دواین هەواڵ

عیراق و باشووری كوردستان

‌ڕەنج نەوزاد

16/12/2021

پێش هەموو شتێك، تا هاتنی بەڕیتانیا بۆ ئەم ناوچەیەیی كە ئەمرۆ پێی دەڵێن عیراق وداگیركردنی  لە كاتی جەنگی یەكەمی جیهانی، دوور ونزیك شتێك نەبوو بە ناوی نیشتیمانی عیراق، گەلی عیراق، كولتوری عیراقی، كۆمەڵگەی عیراقی یا وڵات ودەوڵەتی عیراق یا داواكارییەك بۆ دروستكردنی عیراق لە لایەن ئەو خەڵكەوەی كە دواتر دەبنە عیراقی. لەو بارەیەوە (حنا بتاتو) كە توێژەر و شارەزایەكی گەورەی مێژوو وكۆمەڵگەكانی عیراقە، پێیوایە ''لە سەرەتاكانی سەدەی ٢٠ عیراقیەكان یەك گەل ویەك كۆمەڵگەی سیاسی نەبوون، ئەمەش تەنیا هۆكارەكەی ئەوە نییە كە لە چەندین كەمینە وگروپی نەتەوەیی وئاینی جیاوازی وەك كورد  وتوركمان وكلد وئاشور وئەرمەن وجولەكە وئێزیدی وسائیبی... پێكدێن، بەڵكو خودی عەرەبەكان كە زۆرینەی عیراق پێكدێنن، تا ڕادەیەكی زۆر لە چەندین كۆمەڵگەی لە یەكتر جیاواز پێكدەهاتن''. 

جگە لەوە، ووشەی (العراق) نە لە رێكەوتنامەی سایكس پیكۆ 1916، نە لە سیڤەر 1920 تەنانەت لە كۆنگرەی قاهیرە 1921 كە بڕیاری دروستكردنی عێڕاقی تیادا درا، ووشەی عێڕاق بەكار نەهاتووە، بەڵكو لە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی ئەو سەردەمە، عیڕاق بە میسوپوتامیایی عەرەبی ناوی هاتووە (بەڵام عەرەب بۆ چەواشەكاری ووشەی عیراق دەخەنە شوێن میسوپۆتامیایی عەرەبی كاتێك بەڵگەنامەكان وەردەگێرنە سەر عەرەبی، لەدەقە ئەسڵەكان بە ئینگلیزی وفەرەنسی ووشەی عیراق بوونی نییە.عیراق ووشەیەكی عەرەبیش نییە) لە ریكەوتنامەی لۆزان 1923 بۆ یەكەمجار ووشەی (العراق) بەكاردەهێنرێت وەك دەوڵەت. ووشەی عیراق ووشەیەكی كۆنە، بەڵام هەرگیز كۆی ئەم جوگرافیایەیی لە خۆ نەگرتووە  كە ئەمرۆ پێی دەوترێت عیراق. بۆ نموونە لە سەردەمی ئەمەوییەكان عیراق لە بەسرە وكوفە پێكهاتووە، یاخود لە سەردەمی تر عیراق لە باشوورەوە تا تكریتی گرتەوەتەوە. لە كاتێكدا ووشەی كوردستان لە كۆنگرەی ئاشتی پاریس 1919 ولە ڕێكەوتنامەی سیڤەر زۆر بە ڕوونی ئاماژەی پێدەكرێت.جگە لەوەی كوردستان لە سەدەی 12ەوە لە سەرچاوە مێژوویی وبەڵگەنامەكاندا زۆر بە ڕوونی دەبینرێت.

ئەو ناوچەیەیی كە ئیستا پێی دەوترێت عیراق، ئەو كات كە بە میسوپۆتامیایی عەرەبی ناوی هاتووە، كە بریتی بوو لە ولایەتی بەغداد وبەسرە بەتەنها، لە هیچ كام لەو بەڵگەنامانە ولایەتی موسل كە كوردستانە، بەشێك نەبووە لە میسوپۆتامیایی عەرەبی. تەنانەت لە كاتی بڕیاردانی دروستكردنی عیراق لە كۆنگرەی قاهیرە، ونستون چێرچل لكاندنی كوردستان بە عیراقەوە بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە وبڕیار نادات كوردستان بەشێك بێت لەو دەوڵەتە دروستكراوە نوێ وبێ شوناسە، هەر خودی ونستۆن چێرچل لەو سەردەمەدا نامەیەك ئاڕاستەی مەلیك فەیسەڵ وبەرپرسەكانی بەریتانیا دەكات لە عیراق ودەڵێت سنوری ئەو دەوڵەتە نوێیە (عیراق) تا جەبەل حەمرینە، بەولاوە كوردستانە. واتە كوردستان بەشێك نییە لە عیڕاق. لە هەموو بەڵگەنامە مێژووییەكانی عوسمانی وعەرەبی وبەریتانی وفەرەنسی... كەركوك بەشێك بووە لە ولایەتی موسڵ واتە كوردستان.

جگە لەوانەش ، لە پەیماننامەی سیڤەر جیاكردنەوەی كوردستان وعیراق لە دەوڵەتی عوسمانی بە دوو بەش وبە دوو ماددەی جیاواز هاتووە، كوردستان بە پێی ماددەكانی 62، 63، 64 لەبەشی سێ جیادەكرێتەوە لە دەوڵەتی عوسمانی، عیراق (میسوپۆتامیایی عەرەبی) بە پێی ماددەی ٩٤لە بەشی چوار، ئەمەش بەڵگەیەكی بەهێزە، كەو ئەو دوو ناوچەیەیە، یەك نین ودەبێت بكرێن بە دوو دەوڵەتی جیاواز. تەنانەت پێرسی كۆكس كە زۆر دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بوو، لە یەكێ لە بروسكەكانی لە ساڵی 1921 كوردستان وعیراق وەك دوو ناوچەی جیاواز لە یەكتر وەسف دەكات.

ئەوانەی دەیانەوێت شووناسێكی هاوبەش بۆ عیراق وعیراقییەكان دابتاشن، زۆر كات تەنیا دەتوانن شۆرشی ساڵی بیستی عیراق بەكاربهێنن وبیكەنە بەڵگە. گوایە هەموو عیراقیەكان لە باشوورەوە بۆ باكور بە هەموو گرووپە نەتەوەیی ئاینی ومەزهەبیەكانەوە بەشدار بوونە لەو شۆرشە دژ بە بەڕیتانیا وهەمووان چەن ئامانجێكی هاوبەش ولێكچوویان هەبووە ئەویش دەركردنی بەڕیتانیا وسەربەخۆیی عیراق. لە ڕاستیدا ئەمە جگە لەوەی وەهمە، درۆیەكی گەورەشە. سەرەتا، هەموو عیراقیەكان لە باشوورەوە بۆ باكوور وەك یەك وبە یەك ئەندازە بەشدار نەبوون لەو بە ناو شۆرشە. زیاتر ناوچەی فوراتی ناوەڕاستی گرتەوە (نەجەف، كربلا، دیوانیە، بابل، موسەننا)، هاوكات یەك ئامانجیان نەبوو، لە كوردستان ئامانجەكە سەربەخۆیی عیراق نەبوو. هەر وەها بە پێی عەلی وەردی، بەشێك لە عەشیرەتەكان بەشدار بوون لەو شۆرشە تەنیا بۆ مەبەستی فەرهود ودەستكەوتنی سەروەت وسامان. بە گشتی ئەو ڕووداوە ئەوەندەی بزوتنەوەیەكی عەشایەری وپیاوانی ئاینی وتایفی بوو، ئەوەندە بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی وجەماوەری نەبوو، سەرۆك عەشرەتەكان وپیاوانی ئاینی دەستیان پێكرد كە زیاتر بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز و بەرژەوەندی خۆیان بوو، پاشان خەڵكی هەژار ونەخوێندەواریان هاندا بۆ ئەوەی بەشدار بن وشەڕی سوپای بەریتانی بكەن.

هاوكات لەو ناوچانەی كە گوزەران باشتر بوو لە ڕووی ئابووریەوە، نەچوونە پاڵ شۆرشەكە یاخود كەمتر بەشدار بوون. بۆ نموونە بەسرە كە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەكەیەوە باری گوزەرانی لە شارەكانی تری ئەو كاتی عیراق باشتربووە. هەر بۆیە كۆمەڵێك لە سەرۆك عەشرەت وكەسایەتی دیاری ئەو كاتی بەسرە، نامەیەك ئاڕاستەی پێرسی كۆكسی نوێنەری بەڕیتانیا دەكەن دوای ماوەیەك لە تەواوبوونی شۆرشەكە، لەو نامەیەدا ترسی خۆیان پیشاندەدەن كە شارەكەیان بلكێنرێت بە شارە هەژارەكانی تری عیراق، تەنانەت لەو نامەیە بە نوێنەری بەڕیتانیا دەڵێن كە ئەوان بەشدار نەبوونە لەو ڕووداوە شۆرشی بیست كە بە گێرەشێوێنێ ویاخیبوونیش وەسفی دەكەن، هەر بۆیە داوا دەكەن كە بەڕیتانیا بە چاوێكی جیاوازەوە تەماشای بەسرە بكات نەك وەك شارەكانی تر. واتە بەشێك لە كەسە دیارەكانی بەسرە، تا ئەو كاتیش باوەڕیان بە عیراق نەبووە وخوازیار نەبوونە  بكرێن بە بەشێك لە عیراق.

خاڵێكی گرنگ كە زۆر كات باس ناكرێت، ئەو شۆرشە سەرچاوەكەی تەنیا لە چوارچێوەی عیراقدا نەبوو، بەڵكو ڕەگێكی لە سووریا لە (دیر الزور) بوو وپەیوەندییەكی پتەوی بە سووریاوە هەبوو وشەش مانگ پێش دەستپێكردنی لە عیراق، لە (دیر الزور)ەوە دەستی پێكرد. ئەگەر بە شووناسێكی هاوبەشی عیراق دابنرێت، كەواتە دەبێت بەشێك لە سووریاش سەر بەو شووناسە بن. بە گشتی لەو سەردەمە لە زۆربەی ولایەتە كۆنەكانی دەوڵەتی عوسمانی ناڕەزایەتی بەرەنگاری دەستی پێكرد بوو دژ بە مەرامەكانی بەڕیتانیا وفەرەنسا.

بە كورتی، عیراق وەك تیۆری وپراكتیك، پرۆژەیەكی تەواو بەڕیتانی بوو، ئەگەر بەڕیتانیا نەبووایە، ئەو خەڵكەی ئەو كات لەم جوگرافیایە بوون، شتێك لە مێشكیان نەبوو بە ناوی دەوڵەتی عیراقی بەم سنور وشێوەیەیی ئێستا. عیراق پرۆژەیەك بوو تەنیا لە مێشكی بڕیاربەدەستانی بەڕیتانیا هەبوو، هەموویشیان نا، بەڵكو بەشێك لە بڕیاربەدەستانی بەڕیتانیا، ئەگەر نا سەرەتا لە لایەن هەندێ بڕیاربەدەستی بەڕیتانیا پڕۆژەی ئەوەش هەبووە كە عیراق بكرێت بە بەشێك لە هیند.

كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی ویەك لاكەرەوە لە ساڵی ١٩٢٦دەبێتە بەشێك لە عیراق، سێ لایەن كێشەیان هەبوو لەسەر باشوری كوردستان، توركیا كە دەیویست بیكات بە بەشیك لە خۆی، بەریتانیا وعیراق كە دەیانویست ببێت بە بەشێك لە عیراق، هەر وەها خودی كورد، كە سەربەخۆییان دەویست.. بەڵام بەریتانیا بڕیار دەدات كوردستان بكرێت بە بەشێك لە عیراق لەبەر چەندین هۆكار؛ پێیانوابووە لە چەندین ڕووەوە ولایەتی بەسرە وبەغداد بە تەنیا  شیاونین بەوەی ببن بە دەوڵەتێك دەبێت ولایەتی موسڵ لەگەڵیان بێت. سامانە سروشتیەكانی كوردستان وبەتایبەت كەركوك، چونكە عیراق بە تەواوی لە ژێر كۆنترۆڵی بەریتانیا بوو، كوردستان ئەو كات لە عیراق بەهێزتر وزیاتر سەروەری هەبوو، چونكە نیمچە حكومەتێكی هەبوو، بەریتانیا ویستی بیكات بە بەشێك لە عیراق تا بە تەواوی كوردستانیش بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. نا ڕەزایەتی توركیا وئێرانی ئەو كات بۆ درووستبوونی دەوڵەتێكی كوردی،

بە تایبەت كە توركیا بەهێز ببو وبەریتانیا بەرژەوەندی و مامەڵەی تری هەبوو لەگەڵ توركیا كە بێ گومان بەلای بەڕیتانیاوە توركیا وئێران گرنگتر بوون لە كورد. لەگەڵ چەندین هۆكاری تر، یەكێ لە هۆكارە سەرەكیەكان هۆكاری ناوخۆیی كورد بوو، كە لاواز ودواكەوتوو وپەرتەوازە بوون، ئەگەر نا دەبوو لەو سەردەمە جەنگ وشەڕێكی بەردەوام وكاریگەریان بەرپا بكردایە تا گەیشتن بە ئامانج. ئەگەر كەمترین نرخ بۆ بەها ئەخلاقی ومرۆیی وماف هەبێت لە سیاسەت، دەبوو ئەو كات  بەریتانیا كاتێك توركیا وعێراق داوای كوردستانیان دەكرد، بەریتانیا بە گوێی دانیشتوانی كوردستان بكات ودەوڵەتی كوردستان لە باشور دابمەزرێنێت، نەك بیدات بە عێراق، كە لە بەڵگەنامەكانی خۆیاندا هاتووە كوردستان هەرگیز بەشێك نەبووە لە عێراق.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP