دواین هەواڵ

سەوقاتە سیاسییەکانی کورد بۆ دیمەشق

‌فەرەیدوون پەروازە

4 رۆژ پێش ئێستا

تەحریرولشام دان بە مافی کەمینەکان و مۆدێلی سیاسی فیدراڵیزم بۆ داهاتووی سوریەدا نانێت و دەسەڵاتی خۆسەریش فیدراڵی بە تەئید و پەسەندکردنی چەمکی دەوڵەت ــ نەتەوە ئەزانێت و دانی پێدا نانێت. بە پێچەوانەی روانگەی ئەو دوو لایەنە، هەموو روانگە دیموکراتیک و سەردەمییەکان  و  زۆرینەی بیرورای گشتی جیهانی و تەنانەت هەلومەرجی سیاسی ناوخۆی سوریا مۆدێلی فیدراڵی بە باشترین رێکار دەزانێ بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی نەتەوەیی. فیدراڵیزم یەکێ لە هێما و نیشانە و کۆڵەکەکانی سەقامگیر بوونی دیمۆکراسییە و ئەو مۆدیلە بێجگە لە روسیا لە هەموو وڵاتانی فرەپێکهاتەدا سەرکەوتوو بووە. دیارە دەسەڵاتدارانی سوریا بە حوکمی ئەوەیکە هەر یەک لە شوێنێک و ئایدۆلۆژیایکی جیاوازەوە دەرخواردی هزری و سیاسی ئەدرێن بەو زووانە لە سەر پرۆگرامێکی گشتگیر رێکەوتن ناکەن و بگرە شەر و تێکهەڵچوونیش لە نێوانیاندا روودەدات. دەسەڵاتی خۆسەر بە بێ نزیکبوونەوە لە هەولێر ناتوانێ لە مەترسی تورکیا و زلهێزە ناوچەیەکان لە ئەماندا بێت. هەولێر متمانەی ئەمریکای بە دەستهێناوە و بە هاتنە سەرکاری ترەمپ یا هەر کەسێکی دیکە مەترسی ناکەوێتە دڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، بەڵام ئەو بابەتە سەبارەت بە رۆژئاوا سەقامگیر نیە و شایەد دەسەڵاتی تازەی ترەمپ سیاسەتی سەبارەت بە رۆژئاوا بە جۆرێکیتر بگۆرێت. دەسەڵاتی خۆسەر لە ژێر گوشاری تەحریرولشامدا هەموو داخوازەکانی وەک رەتکردنەوەی فیدراڵیزم، یەکدەست کردنەوەی هێزە سەربازییەکان، چەک داماڵین و ناوچەی ئەمن لە کۆبانی و،،، قەبوڵکردووە و تەنانەت وادیارە ئەمریکاش هاودەنگ بووبێت لە گەل ئەحمەد شەرع، بەڵام دەسەڵاتی خۆسەر تەنانەت بۆ بیرورای گشتی و مێژوو، بیرۆکەی مۆدێلێکی مۆدێرنی نەداوە بە دیمەشق. سەبارەت بە داهاتووی سوریا چەندین دەستی دەرەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ(تێکدەرانە و ئاشتیخوازانە ) دەستێوەردان دەکەن و ئەو دەستێوەردانەش هەرێمی رۆژئاواش دەگرێتەوە. 

دەسەڵاتی خۆسەر بێجگە لە هێزی چەکدار و پاڵپشتی ئەمریکا، دەبێت لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەیدا ئاڵوگۆر پێکبێنێ. وەگەڕخستنی دەزگای دیپلۆماسی و کردنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتان و گەشەدان بە کەرتی بازرگانی و،،، تا ئاستێکی زۆر مەترسییەکانی سەر هەرێمی رۆژئاوا دەرەوێنێتەوە کە  دەبوا هەر لە سەرەتاوە هەنگاویان بۆ هەڵگرتبا و،،، .

وێژمان یا دیسکۆرسی زاڵ لە سوریادا سونەیەکی رادیکاڵ نزیک لە  داعشە و 85% حەشیمەتی ئەو وڵاتە بە کوردەکانیشەوە پێک دێنێت، بێجگە لەو بەرەیە، تورکیا و قەتەر و عەرەبستان پاڵپشتی سەرەکی گشت رەوت و گروپەکانن و لە داهاتوودا دەبینین کە رەوتی ئیسلامخوازی لە سوریادا  گەشەی بەرچاو دەکات و تەنانەت لە رۆژئاوا رەوتی ئیسلامی لە دژی دەسەڵاتی خۆسەر  سەرهەڵدەدات. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی بەرنامەی جیاوازی هەیە و ئەگەر وەک رابردوو دەستێوەردان نەکات بێگوومان بە شێوازی شاراوە بەرنامەی دەبێت.

سەرئەنجام: ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بۆ کورد بۆتە هەل و دەرەتان بەڵام لە رۆژئاوا پرسەکە ئەوەندە پڕ پێچ وپەنا بۆتەوە کە مەترسییەکان لە دەرەتانەکان زیاترن. کورد نابێ چاوەروان بێت جارێکی دیکە خۆی بە قارەمانی تێکشانی داعش پێناسە بکاتەوە بەڵکوو رێگا و میکانیزمەکانی دەرکەوتن بە شێوازی سەردەم، زۆرن و هەر وەک پێشتر گوترا نزیکبوونەوە لە هەولێر، مەترسییەکان سەر رۆژئاوا، تەواو دەکا یا وەدوای دەخات. کورد دەبێ بۆ کۆتایی هێنان بە ئیلتیماتۆمەکانی تەحریرولشام، بەردەوام خەڵات و بەستەی سیاسی جیهان پەسەندی بۆ دیمەشق ببێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP