بە پێی ميدياکانی ئيسرائيل، دۆخ و ئامادەکارييەکانی ئيسرائيل لە ئێستادا، لە کاتی چەند هەفتە و چەند مانگی پێش شەڕی دوانزە رۆژە و شەڕی ٤٠ ڕۆژە دەچێت. ڕاگەياندنی ئۆپراسيۆنی سەربازی و جەنگ لە ئيسرائيل، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هەڵسەنگاندن و پێشنيارەکانی چەند دەزگایەک دەبەستێت: مۆساد و شاباک و ئامان (هەواڵگری سوپا) دەستەی ئەرکانی سوپا. ئەگەر ئەم دەزگانە هاوڕابن لەسەر ڕاگەياندنی جەنگ، ئەوا سەرۆک وەزيران هەر کێ بێت، هەڵوێستی ئەمريکا هەر چييەک بێت، بە ئەگەری زۆرەوە ئيسرائيل بڕياری جەنگ دەدات. وا ديارە، ئەو دەزگانە لەم کاتەدا هاوڕان کە پێويستە گورزێکی تر لە ئێران بدرێت. هەندێک کات ئەو دەزگانە فشار دەکەن لە حکومەت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسيۆنێکی سەربازی، لەو کاتانەدا بە نزيکایەتی حکومەت بە حەتمی بڕياری شەڕ دەدات، بە پێی پێدراوەکان جارێ ئەو دەزگانە تەنيا پێشنياریان کردووە و نەک فشاری توند.
ئيسرائيل پێیوایە جەنگی ئێران دەبێت قۆناغ بە قۆناغ بێت، چونکە دەزانێت بە یەک گورز ناکەوێت یان تەواو لاواز نابێت. بۆیە سەرەتا لە ميليشياکانی ئێران و پاشان سورياوە دەستی پێکرد، پاشان دوو گورز لە ئێران. ئەمەش لەبەر چەندين فاکتەری وەک ئامادەنەبوونی ئەمريکا بۆ ئەنجامدانی شەڕێکی زەمينی و ناردنی سەرباز بۆ ئێران؛ نەبوونی دەرەفەت بۆ ئيسرائيل کە شەڕێکی زەمينی ئەنجامبدات بە هۆی دووری جوگرافييەوە؛ بەهێزی و تۆکمەیی ئێران لە ڕووی دەزگاییەوە؛ گەورەیی ڕووبەری ئێران؛ فشاری دەوڵەتانی ناوچەکە، کەنداو و پاکستان و تورکيا لە ئەمريکا بۆ ڕێگرتن لە جەنگێکی ماوە درێژ... بۆیە ستراتيژی ئيسرائيل ئەوەیە هەر چەند مانگ جارێک گورزێکی سەربازی توند لە ئێران بدات.
ئيسرائيل پێیباشە لەگەڵ ئەمريکا ئەم ستراتيژە جێبەجێ بکات، ناڕەزایەتييەکی زۆر هەیە لە ئەمريکا سەبارەت بەم ستراتيژە. بۆیە لە ئەگەری ئەوەی ئەمريکا ئامادە نەبێت بۆ بەشداريکردن لە قۆناغی سێيەمی جەنگەکە، ئەوا ئيسرائيل بە تەنيا ئەنجامی دەدات. بە دڵنيایەوە بەشداريکردنی ئەمريکا لە رێگەی هاوکاریکردنی ئيسرائيل لە هەر ئۆپراسيۆنێکی سەربازی، بنەمایەکەی نەگۆڕە.
دۆخی دانوستان و هەوڵوێستی ئێران سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمريکا، زیاتر خزمەت بە ستراتيژەکەی ئيسرائيل دەکات. چونکە ئەمريکاش ناچارە دووبارە گورزێکی تر لە ئێران بدات، ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێست و ڕەفتارانەی. بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، دۆخی ململانێکە بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێتە جەنگێکی سفری، واتە یان ئەمريکا یان ئێران دەبێت یەکێکيان سەرکەوتوو بن. لە جەنگێکی ناهاوسەنگ، سيناريۆی جەنگی سفری، واتە دەوڵەتی بەهێز تەواوی هێزی خۆی بەکاردەهێنێت، یان بۆ داگيرکردن و ڕووخانی رژێمی دەوڵەتی بەرانبەر، یان بۆ کاولکردنی بنەماکانی دەوڵەتەکە. دەوڵەتی بەرانبەريش قوربانی بە هەموو شتێکی خۆی دەدات لە پێناو مانەوە. ئيسرائيل ئەم سيناريۆیەیی دەوێت، کە ئەمريکا بکەوێتە بەردەم دوو بژاردە، یان قبوڵکردنی شکستێکی ستراتيژی، یان ڕووخان و کاولکردنی ئێران.
وەک لە یەکەم ڕۆژی شەڕی ٤٠ ڕۆژە ئاماژەم پێکرد، لە ڕووی سەربازی و لۆجيستييەوە ئەمريکا بۆ ڕووخانی ڕژێم نەهاتبوو. لەوانەیە ويستی ئەوە هەبووبێت بە گورزێکی بە پەلە و ئۆپراسيۆنێکی سەربازی ڕژێم بڕوخێنن. بەڵام لەسەر ئاستی سوپا ئەوە نەبوو. ئەگەر ئەمريکا بيەوێت ڕژێمی ئێران بڕوخێنێت، ئەوا پێش هەموو شت دەبێت جەنگ ڕابگەیەنێت. پاشان لایەنی کەم ٣٠٠ هەزار سەرباز، لایەنی کەم ٦ کەشتی فڕۆکەهەڵگر لەناوچەکە ئامادەبن، جگە لە جوڵەپێکردنی دەیان فڕۆکەی ستراتيژی لە ناوچەکانی تری جيهانەوە بۆ نزيک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئەمريکا بۆ دەرکردنی سوپای عيراق لە کوەيت ١٩٩١ شەش کەشتی فڕۆکەهەڵگر و زیاد لە ٥٠٠ هەزار سەربازی ناردە ناوچەکە، لە ٢٠٠٣ بە هەمان شێوە ٦ کەشتی فڕۆکەهەڵگر ئامادەبوون). تا ئێستا کەمتر لە ٨٠ هەزار سەربازی ئەمريکی لە ناوچەکەن، لەگەڵ دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر کە بەم نزيکانە دەبنە سێ. ئەمە واتە جارێ لەسەر ئاستی سوپا پلانی ڕووخانی ڕژێم نييە. بەڵکو دەکرێت گورزێکی توندتر لەوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژە ئەنجامبدرێت. ئەگەر هەر سوودی نەبوو، ئەوا ئەگەر هەیە ستراتيژی ئەمريکا بگۆڕێت بۆ ڕووخانی ڕژێم یان کاولکردنی ژێرخانی ئێران. بۆ ڕووخانی ئێران لە ڕیگای سوپاوە پێويستە جەنگ ڕابگێنرێت، کاولکردنی ژێرخان بە ئۆپراسيۆنی سەربازی دەکرێت.
لە ئەگەر ڕوودانی جەنگێکی سفری، ئەوا ئيتر ئەمريکا بایەخ بەو زیانانە نادات کە بەر وڵاتانی ناوچەکە دەکەون. دواجار ئەوەی زیانی بەردەکەوێت ژێرخان و هاووڵاتی ئەمريکا نييە، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکەن، ئەمريکا ئێران کاول دەکات، ئێرانيش لە وەڵامدا هەوڵدەدات زیانی گەورە لە وڵاتانی ناوچەکە بدات. ئەمە رێگری لە ئەمريکا ناکات.
سێ ساڵە نەيارانی ئيسرائيل پشت بە فاکتەری ناوخۆی ئيسرائيل دەبەستن، وەک دادگايکردنی نەتانياهۆ و لابردنی لە دەسەڵات. لە کاتێکدا پرسی بەرەی ئێران بۆ ئيسرائيل، پرسێکی ستراتيژی و دەوڵەتی و پرسی ئاسايشی نيشتيمانييە. هەر سەرۆک وەزيرانێک بێت، دەبێت بەردەوامی بدات بەو ململانێيە، دەکرێت گۆڕانکاری لە ئامرازەکان بکرێت، بەلام بنەماکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئيسرائيل دەزانێت دوای کۆتاییهێنان بە پرسی شەڕی غەززە و نەمانی ئەسەد و لاوازکردنی حيزبوڵا و داگيرکردنی بەشێک لە باشووری لوبنان، ئيتر فشار و زیانەکان کەمتر دەبن لە کاتی هێرشکردنە سەر ئێران. بۆیە، ئەمريکا ڕازی بێت یا نا، ئيسرائيل گورزی تر لە ئێران دەدات و ئەم دەرەفەتە لە دەست نادات.
گورزی سێيەم، ئيسرائيل بە تەنيا ئەنجاميبدات یان لەگەڵ ئەمريکا، لە ڕووی ئامانجەوە فراوانتر دەبێت، دەکرێت ژێرخانی وزە و کارەبا و ڕێگاوبان بگرێتەوە. کووشتنی سەرکردەکان فراوانتر دەبێت. بۆمب و ئامرازی بەهێزتر بەکاردێت. دەکرێت هەوڵبدرێت لەناوخۆ حيزب و گروپە ئۆپۆزسيۆنەکان چالاکی ئەنجامبدەن. بۆ ئەوەی لەسەر زەوی فشار هەبێت، جگە لە هێزی ئاسمانی کە جەنگ یەکلاناکاتەوە.