە ئەوانەن سابونی زیاتر لە ژێر پێتان دەدەن بۆ ئەوەی زیاتر و زووتر هەڵبخلیسکێن..