دواین هەواڵ

گفتوگۆی بەردەوام و شەڕی پچڕ پچڕ، مۆدێلێکی نوێ لە ململانێی ئەمریکا و ئێران

‌دانا نەقی

1 رۆژ پێش ئێستا

لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە، جیهان ڕاهاتبوو لەسەر جەمسەرگیرییەکی ڕوون،  یان جەنگی سارد کە تێیدا دبلۆماسیەت زمانحاڵی سەرەکی بوو، یان جەنگی گەرم کە تێیدا چەکەکان قسەی کۆتایییان دەکرد. بەڵام ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لەم چەند دەیەی دواییدا، مۆدێلێکی نوێی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا داهێناوە کە تێیدا سنووری نێوان مێزی گفتوگۆ و بەرەی جەنگ بە تەواوی سڕاوەتەوە. ئەم دۆخە کە دەتوانین ناوی بنێین هاوسەنگیی پڕ لە گرژی , گوزارشت لە نەزمێک دەکات کە تێیدا گفتوگۆی سیاسی و پێکدادانی سەربازی نەک هەر دژبەیەک نین، بەڵکو تەواوکەری یەکترن.

ئەم ململانێیە لە فەزایەکدا دەخولێتەوە کە پێی دەوترێت جەنگی ناوچەی خۆڵەمێشی, (Gray Zone Warfare). لەم ناوچەیەدا، هەردوولا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ڕێگری لە تەقینەوەی بارودۆخەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی بریکارە ناوچەییەکان، هێرشی درۆنی، سایبەری و سزای ئابورییەوە، شەڕێکی پچڕ پچڕی بێپسانەوەیان لە دژی یەکتر بەرپاکردووە. ئەمە یەکەمین ئەزموونی مێژووییە لە دوای ساڵی ١٩٤٥ کە تێیدا دوو هێز بەم شێوەیە لەناو یەکتردا بن , واتە بەرژەوەندی و ململانێکانیان لە یەمەن، لوبنان، عێراق و سوریا ئەوەندە ئاوێتە بوون، کە نە دەتوانن بە تەواوی لێک جیا ببنەوە و نە دەشتوانن یەکدی لەناو ببەن.

ئەم واقیعە نوێیە ڕامان دەکێشێت بەرەو تێکشکانی ئیپستۆمۆلۆژیای کلاسیکی سیاسی و دبلۆماسی. لە دبلۆماسیەتی نەریتیدا، کاتێک وڵاتان دەست بە گفتوگۆ دەکەن، چەکەکان بێدەنگ دەبن، بەڵام لە مۆدێلی ئەمریکا-ئێراندا، گوشاری سەربازی بووەتە ئامرازێکی سەرەکی لەسەر مێزی گفتوگۆ. لێرەدا دبلۆماسیەت لە مانای "چارەسەری کێشە" گۆڕاوە بۆ مانای بەڕێوەبردنی کێشە.هیچ لایەک چاوەڕێی ئەوە نییە لایەنەکەی تر ببێتە دۆست، بەڵکو تەنها دەیانەوێت هێڵە سوورەکان بۆ یەکتری نوێ بکەنەوە بەبێ گوێدانە هیچ پرەنسیپێکی ئەخلاقی یان ئەتەکێتێکی نێودەوڵەتی جێگیر.

ئەم نەزمە نوێیە کە بێ گوێدانە ئیستاتیکای سیاسی بەڕێوە دەچێت، مەترسییەکی گەورەی لەناودا شاردراوەتەوە، ئەویش هەڵە حیسابکردن,(Miscalculation) لایەنەکانە. کاتێک یاسا دبلۆماسییەکان دەبنە تەنها ئامرازێکی تاکتیکی و هێز دەبێتە تاقە زمانی تێگەیشتن، ئەگەری ئەوە هەیە یەکێک لەو شەڕە پچڕ پچڕانە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و جیهان بەرەو جەنگێکی گشتگیر بەرێت. لە کۆتاییدا، ئەم دۆخە پێمان دەڵێت کە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تێیدا ئاشتی جۆرێکە لە شەڕ بە ئامرازی ترو شەڕیش بووەتە جۆرێک لە گفتوگۆ بە زمانی باروود، نەزمێک کە تێیدا تەنها مانەوە ئامانجە، نەک سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP