دواین هەواڵ

هێرشەکەی سەر قەتەر

‌ڕەنج نەوزاد

پێش 1 هەفتە

هێرشەکەی دوێنێی ئيسرائل بۆ سەر بارەگای حەماس لە دەوحە، لە ڕووی سياسی و ڕەمزييەوە، تا  ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی کووشتنی ئيسماعيل هەنييە بوو لە تاران. کووشتنی هەنييە، ئۆپراسيۆنێکی دژ بە حەماس بوو، بەڵام پەيامە سياسييەکەی بۆ ئێران بوو. هێرشەکەی دوێنێ لە ڕووی سياسييەوە پەيام بوو بۆ قەتەر و کۆی ناوچەکە. وەک عەلی لاريجانی ئاماژەی پێکرد، ئيسرائيل لەو هێرشە بە وڵاتانی ناوچەکەی وت خۆتان ئامادە بکەن بۆ هەژموون و پێگەی نوێی ئيسرائيل. جارێ بە فەرمی ئيسرائيل ئەنجامی ئۆپراسيۆنەکەی ڕانەگەياندووە کە سەرکەتوو بووە یا نا لە کووشتنی سەرکردەکانی حەماس (دەوترێت نەکووژراون)، بەڵام ئەنجامی ئۆپراسيۆنەکە بۆ قەتەر خێرا ڕاگێنرا و هەمووان لێی تێگەيشتن. 

دوێنێ چاودێرێکی ئيسرائيلی لە کەناڵ ١٤ی ئيسرائيل ئاماژەی بەوە کرد کە ئيسرائيل بە پێی چەند ڕێسا و یاسایەکی نوێ مامەڵە دەکات و کار دەکات، کە خۆی دايهێناوە، بۆ ناوچەکە و جيهان تازەیە. مەبەستی ئەوە بوو کاتی دەوێت تا وڵاتانی ناوچەکە لە ئيسرائيلی داهاتوو تێدەگەن و قبوڵی دەکەن. 

ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابوردوو سەرنجی نووسينە بەردەوامەکانی منی دابێت لەسەر ڕووداوەکان، بە ڕوونی دەيبينێت کە هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە ئاماژەم بەوە کردبوو: شەڕەکەی ئيسرائيل لەگەڵ حيزبوڵا گەورە دەبێت و دەگاتە کووشتنی سەرکردەکانی، هێرشێکی توند دەکرێتە سەر ئێران و یەمەن، هاوکات سەرکردەکانی حەماس لە هەر شوێنێکی جيهان بن، لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵە هەموویان دەکووژرێن. جارێ ئۆپراسيۆنە نهێنييەکانی مۆساد دەستی پێنەکردووە، کە بە نهێنی و بە ڕێگای جۆراوجۆر و شاراوە دووژمنەکانی ئيسرائيل دەکووژێت و بێ ئەوەی بە فەرمی ڕايبگەيەنن. واتە دوای کۆتایهاتنی جەنگەکەی غەززە، قۆناغێکی تر لە کووشتنی سەرکردە و ئەندامانی حەماس و ئەوانی تر دەست پێدەکات. 

ئەوەی وتومە و نووسيوومە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو، پشت بەستنە بە تێگەيشتن و زانياری لەسەر سياسەت و بيرکردنەوە و ستراتيژی ئيسرائيل و عەقيدە سەربازييەکەی ، نەک پێشبينی. لە حەوتی ئۆکتۆبەر ئيسرائيل بە پێچەوانەی شەڕەکانی تری لەگەڵ حەماس و حيزبوڵا، ئۆپراسيۆنی سەربازی ڕانەگەياند، بەڵکو خێرا جەنگی ڕاگەياند. لە کاتی ئۆپراسيۆنی سەربازی ئيسرائيل بایەخی زۆر بە لایەنی دبلۆماسيەت و هێڵە سوورەکان و یاساکان دەدات. لە کاتی جەنگ هەمووی تێدەپەڕێنێت، چونکە حکومەتی بچوککراوەی ئيسرائيل کە بڕيارەکانی لایە لە کاتی جەنگ، بە پێی یاسا، تەواوی تواناکانی دەوڵەتی لەبەردەستە بۆ بەکارهێنانی سەبازييانە و هەواڵگرييانە. ئەم حکومەتەی ئێستای ئيسرائيل، نەتانياهۆ ميانڕەوەکەیانە، ئەوانی تر ڕاستڕەو و تيایەتی تەواو توندڕەوە. بۆیە زۆربەی ئەوانەی لە چوارچێوەی لۆژيکە باوەکە بيردەکەنەوە (ئيسرائيل جەنگی درێژی ناکات، بەرگەی زیانی گەورە ناگرێت، بارمتە ڕێگری لێدەکەن، لەبەر ئەمريکا لە قەتەر نادات، ئەمريکا گلۆپی سەوزی داگيرساندووە یا نا....) سەيريان پێدێت کە ئيسرائيل بەو شێوەیە مامەڵە دەکات. بۆ نموونە زۆرێک پێی وابوو ئيسرائيل لە غەززە شەڕ دەکات، لەگەڵ حووسييەکان لە شەڕێکی ئاسمانی و مووشەکييە، سەرقاڵی سوريا و لوبنانە، ساڵ و نيوێکە لە جەنگە، بۆیە قوورسە هێرشێکی فراوان بکاتە سەر ئێران، بەڵام کردی و یەکەم هەنگاويش سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کووشت، کە تا ئێستا ڕووسيا و ئۆکڕانيا لەو جەنگە فراوان و گەورەیەیی نێوانيان سەرۆک ئەرکانی  سوپای یەکتريان نەکووشتووە. لە کاتی شەڕی ١٢ رۆژە ئاماژەم بەوە کرد ئەگەر ئێران وەڵامێکی گەورە بداتەوە و بە هۆیەوە سەدان هاووڵاتی ئيسرائيل بکووژرێت، یان سەرکردەیەکی ئيسرائيل، ئەوا ئيسرائيل خامنەیی دەکووژێت، ئەگەر ئەمريکا ڕازی بێت یا نا، ئێستاش ئێران گورزێکی گەورە لە ئيسرائيل بدات، خامنەیی دەکووژێت. تەنانەت ئەگەر هەیە لە کۆتایی جەنگەکە، تەنانەت بێ ئەوەی ئێران هيچ بکات، خامنەیی بکووژرێت. 

ئەوەی کە چاوەڕواننەکراو بوو لە هێرشەکەی سەر قەتەر ئەوە بوو کە بەو شێوەیە و بە فڕۆکەیەکی زۆرەوە ئاشکرا هێرش بکات و ڕاستەوخۆ بەرپرسيارێتی خۆی ڕابگەیەنێت. وا چاوەڕوان دەکرا لە ڕێگەی ئۆپراسيۆنی نهێنی و شاراوە سەرکردەکانی حەماس بکووژێت (لە ئايندە بە ئەگەری زۆرەوە وا دەکات). بەڵام واديارە مەبەستی گەياندنی پەيامێک بوو بە قەتەر و ناوچەکە. هاوکات، چاوەڕوان نەدەکرا کە جارێ حەشدی عيراق هێرشی نەکراوەتە سەر، کەچی هێرش کرایە سەر قەتەر.

دەوڵەتی داهاتوو بۆ هێرشکردنە سەری لە لایەن ئيسرائيلەوە، لەوانەیە عيراق بێت، چونکە تاکە دەوڵەتی ميحوەری مقاوەمەیە جارێ هێرشی نەکراوەتە سەر. سەبارەت بە هێرشکردنە سەر تورکيا کە قسەوباسی زۆر لەسەر هەیە، بابەتەکە تا ڕادەیەک جياوازە.

 قەتەر وەک ميديا و ناوەندگير، ئيسرائيلييەکان لێی نيگەران بوون، بە تايبەت لەسەر ئاستی خەڵک. ئيسرائيلييەکی زۆر داوایان لە حکومەت دەکرد کە گورزێک لە قەتەر بدات. هاوکات، بارەگای حەماس لە دەرەوە لە دەوحەیە. تورکيا تا ئەمڕۆش زیانی ڕاستەقينەی بۆ ئيسرائيل نەبووە. بە تايبەت شەش مانگی سەرەتای شەڕەکە،  لاوازی هەڵوێستی ئەردۆگان مایەیی سەرنج بوو. تا ئەمڕۆش پەيوەندی هەواڵگری و بازرگانی و دبلۆماسی بەردەوامە لە نێوان هەردوو دەوڵەت. کۆمەڵێک ئەندامی حەماس لەوێ هەن، بەڵام بارەگایان نييە. تورکيا و ئيسرائيل لە سووريا وردە وردە بەریەککەوتنيان هەیە، ئيسرائيل بەردەوام لەو شوێنانە دەدات کە چەکی تورکی لێيە یا تورکيا بە نيازە بيکاتە سەربازگە. بەڵام ئەگەر تورکيا هەڕەشەیەکی جدی درووست بکات و زیانێکی ڕاستەقينە لە ئيسرائيل بدات، بە دڵنياییەوە فڕۆکە و بۆمبەکانی ئيسرائيل دەگەنە ناو ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ. ئەردۆگان لەو سەرکردە دەگمەنانەی ناوچەکەیە، تا ئێستا، زۆر باش و ورد لە عەقليەتی ئيسرائيل تێگەيشتووە، دەزانێت بەزاندنی هێڵە سوورەکان، باجێکی گەورەی دەبێت، چونکە نە ناتو نە ئەمريکا فريا ناکەون کاتێک هێزی ئاسمانی و مۆسادی ئيسرائيل دەستی لێ دەوەشێنن. بۆیە جگە لە لێدوان، هيچی تر بەرانبەر بە ئيسرائيل ناکات. 

فاکتەری ئازەربيجان، وەک دۆستێکی نزيکی تورکيا و ئيسرائيل، ڕۆڵ دەبينێت لە کەمکردنەوەی ئەگەری پێکدادان. ئەگەر ئيسرائيل چالاکييەک لە تورکيا بکات، ئەوا دەکرێت ئەندامێکی حەماس بە نهێنی و بە ئۆپراسيۆنێکی بچوک بکووژێت، وەک ئەوەی لە ساڵانی ڕابوردوو لەناو ئێران دەيکرد بەرانبەر بە زانا ئەتۆمييەکان. 

سەبارەت بەوەی ئایا ڕێککەوتن و ئاڵوگۆری زانياری هەبووە لە نێوان ئەمريکا و قەتەر و ئيسرائيل پێش هێرشەکە، لە دەرەفەتێکی تر باسی دەکەم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP