دواین هەواڵ

گرفتەکانی بەردەم فیدڕالیزم لە عێراق

‌هەڵوێست میرانی

4 رۆژ پێش ئێستا

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا بەشێك لە كەسایەتیە سوننەكانی عێراق پرسی پێكهێنانی هەرێمێكی فیدراڵیان بۆ ناوچە سوننە نشینەكان وروژاندەوە، ئەمەش وایكرد چوارچێوەی هەماهەنگی بكەوێتە خۆی و لە ڕێگای مێدیاكانیان و كەسایەتیەكانی نزیك لە خۆیان ئەم پرسە بە پیلانی ئیسرائیل بۆ دابەشكردنی عێراق بناسێنن.

لە ماوەی ڕابردوو چەند جارێك پێكهاتەی سوننە لە ناوچەكانی سوننە نشین هەوڵی پێكهێنانی هەرێمیان داوە، لە خوارووی عێراقیش بەدیاریكراوی هەندێ لە كەسایەتیەكانی پارێزگای بەسرا ئەو خواستەیان هەیە، بەڵام ئاستەنگ و گرفتیان بۆ درووست كراوە لەوانە ڕێگری كردن لە تەواو كردنی ڕێكارە كارگێڕیەكان لە لایەن بڕیار بەدەستانی بەغداوە، هەروەها دژایەتی كردنێكی ئاشكرای ئەو پرسە لە لایەن دەسەڵاتی بەغداوە كە پێكهاتەی شیعە جومگە هەستیارەكانی بەدەستە و دەسەڵاتەكە بەڕێوە دەبات، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بە ئاشكرا بڵی بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێمێكی فیدراڵی لە هەرپارچەیەكی تری عێراق ڕەتكراوەیە، چونكە هەڕەشەیە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی عێراق.!
لە بەرامبەردا پێكهێنانی هەر هەرێمێك لە عێراق پرسێكی دەستوری یە و لەو بارەیەوە سادەترین تێگەیشتنیش بۆ فیدراڵیزم لە ڕووە سیاسی و یاساییەكەیەوە بریتی یە لە شێوازێك لە داڕشتنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردن كە ڕێگا بە پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگا دەدات بەشدار بن لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی دەوڵەت، بۆیە فرەیی پێكهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینی لە عێراق هۆكار بوو تا پێكهاتەی فیدراڵیەت لە عێراقدا ئەم شێوازە وەربگرێ.
بەگوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق ساڵی 2005 شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق فیدڕالی یە، ئەمیش لە ماددەی یەکەمی دەستوردا جێگیر کراوە کە تیایدا هاتووە "
كۆمارى عێراق دەولَەتێكى فيدڕالَى يەكگرتووى سەربەخۆى خاوەن سەروەريە"، هەروەها لە بەشی سێهەمی دەروازەی یەکەمی دەستور دەسەڵاتە فیدڕالیەکان خراونەتە ڕوو کە بە ماددەی 47 دەست پێدەکات.
بۆ تۆکمە کردنی پایەکانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا لە دەستوری هەمیشەیی عێراق ماددەی 65 تەرخان کراوە بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕالی کە ئەنجومەنێکە نوێنەرانی هەرێمەکان و پارێزگاڕێکنەخراوەکان لە خۆ دەگرێت، بەلام پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنە تەنها لە چوارچیوەی دەقی دەستوری مایەوە و بە هۆی ئالنگاری سیاسی و ناكامڵی فیدراڵیەوە نەتوانرا ئەم ئەنجومەنە درووست بكرێ.
ڕێکارەکانی پێکهێنانی هەرێمەكان بە گوێرەی دەستور لە
ماددەی 119ی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا دیاریكراوە کە تیایدا هاتووە "پارێزگايەك يان زياتر مافى پێكهێنانى هەرێمێكيان هەيە بەپشتبەستن بە داواكاريەك بۆ ئەنجامدانى ڕاپرسى لەسەری، داواكاريەكە بەيەكێك لەم دوو ڕێگايەى خوارەوە پێشكەش دەكرێت:
أ – لەسەر داواكارى سێيەكى(3/1 ) ئەندامانى ئەنجومەنى ئەو پارێزگايانەى كە داواى پێكهێنانى هەرێمەكە دەكەن.
ب – لەسەر داواكارى دەيەكى (10/1) دەنگدەرانى ئەو پارێزگايانەى كە داواى پێكهێنانى هەرێمەكە دەكەن".
هەروەها لە بڕگەی یەكەمی ماددەی 117ی دەستور دان بە هەرێمی کوردستان نراوە وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕالدا، لە بڕگەی دووەمدا دان بە هەرێمە نوێكان دەنرێ، بڕگە دەستوریەكانی ماددەی 117 بەم شێوەیە:
"يەكەم: ئەم دەستوورە لە بەروارى پيادەكردنيەوە دان بە هەرێمى كوردستان و ئەو دەسەلاَتەى ئێستايدا دەنێت وەك هەرێمێكى فيدرالى.
دووەم: ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێيانە دادەنێت كە بە گوێرەى بڕگەكانى دەستوور دادەمەزرێنرێن".
ئەمانە سەرەوە کۆمەڵێک بەڵگەی دەستوری بوون بۆ ڕێكخستن و تۆكمەكردنی فیدڕالیزم لە عێراقدا، بەڵام کۆمەڵێک گرفتی گەورە هەن کە شێواز و پێكهاتەی فیدڕالی لە عێراق بە ناكامڵی دەهێڵێتەوە لەوانە:
1- ترسی لە كەم بوونەوەی هەژموونی سیاسی و ئابوری بڕیار بەدەستانی بەغدا بەسەر ناوچە جیاوازەكانی عێراق، چونكە دەسەڵات و بڕیاری سیاسی لە عێراق لە لایەن پێكهاتەی شیعەوە مۆنۆپۆل كراوە، ئەمەش ئەم ترسەی درووست كردووە.
2- ترس لە دابەش بوونی عێراق تا ئێستا بڕیار بەدەستانی بەغدا دروستکردنی هەرێمی تر وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق لە قەڵەم دەدەن.
3- نەمانی متمانە لە نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و پێكهاتەكانی تر و هەرێمەكان ( هەرێمی كوردستان)، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بە گوێرەی دەستور و عورفی فیدراڵی پێویستە بێلایەن بێ و ڕێز لە خواست و داواكاری هەموو پێكهاتەكانی عێراق بگرێ، وە مولزەم بێ بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بەڵام بەڕوونی لایەنگیری دەسەڵاتی ناوەند بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراوی عێراق دەبینرێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP