دواین هەواڵ

ئاگربەستی کاتی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو کوێ؟

‌نەوزاد هێتوتی

21 کاتژمێر پێش ئێستا

لە٨ی نیسانی ٢٠٢٦، ئاگربەستێکی کاتی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیەنرا. ئەم ئاگربەستە دوای ئەوە هات کە ترەمپ هەڕەشەی توندی لەسەر ئێران کرد کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکات یان گەرووی هۆرموز نەکاتەوە، هەموو ژێرخانەیی ئێران وێران دەکات. دیارە،بەپرسانی  ئێرانیش ئەم قسانەی ترەمپی بە جدی وەرگرت و مەترسییەکی گەورەیان هەبوو کە ئەمجارە بەلێنەکانی جێبەجێ بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە رابردوودا چەندین جار هەڕەشەکانی داخستبوو. ئێران بەردەوام بەو ناسراوە کە ئامادەی سازش نییە، مەگەر لە حالەتێکدا  نەبێت کە هەست بکات هەڕەشەی نەمانی لەسەر هەیە. بۆیە، هەر کاتێک ئێران هەست بکات ئایندەی سیستەم و دەسەڵاتەکەی لە مەترسیدایە، ئامادەی سازشێکی گەورە دەبێت، و پێدەچێت ئەم ڕەزامەندییەی ئێرانیش لەو چوارچێوەیەدا بێت.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چارەنووسی ئەم ئاگربەستە ١٤ ڕۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو کوێ دەچێت و سناریۆکان چین. لە ڕاستیدا، ئێمە لەبەردەم سێ ئەگەری سەرەکیداین:
یەکەم، شکستهێنانی ئاگربەستەکە و دەستپێکردنەوەی شەڕ پێش ئەوەی لایەنەکان بچنە ناو گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. بەراستی، ئەمە ئەگەریەکی بەهێزە لە ئێستادا، بەتایبەتی کە ئاگربەستەکە ڕووبەڕووی کێشە و ئاستەنگییەکی جدی بووەتەوە. ئێستا دوو کێشەی سەرەکی هەن کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، لایەنەکان دەگەڕێننەوە بۆ بازنەی شەڕ. یەکەم، ئێران باس لەوە دەکات کە لە پرۆژەی ١٠ خاڵی خۆیدا، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان ئەوەیە کە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا بوەستێت، بەتایبەتی لە لوبنان، و نابێت  ئیسرائیل  هێرش بکاتە سەر حزبوللا.
 لەو ڕووەوە، عەباس عیراقچی، قالیباڤ و تەنانەت ئەمڕۆ  مەسحود پزشکیان جەختیان لەسەر ئەم خاڵە کردووە کە بەبێ وەستاندنی هێرشەکان لە لوبنان، ئامادە نین بچنە ناو دانوستاندنەکانەوە لەگەڵ ئەمریکا. لەوەش گرنگتر، ئێران ئێستا گەرووی هۆرموزی داخستووە، کە بەشێکی سەرەکی بوو لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە. وەک لە ٨ی نیسان ئاماژەی پێدا، دەبێت ئەم گەرووە بێ قەید و مەرج بکرێتەوە. بۆیە، ئەگەر ئەم دوو خاڵە چارەسەر نەکرێن، ئەگەری زۆر هەیە کە کارەکە ناگاتە ئەوەی لایەنەکان بچنە سەر مێزی دانوستاندن و دەگەڕێتەوە بۆ مەیدانی شەڕ.
دووەم، سیناریۆی دووەم بریتییە لە تەسلیمبوون و خۆڕادەستکردنی ئێران. ئەم ئەگەریە جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئێران، لە ترسی هەرسەهانی دەسەڵات و ڕژیمەکەی، ئەمجارە بە هەر شێوەیەک بێت دەچێتە ناو دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا. لێرەدا، سیاسەتی ئەمریکا تا ئێستا—بەپێی تویتەکانی ترەمپ بێت  بریتییە لە هێنانی زۆرترین گوشار لە ڕێگەی پیشاندانی هێزەوە، بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکرێت خۆی ڕادەست بکات و ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی  سەفوان  لەگەڵ ئەمریکا واژوو بکات.لەو ڕووەوە، ئێران دەبێت لە چوار مەلەفەی سەرەکی سازش بکات: یەکەم، واز لە پیتاندنی یورانیوم بهێنێت و ئاستەکەی بگەیەنێت بە سفر؛
دووەم، کەمکردنەوەی بەرنامەی مووشەکی و توانای سەربازی بە شێوەیەک کە هەڕەشە نەبێت لەسەر دراوسێکان؛سێیەم، وازهێنان لە پاڵپشتی کردنی گروپە پرۆکسییەکانی . چوارەم، ڕادەستکردنی نزیکەی ٤٥٠ کیلۆگرام یورانیومی پیتاندراو کە ئێستا هەیەتی.
ئەم داواکارییانە تەنها داواکاریی ئەمریکا نین، بەڵکوو ئسیرائیل و هەروەها وڵاتانی عەرەبیش گوشاری زۆر لەسەر  ترەمپ دروست کردووە بۆ ئەوەی لە هەر ڕێککەوتنێکدا ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێن. لە بەرامبەردا، بێگومان ئەگەر ئەمە بکرێت  ئەمریکا سیاسەتی خۆی بە شێوەیەکی ڕیشەیی دەگۆڕێت بەرامبەر ئێران و گەمارۆکان هەڵدەگرێت.
سێیەم، ئەگەری سێیەم بریتییە لە گەڕانەوە بۆ دۆخی نە ڕێککەوتن، نە شەڕ، نە ئاشتی. لەم گریمانەیەدا، دیارە کە ترەمپ زۆر حەزی لە درێژەپێدانی شەڕ نییە و هەوڵی ئەوە دەدات بە زۆرترین خێرایی شەڕەکە کۆتایی پێبهێنێت. بۆیە، دەیەوێت تەنانەت بە شێوەیەکی یەکلایەنە هەرچەندە ئەگەر   ئیسرائیلیش  ڕازی نەبێت کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت. لێرەدا، خاڵی هەرە سەرەکی کە ڕێگری لەو بڕیارە دەکات، مەسەلەی گەرووی هۆرموزە. بۆیە، ئەگەر ئێران گەرووی هۆرموز بکاتەوە، بەبێ ئەوەی سازشێکی گەورە لەسەر مەلەفەکانی تر بکات، لەوانەیە ئەم سناریۆیەش ڕوو بدات. بەتایبەتی کە تا ئێستا، بەرپرسانی ئێران ئامادە نین سازشێکی گەورە بکەن، بەتایبەتی لەو خاڵانەی باس کرا.
لێرەدا  پرسیارێکی گرنگ هەیە: ئەگەر ئێران ئێستا ئامادەی سازش بێت، بۆچی پێش شەڕەکە ئەو سازشەی نەکرد؟ و بۆچی دوای ئەو هەموو هێرش و زیانە، ئێستا ئامادەیە؟
 بوویە، بەراستی بۆ ئیران زۆر قورسە ئەو سازشە گەورەیە بکات . بەتایبەت ئێستا گوشاری ناوخۆییش هەیە، بەتایبەتی لەلایەن توندڕەوانەوە کە دژ بە هەر جۆرە سازشێکن و تەنانەت هێرشی توندیان کردووە سەر قالیباڤ  و بە خائن ناویان ناوە. کەواتە، ئەم گوشارە ناوخۆیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی ئایا سەرکردەکانی ئێران ڕازی دەبن بە ڕێککەوتنێکی سازشی یان نا. لەو حالەتەدا، دەتوانرێت  ترەمپ تەنها بە کردنەوەی گەرووی هۆرموز ڕازی بێت و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و بگەڕێینەوە بۆ دۆخی نە شەڕ، نە ئاشتی. بەڵام، ئەو ئەگەریش هەیە کە ترەمپ بەوە ڕازی نەبێت و دیسان بگەڕێینەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ملمەلانێکان لە ڕێگەی سەربازییەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP