دواین هەواڵ

جەنگی ئيسرائيل و حيزبوڵا

‌ڕەنج نەوزاد

پێش 4 هەفتە

هەرێم نیوز

ئەوەی ئيسرائيل لەم هەفتەیەدا لە لوبنان کردی و دەيکات، هەر لە سەرەتای جەنگەکەی غەززەوە پلانی بۆ دانابوو، بەڵام چاوەڕیی دەکرد شەڕەکەی غەززە بەرەو کۆتایی بچێت، ئينجا دەست بە گورزەکانی بکات لە لوبنان. حيزبوڵا و ئێران لەبری ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بەتوندی فشار لە ئيسرائيل بکەن لە سنوورەکانی باکوورەوە، لەو کاتەی ئيسرائيل سەرقاڵ بوو لە باشوور بە هۆی غەززەوە، شەڕێکی رووکەشی تەنيا بۆ ميديا و چەواشەکردنی لایەنگرانيان ئەنجامدەدا، واتە چاوەڕێيان کرد تا ئيسرائيل پلانەکانی خۆی هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکات. حيزبوڵا ئەو شەڕە ڕووکەشی و دەرەفەتدانە بە ئيسرائيلی بۆ ئەوە بوو کە ئەم گورزانەی بەرنەکەوێت، بەڵام بە زیادەوە بەريکەوت. 

ئيسرائيل غەززەی سڕيەوە، حوکمی حەماس لەناوبرا، لە ڕاستيدا غەززە لە فەوزایەکی گەورەیە و حوکم و سيستەم و یاسای تيا نەماوە. زۆربەی دانيشتووانی ئيسرائيل گەڕانەوە بۆ ناوچەی غيلافی غەززە، دوای ئەوەی توانای مووشەکی حەماس تەواو لاواز کرا. دەروازەی رەفەح و هێڵی فيلادلفيا کەوتە دەست سوپای ئيسرائيل، واتە ئايندەی غەززەی کەوتە دەست. جگە لە دابەشکردنی غەززە بۆ دوو بەشی لە رێگەی هێڵی نێتساريم. لە ئێستادا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نەماوە لە غەززە، تەنيا هەندێک بۆسەدانان و چالاکی پارتيزانی هەیە، ئەوەش پێويستی بە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز نييە. ئەو چالاکيانە هەر بەردەوام دەبن، ئەگەر یەک چەکداری حەمسايش نەمێنێت. چونکە هەميشە ئەو جۆرە چالاکيانە لە کەناری ڕۆژئاوا و تەنانەت لە قودسيش هەبووە. غەززە لە ڕووی ئەمنييەوە کرا بە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستين، بەڵام دوای وێرانکردنی. 
لە دوای ئەم دەستکەوت و هەنگاوانە، ئيتر ئيسرائيل دەرەفەتی هەبوو بایەخی خۆی بگوازێتەوە بۆ لوبنان و حيزبوڵا. بەشێکی زۆری سوپای ئيسرائيل لە غەززەوە ڕەوانەی نزيک سنوورەکانی لوبنان کراون. تەنيا لە ماوەی سێ ڕۆژا، لە هەفتەی ڕابووردوو، ئيسرائيل سێ گورزی هەواڵگری و سەربازی کەمەر شکێنی لە حيزبوڵا دا.

 تەقينەوەی ئامێرەکانی پەيجەر و پاشان ئامێرەکانی بێتەلی چەکدار و ئەندامانی حيزبوڵا لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا کە بووە مایەیی لەکارخستنی زیاد لە ٣ هەزار چەکداری حيزبەکە (بە قسەی خودی نەسروڵا ئەمە کردەوەیەکی پێ پێشينە بوو لە مێژووی حيزبوڵا و شەڕی ئيسرائيل و نەيارەکانی، تەنانەت دەکرێت لەسەر ئاستی جيهانيش بێ پێشينە و بێ وێنە بێت). لە ڕاستيدا ئەو چالاکييەیی مۆساد، داهێنانێکی هەواڵگری دەگمەن بوو، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی جەنگ و هەواڵگری. هەر ڕۆژێک دوای ئەو چالاکييە، کووشتنی کەسی یەکەم لە باڵی سەربازی حيزبوڵا، ئيبراهيم عەقيلی  جێگرەوەی فواد شوکر کە پێش دوو مانگ کووژرا، لەگەڵ نزيکەی ٢٠ سەرکردەی سەربازی سەرەکی و دەستەبژێری حيزبوڵا کاتێک لە تونێلێکی ژێر زەوی لە کۆبوونەوەدا بوون، بە یەک گورزی ئاسمانی، دووبارە پەيامێکی توندی ئيسرائيل بوو بۆ نەيارەکان. 

ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار، ئيسرائيل لە باشووری لوبنان دەستی کرد بە ئۆپراسيۆنە سەربازييە جدييەکانی، کە دەبنە مایەیی وێرانکردنی هەموو شت. بە پێی هەواڵەکان تەنيا لەم بەيانييەوە تا ئێستا، ٢٠٠ کەس کووژراون لە لوبنان، سەروو هەزار کەس بريندارە، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە سێ سەرکردەی سياسی و مەزهەبی حيزبوڵا کووژراون. زیانێکی زۆر گەورە بە ژێرخانی گوند و شارەکانی ئەو ناوچەیە. هاوکات ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی لوبنانی. 
حيزبوڵا ناچار دەبێت مووشەک و درۆنی زیاتر ئاڕاستەی ئيسرائيل بکات، ئەمەش ئەگەر ببێتە مایەیی زیانی گەورە، کاردانەوەکانی ئيسرائيل وێرانکەرتر دەبن. لە هاوکێشەی ئيسرائيل و نەيارەکانی لە کاتی جەنگدا، گرنگترين خاڵ ئەوەیە کە نەيارەکانی ئيسرائيل سنوور و سەقفێکی دياريکراويان هەیە، ئيسرائيل نييەتی. بۆ نموونە تا سڕينەوەی غەززە دەڕوات و ناوەستێت. تا کووشتنی هەموو سەرکردەکان دەڕوات، ئاسایی هەنييە لە ماڵی خامنەیی دەکووژێت، تەنانەت کووشتنی خودی خامنەیی هێڵی سوور نييە بۆ مۆساد ئەگەر پێويست بکات. 

دوای دەرکەوتنی هێزی هەواڵگری ئيسرائيل بەم شێوە تۆقێنەرە، ئێران لە جاران زیاتر وريایە و دەزانێت دۆخەکە لەدەست دەربچێت، گورزی هەواڵگری وای لێدەدرێت، ئەژنۆی دەشکێنێت. هاوکات لە پاش هاتنی پزشيکيان، لەوە دەچێت تەنانەت ئەگەر ئيسرائيل سيناريۆکەی غەززە و حەماس لە لوبنان و بەرامبەر بە حيزبوڵا دووبارە بکاتەوە، ئێران هەر نايەوێت تێوەبگلێت بە شەڕێکی ڕاستەوخۆ. لە ئێستادا ئەگەری هێرشی زەمينی بۆ سەر لوبنان، کەمە. وا ديارە چەند هەفتەیەک ئەم هێرشە ئاسمانی و هەواڵگريانە بەردەوام دەبن، ئەگەر ئەنجامی نەبوو، ئەو کات هێرشی زەمينی دەکرێت ئەگەرێکی نزيک بێت. (بەو مەرجەی چارەسەری دبلۆماسی ڕوونەدات). 

ئيسرائيل ئامانجەکانی لە شەڕەکەی لوبنان سنووردارە، هاتنەوەی هاووڵاتيانی ئيسرائيل بۆ باکووری وڵاتەکە، کە لە سەرەتای شەڕەکەوە ماڵەکانی خۆیان بەجێهێشتووە. هاوکات لاوازکردنی حيزبوڵا و دوورخستەنەوەی لە سنوورەکانی ئيسرائيل. واتە لەناوبردنی حيزبوڵا و لابردنی لە حوکم و دەسەڵاتی لوبنان، ئامانجی ئيسرائيل نييە. لێرەوەیە، تا ئێستا نەسروڵا نەکووژراوە، لە کاتێکدا دەستە ڕاست و چەپەکەی کووژران. بەڵام بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بێت، کووشتنی نەسروڵاش ئەگەرێکی کراوەیە. جگە لەوەش، حيزبوڵا ئەوەندەی دووژمن و کێشەیە بۆ عەرەبی سوننە، بۆ سعودی و خەليجيەکان و ميسر و ئوردن... ئەوەندە کێشە نەبووە بۆ ئيسرائيل. بۆیە ئيسرائيل نايەوێت ئەو ديارييە بە نرخە پێشکەشی عەرەب و سوونە بکات بە خۆڕایی و، لەو هەڕەشە و سەرئێشە گەورەیە ڕزگاريان بکات بەرامبەر بە هێچ. 

ئێران لەبری خۆی، لەوانەیە حەشدی شەعبی ڕابسپێرێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر حيزبوڵا. هاوکات، ئەگەر هەیە ڕێگە بە حيزبوڵا بدات کە مووشەکە دوور مەودا و بەهێزەکانی بەکاربهێنێت بۆ فشارکردن لە ئيسرائيل. سەرەتا بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر حەماس، حيزبوڵا بەکارهێنرا، سوودی نەبوو. ئێستا حەشد و حووسی بەکاردەهێنرێن بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر حيزبوڵا. 

زۆرێک پێيانوایە ئێران ناتوانێت بێ دەنگ بێت بەرامبەر بە لاوازکردنی حيزبوڵا و لەوانەیە ڕاستەوخۆ دەستتێوەردان بکات بۆ رزگارکردنی، بەڵام لە لە بنەمادا یەکێک لە ئەرکەکانی ميليشياکانی سەر بە ئێران (حەماس و حيزبوڵا و جيهاد و حووسی و حەشد) بۆ ئەوەیە کە ئێران ڕاستەوخۆ نەچێتە هيچ جەنگێکەوە. بۆیە ئەستەمە لە پێناو کەسيان بچێتە جەنگەوە، هەڵوێستی ئێرانمان بينی لە سڕينەوەی غەززە، تا ئێستاش هەمان هەڵوێستە بەرامبەر بە وێرانکردنی باشووری لوبنان و ئەو هەموو گورزە لە حيزبوڵا. هەر بۆیە دەنگۆی ئەوە بەهێزە کە جۆرێک کێشە و گلەیی و گومان کەوتووەتە نێوان ئێران و حيزبوڵا، یان حيزبوڵا لەگەڵ بەشێک لە دەزگاکانی ئێران.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP