دواین هەواڵ

ئاهەنگی درۆ..سەروەریی درۆینە لە عێراق!

‌بەهرۆز جەعفەر

20 کاتژمێر پێش ئێستا

بەدرێژایی مێژوو، سەدان چیرۆک لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی هەیە، کە هەر بە "درۆ" چیرۆکێکیان درووستکردوەو، خۆیان باوەڕیان پێکردوەو، بەشێوەی دەستەجەمعیش بەرگرییان لەو درۆیە کردوە. لەم دوو ڕۆژەی سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ دا، چەندین نامەو خۆشحاڵی دەربڕینم لەلایەن هاوڕێ و دۆستانی نوخبەی جۆراو-جۆری بەغداوە پێگەیشتوە؛ پیرۆزبایی لە خۆیان دەکەن، رۆژی گەشبینی، ڕۆژی ڕزگاربوون، ڕۆژی سەروەریی و...تادوایی لەسەر وێنەو نامەکانیانە:
لەڕاستییدا، ئەمریکا ئەو هێزە نییە کە عێراقی داگیرکردبێت، ئەمریکا بوو لە ٢٠٠٣ دا سەدامی ڕوخاند، دوای هەزار ساڵ بۆ یەکەمجار شیعەی هێنایە سەر حوکم و دەستەڵاتی پێ بەخشین، هەموو- هەر هەموو ئەوانەی لە دوای ٢٠٠٣ ەوە کورسییەکیان لە پەرلەمان یان لە وەزارەت و دەستەکان و ئەنجومەنی وەزیران دا هەبوە، هەموو ئەوانەی بوون بە سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران، بوون بەحەشدی شەعبی و بەرەی مقاوەمەو فەرماندەکانی دیکەی سووپا، ئەگەر ئەمریکا نەبوایە ئەوان لەو جێگانە نەدەبوون! 
ئەمریکا لە دوای ٢٠١١ کشایەوە، بەڵام لە ٢٠١٤ ەدا حکومەتی عێراق خۆی ئەو هێزەی ئەمریکاو هاوپەیمانانی بانگهێشتکردەوە کە فریایان بکەون، داعش چوار دەوروی بەغدای گرتبوو، موسڵ و ئەنباری لە دەست بوو،  ئەگەر لە ٢٠١٤ و ساڵەکانی دواتر ئەمریکاو هاوپەیمانان نەبوونایە ئەوا دەمێک بوو ئەمانەی ئاهەنگ دەگێڕن و چوونە دەرەوەی ئەمریکا بە چوونە دەرەوەی داگیرکەر دەزانن، لە ژێر گڵ دا بوون، یان لە مەنفادا سەریان دەنایەوە. 
ئەمریکا بوو، هاوکار بوو کە فیدراڵییەتی چەسپاند، ڕێگەی لەشەڕی نەک شیعەو سووننە دەگرت، بەڵکو ئەمریکا نەبوایە لە دوای ٢٠١٧ بەئاسانی شەڕی خوێناوی لە نێوان شیعەکان خۆیاندا هەڵدەگیرسا و، حوکمڕانی شیعە کەوتبوە گیانەڵڵا.. بەسەدان هەزار چەکداری عێراق لەو هەموو سێکتەرە جیاوازەدا؛ چاوەڕێی دوو ئەفسەری ئەمریکی دەکەن بیانپارێزێت! داعش لە سەری ساڵی ٢٠١٤ ەدا بە (٦) تەنها شەش چەکدارەوە توانی هەموو کەرکوک و بارەگای دەزگای هەواڵگریی عێراق لە کەرکوک بگرێت و، ماوەی ١١ کاتژمێریش شەڕی تیابکات.. وا نەبوو!؟ 

باقر یاسین سەرکردەى ڕۆشنبیرى بەعس ،لەکتێبى "کەسێتى تاکى عێراقی" دا دەنوسێت، بەدرێژایی حوکمى بەعس عێراقم بەجێنەهێشتووە، لەم عێراقەدا، بەس خوا بەعسى نەبووە.. ئەوانەى پەیکەرەکەى سەدامیان ڕوخاند بەعسیەکان بون، ئەوانەى چەپڵەیان بۆ دەستەڵاتى نوێ لێدا، ئەوانەى یارمەتى داعش دا یەک جۆر و پێڕن، ئەوانەى لەپەروەردەو خوێندنى عێراق، ئەوانەى شورتەو ئەمن، ئەوانەى ئاوى بۆڕییەکانى بەعسیان دەخواردەوە،  ، ئەوانەى ناسنامەی ئیتیحادو تەلەبەو مهندسین و معلمین و معوقین و ...تاد .یان لەگیرفان بوو! هەموو هەر بەعس بوون گوڵم . ئەمریکا هاتوە ئەو بەعسەی ڕووخاندوەو سڕیویەتییەوە، کەچی دژی بوونی ئەمریکان و هەر ئەوانە لە پەرلەمان داوا دەکەن یاسای چوونە دەرەوەی لەعێراق دەربچوێنن.

ئاهەنگ دەگێڕن کە ڕزگاریان بوە، خۆشیان دەزانن درۆیە، بەڵام هەر پێویستیان بە درۆیەکی وەهایە بۆ ئەوەی ئاهەنگی بۆ بگێڕن. ئێستاش ئەمریکا نەوتیان بۆ دەفرۆشی و، بە شاحینە دۆلاریان بۆ دەنێرێت. لەو ڕۆژانە وتارێک لەسەر وردەکاریی و ناوەڕۆکی فرۆشتنی نەوتی عێراق لەم سێ مانگەی ڕابردوودا دەنووسم، ئەوجا سەیری بکەن بزانن چۆن-چۆنی نەوتی عێراق دەفرۆشرێت بە کڕیارە جیهانییەکان و داشکاندنەکانی سۆمۆ چۆن -چۆنین بۆ ئەوەی هەر بتوانن مووچە لە عێراق دابەش بکەن!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP