دواین هەواڵ

ئایا حەماس پێشنيارەکەی ترەمپ قبوڵ دەکات؟

‌ڕەنج نەوزاد

01/10/2025

 
پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسيارە، پێويستە بزانين پڕۆسەی بڕياردان لە حەماس چۆنە و کێی برياردەری سەرەکييە. لێرەدا مەبەستم لە پڕۆسەی برياردانە وەک پراکتيک و بە شێوە ڕاستەقينەکەی، نەک تيۆری و ئەوەی لە پەيڕەوی حەماس-دا هەیە کە بایەخی کەمترە. پڕۆسەی بڕياردان لە حەماس بە پێی کات و بارودۆخ دەگۆڕێت و جێگير نييە. لە ئێستادا سێ لایەن هەیە، دوو لایەن ناخۆيين: باڵی سەربازی (قەسام)؛ لە ناوخۆی غەززەن. باڵی سياسی حەماس کە چەند ساڵێکە لە دەرەوەن و ئێستا زۆبەیان لە قەتەرن. لایەنی سێيەم دەرەکييە؛ قەتەر و ئێران و ئيخوانی نێودەوڵەتی. 

پێشتر، بە تايبەت تا ٢٠٠٤، لەسەردەمی ئەحمەد یاسين و عەبدولعەزيز رەنتيسی، لەناوخۆی حەماس باڵی سياسی بڕياردەری سەرەکی بوو. لە پاش کووژانی یاسين و رەنتيسی لە لایەن ئيسرائيلەوە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا لە ٢٠٠٤، وردە وردە دۆخەکە دەگۆڕێت. باڵی سەربازی بە سەرکردایەتی محەمەد زەيف، فەرماندەی گشتی قەسام، لەگەڵ مەڕوان عيسا (جێگری زەيف) و مەحەمەدی برای یەحيا سنوار و ئەحمەد غەندوور (هەموویان کووژران لەم جەنگەدا) بەهێزتر دەبن. لە ساڵی ٢٠١٧  ئەم باڵە دەتوانن یەحيا سنوار، وەک سياسييەکی گوێرایەڵی خۆیان، بکەنە سەرۆکی حەماس لە غەززە. لەو کاتەوە ئيتر هەنگاو بە هەنگاو باڵی سياسی حەماس، وەک هەنييە و هاوڕێکانی، دەچنە دەرەوەی غەززە (دەوترێت هۆکارێکی ئەوە بۆ ويستی محەمەد زەيف دەگەڕێتەوە). لێرەوە حەماسی غەززە دەبێتە قەسام، حەماسی دەرەوە دەبنە باڵی سياسی کە ئێستا زۆربەیان لە دەوحەن. 
لە ٢٠١٧ەوە تا کووشتنی محەمەدی برای یەحيا سنوار پێش چەند مانگێک، بڕياردەری سەرەکی حەماس لای قەسام و حەماسی غەززە بوو. لە پەيوەندييەکانی دەرەوە، قەسام پەيوەندی لەگەڵ ئێران توندتر و نزيکتر بوو. باڵی سياسی لەگەڵ قەتەر و پاشان ئێران و تورکيا.  ساڵح عاروری، سەرەتای جەنگەکە ئيسرائيل لە لوبنان کووشتی، وەک نوێنەری قەسام بوو لە دەرەوە و لەناو باڵی سياسی، واتە هەژموونی قەسام بوو بەسەر مەکتەب سياسی حەماس، ئەو پەيوەندييەکانی حەماسی ڕێکدەخست لەگەڵ ئیران و حيزبوڵا و بەرەی مقاوەمە.

لە پاش کووژانی هەموو سەرکردە سەرەکييەکانی قەسام، بە یەحيا سنوار و عاروری-يەوە کە ڕووی سياسی قەسام بوون، لەگەڵ ئەو گورزە بەهێزانەی لە غەززە بەريانکەوت، بە تايبەت لە پاش کووژانی محەمەد سنوار، دواهەمين سەرکردەی سەرەکی قەسام، لە ئێستادا وا پێشبينی دەکرێت کە باڵی سياسی، حەماسی قەتەر بڕياری یەکلاکەرەوە بدەن. ئەمەش واتە هەژموونی قەتەر زیادی کردووە و هی ئێران کەمی کردووە بەسەر حەماسدا. 
ئەو سەرکردانەی قەسام کە لە غەززە ماون، یاخود جارێ کووشتنيان ڕانەگێنراوە، و حەماسی غەززە بەڕێوە دەبەن بريتيين لە عيزەدين حەداد گوایە بووە بە فەرماندەی قەسام، لەگەڵ رائد سەعد و مەحەمەد عودە. ئەمانە سەرکردەی سەرەکی و خاوەن کاريزما و ناسراو نين بە براورد بە زەيف و هاوڕێکانی، لەوە دەچێت گوێرایەڵی باڵی سياسی بن. 

لەسەر ئەو بنەمایە، ئەگەر قەتەر لە پراکتيکيش وەک پشتگيرييە فەرمييەکەی لەگەڵ پێشنيارەکەی تڕەمپ بێت، ئەوا ئەگەر زۆرە بە فشار و هەڕەشە لە باڵی سياسی حەماس ناچاريان بکات پيشنيارەکە قبوڵ  بکەن. 

قەتەر و ئێران و ئيخوانی نێودەوڵەتی کە ئەندامەکانيان زیاتر لە لەندەن و ئەستەنبوڵن، بريتيين لەو لایەنە دەرەکييانەی کە هەژموونيان بەسەر حەماسدا هەیە. وەک ئاماژەم پێکرد، ئێران هەژموونی زیاتر بەسەر قەسام (حەماسی غەززە) بوو، قەتەر بەسەر باڵی سياسی، بێ گومان هەژموونی بەسەر قەساميشدا هەیە، بەڵام کەمتر لە ئێران. ئيخوان هەڵوێستی تا ڕادەیەک ئاڵۆزە. قەتەر هەژموونی یەکەمی هەیە بەسەر ئيخواندا، پاشان ئێران و تورکيا. لەگەڵ ئێران پەيوەندييەکەیان بە پێی بارودۆخ و وڵات دەگۆڕێت. بۆ نموونە لە سوريا و یەمەن دژی ئێران بوون. لە لوبنان و زۆر شوێنی تر پشتيوانی ئێران دەکەن. چيرۆکێک، لە شێوەی نوکتە هەیە لە بارەی پەيوەندی ئێرانی شيعی و ئيخوانی سوننی. رۆژێک لە خومەينی دەپرسین چۆن متمانە بە ئيخوان دەکەيت کە سوننەن، خومەينی لە وەڵامدا دەڵێت لە شیعەدا سيغە و زەواجی موتعە ڕێگەپێدراوە. مەبەستی ئەوەیە ئێران، ئيخوانی سيغە کردووە، نەک زەواجێکی فەرمی. سەرکردەیەکی ئيخوانی هەمان پرسيار لە یەکێک لە ڕابەرەکانی ئيخوان دەکات کە چۆن دەبێت پشتيوانی ئێرانێکی ڕافيزە بکەن؟ ڕابەرەکەی ئيخوان پێی دەڵێت تەوالێت شوێنێکی پيسە یان پاک؟ دەڵێت پيس، دەڵێت ئایا دەتوانين دەستبەرداری بين و بەکاری نەهێنين؟ (ئەمە یەکێکە لەو کێشانەی کە دين دەکرێتە گوتار و بنەمای سياسەت، هەر بۆیە بە ئاسانی شيعە دەکرێتە تەوالێت و سوننە سيغە دەکرێت). 

ئيخوان دژی پێشنيارەکەی تڕەمپە، چونکە پێی وایە چەکدانانی حەماس واتە لە دەستدانی دواهەمين پێگە و دەسەڵاتی ئيخوان لە ناوچەکەدا. لە دەستدانی دواهەمين  کارتی بازرگانی و سياسی و ميديای و عاتفیی ئيخوانە. بۆیە لەم ڕەهەندەوە، ئيخوان سەبارەت بەغەززە لە بۆچوونی ئێرانەوە نزيکترە، کە ئەويش پێی باشە کارەساتەکە هەر بەدەوام بێت. بەڵام ئەگەر قەتەر بەڕاستی بيەوێت پێشنيارەکەی تڕەمپ لە لایەن حەماسەوە قبوڵ بکرێت، ئەوا دەتوانێت فشار لە ئيخوان بکات و ڕازيان بکات. چونکە دواجار، هەژموونی قەتەر بەهێزترە لە هی ئێران بەسەر ئيخوانی نێودەوڵەتی. 
حەماس لە بەياننامەی دامەزراندنی خۆی ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێکە لە ئيخوان، لقی فەڵەستين. پاشان لە ٢٠١٧ لە دوای شکستی ئيخوان، ڕايانگەياند کە لە ڕووی رێکخراوييەوە بەشێک نين لە ئيخوان، بەڵکو سوود لە فکر و بەرنامەیان دەبينن.

سەبارەت بە هەژموونی تورکيا بەسەر حەماسدا، براورد ناکرێت بە هی قەتەر و  ئێران و ئيخوان. دەکرێت لە ڕێگەی ئيخوانی نێودەوڵەتييەوە کاريگەری هەبێت بەسەرياندا، بەڵام سنووردارە. خودی ئيخوان بە ناچاری خۆیان هەڵواسيووە بە ئەردۆگاندا، ئەگينا بۆیان دەرکەوتووە متمانەی نييە و لەبەر پەيوەندييەکانی لەگەڵ سيسی و محمەد زايد و محمەد سەلمان، کار و چالاکی ئيخوانی لە تورکيا سانسۆر کرد، چەندين هەوڵێستی تری هاوشێوە.
کەواتە لاوازبوونی قەسام و کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران، وا دەکات ئەگەر قەتەر بيەوێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانێت باڵی سياسی حەماس و ئيخوانی نێودەوڵەتی ڕازی بکات بە پێشنيارەکە.

شایەنی باسە لە ناو باڵی سياسی حەماس لە قەتەر، بە پێچەوانەی ئەوەی لە ميدياکان دەردەکەوێت، لە ئێستادا دەسەڵاتی سەرەکی لای خەليل حەييە و خاليد مشعەل نييە، سەبارەت بە دۆخی غەززە، بەڵکو لای سەرکردەیەکی تری حەماسە بە ناوی " نزار عوض الله"، کەمتر دەردەکەوێت. نزار پەيوەنديەکی کۆنتر و نزيکتری هەیە لەگەڵ حەماسی ناو غەززە، تەنانەت رکابەری سەرەکی یەحيا سنوار بوو بۆ سەرکردایەتی حەماس لە غەززە، گوایە دەنگی زياتريش دەهێنێت لە پڕۆسەی دەنگدانی ناو حيزب، بەڵام بە دەستتێوەردانی محەمەد زيف و مەڕوان عيسا و محەمەد سنوار، یەحيا سنوار دادەنرێت چونکە گوێرایەڵێکی خۆیان بوو و نزار دووردەخەنەوە. 

بێ گومان ئەگەری ڕەتکردنەوەی پێشنيارەکە لە لایەن حەماسەوە هەر بەرزە، بەڵام بە براورد بە جارەکانی پێشوو، لەبەر ئەو گۆڕانکارييانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئەمجارە ئەگەری قبوڵکردنی زیاترە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP