دواین هەواڵ

خۆپەرستیی مەزهەبی ئاگرێک تەواوی ئێران لەگەڵ خۆیدا دەسووتێنێت

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

1 رۆژ پێش ئێستا

ساڵانێکی زۆرە هەموو دنیا هاوار دەکات و دەڵێت: تاران، واز لەم دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییە بهێنە لە ناوچەکەدا بەڵام لووتبەرزیی بەرپرسەکانیان وای کرد گوێ لە کەس نەگرن تا کار گەیشتە ئەمڕۆ. ئێستا ئیتر شەڕ تەنیا قسە و هەڕەشە نییە، بەڵکو دەستیان بردووە بۆ شادەماری ئابووریی ئێران. لێدان لە کێڵگەی غازی پارس و عەسەلوییە تەنیا تێکدانی چەند کارگەیەک نییە، بەڵکو بڕینی ئەو نان و بژێوییەیە کە ئێرانی پێوە بەندە.

هەموومان دەزانین کەس شەڕی بە ئێران نەفرۆشتووە، بەڵکو تاران خۆی دەستی پێ کرد و ساڵانێک بوو لە ماڵی خەڵکدا شەڕی دەکرد، بەڵام ئێستا شەڕەکە هاتووەتە ناو ماڵی خۆی. ئەگەر عەسەلوییە لەکار بکەوێت، تەواوی کارگەکان دەوەستن، ماڵەکان تاریک دەبن و غازیش بۆ وڵاتانی وەک عێراق و تورکیا نامێنێت. ئەمە نەک هەر تاران، بەڵکو هەموو ناوچەکە تووشی قەیرانێکی گەورە دەکات.

کێشەکە لێرەدایە: بەرژەوەندیی خەڵک و وڵاتیان کردووەتە قوربانیی خەونە مەزهەبییەکان. کاتێک تاران شەڕ وەک ئەرکێکی پیرۆز دەبینێت، ئیتر گوێ بە دیپلۆماسی نادات و سازشکردن لای ئەوان وەک خیانەتە. ئەم بیرکردنەوەیە کە دەڵێت ئەگەر بۆ من نەبێت، با بۆ کەسیش نەبێت داهاتووی چەندین نەوەی خستووەتە مەترسییەوە.

لە پشت ئەم هەموو دەنگەدەنگەی شەڕەوە، ملیۆنان مرۆڤی سڤیل و هەژار هەن کە باجە قورسەکە دەدەن. زۆربەی ئەم خەڵکە هیچ پەیوەندییان بەم سیاسەتە توندڕەوانەوە نییە و تەنیا ژیانێکی ئاساییان دەوێت، بەڵام ئێستا دەبێت بینەری وێرانبوونی ژێرخانێکی وەک عەسەلوییە بن کە پێویستی بە سەدان ملیار دۆلار و تەکنەلۆژیایەکی دەستنەکەوتوو هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە؛ برینێک کە بە ئاسانی و لە کاتێکی کورتدا ساڕێژ نابێت.

سیناریۆکانی داهاتوو ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەوەی دوێنێ ڕوویدا، تەنیا سەرەتای لێدانی ژێرخانەکان بوو. پلانی ڕۆژانی داهاتوو ئەگەری زۆرە ئاراستە بکرێت بۆ پەکخستنی کەرتی نەوت، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز وەک کارتی فشار و بەئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا. ئەم پەرەسەندنانە نیشانەی ئەوەن کە سیستمی سیاسی ئیرانی ڕووبەڕووی قەیرانی وجوودی بووەتەوە.

لە کۆتاییدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا هیچ ڕێگەیەک بۆ گەڕانەوە ماوە؟ یان گۆڕانکاریی ناوخۆیی تەنیا دەرچەیە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە هەژاری و دەربەدەری ڕزگاریان بێت؟ چونکە لە ڕاستیدا، کەس ناتوانێت بە سکی برسی و لەناو تاریکیدا شەڕی هەموو دنیا بکات. ئەم مەزهەبگەراییە خەریکە گۆڕێکی گەورە هەڵدەکەنێت تا هەموو ئێرانییەکانی تێدا بنێژێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP