یەکەم، لە کاتێکدا ترەمپ هەڕەشەی تووندی لە ئێران دەکرد کە هەموو ژێرخانەی ئابووری لەناو دەبات، بەڵام لە هەمان کاتدا لە پشت پەردە خەریکی دانوستاندن بوو لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە ئاگر بەست و دواتر ئەگەر بکریت ڕێککەوتن. ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنج و پرسیارە ئەوەیە کە ئەم ئاگربەستە تا ڕادەیەک ئالۆز و نادیارە، کەس بە دروستی نازانێت لەسەر چی ڕێککەوتن کراوە و لەسەر چی نەکراوە، بەوەی بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ ئاگر بەست ڕاگەیەنراوە. لەلایەک ترەمپ باس ئەوە دەکرێت کە یەکەم مەرج ئەوەیە گەرووی هۆرموز بێ قەید و مەرج بکریتەوە. هەروەها سەبارەت ئەگەری ریککەوتنیش لە تویتەکانی تریشدا باسی ئەوە کراوە کە ئێران دەبیت دەست هەڵدەگرێت لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و ئاستی پیتاندنی یورانیوم دەبێت بگاتە سفر. هەروەها باسی پرۆژەی ١٥ خاڵی ئەمریکا و ١٠ خاڵی ئێران کراوە کە دەبنە بنەمای دانوستاندنەکان.
دووەم، خوێندنەوەی ئێران بە تەواوی پێچەوانەی لێدوان و تویتەکانی ترەمپە. لەلایەک، ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوە و باسی ئەوەی کرد کە ترەمپ هەموو خاڵەکانی پرۆژەکەیان پەسەند کردووە. لە بەرامبەردا، لایەنی ئەمریکا باسی ئەوە دەکات کە ئەو پرۆژەی ئێران باس دەکات فێڵبازانەیە فریدراوە سەبەتەی گلیشەوە و هەمان ئەو پرۆژەیە نییە بۆ ئیمە نێردراوە. بەم شێوەیە، دیار نییە ئەم ڕێککەوتنە لەسەر چی بنەمایەک کراوە. لەوانەیە قسەکانی عیراقچی وەزیری دەروەی ئیران زیاتر نزیک بن لە ڕاستییەوە، کە باسی ئەوەی کردووە کە هەردوو پرۆژەکەی ئەمریکا و ئێران وەک بنەما وەردەگیرێن بۆ پرۆسەی دانوستاندنەکان، و ترەمپیش ئەو تویتەی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاو کردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە قسەکانی قالیباڤ پێچەوانەی ئەم بۆچوونانەن و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یورانیوم دەکات. بۆیە، لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستەکەدا دیار بوو نادیارییەکی زۆر هەیە سەر ئەجندەی لایەنەکان و لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە کە دیار نییە ئایا دەگاتە چارەسەرێکی کۆتایی یان نا.
سێیەم، سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ لە سەرەتای جەنگەوە بە شێوەیەک بوون کە نە هاوپەیمانەکان و نە دوژمنەکان متمانەیان پێ نەماوە. بەتایبەتی، لە یەک ڕۆژدا چەندین تویتی پێچەوانەی یەکدی بڵاو دەکاتەوە. لەلایەک باسی ئەوە دەکات گەرووی هۆرموز دەبێت بێ قەید و مەرج کراوەوە بێت وەک بنەمای ئاگربەست، بەڵام لە تویتێکی تردا باسی ئەوە دەکات کە لەگەڵ ئێران بە هاوبەشی ئەو گەرووە کە بەریوە دەبەن. لەلایەک سەرۆک وەزیرانی پاکستان باسی ئەوە دەکات کە هێزە پرۆکسییەکان بەشێکن لەم ئاگربەستە، بەڵام لایەنی ئەمریکا دەڵێت تێگەیشتنێکی هەڵە هەبووە و ئەوان بەشێک نین لە ئاگر بەستەکە. ئەمە پیشان دەدات کە ترەمپ زۆر بە پەلە بوو لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕێگەی تویتەوە، بێ ئەوەی دەرفەت بدات لە سەر چ خالێک بە دروستی ئاگر بەست بکریت یان خالەکانی ئاگر بەست بە تەواوەتی روون بکرینەوە. ئەمەش ئاماژەیەکە ترەمپ بەوەی دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت کۆتایی بە شەرەکە بهێنێت. بەڵام ئەوەی ڕێگری لێدەکرد مەسەلەی داخستنی گەرووی هۆرموز بووە.
چوارەم، ئێستا کێشەی سەرەکی پایداری ئاگر بەست بریتییە لە لوبنان و حزبوڵلا کاتێکدا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی شەرەکە لاوازکردنی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران بوو، ئێستا ئەوان بوونەتە بەشێکی گرنگ لە هەر ڕێککەوتنێک. بەتایبەتی ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئاگربەستەکە تەنها پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە. لەلایەکی ترەوە، ئێران و پاکستان دەڵێن هەموو بەرەکانی شەر دەگرێتەوە. بەم شێوەیە، ئەگەری سەرگرتنی ئاگربەستەکە لە بەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، بە تایبەتی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبولا. بەتایبەت ئێران هەڕەشە دەکات ئەگەر ئەم هێرشانە نەوەستن، ناچێتە ناو دانوستاندنەکانەوە و گەرووی هورمووزیش ناکریتەوە.
پێنجەم، بە گشتی، بە هیچ شێوەیەک ئاسان نییە ڕێککەوتنێکی تەواو لە نێوان ئەمریکا و ئێران دروست بێت، مەگەر ئەوەی ئێران سازشی گەورە بکات لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی، توانای مووشەکی و هێزە پرۆکسییەکانی. لێدوانەکانی ئێستا پیشان دەدەن کە ئێران ئامادە نییە بۆ ئەم سازشە و هەست دەکات لە شەرەکە سەرکەوتوو بووە. ترەمپ لە تویتەکەی دوێنیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە هەموو ئامانجە سەربازییەکان بەدەست هاتوون و دیارش بووهیچ پلانیکی نەبووە بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لە ئێران. بوویە، سیاسەتی داهاتوو ترەمپ بریتی بێت لە بەردەوامبوونی گوشاری ئابووری و پراکتیزە کردنی سیاسەتی ئیحتواکردن. ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی ئیسرائیلە کە دەیەوێت ئێران لاوازتر بێت و کار بکرێت بۆ گۆڕینی ڕژیم. بوویە، بە ئەگەری هەر زۆر لە کۆتاییدا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە گەل ئیران دەگەڕێینەوە بۆ دۆخی نە شەڕ، نە ئاشتی، نە ڕێککەوتن. بەلام ئەگەر گەرووی هۆرموز بە داخراوی بمێنێت ئەمریکا ناچارە دەبیت دووبارە بگەریتەوە بۆ ناو بازنەی شەرەوە.