دواین هەواڵ

سەبارەت بە ئاگربەستەکە

‌رەنج نەوزاد

23 کاتژمێر پێش ئێستا

١. ئەوەی ڕوويداوە ئاگربەستە، نەک ڕێککەوتن، تەنانەت ئاگربەستێک کاتی بۆ دياريکراوە کە دوو هەفتەیە. ئەم جۆرە ئاگربەستانە ئەوەندەی بەشێکن لە جەنگ، بەشێک نين لە ڕێککەوتن و ئاشتی. ئەگەر رێککەوتن ڕوونەدات، ئەوا ئاگربەستەکە قۆناغێکی جەنگەکەیە و قۆناغی دواتری بەدواوە دێت. 

٢. داواکاری و مەرجەکانی هەردوو بەرەی جەنگەکە تا ڕادەیەکی زۆر دژ بە یەکن، جارێ ڕوون نييە ئایا دەگەن بە ڕێککەوتن یاخود نا، ئەگەر بگەن، کەی و چۆن دەبێت! لەبەر ئەوەی جياوازييەکان زۆرە، لەوانەیە ئاگربەستەکە چەند هەفتەیەکی تر یان زیاتر درێژ بکرێتەوە. ئەگەر زۆريشە دووبارە شەڕ دەستپێبکاتەوە. 

٣. دواجار ئێران، لەگەڵ هەموو هەڕەشە و هاشوهوشەکەی، نەيتوانی خۆی بگرێت هەتا سەعات ٣ی شەو (بەکاتی کوردستان)، ئەو وادەیەیی تڕەمپ بۆی دانابوو. دەکرا چەند سەعاتێک، یان چەند ڕۆژێک پاش ئەو وادەیە ڕەزامەندی خۆی بۆ ئاگربەست ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەو سەرکێشیەیی نەکرد، وا ديارە لێدان لە کارەبای ئێران، هەڕەشەیەکی جدييە بۆ داڕووخانی ڕژێم، هەروەها ئێران زانيویەتی هەڕەشەکەی تڕەمپ جدييە. بيرمان نەچێت هەر چەند ڕۆژیک پێشتر، ئێران هەموو ئاگربەستێکی کاتی ڕەت دەکردەوە و ئامادە نەبوو بە هيچ جۆرێک هورمز بکاتەوە. 

٤. لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەوە، لە چەندين نووسين و بۆنە ئاماژەم بەوە کرد کە ئەم جەنگە زیاتر لە جەنگی دژ بە عيراق لە ١٩٩١ دەچێت نەک لە هی ٢٠٠٣، لێدوانەکانی سەربارەت بە ڕووخان و گۆڕينی ڕژێم لە لایەن نەتانياهۆ و تڕەمپ-ەوە، زیاتر بۆ فشارکردن بوو، نەک ئامانجێکی سەربازی جەنگەکە. هاوکات، تەرکيز کردنی ئێران لەسەر گوتاری مانەوە، بۆ ئەوە بوو شتێکی هەبێت بيکاتە نيشانەی سەرکەوتن، چونکە دەيزانی جگە لە مانەوە ناتوانێت هيچی تر بکاتە پڕوپاگەندەی سەرکەوتن، دڵنياش بوو هەتا هێزی زەمينی بەکارنەیەت، هەر دەمێنێتەوە، بە تايبەت جوڵانەوەی خەڵک دژ بە ڕژێم لەو کاتی جەنگە ئەستەمە. 

ڕاستە ئەمريکا و بە تايبەت ئيسرائيل خوازياری ڕووخانی ڕژیمی ئێرانن، بەڵام ئەو خواستە نەبووەتە ئامانجێکی سەربازی، بەو مانایەیی تا ئێستا ويستویانە ئەو خواستە لە لایەن خەڵکی ئێران خۆیەوە بێتە دی، نەک لە لایەن سوپای ئەمريکاوە. ئەگەر ئەرکی سوپای ئەمريکا ڕووخانی ڕژێم بوایە، دەبوو لە یەکەم رۆژەوە، بە لایەنی کەم، ١٥٠ هەزار سەربازی ئەمريکا لەناوچەکە ئامادە بن. لە ڕووی سەربازييەوە، ئامانج تەنيا گورزی بەهێز بوو لە ئێران و لاوازکردنی. 

٥. لەم دوو هەفتەیە ئەگەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە لە لایەن ئەمريکاوە بەردەوام بێت، کەواتە بە ئەگەری زۆرەوە قۆناغێکی نوێی جەنگەکە دەست پێدەکاتەوە بەم زووانە. بێ گومان جياوازتر دەبێت لە قۆناغی یەکەم، ئەمجارە ژێرخانی ئابووری و وزە دەگرێتەوە، هاوکات ئۆپراسيۆنی زەمينی، بە تايبەت ئەگەر هەردوولا نەتوانن بگەن بە هيچ ڕێککەوتنێک. واتە دەکرێت ئاگربەستەکە بۆ خۆئامادەکردنی سوپا بێت بۆ قۆناغ و تەکتيکی جياواز لە جەنگەکە، هاوکات دابەزاندنی نرخی نەوت.

٦. بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی بەرەی مقاوەمە، گوایە ئيسرائيل ماندوو و وێران بووە، هەمووان دەزانن ئيسرائيل لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ نييە،  چونکە جارێ وزە و توانای زۆری ماوە، هەر ئەويش فاکتەری سەرەکی جەنگەکە بوو، ئێستاش هەر ڕۆڵی سەرەکی دەبينێت و دەکرێت هەر خۆی دەستپێشخەری جەنگ بکاتەوە. هەموو ئاگربەستەکانی سێ ساڵی رابوردوو لە غەززە و لوبنان ئێران، هەمان ئەنجامی هەبووە. ئيسرائيل پێیوایە جارێ دەتوانێت نەيارەکانی لاوازتر بکات و گورزی زیاتر بوەشێنێت. 

٧. دوو جۆر گوتار هەیە سەبارەت بە ئاگربەستەکە، ميدياکانی ئێران دەيانوت ئاگربەستەکە لوبنانيش دەگرێتەوە، بەڵام ئيسرائيل ئەمرۆ هێرشەکانی چڕتر کردەوە بۆ سەر حيزبوڵا. ئيسرائيل دەيەوێت لەم دوو هەفتەیە ئەو ناوچە ئەمنييە درووست بکات لە باشووری لوبنان کە دياريکردووە، ئێستا زۆربەی درووستکردووە. 

٨. ئێران لەم جەنگە ريکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد بەوەی یەک سەربازی ئيسرائيلی نەکووشت، لە کاتێکدا خۆی هەموو سەرکردە سەرەکييەکانی لەدەستدا. ئەمە لەوانەیە نموونەیەکی بێ وێنە بێت لە مێژوودا. لە تۆڵەی کووشتنی خامنەیی نەيتوانی سەربازێکی ئيسرائيلی بکووژێت، هەرچەند بە AI، نەتانياهۆی کووشت. ڕيکۆردێکی تر ئەوەیە کە لە شەڕی ١٢ رۆژە و ئەمجارەش، ئێران نەيتوانی یەک فڕۆکەی ئيسرائيلی بخاتە خوارەوە لە ئاسمانی وڵاتەکەی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP