جێگەی پرسیارە ئێستا کە ئەمریکا و ئیسرائیل کەوتوونەتە گیانی ئێران، بۆچی کورد بە سەرکەوتنی تاران دڵخۆش بێت؟ لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتە تەنانەت لەوپەڕی لاوازییشیدا ئامادە نییە وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف مامەڵەت لەگەڵ بکات.
هەرچی کوردە دەزانێت ئیسلامبوون لای ئەوان تەنیا ئامرازێکە بۆ فراوانخوازی؛ جیاوازییەکە لێرەدایە: کورد وەک نەتەوە تەنیا دەیەوێت لەسەر خاکەکەی خۆی بە سەربەستی بژیت، بەڵام بۆ ئەوان، برایەتی تەنیا کاتێک هەیە کە تۆ پاشکۆ و گوێڕایەڵ بیت.
دەوڵەتی ئێران، چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ کۆماری ئیسلامی، هەمیشە وەک کارتێکی فشار تەماشای کوردی کردووە. گەورەترین بەڵگەش ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ بوو، کاتێک تاران لەپێناو نیوەی شەتولعەرەب، دەستبەجێ پشتی لە شۆڕشی کورد کرد و بووە هۆی نسکۆ و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس.
تاران تەنیا کاتێک دەبێتە دۆست کە بیەوێت کورد وەک سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندییە مەزهەبی و سیاسییەکانی خۆی بەکاربهێنێت.
لە کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفالدا، ئەگەرچی ڕژێمی بەعس جەلادە سەرەکییەکە بوو، بەڵام ئێران هاندەر بوو بۆ ڕوودانیان. تاران هێزە کوردییەکانی پاڵ پێوە نا بۆ ناو شارە سنوورییەکان تەنیا بۆ ئەوەی سوپای عێراق سەرقاڵ بکات؛ ئەوان باشیان دەزانی دڕندەیی بەغداد چۆنە، بەڵام خەمی خەڵکی سڤیلیان نەبوو.
دواتریش وێنەی قوربانییەکانیان تەنیا وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندەی جەنگی بەکار هێنا، لە کاتێکدا هەر لەو سەردەمەدا کوردیان هان دەدا بیرە نەوتەکانی کەرکوک بتەقێننەوە تا ژێرخانی ناوچەکە وێران بێت و کورد بە بێهێزی بمێنێتەوە.
سیاسەتی تاران لوتکەی دووڕووییە. لە لایەک باسی برایەتی دەکات و لە لایەکی دیکەوە کۆڵان بە کۆڵانی دنیا دەگەڕا بۆ تیرۆرکردنی سەرکردە کوردەکان؛ نموونەی هەرە دیاریش تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو لەسەر مێزی گفتوگۆ و دکتۆر شەرەفکەندی بوو.
ئەمڕۆش کە دەبینین ڕۆژانە گەنجی کورد لە سێدارە دەدرێت، درێژەپێدەری هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە هیچ ئیرادەیەکی کوردی قبوڵ نییە.
ئەمڕۆ تاران چەکی جۆراوجۆر دژی کورد بەکاردێنێت. لە لایەک لە ڕێگەی فشارەکانی لە بەغداد ڕێگری لە بودجە و نەوتی هەرێم دەکات، لە لایەکی تریشەوە سیاسەتی کۆڵبەرکوژی لە سنوورەکان پەیڕەو دەکات و گەنجی کورد بۆ پارووە نانێک شەهید دەکات. تەنانەت دەستی بۆ ژینگەی کوردستان بردووە و بە گرتنەوەی ئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکانی وەک زێی بچووک و سیروان، هەوڵی وشککردنی سەرچاوەی ژیانی کورد و ناچارکردنیان بۆ پاشکۆیی دەدات.
دراوسێیەتیی جوگرافی قەدەرێکە و ناتوانین بیگۆڕین، بەڵام جۆری مامەڵەکە لە دەستی خۆماندایە. مامەڵەکردن لەگەڵ وەها دراوسێیەک دەبێت تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی بازرگانیی سنووردار بێت، نەک متمانەی سیاسی و برایەتیی ساختە. ئاساییە دڵمان بۆ گەلانی چەوساوەی ئێران بسوتێت، بەڵام بەرگریکردن لە ڕژێمێک کە تیرۆر، سێدارە و کۆڵبەرکوژی پیشەیەتی، عەیبەیەکی گەورەیە.
کەسێک غیرەتی نەتەوەیی تێدا بێت، نابێت چیتر ببێتە سووتەمەنی بۆ یارییەکانی تاران؛ چونکە پشتبەستن بەم دراوسێیە، تەنیا دووبارەبوونەوەی کارەساتی تر و سووککردنی کەرامەتی نەتەوەیی لێ دەکەوێتەوە.