دواین هەواڵ

هیلالی شیعی لە لوتکەی هەڕەشەوە بۆ لێواری تەسلیمبوون و مەرگی سیاسی

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

1 رۆژ پێش ئێستا


بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیە، تاران بە وردکارییەکی ستراتیژییەوە خەریکی نەخشاندنی خەونێکی فراوانخواز بوو بە ناوی هیلالی شیعی ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە ئەوە بوو کە لە ڕێگەی عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەنەوە، بگاتە سەر دەریای ناوەڕاست و تەواوی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات.
بەڵام ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە؛ ئەو هیلالەی تاران کاری بۆ دەکرد، بووەتە پەتێکی ئەمنی و ئابووری و لە گەردنی ئاڵاوە. تاران گەیشتووەتە خاڵێک: یان دەبێت ژەهرەکە بخواتەوە و تەسلیم بێت، یان دەبێت تەنها تەماشای ئەو قەڵایە بکات کە ڕۆژانە دیوارێکی دەڕووخێت.
ڕەنگە هیچ شتێک وەک ڕووداوە مێژووییەکان گوزارشت لە پێگەی عێراق نەکات لە کارنامەی ئێراندا. دەگێڕنەوە کاتێک حیزبوڵڵای لوبنان لە تەنگژەیەکی دارایی گەورەدا بوون و ئێرانیش بەهۆی گەمارۆکانەوە نەیدەتوانی ڕاستەوخۆ پارەیان بۆ بنێرێت، قاسم سولەیمانی بە بروابەخۆبوونێکی زۆرەوە بە سەرکردەکانی حیزبوڵڵای گوتبوو: خەمتان نەبێت، برادەرەکانمان لە عێراق پارەمان بۆ دابین دەکەن.
ئەم چیرۆکە تەنها گێڕانەوەیەک نییە، بەڵکو فاکتێکی سیاسییە. لە ساڵی ٢٠٠٣وە، ئێران دەستی لە گیرفانی عێراقدا بووە. عێراق بۆ تاران تەنها هاوپەیمان نەبووە، بەڵکو سەکۆیەک بووە بۆ سپیکردنەوەی پارە و دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان. داهاتی عێراق لە دوای ڕووخانی سەدامەوە، زیاتر لەوەی بۆ ناوخۆ بێت، لە خزمەت پڕۆژەی هیلالی شیعیدا خەرج کراوە.
ئەو ئێرانەی ڕۆژێک لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە هەڕەشەی لە هەموو سووچێکی ناوچەکە دەکرد، ئێستا لە ناو سنوورەکانی خۆیدا گەمارۆ دراوە و ڕۆژانە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لێی دەدەن. پڕۆژەی پرۆکسییەکان حیزبوڵڵا، حەماس، حوسییەکان و حەشدی شەعبی توانای مانۆڕیان نەماوە و ئابوورییەکەیان داڕماوە. حەشدی شەعبی: ئێستا لە لیستی ئامانجەکاندایە بۆ ئاقڵکردن و کۆتاییپێهێنان.
سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیل: بڕیاریانداوە ناوەستن تا پەلوپۆی ئێران کورت نەکەنەوە؛ ئەگەر دانوستانیش بکرێت، تەنها چەکە تەقلیدییەکان بۆ ئێران دەهێڵنەوە.واشنتۆن شادەماری دارایی ئێرانی لە ڕێگەی فشار بۆ سەر بانکی ناوەندیی عێراق و کۆنترۆڵکردنی جووڵەی دۆلار بڕیوە.
ئێستا ئێران لە کۆتایی ڕۆژەکانی ئەو خەونە ناسیۆنالیستە مەزهەبییەدایە. تەنها دوو ڕێگە لەبەردەم دەسەڵاتی تاران و هاوپەیمانە شیعەکانی ماوەتەوە تەسلیمبوونێکی سیاسی دەستبەرداربوون لە هەموو پەل و پۆکانی دەرەوەی سنوور. ئەمە بۆ ئایدۆلۆژیایەک کە لەسەر بنەمای فراوانخوازی دروست بووە، بە واتای تامی مردن دێت. ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتایی کە ئەنجامەکەی تەنها ڕووخانی ڕژێمەکە نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو هەژموونە سیاسییەی ساڵانێکی زۆرە بە زەبری هێز و پارەی گشتی حوکم دەکەن.
ئەگەر مێژووی عێراق لە سەردەمی سەدامدا بەکارهێنانی داهات بووبێت بۆ دژایەتی ئێران، ئەوا بیست ساڵی ڕابردوو بەکارهێنانی هەمان داهات بووە بۆ گەورەکردنی ئێران. بەڵام ئەمڕۆ ئەو هیلالە خەریکە ئاوا دەبێت. ئێران تەنها یەک بژاردەی بۆ ماوەتەوە: یان گەڕانەوە بۆ ناو سنوورەکانی وەک دەوڵەتێکی ئاسایی، یان مەرگێک کە هەموو پڕۆژە بیست ساڵەکەی لەگەڵ خۆیدا دەباتە ژێر خاک کە لەسەر پشتی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بونیادی نابوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP