هەموو بوێری بەخۆدانێك بۆ تەکفیر و تەفسیق کردن و بڵاوکردنەوەی ئاژاوەی ئایینی لە کۆمەڵدا، توندڕەوی و سەختگیریی لە بیرکردنەوە و ڕەفتاردا، موزایەدەی دینی بەسەر کۆمەڵگەداو ئیدانەکردنی شێوازی دینداری و ناسنامەی دینیی مێژوویی گەلێك، هەق لەخۆدا قەتیسدان و بە کردەوە خۆ بەنوێنەری خودا زانین، دەم پیسی و بەکارهێنانی زمانێکی نزم و نائەخلاقی لە دواندنی بەرامبەردا، هێرشکردنە سەر ڕەمزەکانی شارستانێتی ئیسلامی بە شێوازێکی ناشیرین، دین کردن بە ئامرازی تێرکردنی حەزەکان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە کەسی و گرووپییەکان و پاساودەری بڕیار و رەفتاری کاربەدەست و سیاسییەکان. دژایەتی کردنی جوانیەکانی دنیا و مەعروفەکانی سەردەم بە ناوی شەریعەتەوە، گۆڕینی ئیسلام لە سەرچاوەی نوور و میهرەبانی و داپەروەریی و بەها پارێزی و پەنای ڕۆحی و کەرامەت پارێزییەوە، بۆ هەندێ ڕێورەسم و سیما و رواڵەت و درووشمی بێ گیان و ناوەڕۆك، داڕوخانێکی گەورەی ئەخلاقیی لە ژێریدا شاراوەتەوە. هەندێك جار و بۆ هەندێ کەسیش دەست تێکەڵکردن لەگەڵ هەندێ لە دەزگا هەواڵگیرییەکانیشی بۆ زیاد دەبێت.
موفتیزادە وتەنیش، هەر کاتێك دین تێکەڵ بە زێڕ و زۆر و تەزویر کرا، ناوەرۆکی خۆی لەدەست دەدات. دەبێتە فۆرمێك لە دین بۆ پەردەپۆشکردنی واقیعێکی گەندەڵ و نادینیی، لەو سۆنگەشەوە کە ئیسلام دامەزراوەیەکی هاوشێوەی کڵێسای کاسۆلیکی و پاپای تێدا نییە، تاوانی کەسەکان با لە بەرگی زانا و بانگخوازیشدا بن، گەرچی زیانی خۆی هەیە، ناچێتە گەردنی کۆی ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەوە، چونکە هیچ کەسێك هەرچەند پێگەی دینییشی گەورە بێت، نابێتە نوێنەری فەرمیی خودا و ئیسلام، بەحوکمی ئەوەی لە ئیسلامدا پێگەیەکی لەو جۆرەمان نییە. هەروەها ئەگەر دەربرینێك لە دکتۆر عەلی شەریعەتی بخوازین، ئەو کاتە فۆرمێك لە دین دژ بە فۆرمێکی تر دەوەستێتەوە و ڕەخنەی لێدەگرێت و دەیخاتە ژێر پرسیاری جددیی مسداقییەتی ئەخلاقییەوە.
کاتێك لەناو خودی ماڵە دینییەکەدا ئیدانەی فۆرمە ساختەکانی دینداری و دابڕانی دین لە ئەخلاق دەکرێت و لە ڕوویان هەڵدەماڵرێت، بەرامبەرەکان ناتوانن تەواوی باوەڕداران یاخود خودی دینەکە تۆمەتباربکەن، ئەگەر کارێکی لەو جۆرەش بکەن، زۆر کاریگەر نابێت و بەسەریاندا دەشکێتەوە، بۆیە کاتێك خراپەیەك لە بەرگی دینیدا بوو بە بابەتی ڕای گشتی و بواری شاردنەوەی نەماو بە بەڵگە ساغ بوویەوە، ڕێگە ڕاستەکە ڕەخنەلێگرتن و سزادان و پەراوێز خستنییەتی بەناوی خودی ناوەندە دینییەکەوە، بڵاونەبوونەوەی فاحشەش لەو دۆخەدا کوت و مت هەر ئەوە دەگەیەنێت.