دواین هەواڵ

چەند سەرنجێک لەبارەی ئەگەری جەنگی نێوان ئيسرائيل و ئێران

‌ڕەنج نەوزاد

11/04/2024

چەند سەرنجێک لەبارەی ئەگەری جەنگی نێوان ئيسرائيل و ئێران

هەر چەند ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خودی ئێران نايانەوێت جەنگی ئيسرائيل و ئێران ڕووبدات، بەڵام گريمان ئێران وەڵامی ئيسرائيل دەداتەوە و لە خاکی خۆیەوە مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی ئيسرائيل کرد. ئایا جەنگ هەڵدەگيرسێت؟ ڕێگرييەکانی بەردەم ئەو جەنگە چين؟ شێواز و سيناريۆی جەنگەکە چۆن دەبێت؟ 

ئەوەی تا ئێستا ئيسرائيل بە فەرمی ڕايگەياندوە ئەوەیە ئەگەر ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرش بکات، ئەوا ئيسرائيل وەڵامی دەداتەوە. واتە ئيسرائيل جەنگ ڕاناگەيەنێت، بەڵکو سەرەتا وەڵامێکی هاوشێوە دەداتەوە لە خاکی ئێران. ئایا لە پشتی پەردەوە ئيسرائيل بە نيازی چييە و بڕياری چی دەدات؟ ڕوون نييە. 

لە ئەگەری ئەوەی هەردوو وڵات بە یەک هێرشکردنە سەر یەکتر نەوەستان و بەردەوام بوون لە هێرشەکان، ئەوا مانای وایە بە ئەگەری زۆرەوە جەنگ ڕادەگێنرێت. چونکە ئێران دەوڵەتە و خاوەنی سوپایە، وەک حيزبوڵا و حووسييەکان ناتوانێت شەڕێکی سنوورداری و کۆنتڕۆڵکراو بکات لەگەڵ ئيسرائيل، سوپا ناچێتە تونێل و ژێرزەمين و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان و شەڕی پارتيزانی بکات. بنکەی سەربازیی سوپای دەوڵەت، ناشاردرێتەوە هاوشێوەی شوێنی چەک و تەقەمەنييەکانی حەماس و حيزبوڵا. واتە کاتێک گورز لە سوپای ئێران دەدرێت، ئەوا سەربازگەیەکی گەورە یان فرۆکەخانە و بەندەرەکانن دەکرێنە ئامانج، نەک خانو و شوێنی بچوکی شاراوە وەک ئەوانەی غەززە و باشووری لوبنان. بوردومانکردنی سەربازگەی گەورە و فرۆکەخانە و شوێنەکانی پڕۆژەی ئەتۆمی... واتە دۆخی جەنگ. 

بە پێی تێڕوانينی پسپۆرەکانی بواری سەربازی، ڕێگرييەکی سەرەکی هەیە لەبەردەم هەردوو دەوڵەت کە بتوانن جەنگێکی تەقليدی ئەنجامبدەن. بەو مانایەیی جەنگی ئيسرائيل و ئێران هاوشێوەی جەنگی عيراق و ئێران، یان ڕووسيا و ئۆکڕانيا نابێت. فاکتەری جوگرافی ڕێ بەوە نادات. لە جەنگێکی وادا، ئەستەمە هێزی زەمێنی بەکاربێت، جەنگەکە زیاتر ئاسمانی دەبێت، واتە بە فڕۆکە و مووشەکی باليستی.  

سەبارەت بە مووشەکی باليستی، ئەوا مووشەکەکان بە ئاسمانی سێ وڵاتدا تێدەپەڕن، عيراق و ئوردن و سووريا. ئەمەش وا دەکات ئەو سێ وڵاتە، بە تايبەت ئوردن ناڕەزایەتی دەرببڕێت و فشارێکی نێودەوڵەتی درووست بکات. لەوانەیە فشارکردن بۆ وەستاندنی جەنگەکە بەرز بێت و شەڕەکە زوو کۆتایی پێبێت. جگە لەوەی مووشەکەکان دەکرێت بە هەڵە بکەونە وڵاتانی ترەوە، بە تايبەت ئەوانەی ئێران، ئەمە ناڕەزایەتی گەورەی لێ درووست دەبێت. لە ڕووی چەندایەتييەوە ژمارەی مووشەکە باليستييەکانی ئێران زۆر زیاترە لە هی ئيسرائيل، لە ڕووی کواڵێتييەوە ئەوانەی ئيسرائيل پێشکەوتووتر و بەهێزتر و وردترن. ئێران لە کاتێکدا دەتوانێت گورزی گەورە لە ئيسرائيل بدات کە بە یەک جار ژمارەیەکی زۆر مووشەک ئاڕاستە بکات، ئێران ئەم توانایەیی هەیە. چونکە بە دڵنياییەوە زۆربەی دەخرێنە خوارەوە بە سيستەمە بەرگرييەکانی ئيسرائيل. ئێران سيستەمی بەرگرييەکەی براورد ناکرێت بە هی ئيسرائيل. 

سەبارەت بە فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەکانی ئێران ناگەنە ئيسرائيل. ئەوانەی ئيسرائيل دەگەنە ئێران، بەڵام بۆ وەشاندنی چەند گورزێک، ئەگەر ئيسرائيل بيەوێت بە بەردەوامی لە ڕێگەی فڕۆکەوە هێرش بکات، دەوترێت پڕکردنەوەی فرۆکەکان بە سووتەمەنی ڕێگرييەکی گەورەیە. بە تايبەت فڕۆکە ئيسرائيلييەکان ناتوانن فرۆکەخانەکانی ئوردن و عيراق و سووريا بەکاربهێنن. بێ گومان ئەمريکا دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. درۆنەکانی ئێران دەتوانن بگەنە ئيسرائيل بەڵام کاتێکی زۆری پێويستە، زیاد لە ٦ سەعات، ناوچەکەش پڕە لە دژە مووشەکی ئەمريکا، جگە لەوەی ئيسرائيل خاوەن چوار جۆر لە پێشکەوتووترين سيستەمی بەرگریيە لە جيهاندا. درۆنەکانی ئيسرائيل دەتوانن لە ناو ئیران بدەن. هاوکات ڕێگریی سياسی و یاسایی هەیە، چونکە فڕۆکەکانی هەردوو دەوڵەت دەبێت بە ئاسمانی سێ یان چوار دەوڵەتدا تێپەڕن.

تەنيا ئەمريکا دەتوانێت سوپا بنێرێت بۆ وڵاتێکی دوور و جەنگێکی تەقليدی بکات و هێزی زەمينی و دەریایی و ئاسمانيش بەکاربهێنێت بێ ئەوەی کێشەی لۆجستی و ڕێگری جوگرافی هەبێت، وەک لە عيراق و ئەفغانستان کردی. 

سيناريۆی نزيک ئەوەیە لە دۆخێکی وادا ئێران زیاتر پشت بە حيزبوڵا و حووسييەکان و مليشياکانی لە سووريا ببەستێت. ميليشياکان دەتوانن تەنيا زیانی سنووردار و سەرئێشە درووست بکەن، ناتوانن هەڕەشەی جدی و گەورە لە ئيسرائيل بکەن. لە بەرامبەردا ئيسرائيل شار و ناوچەکانی ئەو ميليشيانە کاول دەکات هاوشێوەی غەززە، ئەمەش بۆ دەيان ساڵ لێکەوتەی خەراپی دەبێت لە هەموو بوارەکاندا، جگە لە ناڕەزایەتی ناوخۆ. بۆ نموونە جەنگی ئيسرائيل و حەماس، زیاتر لەسەر ئاستی فەرمی و ميدياکان جەنگە، لە ناوەڕۆکدا جەنگ نييە. پێش زیاد لە شەش مانگ ئيسرائيل جەنگی ڕاگەياند، تا ئێستا ژمارەی ئەو سەربازانەی لە غەززە کووژراون ناگاتە ٢٧٠ سەرباز. لە کاتێکدا ئيسرائيل نزيکەی ١٧٠ هەزار سەربازی و ٤٦٥ هەزار یەدەگی هەیە. بۆ سوپایەکی لەم قەبارە و کوالێتييە، لە شەش مانگ جەنگ تەنيا ٢٦٠ سەربازی بکووژرێت، مایەیی باس نييە و بە جەنگ هەژمار ناکرێت. 

لە سيناريۆی ئەوەی لە ئێران و لوبنان و سووريا و غەززەوە مووشەک و درۆن ئاڕاستەی ئيسرائيل بکرێت و ئيسرائيل بکەوێتە بەردەم هەڕەشە و زیانی گەورە، ئەوا ئەمريکا هەموو هەوڵێک دەدات بە خێرایی جەنگەکە بوەستێنێت. ئەگەر نا، بەشدار دەبێت لە لێدانی ئێران و مليشياکانی. هەر بۆیە ئەمريکا هەوڵێکی زۆر دەدات جەنگێکی وا بەرپا نەبێت. لەم سيناريۆیەدا، ئيسرائيل زیانی گەورەی بەردەکەوێت، بۆیە دەستکراوە دەبێت و بە دڵنياییەوە چەند غەززەیەکی تر لە لوبنان و سووريا دووبارە دەکاتەوە ژمارەیەکی زۆر گەورە لە بەرەی بەرامبەر دەکووژێت، جگە لە گورزی ستراتيژی لە ناو ئێران.

خاڵێکی تر کە وا دەکات ئێران جەنگی ناوێت و ئيسرائيل ئامادەیە، ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران لە ناوخۆ دووژمنی زۆرە، لە کاتی جەنگێکی وادا عەرەبەکان و کورد و بەلوچ لە ئێران زۆرينەی پشتگيری ئيسرائيل دەکەن. لە لایەکی ترەوە، بە هۆی هەبوونی ديموکراسييەوە خەڵکی ئيسرائيل دەکرێت فشار لە حکومەت بکەن جەنگ بوەستێنێت، لە ئێراندا ئەوە نييە. لەم ڕەهەندەوە ڕژێمی ئێران فشاری کەمتر لەسەر دەبێت لە کاتی جەنگێکی وادا. 

وەک لەسەرەوە باسکرا، بە پێی زۆربەی پێدراوەکان، هەڵگيرساندنی جەنگ جارێ ئەگەرێکی نزيک نييە، تەنانەت ئەگەر ئێران وەڵاميش بداتەوە. چونکە ئەمريکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕێگریکردن لەو جەنگە، خودی ئێرانيش زۆر دەترسێت بکەوێتە هەڵەیەکی ستراتيژييەوە. ئەگەر جەنگيش ڕووبدات ئەوا جەنگەکە بە هۆی ئەو هۆکارانەی ئاماژەپێدرا، جەنگێکی تەقليدی نابێت و بە هۆی فاکتەری جوگرافييەوە، سنووردار دەبێت، یان هەر جەنگێک دەبێت لە نێوان ئيسرائيل و ميليشيا ئێرانييەکانی وەک حيزبوڵا و حەماس و ئەوانەی سووريا بەڵام بە شێوەیەکی توندتر و فراوانتر لەوەی ئێستا هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP