دواین هەواڵ

نەخشەی هەژموونی ئێران لەبەردەم مەترسيدایە

‌ڕەنج نەوزاد

16/01/2024

چەند فاکتەرێک بوونە هۆکاری فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا: ڕووخانی سەدام، بەهاری عەرەبی و شەڕی داعش و بە ئێرانيکردنی ئيخوانيزم بە شێوەیەکی گەورە. لەسەرووی هەمووييەوە سياسەتێکی دياريکراوی ئەمريکا، بە تايبەت ديموکراتەکان زیاتر پەيڕەوی دەکەن، پێيانووایە هەژموونی ئێران سوودی بۆ ئەمريکا هەیە. هەژموونی ئێران گەيشتە قۆناغێک کە بەغدا و ديمەشق و سەنعا و بەيروت و غەززە حوکم بکات لە ڕێگەی ميليشياکانييەوە. ئەم پڕۆژەیە، کە فراوانترە لە هيلالی شيعە لە ئێستادا لەبەردەم چەندين قەيران و مەترسیيە:

١. گەورەترين و مەترسيدارترين هەڕەشە بريتييە لە جەنگەکەی غەززە. داگيرکردنی غەززە لە لایەن سوپای ئيسرائيل و سڕينەوەی بەشێکی گەورەی کەرتەکە، یەکەم هەنگاوی لەدەستدانی ئێرانە بۆ یەکێک لە شار و ناوچەکانی سەر بە پڕۆژەکەی. غەززە بە نزيکترين دەستی ئێران دادەنرێت لە ئيسرائيلەوە و هێڵی یەکەمی پاسدارانە بەرامبەر بە ئيسرائيل. ئێستا ئەو شارە بە تانکی ئيسرائيل تەنراوە. دەرئەنجامی جەنگەکە هەر چييەک بێت، ئيتر حەماس و جيهاد ناتوانن لە غەززە بەو شێوەیە حوکم بکەن کە پێشتر دەيانکرد، بێ گومان لە ئەگەری دووبارە گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات. چونکە بەرەی سعوودييە و ئيماڕات، کە دەسەڵاتی فەڵەستينييە، بەشدار دەبێت لە حوکمڕانی غەززەی دوای جەنگەکە. لە دۆخێکی وادا، دەسەڵاتی فەڵەستينی دەکرێت بەهێزتر بێت لە حەماس و جيهادی سەر بە پاسداران. خودی غەززە، بە خەڵک و دەسەڵاتەوە، تا ساڵانێکی زۆر تەواو لاواز و پڕ قەيڕان دەبێت.

٢. پێش شەڕەکەی غەززە، ساڵی پار، ڕژێمی سووريا لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکە تا ڕادەیەک دەسەڵاتی لەدەستداوە یان بەرەو لاوازی چووە. بە تايبەت لە هەندێک ناوچەی باشووری سووريا و ناوچەی ئيدليب و ناوەڕاستی سووريا. ئەمەش بەهۆی سەرقاڵی ڕووسيا بە شەڕی ئۆکڕانياوە، چالاکييەکانی داعش، لیدانە بەردەوامەکانی ئيسرائيل لە ميليشياکانی سەر بە ئێران و جەنەراڵەکانی پاسداران، هەر وەها بێ زاری خەڵک بەهۆی ئەو قەيڕانە ئابوورييە گەورەیەیی لە وڵاتەکەدا هەیە. هاوکات، لە پەيوەنديدا بە جەنگەکەی غەززە، ئەگەرێک هەیە ئيسرائيل گورزێکی بەهێز لە حيزبوڵا بدات و دووری بخاتەوە لەسەر سنوورەکان. هەموو ئەمانە لێدانە لە هەژموونی ئێران.

٣. یەکێک لە قەيرانەکانی ئەم بەرەیە، بەرەی مقاوەمەی ئێران، بريتييە لە لایەنی شەرعيەت و یاسایی و حوکمڕانی. بەو مانایەیی لە هيچ کام لەو وڵاتانە ميليشياکانی سەر بە ئێران دەسەڵاتێکی فەرمی و دانپێدانراويان نييە کە تەواوی وڵاتەکە حوکم بکەن. بۆ نموونە لە لوبنان، حيزبوڵا دەسەڵاتە فيعلييەکەی تەنيا لە ناوچەی شيعەکانە. حووسييەکان نيوەی کەمتری یەمەن حوکم دەکەن، حەماس بەشێکی فەڵەستينی بەڕێوە دەبرد. بەشار ئەسەد هەر چەند سەرۆکە و حکومەت بەڕێوە دەبات، بەڵام لە لایەن زۆربەی خەڵکی سووريا و دەوڵەتانی جيهانيش بە قەسابێک دادەنرێت، ئەويش بەشێکی گەورەی سووريا لە ژێر دەسەڵاتی نييە. حەشد لە هەموویان بەهێزترە، بەڵام هەر بەدەر نييە لەو کێشانە. بۆ نموونە هەرێمی کوردستان، بە تايبەت هەولێر لەو چوارچێوەیە نييە. جگە لەوەی خودی حەشد لەسەر ئاستی جيهان بە ميليشيایەک دادەنرێت. کاتێک هەژموونی دەوڵەتێک تەنيا پشت بە ميليشيای نا یاسایی دەبەستێت، ئەوا ئەو هەژموونە بەردەوام لەبەردەم مەترسييە. بۆ نموونە کاتێک ئەمريکا لە حووسييەکان دەدات، بە لێدان لە یەمەن و حکومەتەکەی هەژمار ناکرێت، بەڵکو لێدانە لە گروپێکی تێکدەر لە ڕێڕەوە ئاوييەکان وەک چەتەکانی دەريا. لە ڕوویەکی ترەوە، بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە لەو وڵاتانە، یا حکومەتەکان، دژی ئەو گروپانەن. بۆ نموونە دەسەڵاتی فەڵەستينی دژی حەماسە و پێیباشە لەناوببرێت. حکومەتی یەمەن و لوبنان بۆ حووسييەکان و حيزبوڵا بەو شێوەیەن. سوونەکانی عيراق و بەشێک لە شيعەکانيش خۆشحاڵ دەبن ئەگەر گورز لە حەشد بدرێت.

٤. لایەنی ئابووری یەکێکە لە قەيڕانەکانی ئەم بەرەیە. لە زۆربەی ئەو شوێنانەی ئێران هەژموونی هەیە، ژیان و گوزەران لە خەراپترين دۆخە. دۆخی غەززە و لوبنان و یەمەن و سووريا ئەو ڕاستييە پيشاندەدەن. بەشێکی ئەم قەيرانە پەيوەندی بە خاڵی سێيەمەوە هەیە، کە پرسی شەرعييەت و نا یاسایيبوونە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئەو وڵاتانەدا. هاوکات، ئەو ناوچانەی ئێرانی تيایە، نوقم دەبن لە ماددەی هۆشبەر. سوريا گەورەترين بەرهەمهێنەری حەبی کێپتاگۆنە لە جيهاندا. حيزبوڵا یەکێکە لە مافيا هەرە گەورەکانی بواری ماددەی هۆشبەر لەسەر ئاستی جيهان. حەشد و حووسييەکانيش بەدەر نين لەو بازرگانييە. ئێران تاکە دەوڵەتی جيهانە کە سوپا و حکومەت و ڕابەرەکەی دەکرێت وەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر پێناسە بکرین. هەژموونی دەوڵەت بە مانا جيوپۆلەتيکی و سياسييەکەی، ئەوە نييە کە وەک گروپێکی مافيایی و تيرۆريست دەسەڵات و هێزی هەبێت. بەڵکو لایەنی فەرمی و زانست و هێزی نەرم و ئابووری... ڕۆڵی سەرەکی دەبينن.

٥. هۆکارێکی سەرەکی دی، بريتييە لە بارودۆخی ناوخۆی ئێران. قەيرانی ئابووری و سياسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لە لوتکەدایە. لەگەڵ لاوازبوونی باڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، دەکرێت ناوخۆی ئێران نزيک ببێتەوە لە تەقينەوە. هەر بۆیە ئێران هەموو هەوڵێک دەدات کە لە ڕێگەی باڵەکانييەوە فشار درووست بکات و هەژموونی خۆی بە بەهێزی بهێڵێتەوە و شەڕەکەش لە خۆی دووربخاتەوە. ئەگەر ئيسرائيل لە ڕێگەی زەمينييەوە پەلاماری حيزبوڵا بدات، یان هێرشە مووشەکی و ئاسمانييەکانی گورزی زۆر بەهێز لە حيزبوڵا بدەن، دەکرێت ئێران بەرەی حەشد و حووسييەکان زۆر چالاکتر و توندتر بکات. چونکە دووبارەبوونەوەی غەززە لە باشووری لوبنان، دەبێتە گورزێکی کەمەرشکێن بۆ پڕۆژەکەی ئێران.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP