یەکەم: ئەوەی ئێستا لەنێوان یەکێتی و نەوەی نوێ دەگوزەرێت، بەهیچ شێوەیەک لە ئەدەبیاتی سیاسی و پڕۆتۆکۆڵدا نابێتە هاوپەیمانی سیاسی، بەڵام بێشک پێی دەگوترێت ڕێککەوتنی زیندانی، ئەم جۆرە ڕێککەوتنەش لە زینداندا واتە تەسلیمبوونە لەژێر فشار، کەواتە خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیایە ئەم نزیکبوونەوەی نەوەی نوێ لە یەکێتی ڕێک و ڕەوان، تەسلیمبوونە نەک ڕێککەوتن.
دووەم: پێش ئێستاش، ئەزموونێکی نزیکی ڕێککەوتن و شەکراو خواردنەوەی سیاسیی شکستخواردوو لە زاکیرەی خەڵکی کوردستاندا هەیە، ئەویش ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان بوو لە ئایاری دووهەزار و شازدە، کە میدیای ئەو دوو حیزبە، دەهۆڵی زۆریان کووتا و بەشان و باڵیاندا دەیانهۆنییەوە، بەڵام ڕێککەوتنەکە نەک بۆ کوردستان سوودی نەبوو، بەڵکوو کاریگەرییەکەی هێندە بێهێز و لاواز بوو، نەیتوانی سنووری نێوان دەباشان و گردی ڕیعایە تێپەڕێنێت.
سێیەم: بۆچی نەوەی نوێ هیچ وانەیەک و هیچ ئەزموونێکی، لە ڕێککەوتنەکانی پێشخۆی وەرنەگرت و سوودی لێنەبینی، بە دڵنیاییەوە لەبەر ئەوەیە کە کاریگەریی و فشارەکانی زیندان، ناچار بە تەسلیمبوونێکی ڕەهای کردووە. هەقیقەتیش ئەوەیە دەیان ڕێککەوتنی ئاوا هیچ کاریگەریەک دروست ناکات، بە پێچەوانەوە تاکە چارەسەر ئەوەیە، یەکێتی وەک پارتی بکات و ئەم بەرپرسیارێتییە بخاتە سەرشانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
چوارەم: دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بە چاویلکەی ڕەش ناخوێندرێتەوە، پێویستە یەکێتی چاویلکەیەکی سپی بەکاربهێنێت و وەک پارتی بەرژەوەندی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، ئەوەی یەکێتی بە تێگەیشتن و هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەدەستیدەهێنێت، لەگەڵ نەوەی نوێ بەدەستی بەتاڵ لێی دەردەچێت. لە پێشوو و ئێستاشدا، بۆ یەکێتی هەمیشە ڕێگەی ( سەری بڵند ) بەهێزتر و کاریگەرتر بووە، نەک ڕێگەی گردی ڕیعایە و پشتی چاڤیلاند.
کورت و پووخت: ڕێككەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان و ڕێوەڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە ئایاری ٢٠١٦ لە دەباشان، ئەگەرچی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراو بە زیانی گۆڕان شکایەوە، هاوکات ئاهەنگی ڕێککەوتنەکەش بۆ گۆڕان بووە هۆکاری پووکانەوەی ئێسکی مێژوو و شیوەنی سیاسیی، ئەگەر ئەو ئەزموونە بۆ گۆڕان جارێک بە شکت تەواو بووبێت، ئەوا بۆ نەوەی نوێ و شاسوار، شکستەکە دە هێندەیە.
کۆتایی: ( بەهێزترین چەک کە دنیا دەگۆڕێت یەک شتە،
ئەویش پەروەردەیە.) نیلسۆن ماندێلا.