دواین هەواڵ

ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات، ڕووخانی ڕژێم دەکرێت مانگێک بۆ دوو مانگ بخایەنێت ئەوپەڕی

‌ڕەنج نەوزاد

14/01/2026

بە پێی هەواڵ و ئاماژەکان، وا دیارە بە ئەگەری زۆرەوە هێرشێک دەکرێتە سەر ئێران، لە لایەن ئەمریکا بە تەنیا، یاخود ئەمریکا و ئیسرائیل بە یەکەوە. 

سەبارەت بە ئیسرائیل، لە ماوەی دوو ساڵی رابوردوو تا ئێستا و بۆ ئایندەیەکی نزیک، هەموو کات ئەگەری ئەوە هەیە هێرش بکاتە سەر ئێران، چەند جارێک ئەنجامی داوە و جارێکی جەنگ بوو، چەند جارێکی تریش دووبارە دەبێتەوە. بۆ ئەمجارە هێرشەکەی ئیسرائیل لەوانەیە لە دوو سیناریۆ و کاتدا ئەنجامبدرێت: 1. ئەگەر خۆپێشاندانەکان لە لایەن ڕژێمی تیرۆریستی ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت. لە پاش ئەوە ئەگەر زۆرە ئیسرائیل هێرشێکی توند ئەنجامبدات. 2. ئەگەر خۆپێشاندانەکان سەرکەوتوو بن لە ڕووخانی ڕژێم، یاخود لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ لە لایەن حکومەتی تیرۆریستی ئێران، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە، هاوشێوەی هێرشە فراوانەکەی بۆ سەر سوریا لە شەوی کەوتنی ئەسەد، ئیسرائیل هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر ئێران بۆ لەناوبردنی بەشێکی سەرەکی ژێرخانی سەربازی. واتە لە هەردوو سیناریۆی سەرکەوتنی خۆپێشاندانەکان یان شکستهێنانیان وەک جارەکانی پێشوو،  ئەگەری هێرشکردنە سەر تیرۆریستانی ئێران هەیە لە لایەن ئیسرائیلەوە. 

سەبارەت بە هێرشی ئەمریکا، جارێ ڕوون نییە ئایا ئامانجی سەرەکی، قەبارە و سنوور و تەکتیکی هێرشەکە چۆن دەبێت. بەڵام وا دیارە بەم نزیکانە ئەنجامدەدرێت، ئەگەر ڕووداوێک یان یان شتێکی لەناکاو ڕوونەدات. 

ئەگەر هەیە ئەمجارە گروپی چەکداری لەناو ئێران، بە تایبەت پێکهاتەکان، جموجۆڵی سەربازی دەست پێبکەن لەگەڵ هێرشەکە. چونکە ئەگەر ئامانج ڕووخاندنی ڕژێم بێت، ئەوا بە بێ جوڵەی سەربازی لەسەر زەوی ناکرێت. هێرشی ئاسمانی هیچ حکومەتێکی لاواز و بەهێز ناڕوخێنێت، ئەگەر لەسەر زەوی جوڵە نەبێت. بۆچوونێک هەیە پێی وایە هێرشێکی دەرەکی دەکرێت کۆتایی بە خۆپێشاندانەکە بهێنێت؛ خەڵکی ئێران بچنە پاڵ حکومەتەکەیان دژی ئەو هێرشە یاخود ئەو هەستە درووست بێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل ڕژێم دەڕوخێنن خەڵک پێویست ناکات بکووژرێت و بەردەوام بێت لە خۆپێشاندان. گریمانەی پشتگیری خەڵک لە ڕژێم بەرانبەر بە هێرشی دەرەکی، وەهمە، لەوانەیە تەنیا بەشێک لە فارس و ئازەرەکان بەو شێوەیە بن، بەشێکی دیاری فارس و ئازەرەکان ڕۆژانە داوا دەکەن تڕەمپ هاوکارییان بکات، جگە لەوەی زۆرینەی کورد و بەلوچ و عەرەب هەر دژی دەوڵەتی ئێرانن نەک تەنیا ڕژێمەکە. گریمانەی دووەم لۆژیکیترە. 

جارێ گومان هەیە ئایا ئەمریکا بەڕاستی دەیەوێت ڕژێم بڕوخێنێت؟ یاخود تەنیا لاوازتری دەکات؟ هێرشەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە. 

ئێران ئێستا لە لاوازترین سەردەمی خۆیەتی، چ لەڕووی تۆڕە میلیشیاکانی و هەژموونی لەناوچەکە، چ لە رووی ئابووری و بارودۆخی ناوخۆ، چ لە ڕووی شکاندنی شکۆ و هەیبەت و بەتاڵکردنەوەی وەهم و پڕوپاگەندەکانی. بۆ نموونە حسێن سەلامی هەمیشە دەیوت ئەگەر ئیسرائیل بچوکترین هەڵە بکات بەرانبەر بە ئێران، بە نیو سەعات لەسەر نەخشە دەیسڕینەوە، کەچی خۆی دوای 10 خولەک لە هێرشەکەی ئیسرائیل بوو بە کەباب. ئیسرائیل نەک هەڵەیەکی بچوک، بەڵکو 12 رۆژ ئاسمانی تارانی کۆنتڕۆڵ کرد، ژێرخانی ئەتۆمی لەناوبرد، دەیان گورزی تر، بەڵام وا دیارە سەلامی بوو بە کەباب بۆیە ئیسرائیل مایەوە لەسەر نەخشە. 

ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات، ڕووخانی ڕژێم دەکرێت مانگێک بۆ دوو مانگ بخایەنێت ئەوپەڕی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP